بەرپرسانی سەربازیی رۆژئاوای کوردستان چاودێریی جموجۆڵەکانیان کردووە لە ناوچەکانی عەین عیساو تەل تەمرو کۆبانێ بەردەوامی هەیە وەکو بەشێک لەو هەڕەشانەی کە تورکیا دەیکات بۆ دەستبەسەراگرتنی کۆبانێ بەپاڵپشتی گروپە میلیشیا سوریەکانی هاوپەیمانی.
بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان پیێانوایە کە تورکیا دەیەوێت بەهەندێ کردەوەی سەربازیی هەسەدە کاردانەوە بنوێنێت و لەشەڕێکەوە تێوەی بگلێنێت بۆئەوەی شەرعیەت بدات بەهێرشێکی سەربازیی بۆسەر بەشێک لە رۆژئاوای کوردستان.
ئەگەرچی تورکیا رەزامەندی ئەمریکای بەدەستنەهێناوە بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشە، بەڵام لەهەوڵی رازیکردنی روسیایە کە گڵۆپی سوری بۆ هەڵبکات بچێتە ئەو ناوچانەی کەهێزەکانی ئەوان تێیدا باڵادەستن.
تورکیا داوای هاوکاری لە روسیا دەکات بۆئەوەی کردەیەکی سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان ئەنجامدابت، دوای بێئومێدبوونی لە رازیکردنی ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی کردەیەکی سەربازی بەمەبەستی دەستگرتن بەسەر کۆبانێ وچەند ناوچەیەکی دیکەداو رادەستکردنی بەمیلیشیاکانی نزیک لەخۆی.
ماوەی چەند رۆژێکە فڕۆکەی چاودێری سوپای تورکیا بەئاسمانی چەند ناوچەیەکی سنووری لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان بەبەردەوامی دەسووڕێتەوە، هەروەها جموجوڵە نائاساییەکانی زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازیی هێزەکانی لەو ناوچانە زیادیان کردووە.
پلانەکانی توركیا بۆ هێرشكردنەسەر رۆژئاوا
تورکیا دوو سیناریۆی ئامدەکردووە بۆ رەوایی دان بە پەلکێشکردنی هەسەدە بۆ شەڕێکی نەخوازراو، سیناریۆی یەكەم ئەوەیە، توركیا رێگای ئێم 4 واتە رێگای حەلەب-لازقییە بۆ شوێنی هێزەكانی روسیاو بەشار ئەسەد دەستەبەربكات و گروپە چەكدارە سورییەكانی لەناوچە ستراتیژیەکە دەکشێنێتەوە، لەبەرامبەردا توركیا لەقۆناغی یەكەمدا هێرشدەكاتەسەر هەندێك گوندی باكوری حەلەب كە لەژێر كۆنتڕۆڵی هەسەدەدایەو لەقۆناغی دواتریشدا هێرشدەکاتە سەر کۆبانێ.
رێزان حەدۆ وتەبێژی پێشووی هێزەكانی خۆپاراستن لەعەفرین بەتۆڕی سپۆتنیكی رووسی راگەیاند «توركیا لەقۆناغی دووەمدا هێرشدەكاتەسەر كۆبانێ، بەوەش توركیا ناوچەكانی ئۆپەراسیۆنی كانی ئاشتیی و قەڵغانی فورات بەیەكەوە دەبەستێتەوە».
باسی لەوەشکرد کە سیناریۆی دووەم ئەوەیە کە ئەنقەرە پڕۆسەی بەئامانجگرتنی كەسایەتییە دیارە سەربازیی و مەدەنییەكانی ئیدارەی خۆسەر چڕدەكاتەوە، ئەگەرهاتوو لەبەرامبەردا هەسەدە پەرچەكرداری نواندو پەلاماری خاڵو پێگە سەربازییەكانی توركیایدا، ئەوە دەكاتە پاساو بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دژ بەهەسەدە.
ماوەی ١٠ ساڵە توركیا بە بەردەوامی دژایەتیی رۆژئاوای کوردستان دەکات، بەرپرسانی رۆژئاوا پێیانوایە کە تورکیا هەمیشە پلانی هێرشكردنیشی هەیە بۆسەریان و هەموو هەوڵە دیبلۆماسیی و سیاسییەكانیشی خستووەتەكارو ئامادەیە کە هەموو رێككەوتنێک لەگەڵ ئەمریكا و روسیا بكات تاكو دەستكەوتێك بەدەستبهێنێت دژی رۆژئاوا.
