ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن گەشت دەکات بۆ ئاسیا و سەردانی کۆریای باشوور و ژاپۆن دەکات بەمەبەستی پتەوکردنی سەرکردایەتی ئەمەریکا لە ئاسیادا.
سەردانەکان وەکو بەڵگەیەک دەبیندرێن لەسەر ئەوەی ئەمەریکا دەیەوێت سەرکردایەتیە درێژخایەنەکەی لە ئاسیا پتەوتر بکات، کە لەوێ دەسەڵاتی ئابووری و سەربازیی چین لە زیادبووندایە.
سەرەتا بایدن سەردانی کۆریای باشوور دەکات و دواتر ڕۆژی یەکشەممە سەردانی ژاپۆن دەکات و لەگەڵ ڕابەرانی ئەو دوو وڵاتەدا کۆدەبێتەوە، دواتریش لە تۆکیۆ بەشداری کۆبوونەوەی گروپی کواد دەکات کە هەریەک لە ئوستڕاڵیا و هیندستان و ژاپۆن و ئەمەریکا لە خۆدەگرێت.
کۆشکی سپی وتی جۆو بایدن لە کۆریای باشوور هێزەکانی ئەمەریکا و کۆریای باشوور بەسەر دەکاتەوە.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان ڕۆژی چوارشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی وت دوای سەرکردایەتییە سەرکەوتووەکەی ئەمەریکا لە وەڵامدانەوەی داگیرکارییەکەی ڕووسیادا لە ئۆکرانیا، سەرۆک بایدن " بە پشت قایمییەوە " سەردانی ئاسیا دەکات.
سزا ئابووری و سەربازیی و سیاسییە توندەکانی سەر ڕووسیا وەکو پەیامێک دەبیندرێن بۆ چین تاوەکو وەریبگرێت، ئەوەش بەپێی ئەوەی کە چین ئارەزووی ئەوە دەکات تایوانی دیموکراتخواز بخاتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی، تەنانەت ئەگەر بە بەکارهێنانی هێزیش بێت.
لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا ویلیام بێرنس وتی پەکین " زۆر بە وریاییەوە چاودێری ڕەوشەکە دەکات."
وتی " پێم وایە توشی سەرسوڕمان بوون لەسەر ئەوەی چۆن هاوپەیمانان پێکەوە بە یەکگرتوویی و سزای ئابوورییان بەسەر ڕووسیادا سەپاند بەهۆی دوژمنکارییەکانیەوە."
سۆلیڤان وتی بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن نایەوێت ڕووبەڕووی چین ببێتەوە لە گەشتەکەدا بەڵکو زیاتر دەیەوێت سیاسەتی بایدن بەکاربهێنێت بۆ دەرخستنی ئەوەی کە ڕۆژئاوا و هاوبەشە ئاسیاییەکانی دابەش نابن و لاواز ناکرێن.
سۆلیڤان ئاماژەی بە هاریکارییەکانی نێوان کۆریای باشوور و ژاپۆندا لە سەپاندنی سزاکاندا بەسەر ڕووسیادا کە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا ڕابەرایەتیان کردووە. هەروەها ئاماژەشی بە ڕۆڵی ئەمدواییانەی بەڕیتانیادا لە هاوبەشییە ئاسایشیە نوێیەکەی نێوان ئەمەریکا و ئوستڕاڵیا و بەڕیتانیادا.
وتی " ئەم پەیامە بەهێزە لە پەکین بیسترا، بەڵام ئەمە پەیامێکی نەرێنی نیە و بە ئامانجکردنی هیچ وڵاتێکیش نیە."
بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن ڕەنگە لەمیانەی سەردانەکەی بایدندا بۆ ئاسیا کۆریای باکوور تاقیکردنەوەی موشەکی یاخود ناوەکی ئەنجام بدات.
سۆلیڤان وتی ئەگەری هەیە کۆریای باکوور گەشتەکەی بایدن بەکاربهێنێت بۆ ئەنجامدانی " کاری وروژێنەر."
وتی " ئەمەش مانای ئەوەیە کۆریای باکوور ڕەنگە تاقیکردنەوەی موشەکی یاخود ناوەکی ئەنجام بدات، بە موشەکە مەودا درێژەکانیشیەوە."
وتیشی لەگەڵ کۆریای باشوور و ژاپۆندا لەنزیکەوە هەماهەنگی دەکەین سەبارەت بە بارودۆخەکە، ڕۆژی چوارشەممەش لەو بارەیەوە قسەی لەگەڵ هاوتا چینییەکەیدا کردووە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس
١٩/٥/٢٠٢٢