سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دەڵێت، دانوستاندنکار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد هەدەپەیە و ئەو کێشەیە لە پەرلەمانی تورکیا چارەسەر دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 21ی ئەیلولی 2021 سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە توویتەر رایگەیاند، دانوستاندنکار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد هەدەپەیە و هەڵبەت شوێنی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەش پەرلەمانی تورکیایە.
ئەو گوتەیەی دەمیرتاش دوای ئەوەهات، سەزایی تەمەللی، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە رۆژی 19ی ئەیلولی 2021 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە توویتەر وەڵامی کەمال کڵچدارئۆغڵو سەرۆکی جەهەپەی دایەوە و کە لە بەشی یەکەمی دۆکیۆمێنتارییەکدا کە لەلایەن رۆژنامەڤانێكی تورک بە ناونیشانی "بای کەمال و هاوپەیمانییەکانی" ئامادەکراوە باسی کێشەی کوردی کرد و گوتی، کێشەی کورد لەگەڵ هەدەپە چارەسەر دەکەن.
کڵچدارئۆغڵو لەبارەی چارەسەری کێشەی کورد گوتی: "لەم وڵاتەدا کێشەی کورد هەیە کە 35-40 ساڵە دامەزراوەی سیاسیی نەیتوانیوە چارەسەری بکات. بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد پێویستمان بە ئۆرگانێکی شەرعییە. دەوڵەت ناتوانێت لەگەڵ دامەزراوەیەکی ناشەرعیدا دانوستاندن بکات. ئەردۆغان ئەوەی کرد. دەوڵەتی کرد بە گفتوگۆکاری ئیمراڵی. بۆ نموونە ئیمراڵی ئۆرگانێكی شەرعی نییە. ئۆرگانی شەرعی کێیە؟ دەتوانین هەدەپە وەک ئۆرگانی شەرعی ببینین. لەلایەن خەڵکەوە پاڵپشتی دەکرێت. هاتووەتە نێو پەرلەمان. لە پەرلەمانە و کاری خۆی و ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێ دەکات. بەو هۆیەوە ئەگەر ئەم کێشەیە چارەسەر دەکرێ، لەگەڵ ئۆرگانێكی شەرعی ئێمە دەتوانین ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین. ئەمە بۆچوونی منە".
لە بەرامبەردا سەزایی تەمەللی، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە توویتەر وەڵامی کەمال کڵچدارئۆغڵو سەرۆکی جەهەپەی دایەوە و نووسی: "تاکە دانوستاندنکاری چارەسەریی کێشەی کورد هەدەپە نییە، بەڵام بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە ئەمڕۆ هەدەپە ئاکتۆرێکە لە رێگەی سیاسەتی دیموکراسییانەوە خەبات دەکات. ئەوەی نابێت هەرگیز لە یاد بکرێ ئەوەیە، ناونیشان و دانوستاندنکاری سەرەکی چارەسەری دیموکراسییانە ئیمراڵییە".
سەزایی تەمەللی لە تویتێکی دیکەدا نووسیویەتی، "ئاکپارتی کە شکستی بە پرۆسەکە هێنا و مێزی گفتوگۆکانی ئاوەژووکردەوە، لە کاتێکدا هیوای بە بێ چارەسەری بەستووەتەوە، پێویستە ئەوە ببینرێ، ئەم چەمکە کۆڵانێکی بێ دەرچەیە".
21/9/2021