توركیا هەزاران سەربازی لە باكووری سوریا بڵاوەپێكردووە، وەك ئامادەكارییەك بۆ هێرشێكی پێشتر هەڵپەسێردراو بۆ سەر شەڕڤانانی كورد.
ئاژانسی بلۆمبێرگ لەزاری دوو بەرپرس، كە ناوو ناسنامەیان ئاشكرانەكراوە، دەڵێت، هێرشە پلان بۆداڕێژراوەكە ئامانج لێی داخستنی یەك لەسەرسێی سنووری توركیایە لەگەڵ سوریا، كە درێژییەكەی 910 كیلۆمەترە.
دەشڵێت ئامانجی توركیا «كۆنتڕۆڵكردنی ناوچەكانی باشووری شاری كۆبانێیە، بۆ پێكەوەبەستنی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی لەڕۆژهەڵات و رۆژئاوای رووباری فورات».
ئامانجێكی پێشبینیكراوی دیكە، «دەستبەسەراگرتنی بنكەی میناگی ئاسمانییە لەنزیك شاری ئەعزاز، كە لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكراتدایەو لەوێوە هێرش بۆسەر هێزەكانی توركیاو چەكدارە سورییە هاوپەیمانەكانی ئەنجامدەدەدرێت»، بەرپرسەكان وا دەڵێن.
تورکیا چاوی لەڕوسیایە دوای بێهیوابوونی لەئەمریکا
ماڵپەڕی میدڵ ئیست لە راپۆرتێکدا باس لەدانوستاندنی نێوان روسیا و توركیا دەکات لەپێناو هێرشی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان و كۆنترۆڵكردنی كۆبانێ لەلایەن توركیاوە. باس لەوەش دەكات كە روسیا لەبەرامبەر هەندێك سازشی توركیادا کارئاسانی بۆ دەکات.
ئەوەیش دوای ئەوە هات لە کۆبوونەوەی نیوان ئەردۆغان و بایدندا سەرۆکی تورکیا هیچ رەزامەندییەکی سەرۆکی ئەمەریکای بەدەستنەهێناوە بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان.
كاربەدەستەكەی پێشووی ئەمریكا پێشبینی ئەوەی كردووە هەر جموجوڵێكی ئەنقەرە بۆ هەر ئاڕاستەیەكی دیاریكراو دەیخاتە دۆخێكی «دژوار»ەوە بەهۆی ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا یان روسیا.
جیمس جیفری، نێردەی پێشووی ئەمریكا بۆ سوریا ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازیی توركیای بەدوورنەزانی، هاوشێوەی ئەوەی لەساڵانی رابردوودا ئەنجامیداون و وتی، پێدەچێت ئۆپراسیۆنەكە بۆ سەر «باكووری رۆژهەڵاتی سوریا،، یان باكووری رۆژئاوا و نزیك لەحەلەب بێت، ئەم ناوچەیە سەبارەت بەتوركەكان مایەی نیگەرانییە».
جیفری وتیشی «هەر جوڵەیەك لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بەرەو ڕۆژهەڵات یان ڕۆژئاوای ئەو ناوچەیەی توركیا لێیە و لە تشرینی یەكەمی 2019ەوە لێی جێگیربووە، وا لە هێزەكانی توركیا دەكات لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكادا ڕووبەڕوو ببێتەوە، هەر ئەمەش نا، بەڵكو لەگەڵ هێزەكانی ڕوسیاش كە لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای هێزەكانی توركیا و ئەمەش گرێیەكی دیكەیە».
جیفری بەدووریشی زانی ئەردۆغان “گڵۆپی سەوزی” لە بایدن-ەوە بۆ هەڵكرابێت لەمیانەی ئەو دیدارەدا كە لەپەراوێزی كۆبوونەوەی كۆمەڵەی بیست لەئیتاڵیا ئەنجامیاندا لەکۆتایی مانگی رابردوودا.
هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە “ویلایەتە یەكگرتووەكان لەباكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بوونی هەیەو ناكرێت واز لەهاوبەشییەكەی لەگەڵ (هەسەدە) بهێنێت، چونكە ئەو هێزە زۆر كاریگەرە دژ بەداعش و ئەندامە تیرۆریستییەكانی كە تائێستا سەرچاوەی هەڕەشەن”.
