په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

 

لە کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسن وێڕای پابەندبوونی وڵاتەکەی بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، خواستی خۆی بۆ سەردانکردنی هەولێر نیشانداوە.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بڵاوکردەوە. لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دووپاتى كردووەتەوە‌ كه‌ وڵاتەکەی به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و عێراق ده‌ڕوانێت و ئه‌و په‌يوه‌ندييانه‌ى 30 ساڵ پێشتر به‌ دامه‌زراندنى ناوچه‌ى نه‌فڕين له‌نێوان هه‌رێمى كوردستان و به‌ريتانيادا دروست بوون، ده‌مێننه‌وه‌ و داكۆكى له‌ به‌رده‌واميى پابه‌نديى به‌ريتانيا به‌ پشتگيرى و پته‌وكردنى په‌يوه‌ندييه‌كان كرد‌.

ئەمڕۆ هەینی 17-09-2021 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ له‌نده‌ن له‌لايه‌ن بۆريس جۆنسۆن له‌ نووسینگەی خۆى له‌ تێن داونينگ ستريت پێشوازى لێكرا و لە کۆبوونەوەکەیاندا ئاڵای بەریتانیا، کوردستان و عێراق دانرابوون.

بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بۆريس جۆنسۆن لەبارەی پەیوەندیی بەریتانیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان جه‌ختى له‌وه‌ كردووەتەوه‌ كه‌ "په‌يوه‌ندييه‌كان مێژوويين و ده‌بێ پته‌وتر بكرێن به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابووريدا، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌ت له‌باره‌ و خوازيارن ئاڵوگۆڕ و سه‌ر‌دانى شانده‌كانى هه‌ردوولا زياتر بكه‌ن، هه‌روه‌ها خواستى خۆى بۆ سه‌ردانكردنه‌وه‌ى هه‌ولێر نيشان دا و گوتى: بيره‌وه‌ريى خۆشى ئه‌و سه‌ردانه‌م هه‌يه‌. به‌ڕێزيان سوپاسى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى كرد بۆ ئه‌و رۆڵه‌ى له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌ عێراق و له‌پێناو سه‌قامگيريدا ده‌يگێڕێت."
هەروەها نێچيرڤان بارزانى سه‌ردانى له‌نده‌ن و كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ بۆريس جۆنسۆن به‌ "دڵنياكه‌ره‌وه‌ و گرنگ" بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌‌ندييه‌كان له‌ قه‌ڵه‌مداوە، به‌تايبه‌تى دواى ئه‌و پێشهاتانه‌ى له‌ ناوچه‌كه‌دا هاتنه‌‌ ئاراوه‌. بەپێی راگەیێندراوەکە نێچیرڤان بارزانی، "سوپاسى سەرۆکوەزیران و حكومه‌تى به‌ريتانيا و هاوپه‌يمانانى كرد بۆ پشتگيريى سياسى و سه‌ربازى و مرۆييان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و خواستى بره‌ودانى به‌ هه‌موو بواره‌كانى هاريكارى له‌گه‌ڵ به‌ريتانيا دووپاتكرده‌وه‌، به‌ تايبه‌تيش له‌ بوارى ئابوورى و وه‌به‌رهێناندا كه‌ ده‌رفه‌تى له‌بارى هه‌يه‌."

لە سەرەتای کۆبوونەوەکە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بە نێچیرڤان بارزانیی گوت، "دەمەوێت ئەوە بزانن کە پەیوەندیی بەریتانیا لەگەڵ ئێوە یەکجار گرنگە و ئێمە ئەم سەردانەی ئێوە بەرز دەنرخێنین و پەرە بە پەیوەندییە ئابوورییەکانمان دەدەین. من لە بیرمە کە لە هەولێر بووم و بە ئۆتۆمبێلی جاگوار لاندرۆڤەر گەشتێكی باشمان بە نێو ئەو شارەدا ئەنجامدا."

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و کێشە هەڵپەسێردراوەکانیان کراوە. لەو بارەوە نێچيرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به‌ به‌رده‌واميى گفتوگۆ و بوونى كه‌شێكى ئه‌رێنى له‌گه‌ڵ حكومه‌تى فيدراڵى عێراق كرد و جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان خوازيار و ئاماده‌يه‌ هه‌موو كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكات.

دۆخى په‌تاى کۆڤید-19، شه‌ڕى تيرۆر و مه‌ترسييه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش كه‌ هێشتا هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى راسته‌قينه‌يه‌، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌، دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان، پێشهاته‌كانى ئه‌فغانستان و لێكه‌وته‌كانى، چه‌ند ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.

سەرچاوە: رووداو

١٧/٩/٢٠٢١

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان