فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

-----qq---q-q- و ئەمەش دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوەمان لە ململانێ و دواجار شەڕ." گرۆسی هەروەها لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" دیدارەکەی پێنجشەممەی لەگەڵ عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی...
2024-11-15-02-18-29 داوای لە حکوومەتی ئێران کردووە کە دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان ڕابگرێت و ئەم سزایە بە تەواوی هەڵبوەشێنێتەوە.هەروەها، کەمپەینی مافی مرۆڤی ئێران لە بەیاننامەیەکدا...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

بارزانی: دەمانەوێ بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەین، بەڵام ئەگەر شەڕیان بوێ مردن هەڵدەبژێرین و ناهێڵین کەرامەتمان بشکێت

لە پەیامێکدا مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەنگی سێ ملیۆن کەس بۆ سەربەخۆیی بە کەس ناسڕدرێتەوە. راشیگەیاند "نامانەوێ خوێن بڕژێت، دەمانەوێ کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێ، بەڵام ئەگەر نیازی شەڕتان هەیە ئەوان مردن هەڵدەبژێرین و ناهێڵین کەرامەتمان بشکێت".

بارزانی راشیگەیاند "ئەگەر گشتپرسیش نەکرایە پلان هەبوو هێرشکردنە سەر ناوچە کوردستانییەکان و تێکدانی دۆخی هەرێمی کوردستان، چونکە فەرهەنگی بەغدا نەگۆڕاوە و قەناعەتی بە فیدراڵیش نەبووە".

لەبارەی رووداوەکانی کەرکووک، بارزانی گوتی "خیانەتێکی گەورە لە شەوی 15 لەسەر 16ی ئۆکتۆبەر کرا، ئەوەی هەرگیز پێشبینیمان نەدەکرد و بە خەیاڵیشماندا نەدەهات؛ ئەو خیانەتە نیشتمانییە گەورەیە بوو کە لە کەرکووک ئەنجامدرا، لە پشتەوە خەنجەری ژەهراوی لە پێشمەرگە و هەموو خەڵکی کوردستان درا".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند "دەسەڵاتی بەغدا تووشی غرورێکی گەورە بووە، زۆر هەوڵماندا شەڕ نەبێ، بەڵام هێزە عێراقییەکان بەتایبەت حەشد هەر دەیانویست بێنە پێشەوە بۆیە پێشمەرگە ناچاربوو بەرگریی بکات و رێگە بە پێشڕەوییەکانیان نەدەن".

دەقی پەیامەکە:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

گەلی خۆڕاگری کوردستان، خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان، هەموو چین و توێژەکان، کوردستانیانی دەرەوەی وڵات، ئەم کاتەتان باش..

گەلێکی ئاشتیخواز دڵپاک و نیەتساف داوای مافی خۆی دەکات و بە رێگایەکی ئاشتییانە بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات، سەرەڕای ئەوەش تاوانبار دەکرێت.

ئەمە حاڵی ئێمەی کوردستانە، جارێکی دیکە دەرکەوت کە ئێمەی خەڵکی کوردستان تەنها خۆمانین و چیایەکانمان.

ناگەڕێمەوە بۆ تەفاسیلی مێژوو کە چیمان بەسەرهاتووە، تەنها کەمێک باسی دوای 2003 دەکەم. ئێمە وامانزانی دوای ساڵی 2003 دەرفەتێکی تازە رەخساوە بۆ هەموو خەڵکی عێراق کە پێکەوە بتوانین عێراقێکی فیدراڵی دیموکرات دابمەزرێنین، هەموو کەس و لایەنێک ئەرک و مافەکانی خۆی بزانێت.

پێمانگوتن دۆخەکە بەرەو هەڵدێرێک دەڕوات، پێمانگوتن دۆخەکە خەتەرناکە، بەمشێوەیە بڕوات ئێمە ترسی ئەوەمان هەیە خوێن بڕژێت، وەرن یان شەراکەتێکی راستەقینە پیادە بکەین، یاخود مادام ناتوانین شەریکی راستەقینەی یەکدی بین با ببینە جیرانی باش و هاوکاری یەکتری.

ئەوکاتە هەڵوێستێکی زۆر ئیجابیان پیشاندا، ئەوەی من دەیڵێم پێشی دوو بۆ ساڵ، تەنانەت یەکێکیان گوتی ئەگەر ئێمە هەر نەگەیشتینە رێککەوتن "فامساک بالمعروف او ترسریح باحسان"، هەمان ئەو کەسە ئێستا سواری تانکی ئەبرامز بووە و دێت و شەڕی خەڵکی کوردستان دەکات و شەڕی پێشمەرگە دەکات.