وتەبێژێك بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕرایگەیاند، زۆر گرنگە سەرجەم لایەنەكان پارێزگاری لەناوچەكانی ئاگربەست بكەن و رێزی لێبگرن لەپێناو بەهێزكردنی سەقامگیری لەسوریا و كاركردن بەئاراستەی چارەسەری سیاسیی ناكۆكییەكان.
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی میدڵ ئیست توركیا دەیەوێت رەزامەندیی روسیا بەدەستبهێنێت بۆ هێرشكردنەسەر كۆبانێ و ئامانجی نەهێشتنی هێزەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە)یە لەو ناوچەیە.
لە 22ی ئەیلولی رابردوو سوپای توركیاو گروپە چەكدارە سورییە هاوپەیمانەكانی، هێرشێكیان بۆسەر گوندی دبس لە “عەین عیسا”ی سەر بە پارێزگای حەسەكە دەستپێكرد، بەمەبەستی داگیركردنی گوندەكەو رێگەی نێودەوڵەتیی پارێزگاكە، بەڵام لەلایەن هێزەكانی هەسەدەوە شكست بەهێرشەكە هێنرا.
پێشتر سوپای تورکیا سێ جار ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆسەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوە، یەکەمیان لەساڵی 2016 بەبیانووی شەڕی داعش، کەتێیدا ناوچەکانی ئەعزازو جەرابلوسی گرتەوە، هەروەها ئۆپەراسیۆنی دووەم لەساڵی 2018 عەفرینی کردە ئامانج، کۆتا ئۆپەراسیۆنیش سوپای تورکیا و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن لەکۆتایی 2019دا لەناوچەکانی گرێ سپی و سەرێکانی ئەنجامیاندا.
مانگی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاندبوو، «توركیا ئارامی نەماوە بەرامبەر بەو هێرشانەی هێزەكانی پاراستنی گەل دەیانكەن لەدژی هێزەكانی توركیاو ئەو ناوچانەی باكووری سوریا كەهێزەكانی توركیا كۆنترۆڵیان كردوون».
ئەوكات ئەردۆغان وتی «ئێمە مكوڕین لەسەر لەناوبردنی ئەو هەڕەشانەی لەسوریاوە دێن بە ئامرازی تایبەتیی خۆمان و لەنزیكترین كاتدا هەنگاوی پێویست دەگرینەبەر».
لەو كاتەوە كاربەدەستانی توركیاو روسیا، دانوستاندن دەكەن بۆ گەیشتن بەڕێككەوتنێك لەپێناو چارەسەركردنی مەترسییەكانی توركیا لەئاست هێزەكانی «یەكینەكانی پاراستنی گەل – یەپەگە» وەك راپۆرتەكە ئاشكرایكردووە.
ماڵپەڕی میدڵ ئیست لەزاری سەرچاوەیەکەیەوە ئاشکرای کردوە كە ئامانجی توركیا داخستنی سنوورەكانیەتی لەگەڵ خۆرئاوای سوریا و داگیركردنی كۆبانێ و بەستنەوەیەتی بەجەرابلوس و گرێسپییەوە كە توركیا كۆنترۆڵی كردوون.
بەپێی پڕۆژە رێككەوتنێك كە توركیاو روسیا پێیگەیشتوون و ماڵپەڕەكە ناوەڕۆكەكەی ئاشكراكردووە، روسیا هەژموونی خۆی لەكۆبانێ دەپارێزێت، توركیاش دەستبەسەر دەوروبەری شارەكەو ناوچە ستراتیژییەكانیدا دەگرێت.
ئاشكراشیكردووە، رێككەوتنەكە بەجۆرێكە كە توركیا ئەو هێزەی لەسوریا پێكیهێناوە ناباتە ناوچەكە، بەڵكو هێزێكی هاوبەشی روسی و توركی كۆبانێ كۆنترۆڵدەكەن و توركیا ئاسایشی بنكە سەربازییەكەی روسیا لەو ناوچەیە دەپارێزێت و لەبەرامبەریشدا روسیا هێزەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەل – یەپەگە دەكشێنێتەوە بەرەو باشووری ئەو ناوچەیە، هاوكاتی ئەوەش روسیا دەیەوێت لەناوچەی ئیدلب توركیا سازشی بۆبكات و هەژموونی مۆسكۆ لەو ناوچەیەدا زیاترببێت.
