تۆڕی میدیای ئێن بی سی نیوزی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی رابردوی ئەمریکی و دوو چاوگی ئاگادار بڵاویکردەوە، ئیدارەی جۆ بایدن لێکۆڵینەوە دەکات لەسەر لابردنی سزاکانی سەر رابەری باڵای شۆڕشی ئێران لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی ڤیەننا بۆ گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی ٢٠١٥. هاوکات، بەهۆی رێگەنەدانی ئێران بە درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی تیمی ئاژانسی نێودەوڵەتی ئەتۆم، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەڕەشەی کشانەوە لە گفتوگۆکانی ڤیەننا دەکات.
بەگوێرەی ئێن بی سی نیوز، شاندی دانوستانکاری ئێرانی و ئەمریکی لە گفتوگۆ ناراستەوخۆیەکانیاندا لە ڤیەننا، گفتوگۆیان لە بارەی ئەو هەنگاوانەوە کردووە کە ئەگەری هەیە بگیرێنە بەر بە ئامانجی لابردنی سزا سەپێنراوەکانی سەر عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئێران.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمەش بەشێکی فراوانتری چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ئێران و ئەمریکان بە ئامانجی گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی ٢٠١٥ و جارێکی دیکە پابەندکردنەوەی ئێرانە بەو کۆت و رێگرییانەی لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی دانراوە.
لەبارەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر عەلی خامنەیی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تۆڕی میدیای ئێن بی سی نیوزی وڵاتەکەی راگەیاند، "سروشتی وردەکاری هەنگاوەکانی پەیوەست بە سزاکان و چاودێری کردنیان بە ئامانجی ئەوەیە هەردوولا بگەڕێنەوە بۆ رێککەوتنەکە و ئەم هەنگاوەش پێویستە لەسەر ئەمریکا بیگرێتە بۆ دانانی پلانێکی کارکدنی پێکەوەیی هاوبەش".
وتیشی، رێکەوتن لەسەر هیچ شتێک ناکرێت، تا رێکەوتن لەسەر هەموو شتێک نەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، ئەتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وادەی کشانەوەی ئەمریکا لە گفتوگۆکانی ڤیەننا نزیکە، بەهۆی ئەوەی ئێران تا ئێستا وەڵامی داواکارییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی نەداوەتەوە لەبارەی چاودێریکردنی کاتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە.
لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و ئێران رێککەوتن لەسەر درێژکردنەوەی کاری چاودێرانی ئاژانسەکە بە شێوەیەکی بە مەبەستی چاودێری کردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە.
ئەنتۆنی بلینکن ئەوەشی خستەڕوو، بەردەوامبوونی تاران لەسەر پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، دەبێتە لەمبپەرێک کە رەنگە نەتوانرێت دواتر کۆنتڕۆڵ بکرێت.
لەلایەن خۆیەوە کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا داوای ئاسایی کردنەوەی دۆخەکەی لە نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کرد لەبارەی درێژکردنەوەی وادەی چاودێریکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە لەلایەن ئاژانسەکەوە پێش ئەوەی هەوڵەکان و گفتوگۆکانی ڤیەننا بە بنبەست بگەن.
یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا جەختیان لەوەکردەوە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنیداوە بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی ٢٠١٥ و ئیدارەکەشی ئامادەیە سزا ئابورییەکانی سەر ئەو وڵاتە هەڵگرێت، بەڵام ئەو سزایانەی لەسەر دۆسییەکانی مافی مرۆڤ و پشتیوانی کردنی گروپە چەکدارییەکانی وڵاتانی دیکەی عەرەبی بەسەردا سەپێنراوەن هەڵناگیرێن و بەردەوام دەبن.
لە نیسانی ئەمساڵدا دانوستانەکانی نێوان ئێران وبەریتانیا و چین و فەرەنسا و ئەڵمانیا و روسیا و نوێنەی دەستەی سەرپەرشتیکاری رێککەوتنی ئەتۆمی ٢٠١٥ و بە بەشداریکردنی ناراستەوخۆیانەی ئەمریکا لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا دەستیان پێکردەوە بە ئامانجی زیندوو کردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ٢٠١٥ نێوان ئێران و کۆمەڵەی 5+ کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بە شێوەیەکی تاک لایەنانە لە ٢٠١٨ لێی کشایەوە.
رێککەوتنەکەش بە ئامانجی هەڵگرتنی سزا سەپێنراوە ئابوری و بازرگانی و داراییەکانی ئەمریکا بوون بەسەر ئێراندا و لەبەرامبەردا ئێران پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرنامەی موشەکە بالیستییەکانی رابگرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە ئەنجامی هەڵگرتنی سزا سەپێنراوەکانی سەر عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئێران، جارێکی دیکە ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە ناو مەیدانی سیاسی نێودەوڵەتی و پەیوەندییە دپلۆماسییەکانی پەرەپێدەداتەوە و بەمەش پێدەنێتە قۆناغێکی نوێی سیاسییەوە. لەسەر ئاستی ناوخۆش بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار بەرزدەبێتەوە، هاوکات، بە هەڵگرتنی سزا سەپێنراوە بازرگانی و ئابوری و داراییەکانی سەر ئەو وڵاتە کەرتی ئابوری و بازرگانی و مامەڵەکردن بە دراوی قورس پێشکەوتن بە خۆیەوە دەبینێت و بەمەش ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی، کە لە ئێستادا بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت بەرەو باشتر دەچێت.
27/6/2021