لە پارێزگای ئایدنی تورکیا هێرشکرایە سەر خێزانێکی کورد کە خەڵکی پارێزگای ئیدری باکووری کوردستانن و لە گوندێکی شارۆچکەی ئینجیرلی دەرە خانوویەکیان کڕیوە.
جەنگیز، کە لە گوندی ئارپادەرەی سەر بە شارۆچکەی ئینجیردەرەی ئایدن خانوویەکی کڕیوە، لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی چوونەتە گوند بۆ بینینی خانووەکە. سەرەتا لەلایەن دانیشتووانی گوندەکە هەڕەشەیان لێکراوە و دواتر هێرشیان کراوەتەسەر، لە هێرشەکەدا کە دار و ئاسن و چەک بەکارهاتووە، چوار کەس بە تووندی لێیان دراوە، کە ژن و منداڵیان لەنێودایە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، سەمرا تورکان کە یەکێکە لە ئەندامانی خێزانەکە لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی پشتیوانی ژنان داوای یارمەتی کردووە، بەڵام جەندرمە و تیمی پۆلیس رەوانەی شوێنی رووداوەکە نەکراون.
ئەمراهـ چاکماز کە لە هێرشەکەدا چەند شوێنێکی جەستەی بە قورسی برینداربووە، راگەیاند: پێشتر لە ئیزمیر دەژیام، ماوەی دوو ساڵ و نیوە لە شارۆچکەی ئەفەلەر لە ئایدن دەژیم، من کرێکاری بیناسازیم، بە خێزانی چووین بۆ گوندی ئارپادەرە بۆ بینینی ئەو خانووەی لە پۆلیسێکی خانەنشین کڕیمان. کاتێک ژمارەیەک لە دانیشتووانی گوندەکە کە لەناو کافێیەک دانیشتبوون ئێمەیان بینی بانگی براکەمیان کرد و لێیان پرسی، "بۆچی هاتوون بۆ ئێرە؟"
ئەمراهـ چاکماز دەڵێ، لەو کاتەدا ئێمە چووین تەماشای خانووەکە بکەین. خانووەکە لە دوو نهۆم پێکهاتبوو، تاپۆکەی هاوبەش بوو، نهۆمی یەکەممان کڕی، برای ئەو کەسەی کە لە نهۆمی دووەمی خانووەکە دەمایەوە، لە نهۆمی یەکەم کرێچی بوو. ئەو بە پۆلیسە خانەنشینەکەی گوت، "ناتوانن بچنە ناو گوندەکە، ئەوان خەڵکی رۆژهەڵاتن"، کاتێک پۆلیسە خانەنشینەکە گوتی، "دەرگاکە بکەرەوە با خانووەکە ببینن بە دەستێکی هێمای دەمانچەی کرد و دەستەکەی دیکەی خستە سەر سەری پۆلیسە خانەنشینەکە."
چاکماز ئاماژەی بەوە دا، دوای ئەوەی تەماشای خانووەکەیان کردووە و گەڕاونەتەوە، چوونەتە قاوەخانەی گوندەکە و لەلایەن خەڵکی گوندەکەوە هەڕەشەیان لێکراوە.
یەکێک لەو کەسانەی لە هێرشەکەدا چەند شوێنێکی برینداربووە، دەڵێ: بەر لەوەی بەرەو شارۆچکەی ئەفەلەر بەڕێبکەوین، بە دار و ئاسن رێگەیان لێ گرتین، کەسێک هێرشیکردە سەرم بە ئاسن لە دەستی دام و کەسێکی دیکەش دارێكی کێشا بەسەرمدا. کاتێک سەرم هەڵبری بینیم لە براکەمیان دەدا. دواتر تراکتۆرێک هات و ژن و منداڵی لە نێودابوو؛ یەکێک لە ژنەکان هێرشی کردەسەرم، کراسەکەمی دڕاند و گوتی، "بۆ هیچ شوێنێک مەیاننێرن، با لێرە بمێننەوە، خەڵکی گوندەکە لە رێگادان." منیش گوتم، "خوێنم لەبەر دەڕوات، من دەمرم"، بەڵام گرنگییان بە قسەکانم نەدا.
چاکماز گوتی: پەیوەندیم بە جەنگیز تورکانی زاوامەوە کرد و داوای یارمەتیم کرد. جەنگیز منی رفاند بۆ ئەوەی بمگەیەنێتە نەخۆشخانە، لە رێگادا بینیم زۆربەی گوندنشینەکان بە ئۆتۆمبێلەکانیانەوە هاتوونەتە شوێنی رووداوەکە. لەم نێوەندەدا پەیوەندیم بە جەندرمەوە کرد و داوای یارمەتیم کرد، بەڵام جەندرمە گوتی، "بڕۆ بۆ نەخۆشخانە و راپۆرتی پزیشکی وەربگرە و سکاڵا تۆمار بکە" و دواتر تەلەفۆنەکەی لەسەرم داخست. چوومە نەخۆشخانە، کاتێک گەیشتمە نەخۆشخانە، باوکم تەلەفۆنی کرد و گوتی، "بارودۆخی حەسەنی برات زۆر خراپە سەریان شکاندووە، گولـلەیەکیان ناوە بەپێی دایکتەوە، بۆ ئەوەی خۆم رزگار بکەم رامکردە ناو دارستانەکە، لەوانەیە دایکت و خوشکەکەت مردبن."
چاکماز دەڵێ، دانیشتووانی گوندەکە وایانزانیوە دایک و خوشکم مردوون، بۆیە وازیان لێهێناون و هەڵاتوون.
13/9/2022