ئازیزان..

لە 3ی تەمموزی 2014 من خۆم چووم بۆ هۆڵی پەرلەمان لەوێ داوامکرد کە یاسای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی تاوتوێ بکەن و یاسایەک دەربکەن بۆ ئەوەی ریفراندۆم بکرێت، چونکە لەوکاتەوە کەسانێک هەبوون لە دەرەوە و لە ناوەوە دەیانگوت کورد یەک نین هەر کەسە و رایەکی هەیە، هەرکەسە و بۆچوونێکی هەیە، بۆ ئەوەی رای زۆرینەی خەڵکی کوردستان دەرکەوێت کە چیان دەوێت، لەوکاتەوە کار بۆ ریفراندۆم کراوە، لە 20ی تەمموزی هەمان ساڵ بە کۆی دەنگ پەرلەمانی بڕیاریدا بە دامەزراندنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی، بەڵام دواتر شەڕی داعش لەسەر کوردستان سەپێنرا و هەموومان مەشغوڵی بەرگریکردن بووین لە وڵاتەکەمان تاوەکو رۆژی 7ی6ی ئەمساڵ، کە هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بڕیاریاندا کە رۆژی 25ی ئەیلوول رۆژی ریفراندۆم دەبێت بۆ چارەسەری بنەڕەتی کێشەکانی کە هەیە، ئێمە ئەوکاتەش گوتمان ریفراندۆم بۆ ئەوەیە ئێمە چارەسەری گرفتەکان بکەین و دەمانەوێت بە شێوەیەکی ئاشتییانە و لێکتێگەیشتن بگەینە تەفاهوم، ئەگەر کاتیشی پێویست بیت ساڵێک و دووساڵ و سێ ساڵ ئێمە دەتوانین بەردەوام بین و پێکەوە هاوکار بین لەگەڵ بەغدا و باشترین پەیوەندی دروست بکەین، بەڵام ئەوەی کە بینیمان رەنگدانەوەیەکی زۆر زۆر تووند دوور لە هەموو پێشبینییەک، ئەو هەڵوێستەی جارانیان گۆڕابوو بە هەڵوێستێکی زۆر تووند و دژایەتی.

ئەگەر ئێمە مەبەستمان ئەوە بووایە یەکسەر سەربەخۆیی رابگەیێنین، ئێمە لە کاتێکدا واماندەکرد کە سوپای عێراقی بەرامبەر بە داعش داڕووخا، یان پێشی ئەوە کە شەڕی نێوخۆیی و تائیفەگەری ئەوەندە قووڵ بوو رۆژانە سەدەها کەس دەکوژران لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق، بەڵام ئێمە هاوکاریمان کردن، بە نیەتێکی ساف و بە دڵێکی پاک بۆ ئەوەی پێکەوە بەردەوامبین لە عێراقێکی فیدراڵی دیموکراتدا، بەڵام بە داخەوە دەرکەوت مەسەلە فەرهەنگە، ئەقڵیەتە. قەناعەتیان بە مافی گەلی کوردستان نییە، قەناعەتیان بە فیدراڵیش نەبوو، باوەڕبکەن ئازیزانم ئەگەر دڵنیا بوواینە ئەم دۆخەی کە هەیە بەردەوام دەبی و شەڕمان پێنافرۆشن، رەنگە ئێمەش هیچ هەنگاوێکمان نەهاوێشتبا، بەڵام ئەمە بەرنامەیەکی داڕێژراوە زۆر لە مێژینە، ریفراندۆمیان کرد بە بەهانە، ئەگینا زۆر لە مێژە زۆر ئاماژەی ئەو نیەت خراپیەیان دەرکەوتبوو.

لە شەڕی داعش کە پێشمەرگە داستانی زۆری تۆمار کرد، ئەفسانەی داعشی تێکشکاند خەڵکی کوردستان خۆڕاگربوون، هەموو ئەو شاندانەی کە لە دەرەوە دەهاتن ستایشی رۆڵی پێشمەرگەو خەڵکی کوردستانیان دەکرد، بەڵام بەداخەوە لەکاتی کە پێویست بوو هەڵوێستی عەمەلی پیشان بدەن هەموویان گەڕانەوە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان و مەبدەئەکان بزربوون.

