رۆژانە هاونیشتمانییانی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەرکردنی کۆمەڵایەتیی ئەو پارێزگایە کۆدەبنەوە و داوا دەکەن حکومەت گرنگی بە دۆخی ئابووری پارێزگاکەیان بدات، بەپێی راپۆرتێکیش، دۆخی ئابووری ئەو پارێزگایە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان رووی لە دابەزین کردووە.
بەگوێرەی راپۆرتێک کە ناوەندی ئاماری بێدەرەتانی ئێران بڵاویکردووەتەوە، پێوەری بێدەرەتانی لە ئێران کە کۆی رێژەی هەڵاوسان و بێکارییە، لە بەهاری ئەمساڵدا گەیشتووەتە 60.4%، بەڵام ئەو رێژەیە لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا لەنێوان 60% بۆ 70% دەبێت.
پارێزگای لورستان بەڕێژەی 69.9% لە پلەی یەکەم، پارێزگای کرماشان بە 68% لە پلەی سێیەم و پارێزگاکانی سنە بە 66%، ئیلام بە 65% و ورمێش بەڕێژەی 62% لە دەستەی خراپترین پارێزگاکانی ئێراندا تۆمارکراون لە رووی پێوەری بێدەرەتانییەوە.
بڵاوبوونەوەی ئەم ئامارە لە دوایین رۆژەکانی هاویندا، لەکاتێکدایە کەمتر لە 10 رۆژ پێش ئێستا وەزیری کاری ئێران، مژدەی هاتنە خوارەوەی رێژەی پێوەری بێدەرەتانیی بەهاری ئەمساڵی بەراورد بە بەهاری ساڵی پار راگەیاند، کە 54% بوو. پێوەرەکەشی، دابەزینی رێژەی بێکاری و هەڵاوسان بەهۆی رەخساندنی هەلی کار لە لایەن کابینەی ئیبراهیم رەئیسییەوە دەزانێت.
سەولەت مورتەزەوی، وەزیری کاری ئێران دەڵێت "رەزامەندی خۆم دەردەبڕم و رایدەگەیەنم، رێژەی رەخساندنی هەلی کاری گونجاو بۆ گەنجان و دابەزاندنی رێژەی بێکاریی لە بەهاری 1402ـدا بەراورد بە بەهاری 1401 دەستکەوتێکی گەورەیە و کەسانێکی زۆر لەم دەستکەوتەدا رۆڵیان هەبووە. بە خۆشحاڵییەوە بەگوێرەی ناوەندی ئاماری ئێران، رێژەی بێکاری بۆ نزیکەی 8.2٪ دابەزیوە کە لە 10 ساڵی رابردوودا ئەمە رووینەداوە. بە ئاشکرا دەبینین لە 24 پارێزگادا ئەو رێژەیە بە تەواوی دابەزیوە."
ئەو بانگەشانەی بەرپرسانی حکومەتی ئێران لە کاتێکدایە، بەشێکی زۆر لە پسپۆڕانی ئابووریی ئێران، تەنانەت ئەوانەشی کە سەردەمێک خۆیان لەنێو بازنەی دەسەڵاتدا بوون، کاتێک بەراوردی داهاتی ساڵانەی تاک لە پارێزگاکانی ناوەند و پارێزگاکانی دیکە پەراوێز دەکەن، پێوەری بێدەرەتانی لە هەندێک لە پارێزگاکان، بە تایبەت پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، زۆر لەوە بە زیاتر دەزانن و پێیان وایە، درزێکی گەورە بۆ گەشەی ئابووری لەنێوان ئەو پارێزگایانەدا دروستبووە کە وا زوو پڕ نابێتەوە.
حوجەت میرزایی، مامۆستای زانکۆ و جێگری پێشووتری وەزیری کاری ئێران لەسەر ئەو کەلێنە ئابوورییەی لەنێوان پارێزگاکانی ئێراندا دروست بووە، دەڵێت "بەداخەوە درزێکی گەورەی گەشەی ئابووری لەنێوان هەندێک پارێزگا و پارێزگا ناوەندییەکان، بە تایبەت تاراندا، دروست بووە و رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت. داهاتی ساڵانەی تاک لە کرماشان و سنە، یەک لەسەر دوو بۆ یەک لەسەر سێی تارانە، ئەمە جێی نیگەرانییە. لانیکەم 10 پارێزگامان لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای ئێران هەیە کە رێژەی بێکاری لە 20 ساڵی رابردوو تێیاندا، زیاتر لە 15% بووە و ئەمە لە داهاتووی نزیکدا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی کۆچی گەنجانی ئەو 10 پارێزگایە."
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی ئێران، پێنج پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام لەنێو ریزی ئەو 10 پارێزگایەی ئێراندان کە لە رووی رێژەی بێکاری، هەڵاوسان و پێوەری بێدەرەتانی، بە خراپترین پارێزگاکان دیاریکراون.
21/9/2023