ئەم پەرەسەندنانە دوای ئەوە دێن كە کۆتایی مانگی رابردوو چەند بەرپرسێكی توركیا رایانگەیاندبوو، توركیا بیر لەوە دەكاتەوە چەند ناوچەیەكی بچووكی ئیدلب بۆ روسەكان بەجێبهێڵێت لەبەرامبەر بەدەستهێنانی پشتیوانیی روسیا بۆ هێرشكردنەسەر باكووری سوریا.
میدڵ ئیست لەزاری سەرچاوەكانییەوە دەڵێت، “دانوستاندنی توركیا لەگەڵ روسیادا بەردەوامە و ئەردۆغان بۆ جێبەجێكردنی پلانەكەی ناچارە هەر رێككەوتنێك بەر لەبەرپاكردنی هێرشەكە واژوو بكات».
چەند سەرچاوەیەكی ئەمنیی توركیا بە ماڵپەڕەكەیان راگەیاندووە، “سوپای توركیا ئامادەكارییەكانی تەواوكردووە بۆ چوونەناو باكووری سوریا (ڕۆژئاوای كوردستان) و لەئیدلب بڵاوبووینەتەوە بۆ پاراستنی ناوچەكە لەڕژێمی سوریا و هێرشی روسیا، چونكە ئەزموونەكانی رابردوومان پێمان دەڵێن سەرباری هەر رێككەوتنێك كە لەگەڵ روسیادا بیكەین، پێویستە لە ئیدلب لەئامادەباشیدابین».
لەبەرامبەردا بەپێی زانیارییەكانی میدڵ ئیست، روسیا چوار فڕۆكەی سەربازی لەفڕۆكەخانەی قامیشلۆ جێگیركردووە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێكی چاوەڕوانكراوی توركیا لەو ناوچەیەدا.
ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ ئەردۆغان هەڵنەكردووە
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا داوا لەلایەنەكان دەكات پارێزگاری لەناوچەكانی ئاگربەست بكەن، نێردەی پێشووی واشنتن بۆ سوریاش دەڵێت، لەدوا دیداریاندا جۆو بایدن گڵۆپی سەوزی بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان هەڵنەكردووە لەبارەی هێرشكردنەسەر رۆژئاوای كوردستان.
وتەبێژەكە دووپاتیشیكردەوە، “بارگرژی لەبەرژەوەندی كەسدا نییە»
ئەو لێدوانە لەوەڵامی ئەو راپۆرتانەدایە كە ئاماژە بەئامادەكارییەكانی توركیا دەكەن بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێكی سەربازی بۆسەر هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لەناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان و باكووری رۆژهەڵاتی سوریا.
ئەمەش دوای ئەو هەڕەشە بەردەوامانە دێت كە لەلایەن ئەنقەرەوە بەرامبەر هێزەكانی رۆژئاوای كوردستان دەوترێنەوە.
ئەمریكا هێزەكانی سوریای دیموكرات بەهاوپەیمان لەشەڕی دژ بەداعش لە ناوچەكانی باكووری رۆژهەڵاتی سوریا دادەنێت، لەكاتێكدا توركیا وەك درێژكراوەی (پارتی كرێكارانی كوردستان) لێی دەڕوانێت.
پێشتر سایتی ئەلحوڕە لەزاری فەرهاد شامی، وتەبێژ بەناوی هێزەكانی سوریای دیموكرات پابەندی بەڕێككەوتنی كەمكردنەوەی بارگرژییەكان دوپاتكردەوە و وتی، “ئەگەر لەلایەن داگیركاری توركیاوە پابەندی نەبێت، پێویستە رێوشوێنی نێودەوڵەتیی زیاتر بگیرێتەبەر، بۆ رێگری لە توركیا لەپێشێلكردنی لێكتێگەیشتنەكان، ئەمەشمان بەلایەنی روسی گەیاندووە».
بەپێی وتەی شامی «هێزەكانی سوریای دیموكرات بەسەرجەم دەقەكانی رێككەوتنەكەوە پابەندبووە»
بەڵام توركیا دەڵێت، هێزەكانی هەسەدە لەناوچە سنوورییەكان نەكشاوەتەوە، بەپێی ئەوەی لەكۆتاییەكانی 2019 رێككەوتنی لەسەر كراوە.