لە شەڕی رزگارکردنی موسڵ پێشمەرگە رۆڵی سەرەکی بینی، ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە هەرگیز سوپای عێراقی نەیدەتوانی موسڵ رزگار بکات بەو ئاسانییە، ئێمە وامانزانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پاداشتی خەڵی کوردستان و پێشمەرگە دەدەنەوە، رێز لە خوێنی ئەو شەهیدانە دەگرن، هەروەها وامانزانی عێراقیش وەفایەکی دەبێت، دەسەڵاتی بەغدا وەفایەکی دەبی بەرامبەر بەو هاوکارییەی و ئەو هەموو ئاسانکاریانەی کە بۆمانکردن لە شەڕی رزگارکردنی موسڵ، بەڵام بەداخەوە بینیمان هەر لەو کاتەوە هەموو بەرنامەیان ئەوەبوو سوود لەو دەرفەتە وەربگرن، شەڕی حەویجەیان دواخست و دواخست تاوەکو دوایین رۆژەکان بۆ ئەوەی هەموو ئەو هێزانە بەبیانوی ئەوەی کە بۆشەڕی داعش کۆکراونەتەوە بۆ ئەوەی پەلاماری کەرکووک بدەن.

لە وتارەکانمدا پێش 25ی ئەیلوول زۆرجار ئاماژە بەوە دەکرد کە دەبێت پێشبینی زۆر فشار بکەین، دروستکردنی زۆر کۆسپ لەسەر رێگای هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستانە، چونکە ئازادی و سەربەخۆیی باجی دەوێت، بەڵام ئەوەی کە هەرگیز پێشبینی نەدەکرا بە خەیاڵیشماندا نەدەهات ئەوەبوو کە لە شەوی 15 لەسەر 16 ئەو خیانەتە گەورەیە، ئەو خیانەتە نیشتمانی و نەتەوەییە لە کەرکووک ئەنجامدرا و کەرکووک تەسلیکراو لە پشتەوە خەنجەری ژەهراوی لە پێشمەرگەو لە هەموو گەلی کوردستان درا و دەنگی زوڵاڵی 3 ملیۆن مرۆڤیان لە کوردستان خستە بەردەم کۆسپێکی زۆر زۆر گەورە، هەرچەندە ئەو 3 ملیۆن دەنگە مێژووێکیان تۆمارکرد بە کەس ناسڕێتەوە، بەڵام کۆسپ دروستکرا و کارەکەیان سەختتر کرد، ئەگەر ئەو خیانەتە نەبووایە ئێستا دۆخەکە بە شێوەیەکی دیکە دەبوو.

خوشک و برایان..

پلانی بەرگری بۆ هەموو شوێنەکان و بەتایبەتی بۆ کەرکووک دانرابوو، چونکە پێشبینی ئەوەمان دەکرد کە پەلامارمان بدەن، ئەگەر ریفراندۆمیش نەکرابا ئەو پلانە هەر هەبوو، دڵنیا بن پلانیان هەبوو کە نەهێڵن ئەو دۆخەی کوردستان وەکو خۆی بمێنێت، بەڵام ئەو خیانەتە گەورەیە وایکرد کە هەم مۆرالی پێشمەرگە دابەزێت و هەم مۆرالی خەڵکی کوردستانیش دابەزێت، هاوکات کاریگەرییەکی یەکجار زۆر گەورەی لەسەر پلانەکەش کرد کە وەک پێویست نەتوانرا جێبەجێ بکرێت لە بەرگیرکردن.

ئەوەی دیکە کە زۆر جێگەی سەرنج بوو هەروەها پێشبینیمان نەدەکرد، ئەوانەی کە ئەمریکا بە تیرۆریست ناویان دەبات ئەوانە سواری تانکی ئەبرامزی ئەمریکی ببن و لەبەر چاوی ئەمریکا بێن و پەلاماری خەڵکی کوردستان بدەن، ئەمریکاش تەماشا بکات، ئەمە پرسیارێکی گەورەی بۆ خەڵکی کوردستان دروستکردووە، ئایا ئەمریکا رازیبووە بەو پلانە؟ بەو هێرشە بۆ سەر کوردستان!‌ یان مەسەلە چییە؟ ئەگەر سزادانی گەلی کوردستانیش بێت، ئایا سزادان بەو شێوەیە دەبێت بە تانکی ئەبرامز بێن و پێشمەرگە شەهید بکەن و خەڵکی کوردستان دەربەدەر و ئاوارە بکەن؟ جینۆسایدێکی دیکە لە کوردستان دروستبکرێتەوە! ئەنفالێکی دیکە لە کوردستان دروستبکرێتەوە!

