لە چوارچێوەی سەردانە دوو رۆژییەکەی بۆ ئامەدی باکووری کوردستان، کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری "جەهەپە" رایگەیاند، کێشەی کورد چارەسەر دەکەن، بۆ ئەمەش جارنامەی سەدەی دووەمیان هەیە بۆ چارەسەرکردنی گشت کێشەکانی تورکیا و لەنێو ئەم جارنامەیەشدا چارەسەرکردنی کێشەی کورد، یەکێک دەبێت لە بڕگە هەرە سەرەکییەکان.
کەمال کڵچدارئۆغڵو لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی جڤاتیی دیجلە DİTAM لەگەڵ نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیکا پیشەگەرەکانی ئامەد کۆبووەوە و گوتارێکی پێشکێش کرد.
کڵچدارئۆغڵو باسی لەوە کرد، کێشەی کورد چارەسەر دەکەن، بۆ چارەسەرەکەش پێنج خاڵی خستەڕوو، سەرۆکی گشتیی جەهەپە دەڵێت: "یەکەم خاڵ دانپێدانانە بە بوونی کێشە، چونکە دانپێدانەنان هیچ کاتێک نابێتە هۆکارێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد. چۆن کەسێک ئەم پرسە چارەسەر دەکات، لە کاتێکدا خۆی باوەڕی پێنەبێت و دانی پێدانەنێت".
دیاریکردنی سەرچاوە و شوێنی چارەسەرکردنەکە بەلای کڵچدارئۆغڵوەوە خاڵی دووەمی چارەسەرەکەیە و دەڵێت: "پەرلەمانی تورکیا تاکە شوێنە بۆ ئەوەی کێشەی کورد چارەسەر بکات". باسی لەوەشکرد، پێشتر نامەیەکی دوو لاپەڕەیی پێشکێشی سەرۆککۆماری تورکیا کردووە و تێیدا ئاماژەی بەوەداوە، پەرلەمانی تورکیا کۆمیسیۆنی دانوستاندن پێکبهێنێت و دووەمیش دەستەیەکی تایبەت لە کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان پێکبێت بۆ ئەوەی بەتێروتەسەلی پرسەکە ئامادە بکرێت.
خاڵی سێیەم بەلای سەرۆکی گشتیی جەهەپە ئەوەیە "ئەو کەسەی بەرپرسیارێتیی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە ئەستۆ دەگرێت، دەبێ راستگۆ و دروست بێت، کە مەرجی هەرە گرنگی چارەسەرکردنی پرسی کوردە".
سەبارەت بە خاڵی چوارەمیش، کەمال کڵچدارئۆغلو گوتی: "ئەو کەسەی کار لە پرسی کورد دەکات، نابێت ئەجێندای شاراوەی هەبێت یان مەرامێکی نادیاری هەبێت. بۆ نموونە تەنیا بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و بەهێزکردنی پێگەی خۆی ئەم کارە بکات و دوای گەیشتنی بە مەرامەکانی، دەستبەرداری ئەم بابەتە بێت".
لەبارەی خاڵی پێنجەمیش، سەرۆکی گشتیی جەهەپە پێیوایە کەسی بەرپرسیار بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد دەبێ راشکاو و شەفاف بێت لە لێدوان و بڕیارەکانیدا. دەبێت قۆناخ بە قۆناخ رای گشتیی لە پێشهاتەکان ئاگادار بکاتەوە.
کەمال کڵچدارئۆغڵو جەختی لەوەکردەوە، جەهەپە بەم پێنج هەنگاوە و بەگرتنەبەری رێکارە یاسایی و دەستوورییەکان دەست بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا دەبات. لەگەڵ هاوبەشەکانیشی لە هاوپەیمانیی میللەت بابەتی چارەسەرکردنی پرسی کوردی لە هەموو رەهەندێکەوە تاوتوێ کردووە.
١٢/٣/٢٠٢٢