دوای چوار رۆژ لە هاککردنی سیستمی دابەشکردنی بەنزین لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، هێشتا بەشێکی بەرچاوی بەنزینخانەکان چالاک نەکراونەتەوە و خەڵک بۆ وەرگرتنی بەنزین کێشەیان هەیە.
جەعفەر سالاری، بەڕێوەبەری دابەشکردنی سووتەمەنیی ئێرانە و دەڵێت، "لە هەموو وڵاتدا لە نزیکەی سێ هەزار و 800 بەنزینخانە، نزیکەی دوو هەزار بەنزینخانە چالاک کراونەتەوە و خەڵک دەتوانن بە کارت بەنزین وەربگرن، واتە نزیکەی 55٪ی بەنزینخانەکان ئامادەن لەڕێگەی کارتی زیرەکەوە بەنزین دابەشبکەن و خەڵک دەتوانن بەنزین بەپێی پشک وەربگرن".
رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوو، سیستمی دابەشکردنی بەنزینی ئێران هاککرا و پێدانی بەنزین بە خەڵک لەڕێگەی کارتی تایبەتی وەرگرتنی بەنزینەوە وەستا.
میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت، لێکۆڵێنەوە دەکرێت بۆئەوەی بزانرێت سەرچاوەی هێرشەکە کوێ بووە.
لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەنزین بە دوو نرخ دەفرۆشرێت. بە نرخی ئازاد کە هەر لیترێک سێ هەزار تمەن و بە نرخی حکومی کە بەپێی پشکە و هەر لیترێک هەزار و 500 تمەنە.
جەعفەر سالاری ئاماژە بەوەش دەکات، "هەندێ لە ئامێرەکان کێشەیان هەبوو؛ هاوکارانی ئێمە خەریکن ئەو کێشانە چارەسەر دەکەن؛ ئەوان هەوڵدەدەن زانیاریی نوێ لەسەر ئامێری بەنزینخانەکە دابنرێت و لەو رێگەیەوە بتوانین دابەشکردنی سووتەمەنی لەڕێگەی کارتی زیرەکەوە دەستپێبکەن."
لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش بەرپرسانی پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان دەڵێن، تەنیا چەند بەنزینخانەیەکی کەم ماون کێشەیان چارەسەر بێت، بەڵام بەرپرسانی سێ پارێزگاکەی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن، لە رۆژانی داهاتوودا دەتوانن کێشەکە چارەسەر بکەن.
لە پارێزگای ورمێ، بەگوتەی بەرپرسان، لە نیوەی بەنزینخانەکانی ئەو پارێزگایەدا هێشتا ناتوانرێ بە کارت بەنزین بە خەڵک بدرێت. لە پارێزگای کرماشانیش، لەکۆی 120 بەنزینخانە 71 بەنزینخانەیان کێشەیان چارەسەر بووە و تەنیا ئەوانە ماون کە هاتووچۆی زۆریان لەسەر نییە.
بەڕێوەبەری دابەشکردنی سوتەمەنیی ئیلامیش دەڵێت، لە 48 بەنزینخانە 42 یان ئێستا چالاکن و شەش شوێنەکەی دیکەش ئەمڕۆ چالاکدەکرێنەوە و لە 24 کاژێری داهاتوودا بەنزین بە هەر دوو نرخەکە دابەش دەکرێت.
لە پارێزگای لوڕستانیش ئێوارەی رۆژی رابردوو بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی سووتەمەنیی پارێزگا رایگەیاند، 53 بەنزینخانە چالاک کراونەتەوە و لە هەوڵدان ئەوانی دیکەش چالاک بکەنەوە.
٣٠/١٠/٢٠٢١