داواکاری گشتیی کرماشان لەبارەی چاندنی برنج هۆشداریدەداتە جووتیارانی پارێزگاکە و دەڵێت، وەک ساڵانی پێش چاوپۆشی لە چاندنی ئەو بەرهەمە ناکەن.
شەهرام کەرەمی، داواکاری گشتیی کرماشان بە میدیاکانی پارێزگاکەی راگەیاند، ئەمساڵ بە وردی چاودێریی بڕیاری قەدەخەی چاندنی برنج دەکەن و هەر جووتیارێک برنج بچێنێت، سزا دەدرێت.
حکومەتی ئێران لە ساڵی 2018وە بەهۆی ئەوەی ئاوی زۆری پێویستە، چاندنی برنجی لە 29 پارێزگای ئەو وڵاتە قەدەخەکردووە و تەنیا لە پارێزگاکانی گیلان و مازەندەرانی باکووری ئەو وڵاتە رێگە بە جووتیاران دەدرێت ئەو بەرهەمە بچێنن.
بە گوتەی داواکاری گشتیی کرماشان، جووتیارانی پارێزگاکە پابەندی بڕیاری قەدەخەکە نەبوون و ئەوانیش چاوپۆشییان کردووە، بەڵام ئەمساڵ بەو شێوەیە نابێت، چونکە رێژەی بارانبارین و ئاوی ژێر زەوی لەو پارێزگایە زۆر کەم بووەتەوە و ئەمساڵ وشکترین ساڵ بووە لە 50 ساڵی رابردوودا.
کەرەمی دەڵێت، ژمارەیەک لە جووتیاران بە نایاسایی دەیانەوێت بیر لێبدەن تاوەکو ئاوی چاندنی برنج دابینبکەن، بەڵام پێشیان پێدەگرن.
ساڵانی رابردوو زیاتر لە دوو هەزار هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگای کرماشان دەکرایە برنج و بەشێوەی مامناوەندی دەوروبەری سێ هەزار تۆن برنجی لێ بەرهەمدەهات. جووتیاران دەڵێن، چاندنی برنج داهاتی زیاترە لە بەرهەمەکانی دیکە. هەر کیلۆیەک برنجی بەرهەمی ناوخۆ لە بازاڕەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە 30 تاوەکو 40 هەزار تمەن دەفرۆشرێت.
سەرچاوە : رووداو
١٨/٥/٢٠٢١