وەك بیانوویەكیش بەر لە چەند هەفتەیەك ئاماژەی بە بۆردومانێكی مووشەكی بۆسەر ناوچەی كركمیش لەغازی عەنتاب كردو باسی لەوەكرد كەشوێنی هەڵدانی شاری كۆبانێ بووە.
رێككەوتنی كوردو حكومەتی سوریا
روسیا وەك دەستپێشخەرییەك بۆ چارەسەری كێشەی كورد لەرۆژئاوای كوردستان ئۆڤەرێكی پێشنیازكردووەو ئەمریكاش بەناوەڕۆكی ئۆڤەرەكە رازییە.
ناوەڕۆكی ئۆڤەرەكەی روسیا بۆ ئیدارەی خۆسەری لەرۆژئاوای كوردستان لەچەند پێشنیازێك پێكهاتووەو وەك هەوڵێك دەیبینێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ئیدارەی خۆسەریو حكومەتی سوریا، ئەمە جگە لەكۆتایی هێنان بەهەڕەشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان.
ئۆڤەرەكەی روسیا بریتییە لەهەڵكردنی ئاڵای سوریا لەسەرجەم ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان، لەگەڵ دابەشكردنی داهاتی نەوتی رۆژئاوا لەنێوان هەردوو حكومەتی سوریاو ئیدارەی خۆسەری بەشێوەیەك لەسەدا 75 داهاتی نەوت بۆ حكومەتی دیمەشق بێتو لەسەدا 25 بۆ ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان.
هەروەها ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان بەفەرمی دان بەبوونی بەشار ئەسەد وەك سەرۆكی سوریا بنێت، لەبەرانبەریشدا حكومەتی سوریا دان بەدەسەڵاتی لامەركەزی بۆ كوردانی رۆژئاوا دەنێت.
هاوكات حكومەتی سوریا دان بەسەرجەم مافەكانی كوردانی رۆژئاوای كوردستان وەك هاووڵاتی سوری دەنێتو دەشكرێت گفتوگۆی زیاتر بكرێت بۆ ئەو پرسە، ئەوەش بەئەنجامدانی كۆبوونەوە لەنێوان شاندی هەردوولا.
لەبارەی هەڵوێستی ئەمریكا لەبەرانبەر ئەو ئۆڤەرەی روسیا، واشنتۆن رازییە بە رێككەوتنی هەردوو ئیدارەی خۆسەریو حكومەتی سوریا، جەختیشیكردووەتەوە، ئەگەر ئەو پێشنیازانەی مۆسكۆ چارەسەری كێشەكان دەكات، ئەوە ئەوان پێی رازی دەبن.
لەو بارەوە بەدران چیا كورد، هاوسەرۆكی ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی ئیدارەی خۆسەری لەرۆژئاوای كوردستانو باكووری سوریا دەڵێت «روسیا دەیەوێت گەڕێكی نوێی گفتوگۆ لەنێوان دیمەشقو قامیشلۆ بەڕێوەبچێت.»
چیا كورد وتی «ئێمە بەلایەنی روسیمان وتووە ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق، بەڵام بەو مەرجەی بەرچاومان بۆ چارەسەری كێشەكان روون بێت.»
جەختیكردووەتەوە لەوەی کە «دەبێت لەهەردوولاوە ئیرادە هەبێت بۆ گفتوگۆ، چونكە ئەوە بنەمای چارەسەری كێشەكان دەبێت، باسی لەوەش كردووە، كە ئەو ئیرادەیە بە پشتیوانی ناوخۆییو هەرێمیو نێودەوڵەتی دروست دەبێت».
باسی لەوەش كردووە، راستە هەوڵی نێودەوڵەتی هەیە بۆ چارەسەری لەسوریا، بەڵام چەند وڵاتێك لەوانە توركیا دژی ئەو هەوڵانەن، ئەوەش بووەتە كێشەی بەردەم گفتوگۆكانی نێوان قامیشلۆو دیمەشق.
كێشەی كوردانی رۆژئاواو حكومەتی سوریا لەدوای ساڵی 2011وە سەریهەڵداوە، ئەوەش دوای ئەوەی گەلانی سوریا لەدژی رژێمەكەی بەشار ئەسەد راپەڕین، چەند جارێكیش گفتوگۆ لەنێوان هەردوولا بۆ چارەسەری كێشەكان كراوە، بەڵام نەگەیشتووە بەئەنجامی كۆتایی.
