نزیکەی دوو ساڵ پێش ئێستا بەهمەن دۆغڵوو بیر لە دروستکردنی بەرنامەیەک دەکاتەوە، بۆ ئەوەی یارمەتیی منداڵانی باکووری کوردستان بدات لە فێربوونی زمانی کوردی.
بەهمەن دۆغڵوو، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئەرکام تەکنەلۆژی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یارییەکی ئەلیکترۆنیی دروستکردووە بە ناوی "بێژان گۆگ" کە لە تۆپێک پێکهاتووە و بەکارهێنەر دەبێت ئاراستەی بکات بۆ چەند شوێنێکی دیاریکراو لە نێو یارییەکە.
بێژان ناوی کارەکتەرێکی ئەنیمەیشنە کە لەلایەن بەهمەنەوە دروستکراوە و جگە لە بەرنامەی یاریکردن سێ بەشی دیکەی هەیە، لەبارەی ئامانجی دروستکردنی ئەو کاراکتەرەوە و تێکەڵکردنی بە زمانی کوردییەوە دەڵێت: لە دوای ساڵانی 2000ـەوە زمانی کوردی لە باکووری کوردستان بەرەو پاشەکشە رۆشتووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە فێربوونی زمانی کوردی لە سیستەمی پەروەردە قەدەخەیە، بۆیە بیری لەوە کردووەتەوە کە بەرنامەیەکی منداڵان دروستبکات بە زمانی کوردی.
لەبارەی ئەوەی کە حکومەتی تورکیا بەهۆی بەکارهێنانی زمانی کوردییەوە رێگری لێناکات لە دروستکردنی بەرنامەکە، بەهمەن دۆغڵوو گوتی: "حکومەتی تورکیا نە رێگریمان لێدەکات، نە پشتگیریمان دەکات".
وەکو بەهمەن خۆی باسی دەکات، بێژان کارەکتەرێکی ئەنیمەیشنی منداڵانە و هاوشێوەی باربی و تۆم و جێرییە، بەڵام ئەوەیان تایبەتە بە کورد و ناوێکی کوردییان بۆ هەڵبژاردووە.
بەشێوەیەکی گشتی بەرهەمەکانی بێژان لە چوار واردا خۆی دەبینێتەوە، ئەوانیش: دروستکردنی فیلم و ئەنیمەیشی 3D، ئەپلیکەیشنی مۆبایل، کتێب و یاریی منداڵان.
لەبارەی دروستکردنی فیلم و ئەنیمەیشن بەهمەن دۆغڵوو دەڵێت: دەمانەوێت کارتۆنێکی ئەنیمەیشن دروستبکەین کە 10 هەفتەی دیکە سیناریۆکەی ئامادە دەبێت و ساڵێکی دیکەیش تەواو دەبێت و لە سینەماکان بە زمانی کوردی (کورمانجی و سۆرانی)، تورکی و ئینگلیزی پێشکێش دەکرێت.
چیرۆکی ئەنیمەیشنەکە لەبارەی بێژانە لە شاری حەسەنکیف، ئەو شارەی باکووری کوردستان کە بەهۆی دروستکردنی بەنداوی ئڵیسوو ژێرئاو کەوتووە.
لە واری دروستکردنی بەرنامەی ئەلیکترۆنیشدا بەهمەن دۆغڵوو رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا 10 بەرنامەمان دروستکردووە، بە ناوەکانی 'بێژان گەیم' کە بۆ منداڵانی تەمەن 3 بۆ 5 ساڵان گونجاوە و بە زمانی کوردی، تورکی و ئینگلیزییە، هەروەها یاریی 'بێژان گۆگ' و چەند بەرنامەیەکی دیکە".
بەشێکی دیکەی کارەکانیان وەکو بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئەرکام باسی دەکات، لە واری بڵاوکردنەوەی کتێبی منداڵانە کە تاوەکو ئێستا 19 کتێبیان بە زمانی کوردی (کورمانجی)، تورکی و ئینگلیزی بڵاوکردووەتەوە. کتێبەکان چیرۆک و پرۆگرامی پەروەردەیی لە خۆ دەگرن.
17/3/2021