دوای ئەو رووداوانە دەسەڵاتی بەغدا تووشی غرورێکی زۆر هات، چەندی هەوڵماندا شەڕ نەبێت، پێشمەرگە زۆرێک لە ناوچەکانی دیکەی چۆڵکرد تەنها بۆ ئەوەی خوێن نەڕژێت، بەڵام هێزەکانی عێراقی بە تایبەتی حەشد تووشی غرورێکی وا هاتن سنوورێکیان نەهێشت و هەر دەیانویست بێنە پێش و هیچ شوێنێک نەهێڵن، تاکو پێشمەرگە ناچاربوون بەرگری لە خۆیان بکەن و نەیانهێشت چیتر پێشڕەوی بکرێت، ئەو شوێنانەی کە جەیش و حەشد لێی جێگیر ببوون هەمووی ئەوەبووە بە ئاشتی چۆڵکراوە و پێشمەرگە شەڕی تێدا نەکردووە، لە هەرکوێیەک پێشمەرگە بەرگری کردبێت نەیانتوانیوە بێنە پێش.

باس لەوە دەکەن کە تەتبیقی دەسەڵات و دەستووری ئیتحادی دەکەن، فەرموون با بگەڕێینەوە بۆ دەستوور پیشانمان بدەن لە کوێ دەستوور رێگای بە ئێوە داوە هێزی چەکدار لە دژی میللەت بەکار بهێنن؟ مەبەست جێبەجێکردنی دەستوور نییە، زۆر زۆر ئاشکرایە بەڵکو بۆ شکاندنی هەیبەتی خەڵکی کوردستانە، بۆ شکاندنی هەیبەتی هەرێمی کوردستانە، بۆ شکاندنی کەرامەتی گەلی کوردستانە، ریفراندۆمیان کردووە بە بیانو، کە ئەنفال کراین، کیمیاباران کراین، کۆمەڵکوژ کراین، ماوەیەک پێش ئێستا کە ئێزدییەکان کۆمەڵکوژ کران، ئەم گەلە نانبڕ کرا، ئایا ئەوکاتە کەس باسی ریفراندۆمی کردبوو؟ ئەزیزان مەسەلە فەرهەنگ و ئەقڵیەتە، ئەو مافەیە بە ئێمە رەوا نابینن.

ئێستاش بە راشکاوی بە بەرپرسانی بەغدا دەڵێین ئەگەر مەبەست جێبەجێکردنی دەستوور و چارەسەری ئاشتیانەیە، ئەوە بژاردەی هەرێمیشە، ئەوە حکومەتی هەرێمیش دەستپێشخەری کردووە فەرموون لەگەڵ حکومەتی هەرێم بکەونە گفتوگۆ و چارەسەری ئەو گرافت و کێشانە بکەن.
زۆرمان پێناخۆشە خوێن بڕژێت، بەڵام ئەگەر وەک دەردەکەوێت مەبەستتان تێکدانی هەرێمی کوردستانە، مەبەستتان شکاندنی کەرامەتی خەڵکی کوردستانە، بە خۆسەپاندن و سەپاندنی ئیرادەیەکی ناحەقە، بە دڵنیاییەوە پێتان دەڵێم هەزارەها رۆڵەی ئەو گەلە پێشمەرگە قارەمانەکان، خەڵکی کوردستان ئامادەن تا دوا هەناسە بەرگری لە خۆیان و وڵاتەکەیان بکەن، ئێمە مردن هەڵدەبژێرین ناهێڵین کەرامەتی ئێمە بشکێنن.

ئەگەر تەسەور بکەن بە چەند حەشدێک دێن و ئەو ناوچانەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بە کەیفی خۆتان تاڵانی دەکەن و خەڵکەکەی دەربەدەر دەکەن، بەوە ناسنامەی کوردستانی ئەو ناوچانە لەناو دەبەن، ئەمەش خەیاڵی خاوە، ناسنامەی کوردستانی ئەو ناوچانە هەر دەمێنێت و ئەمە کاتییەو مومکین نییە ئەو دۆخە قبووڵ بکرێت و بەو شێوەیە بەردەوام بێت.