هەر لەو بارەوە ئاڵدار خەلیل هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكرات (پارتی دەسەڵاتداری رۆژئاوای كوردستان)، جەختیكردووەتەوە، كە دەبێت رژێمی سوریا ئیرادەی هەبێت بۆ چارەسەرو بەپێشنیازەكانو رازی بێتو ئامادەی جێبەجێكردنیشی بێت.
ئاڵدار خەلیل دەشڵێت «ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ، ئامادەشین بۆ تاووتوێكردنی ئەو پێشنیازانەی حكومەتی روسیا بۆ چارەسەری كێشەی سوریا خستوویەتییە روو».
ئەمە لەكاتێكدایە، ماوەیەكە حكومەتی توركیا دەستی بەهەڕەشەكانی كردووەتەوە بۆ هێرشكردنە سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان، كە ئەمەش كاردانەوەی ناوخۆییو نێودەوڵی لێكەوتووەتەوە.
توركیا بە بیانووی بوونی رێكخستنەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە دەیەوێت هێرشبكاتە سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستانو ئێستاش گەمارۆكانی بۆ سەر چەند ناوچەیەكی كوردی چڕكردووەتەوە.
لەدوای ساڵی 2011وە زۆربەی ئەو ناوچانەی سەرچاوەی نەوتو غازیان تێدایە لەسوریا، كەوتووەتە دەست ئیدارەی خۆسەری لەرۆژئاوای كوردستان، كە ئێستا رێژەی 80 لەسەدای هەناردەی نەوت لەو ناوچانەوە دەكرێت.
روسیا دەیەوێت بەم هەنگاوە ئابووری دیمەشق ببوژێنێتەوە، كە چەند ساڵێكە بەهۆی شەڕەكانی سوریا تەواو داڕووخاوە، توانای هەستانەوەی نییە.
روسیا هێزی سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان زیاد دەکات
هێزەکانی روسیا فڕۆکەی جەنگی و هێلیکۆپتەریان لەبنکەی سەربازی حەمیمیم لە لازقییەوە ناردە فڕۆکەخانەی شاری تەبەقە لە رەققە و قامیشلۆ و کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان.
لەماوەی رۆژانی رابردوودا فڕۆکەخانەی تەبەقە جموجۆڵی چڕوپڕی فڕۆکەوانی بەخۆیەوە بینیوە، هاوکات چەندین چەکی قورسی سەربازیی سەربە هێزەکانی حکومەت گەیەندراونەتە شارەکە، ئەوەش لەکاتێکدایە لە ئێستادا تورکیا هەڕەشەی توند دەکات لەبارەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان.
میدیاکانی روسیا جەختیان لەوەکردەوە، هێزەکانی روسیا 20 فڕۆکەی جەنگی لە جۆرەکانی میگ 29 و سو 35 و سو 34 دەنێرێتە فڕۆکەخانەی قامیشلۆ، جگە لەوەش دەنگۆی ئەوە هەیە، روسیا فڕۆکەخانەی قامیشلۆ بکاتە دووەم گەورەترین بنکەی سەربازیی خۆی لە سوریا لەدوای فڕۆکەخانەی حەمیمیم.
سەرچاوەکانی روسیا ئاشکراشیان کرد، روسیا هەوڵدەدات 12 هێلیکۆپتەر لەجۆری MI-8 و پێنج فڕۆکە لەجۆری KA-52 لەفڕۆکەخانەی کۆبانێ بڵاوەپێبکات.
لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا هێزەکانی روسیا و حکومەتی سوریا بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات لەنزیک هێڵەکانی تەماسی هێزە تورکییەکان و میلیشیا ئۆپۆزسیۆنەکان لە چوارچێوەی سوپای نیشتیمانی، لەحەسەکە و رەققە راهێنانی سەربازییان ئەنجامدا.
چەند سەرچاوەیەکی تایبەتیش بەتۆڕی هەواڵی ئوگاریت پۆستیان راگەیاندووە، لەنێوان هێزەکانی حکومەتی سوریاو هێزەکانی سوریای دیموکرات ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان پێکهێنراوە، بەمەبەستی رووبەڕوبوونەوەی هەر هێرشێکی تورکیا بۆسەر ناوچەکە.
13/11/2021