لە خولەکەکانی یەکەمی دەستپێکردنی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئێران، رێبەری ئێران دەنگی خۆی خستە نێو سندووقەکانی دەنگدان و داوای لە خەڵکی وڵاتەکە کرد بەشداریی هەڵبژاردن بکەن و چارەنووسی وڵاتەکەیان دیاریی بکەن.
عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە حوسەینییەی "ئیمام خومەینی" دەنگی خۆی خستە نێو چوار سندووقی دەنگدان بۆ سێزدەیەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، شەشەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانیی شار و گوندەکان، نێوان خولی پێنجەمین خولی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری و نێوان خولی یازدەیەمین خولی پەرلەمانی ئێران.
رێبەری ئێران لەدوای دەنگدان گوتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا داوای لە خەڵکی وڵاتەکەی کرد بەشداریی لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن .رێبەری ئێران رایگەیاند، تاوەکو بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا زیاتر بێت ئەوا پێگەی ئێران لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی بەهێزتر دەبێت. گوتیشی دەنگدان ئەرکێکی نەتەوەیی سەر شانی هەمووانە و پێویستە هەموو تاکێکی ئێران ئەو ئەرکەی سەرشانی جێبەجێبکات.
عەلی خامنەیی لە قسەکانیدا رۆکی هەڵبژاردنی بە رۆژی گەلی ئێران ناوبرد و گوتی: "ئەوە خەڵکن کە ئەمڕۆ چارەنووسی وڵات بۆ ساڵانی دواتر دیاریی دەکەن. بەپێی ئەو راستییە دەبێت هەموو کەس لەم تاقیکردنەوە نیشتمانی و سەرتاسەرییە بەشداریی بکەن. هۆکاری بانگهێشتی یەک لە دوای یەکی ئێمە لەخەڵک بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن ئەوەیە کە سەرەتا خەڵک خۆیانن کە لەم ئامادەبوونەیان سوود دەکەن و کۆماری ئیسلامیش دەستکەوتی زۆر گەورەی لە گۆرەپانی نیودەوڵەتی دەستدەکەوێت.
خامنەیی دەنگدانی یەک بە یەکی خەڵکی بە گرنگ ناوبرد و گوتی: "هەموو کەس بێن و دەنگ بدەن. کەس نەڵێت بە دەنگێکی من هیچ شتێک روونادات، چونکە هەر ئەم یەک دەنگانەیە کە دەبێتە هۆی دەنگدانی ملیۆنی گەل".
لە کاژێر 07:00ـی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەکاتی تاران کە دەکاتە 05:30 خولەک بەکاتی هەولێر، سێزدەیەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانیی شار و گوندەکان و هەروەها دەنگدان بۆ پەرلەمانی ئێران و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی لەو پارێزگا و شارانە کە یەکلایی نەبوونەتەوە دەستیپێکرد.
لەکۆی 59 ملیۆن و 310 هەزار و 307 کەس کە مافی دەنگدانیان هەیە، 29 ملیۆن و 980 هەزار و 38 کەس پیاون و 29 ملیۆن و 330 هەزار و 269 کەسیش ژنن. تەمەنی یاسایی بۆ بەشداریی لە دەنگدان 18 ساڵە و ژمارەی ئەو کەسانەش کە بۆ یەکەمجار دەتوانن لە هەڵبژاردن دەنگ بدەن یەک ملیۆن و 392 هەزار و 148 کەسن.
زیاتر لە 66 هەزار سندووقی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و زیاتر لە 76 هەزار سندووقی دەنگدانیش بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانیی شار و گوندەکان دابین کراون. هەروەها بەگوتەی سەعید خەتیب زادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەڵبژاردنی 234 سندووقی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی لە 133 وڵاتی جیهان بۆ ئێرانیانی نیشتەجێی ئەو وڵاتانە دانراون.
بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزیی لە کۆرۆنا هەڵبژاردنەکان لە کاژێر 07:00 دەستیپێکردووە و بە بڕیاری وەزیری ناوخۆ دەتوانرێت تاوەکو کاژێر 02:00ـی بەرەبەیان بەکاتی تاران درێژ بکرێتەوە.
18/6/2021