وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان رایگەیاند، هەر سەربازێکی بیانی لە وڵاتەکەمان بمێنێتەوە بە داگیرکەر مامەڵەی لەگەڵ دەکەین و کاردانەوەی توندمان دەبێت.
سوهەیل شاهین وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان بە تۆڕی هەواڵی (BBC)ی راگەیاندووە، داوادەکەین سەرجەم هێزە بیانییەکان بە راوێژکار و راهێنەرەکانیانەوە لە وڵاتەکەمان بکشێنەوە، چونکە ئەوانیش بەشێک بوون لەداگیرکاری ئەفغانستان.
دەشڵێت: لەبەرامبەر مانەوەی هەر هێزێکی بیانی کاردانەوەی توندمان دەبێت، ئەوەش بەپێی راوێژ و لەسەر بنەمای بڕیارەکانی سەرکردەکەمان.
وتەبێژی تالیبان باسی لەوەشکردوە، بەهیچ شێوەیەک دیپلۆماتکاران و نوێنەرانی رێکخراوە بیانییەکان نابنە ئامانجی ئێمە و پێوستیش ناکات بە شێوازێکی تایبەت بپارێزرێن.
ئەمە لەکاتێکدایە، چاوەڕواندەکرێت پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی سەر بە ناتۆ لەو وڵاتە تا رۆژی (11)ی سێپتەمبەر بەردەوام بێت، بەڵام پێشبینی دەکرێت، نزیکەی هەزار سەرباز کە زۆربەیان سەر بە هێزەکانی ئەمەریکان بۆ پاراستنی کۆنسوڵخانەکان و فڕۆکەخانەی کابول لە پایتەختی ئەو وڵاتە بمێننەوە.