ئێمە لەگەڵ نەتەوەو گەلانی ناوچەکە براین، نابێت سیاسەتی هەڵەی حکومەتەکان ببێتە هۆکاری ئەوەی ئەو برایەتیەمان تێک بچێت، ئێمە ئەو برایەتییە دەپارێزین ناشبێت بە هیچ شێوەیەک رێگە بدرێت بچووکترین خەلەل لەو پەیوەندییە دروست ببێت.

خوشک و برایان..

بڕیاربوو سەرەتای مانگی 11، واتە چەند رۆژێکی دیکە هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم ئەنجام بدرێت بەڵام لەبەر هۆی سیاسی و ئەمنی و تەکنیکی دیارە ئەنجام نەدرا، پەرلەمان تەمەنی تەشریعی خۆی بۆ هەشت مانگ درێژکردەوە، بەپێی بریاری ئەنجوومەنی شوورا تەمەنی سەرۆکایەتی هەرێمیش لەگەڵ تەمەنی پەرلەمان درێژ دەبووەوە، بەڵام من قبووڵم نەکرد و نامەم بۆ پەرلەمان نووسی کە بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکەم نە ماوەکە درێژ بکەنەوە نە یاسایەکە دەستکاری بکەن.

لە 2013 هەروەکو خۆتان دەزانن لە دوو خوولی سەرۆکایەتی لە 2005 تاوەکو 2013 جارێک لە پەرلەمان و جارێکیش راستەوخۆ لەلایەن میللەتەوە هەڵبژێردرا، لە 2013ـەش لە پەرلەمان بۆ 2 ساڵ درێژکرایەوە دوای ئەوەش بە بڕیاری ئەنجوومەنی شوورا بۆ دوو ساڵی دیکە یان تا هەڵبژاردنی داهاتوو درێژکرایەوەو لەبەر شەڕی داعش ئەو وەختە من قبووڵم کرد.

من لە هەموو دەفەتێکدا داوام لە پەرلەمان و حیزبەکان کرد هەڵبژاردن بکەن، کێ خۆی کاندید دەکات و بڕوای میللەت بەدەست دەهێنێت پیرۆزبایی لێدەکەم، بەڵام نەهەڵبژاردنیان کرد نە کەس خۆی کاندید کرد تا گەیشتە ئەمڕۆ، ئێستاش هەروەکو باسمکرد ئێمە نامەمان نووسیوە بۆ پەرلەمان کە ئەوان لەگەڵ حکومەت لەگەڵ حیزبەکان چارەسەری ئەو بابەتە بکەن بەشێوەیەکی یاسایی، منیش راوێژم کردووە لەگەڵ جێگری سەرۆک کاک کۆسرەت، ئەویش هەمان رای منی هەیە.

خوشک و برایان..

منیش وەک مەسعود بارزانی بەردەوام دەبم لە خزمەتی گەلەکەمدا، پێش سەرۆکایەتی و لەکاتی سەرۆکایەتی و دوای سەرۆکایەتیش من هەر مەسعود بارزانیم و هەر پێشمەرگەم، بەرزترین و پیرۆزترین پلەو پایە لای من پێشمەرگایەتییە، گەورەترین شانازی بۆمن ئەوەیە کە هەموو کوردستانیەکی دڵسۆز و بە ویژدان لە هەر شوێنێکی ئەو جیهانەدا گەیشتنە ئاستێک کە بە بڕواوە داوای مافی خۆیان بکەن و بە ئومێدەوە هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێن و پشتیوانی ئەو رێگایە بکەن کە من بڕوام پێی هەیە و ئامادەم لە پێناویدا خۆم بەخت بکەم. دڵنیاتان دەکەمەوە من لەگەڵتان دەبم و هەر پێشمەرگەی ئێوەم سەرکەوتنیش هەر بۆ ئێمە دەبێت.

لە کۆتاییدا زۆر سوپاس بۆ خۆڕاگریتان هەزارن سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدان، سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان، داوا لە هەموو کوردستانیان دەکەم یەکڕیز بن و ئیرادەیان بەهێزبێت، ناحەزان لە هەوڵی ئەوەدان ئیرادەی گەلی کوردستان بشکێنن، دەبێت رێگە نەدەن ئەو ئامانجەیان بێتەدی، دڵنیام گەلی کوردستان سەردەکەوی چونکە دۆزەکەی رەوایە ئیتر هەر بمێنن بەخێر و خۆشی.

30/10/2017

 

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان