سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هیچ بیانوویەک" بۆ مووشەکبارانکردن و ناردنی درۆن بۆ هەرێمی کوردستان "نابینین." هەروەها داوا لە بەغدا دەکات "سنوورێک" بۆ هێرشەکان دابنێت.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی راگەیاندنی ئینستیتیوتی داهێنان و نوێگەری لە گوتارێکدا باسی لە هێرشەکانی سنووری کۆیە و زڕگوێزی کرد.
ئەمڕۆ جارێکی دیکە هێرشکرایەوە سەر بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە، زڕگوێزیش لە سنووری سلێمانی کرایە ئامانج کە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی لەو سنوورەدان.
نێچیرڤان بارزانی گوتی، "هەرێمی کوردستان دەیەوێت جەخت لەوە بکاتەوە کە دەیەوێت فاکتەری سەقامگیری بێت لە ناوچەکە و دەیەوێت پەیوەندی باشی لەگەڵ هەموو دراوسێکانیدا، لەو چوارچێوەیەشدا دەیەوێت لەگەڵ ئێراندا پەیوەندییەکی باشی هەبێت. ئەوەی ئێمە لە تواناماندا هەبووە کردوومانە و بەردەوامیش دەبین."
وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: نابێت هەرێمی کوردستان ببێت بە سەرچاوەیەکی هەڕەشە بۆسەر وڵاتانی دراوسێ، بەڵام لە ئەوەشدا ئێمە هیچ بیانوویەک بۆ ئەو مووشەکبارانانە و ناردنی ئەو درۆنانە بۆ کوردستان نابینین.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا دەکات، "سنوورێک" بۆ هێرشەکان دابنرێت و بەغدا وەکو سەروەری خاکی عێراق [لێی بڕوانێت]؛ "کە ئەمە بەشێکە لە پێشێلکردنی گەورەی سەروەریی عێراق و [بەغدا] لەم بابەتەدا بێتە دەنگ و سنوورێک بۆ ئەم پێشێلکارییانە دابنرێت."
١٤/١١/٢٠٢٢