ئەمەریکا بۆ ئەوەی ڕێگە لە تەواوبوونی ھیلالی شیعە بگرێت، سەرەتا سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە و ئەو فایلەشی خستەوە رۆژەڤەوە کە ئەبومەھدی موھەندس سەرکردەی حەشدی شەعبی تیرۆرستە، کە لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ئەو بڕیارەی داوە، ھاوکات وا بڕیاریشە بەفەرمی داوای ھەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی لە حکوومەتی عێراق بکات.
ھەندێ لە چاودێرانی سیاسییش پێیان وایە، ئەمەریکا بە چاوداخستنی لەبەرامبەر بە ھێرشەکانی پاسداران و حەشدی شەعبی و حزبوڵا بۆ سەر کوردستان، ئێرانی خستووەتە تەڵەکەوە، لەلایەکی دیکەشەوە دەستی بە ھەندێ لە بەژەوەندییەکانی خۆی گەیشتووە لەگەڵ سعوودیە و وڵاتانی کەنداو.
لە چەند رۆژی داھاتوودا، دوای کۆتایی شەڕی داعش لە عێراق و سووریا، ستراتیژی ئۆباما و دیموکراتەکان بۆ ئەو شەڕە دوای سێ ساڵ کۆتایی دێت، بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەکان، لەگەڵ کۆتایی ئەو ستراتیژە، ستراتیژی نوێی دۆناڵد ترەمپ و کۆمارییەکان بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەست پێ دەکات، کە جەوھەری ستراتیژەکەی دەرکردنی سوپای قودس و ھێزەکانی سەر بە ئێرانە لە عێراق و ناوچەکە و دواتریش بەئامانجکردنی خودی ئێرانیشە، کە لەم ماوەیەدا ھەژموونی خۆی زیاد لە بەرگەگرتن درێژ کردوەەتەوە.
چاودێران پێیان وایە خستنە ناوەوەی سوپای پاسداران لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە لیستی تیرۆر و ناوبردنی ئەبومەھدی موھندس سەرکردە لە حەشدی شەعبی بە تیرۆریست، لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە، ھەروەھا دەرکردنی چەند بڕیار و سزایەک لە کۆنگریسی ئەمەریکا لە دژی ئێران و داواکردنی لە عێراق و حەیدەر عەبادیی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ھەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، بە دەستپێکی ئەو ھەنگاوە دادەنرێت کە ئامانجی ئەمەریکا لەو ستراتیژە نوێیە کۆکردنەوەی گرووپەکانی سەر بە ئێرانە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ناوەخنی وڵاتەکە خۆی، کە ئێستا توانیویەتی بەھۆی دەستگرتن بەسەر کەرکووک بە ڕێککەوتنی لەگەڵ گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ناو یەکێتی، نزیک بێتەوە لە دروستکردنی خەونی ھیلالی شیعە لە ناوچەکە، کە ساڵانێکی زۆرە ھەوڵی بۆ دەدات و بە مەترسییەکی گەورە دادەنرێ لەسەر ڕۆژھەڵای ناوەڕاست و ھەژموونی ئەمەریکا و ھاوپەیمانەکانی، بەو ھۆیەشەوە، ئەو گرووپەی ناو یەکێتی لەلایەن ئەمەریکییەکانەوە وا دەبینرێ کە لەم ماوەیەدا ھەمان ڕۆڵی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای قودسی ئێرانی بینیوە بۆ دروستکردنی ئەو ھیلالە.
ژەنەڕاڵ ئێچ ئاڕ ماکماستەر، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، لە یەکەم دیداریدا لەگەڵ کەناڵی (الحرە) دەڵێت: "ئێرانییەکان دابەشبوونی ناوخۆی کوردەکانیان لەسەر حیسابی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق قۆستووەتەوە".
ماکماستەر دەڵێت: "ئێران ئەو دابەشبوونەی ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی، پاش کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق قۆستووەتەوە، بەشێوەیەک ئەو دابەشبوونەیان بۆ تێپەڕاندنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکارھێناوە".
رۆژنامەی (جەریدە)ی کوەیتییش لە ژمارەی رۆژی شەممەی رابردوویدا، لەبارەی سەردانی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئێران بڵاوی کردووەتەوە، عەبادی لە دیدارەکەی لەگەڵ عەلی خامەنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران پێیانی راگەیاندووە، کە ئەمەریکا فشاری کردووەتە سەری بۆ ھەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و تێکەڵکردنی لەگەڵ سوپاس عێراق.
