راوێژکاری ئسایشی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران بەشێکە لەو تاوانە جەنگییانەی لە ئۆکرانیا روویان داوە و ئەو فڕۆکانەی بە روسیای داوە لە کوشتنی هاوڵاتی سڤیلدا بەکاردێت.
جەیک سولیڤان راوێژکاری ئسایشی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوەدا، ئەو فڕۆکە جەنگیانەی روسیا لە ئێرانی کڕیوە لە بۆردوومانکردنی هاوڵاتیانی سڤیلدا بەکاریهێناوە و ئێران تێوەگلاوە لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە ئۆکرانیا.
ئەوەشی خستەڕوو، فڕۆکەکانی ئێران لە بۆردوومانکردنی ژێرخانی ئەو شارانەدا بەکار دێت کە هەوڵی داخستنیان دەدرێت بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی لە سەرمای زستان و دەشڵێت، "ئێران لە چاوی ئەمریکادا هاوکارێکی فراوانکردنی جەنگی روسیا و ئۆکرانیایە."
لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێرانیشەوە باسی لەوەکرد، رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران چیتر لە پێشینەی کارەکانی ئەمریکا نییە و لە ئێستادا لە دۆخێکی چەقبەستوودایە بەڵام دیبلۆماسییەتی ئەمریکا نەگۆڕاوە و رەتی دەکاتەوە رازی بێت ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت.
ئەمەش لە دوای ئەوەدێت، لە سەرەتای ئەم هەفتەیە ئەمریکا سزای ئابووری بەسەر حەوت کۆمپانیای و کەسایەتی ئێراندا سەپاند کە دەستیان هەبووە لە گەیاندنی فڕۆکەی جەنگی بە روسیا.
10/1/2023