بەهۆی بەفربارین لە ملەی تەتە، رێگای نێوان سەرواباد و پاوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان داخرا و بەڕێوەبەرایەتی رێگەوبانی سەروابادیش دەڵێت، بەهۆی بەردەوامی بەفر و تەمومژەوە، تاوەکو کاتێکی نادیار هاتووچۆ لەو رێگەیە قەدەخەیە.
رۆژی دووشەممە ٢٩ـی گەڵارێزانی ٢٧٢٣، محەممەد سەبرەندی، بەڕێوەبەری گواستنەوە و رێگەوبانی سەرواباد رایگەیاند، بەهۆی بەفر و رێبەندان لە ملەی تەتە، رێگەی نێوان سەرواباد و پاوە بۆ کاتێکی نادیار دادەخرێت.
هاوکات داوا دەکات، هاووڵاتییان بۆ هاتووچۆکردن رێگەی هەورامان - هەجیج بەکاربهێنن و دەشڵێت، بەهۆی بەردەوامی بەفربارین و تەمومژ لە ملەی تەتە، تیمەکانیان لەم کاتەدا ناتوانن رێگەکە بکەنەوە.
ملەی تەتە بەرزترین شوێنی پارێزگای سنە-کرماشانە کە هەموو ساڵێک لەگەڵ بارانی یەکەم بەفر ئەو رێگایە دەگیرێت و بەهۆی سەختی شوێنەکە، کردنەوەی رێگەکە ئەستەم دەبێت و تاوەکو سەرەتای بەهار هاتووچۆی پێدا ناکرێت.
4.5 کیلۆمەتری رێگەی ملەی تەتە دەکەوێتە پارێزگای سنە و 15.5 کیلۆمەتریشی دەکەوێتە پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
٢١/١١/٢٠٢٣