لای خۆشیانەوە، ھەر بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، تیلرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، بەتەواوی ھاتووەتە ناو ستراتیژە نوێیەکەی کۆمارییەکانەوە و گوشار و جموجۆڵە دیپلۆماسییەکانی خۆی دەست پێ کردووە، کە پێشتر ئیدارەی نوێی ئەمەریکا لێی بەگومان بوو، تا ئاستی ئەوەی لە میدیاکانی ئەمەریکاش باس لە گۆڕینی لەو پۆستەدا دەکرا.
ریسکس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لەو چوارچێوەدا پەیوەندیی بە وەزیرانی دەرەوەی رووسیا، بەریتانیا، فەرەنسا و چین کردووە و تاوتوێی ئەو ستراتیژییەی وڵاتەکەیان کردووە، کە بەنیازن لە دژی ئێران رای بگەیەنن.
ھاوکات داوایەکیشی ئاراستەی سەرکردە عێراقییەکان کردووە، کە رووبەڕووی کاریگەرییەکانی ئێران بوەستنەوە.
ھەموو ئەوانەش ھاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کە ئێران ھەوڵەکانی بۆ دروستکردنی ھیلالی شیعەی چڕ کردووەتەوە، بەرلەوەی ئەمەریکا دەست بە جێبەجێکردنی ستراتیژە نوێکەی بکات، بە شێوەیەک دەیەوێ لە رێگەی فەیلەقی قودس و میلیشیاکانی لە ناوچەکە، بگات بە سووریا و لوبنان و حزبوڵا، بەڵام بە بڕوای چاودێران، ئەنجامی ھەوڵدان بۆ ئەو ھیلالە لەلایەک تێکچوونی ئاساییشی ناوچەکە و قوربانیبوونی سەدان ھەزار کەسی لێ دەکەوێتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە ھەژموونی ئەمەریکا بەتەواوی لە ناوچەکە دوور دەخاتەوە، کە ئەوەش ھەردووکیان بۆ ئەمەریکا شکستی گەورەن.
لەبەرئەوە، چاودێران پێیان وایە لەمەودوا قۆناغی دەستدرێژکردنەکەی ئێران بۆ سەر کوردستان کۆتایی دێت و دوای ھەڵبژاردنی عێراق لە مانگی ٥ی ٢٠١٨، ئەمەریکا بەتەواوی دەست بە جێبەجێکردنی ستراتیژە نوێیەکەی دەکات، کە سەرەتا دەرکردنی سوپای قودس لە عێراق و سووریا و دواتر دەرپەڕاندنی ملیشیا و گرووپەکانی سەر بە ئێران و لاوازکردن و ھەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی دەبێت، لە ڕێگەی ئەو حکوومەتە نوێیەی کە لە عێراق دادەمەزرێت.
لەمبارەیەشەوە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە چەند رۆژی رابردوودا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە رێگری لە ھیلالی شیعی لە ناوچەکەدا دەکەن و بەردەوامیش دەبن لە پشتیوانیی پێشمەرگە.
ھێزەر ناوێرت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی (حورە)ی ئەمەریکی، گوتیشی: "ئەگەر پێشمەرگە و ھێزە کوردییەکان نەبوونایە، ئێمە و گەلی عێراقیش وەکوو ئێستا نەدەژیاین. بۆیە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیی پێشمەرگە و ھێزە کوردییەکان".
لەبارەی رۆڵی ئێرانیش لە ناوچەکەدا، ھێزەر ناوێرت گوتی: "ھاوپەیمانان و ھاوبەشە عەرەبییەکان ھاوڕان لەگەڵ ئەمەریکا لەسەر ئەو پرسە. نامانەوێت ئێرانێکی دیکە لە وڵاتێکی دیکە ببینین. دەمانەوێت رێگری لەو ھەژموونەی بگرین، کە سەقامگیری لە ناوچەکە تێکدەدات".
ناوێرت جەختی کردەوە، رووبەڕووی ئەو قەڵەمڕەوییەی ئێران دەبنەوە، بۆ رێگەگرتن لە پردی وشکانی لەنێوان تاران و بەیرووت، کە پێی دەڵێن (ھیلالی شیعی) و گوتی: "وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا مامەڵەی لەگەڵدا دەکات و لەنزیکیشەوە چاودێریی دەکات.
کەناڵی (فۆکس نیوز)ی ئەمەریکیش لە ڕاپۆرتێکیدا سەبارەت بە ھەژموونی ئێران لە عێراق و ناوچەکە، ئاماژەی بەوە داوە، کە سراتیژی نوێی سەرۆکی ئەمەریکا، بەرنامەیەکی گشتگیرە و سنووری پێکانی بە عێراق و سووریادا تا دەگاتە لوبنان تێپەڕ دەبێ، کەوایە(ترامپ) ھیلالی شیعیی کردووەتە ئامانج و زۆربەی ناوەندەکانی ئەمەریکایی دەڵێن،(ترامپ) لە ناوچەکەدا شکۆی ئەمەریکا دەگەڕێنێتەوە و جووڵەی ئێران سنووردار دەکات و پارێزگاری لەو دۆستانەی ئەمەریکا دەکات کە لە ناوچەکەدا ئاساییشیان لەبەر ئێران بەرەو ناسەقامگیری چووە.
لای خۆشیانەوە، کۆنگرێسی ئەمەریکاش ھۆشداریی توندی بە عێراق داوە لە بوونی ھێزەکانی حەشدی شەعبی و پەلاماریان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان.
لەمبارەیەوە پۆل ڕایان، سەرۆکی کۆنگرێسی وڵاتە یەکگرتووەکان، لەبارەی عێراقەوە لە لێدوانێکیدا کە بە فەرمی لە لایەن نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی کۆنگرێسەوە بڵاو کراوەتەوە، تیایدا ھاتووە: “بە حکوومەتی عێراق دەڵێین کە جوان گوێ لە نیگەرانییەکانی سکرتێری دەوڵەت (وەزیری دەرەوە) تیلەرسن بگرن، دەربارەی دەوری میلیشیاکانی سەر بە ئێران. ئێمە زۆر بایەخ بەو دەستێوەردانانەی ئێران دەدەین لەو ئۆپەراسیۆنانەی ئەو دواییە. ئەو ھێزانە بەرپرسن لە دەستدرێژیی بێ حەد قێزەون، لەوانەش لەدەستدانی گیانی ئەمەریکییەکان، ئەو میلیشیایانە ھیچ شوێنێکیان لە عێراقێکدا نییە".
سیاسەتوان د. مەحمود عوسمان بۆ (باس) رای گەیاند، پلانەکانی ئەمەریکا لە عێراقدا روون نییە، بەڵام لەبەرامبەر بەوە، پلانی ئێران روونە، کە ھەوڵی دروستبوونی حوکمێکی شیعە دەدات کە سەیتەرەی تەواوی ھەبێت بەسەر ھەموو عێراقدا، گوتیشی: “ئەمەریکا و ئێران ھەوڵی خۆیان دەدەن بۆ دەستگرتن بەسەر عێراقدا، بەڵام لەوە دەچێت ئێستا ئەمەریکا کاری گەورەتری ھەبێت، کە رێککەوتنی گەورەی لەگەڵ سعوودیە و وڵاتانی کەنداو کردووە، ئاماژەکان ھێشتا دیار نین، کە ستراتیژی ئەمەریکا چییە بۆ داھاتووی عێراق”.
بەڵام کارۆخ خۆشناو، شارەزا لە سیاسەتی نێودەوڵەتی، بۆ (باس) رای گەیاند، ئەمەریکا، ئێران وەکوو ئامرازێک بەکار دەھێنێت بۆ چاوترساندنی وڵاتانی کەنداو بەتایبەت سعوودیە، ئەوەش بۆ ساغکردنەوەی چەک و تەقەمەنی و گەرمکردنی بازاڕی خۆی، ئێرانیش لەولاوە ھەوڵ دەدات بگات بە خەونی خۆی، کە دروستکردنی دروستکردنی ھیلالی شیعەیە لە بەشی ڕۆژئاوا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، گوتی: “ئەوەی تێبینی دەکرێت ئەمەریکا پشوودرێژە و بە بەرنامە کار دەکات، لەوە دەچێت بە مەبەست ڕێگەی بە ئێران دابێ تا تێوەی بگلێنێت و بیخاتە ناو تەڵەیەک (تا کاتێکی دیاریکراو)”،
گوتیشی: “بە بڕوای من ئێستا ئێران کەوتووەتە ناو ئەو تەڵەیەوە، لە ساڵی داھاتوودا گۆڕانکاریی گەورە لە عێڕاق و ناوچەکە ڕوو دەدەن، بە تایبەت دوای ھەڵبژاردنی ٢٠١٨ی عێراق، ئەوکات ئەمەریکا ڕۆڵی ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو سنووردار دەکات”.
31/10/2017