سالیم کاپڵان جێگری هاوسەرۆکانی هەدەپە بۆ کاروباری بەڕێوەبەریی خۆجێی رایگەیاند، لە ٤ ساڵی رابردوودا ٢٠ هەزار هەدەپەیی دەستگیرکراون و سزای زیندانیکردن بەسەر ١٠ هەزار کەسیاندا سەپێنراوە.
پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) راپۆرتی خۆی لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠٢٠دا بڵاوکردەوە و تیایدا باسی هێرشەکانی دەسەڵات لە دژی هەدەپە کراوە. لە راپۆرتەکەدا راگەیاندراوە، دادگا و هێزەکانی پۆلیس لە ژێر کۆنترۆڵی هاوپەیمانیی ئاکەپە – مەهەپەدان. راشیگەیاندووە، هەدەپە بە بەرەدەوامی لە دژی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ تێکۆشانی خۆی بەهێز دەکات.
ئۆپراسیۆنەکانی پاکتاوکردنی سیاسی
بەپێی راپۆرتەکەى هەدەپە، لە ساڵی ٢٠١٥دا ٣ هەزار ئەندام و بەڕێوەبەر و پەرلەمانتار زیندانیکراون و تەنها لە ساڵی ٢٠٢٠دا هەزار و ٧٥٠ ئەندام و بەڕێوەبەری هەدەپە دەستگیرکراون و سزای زیندانیکردن بەسەر ١٧٢ کەسیاندا سەپێنراوە.
لە راپۆرتەکەدا لەبارەى پەرلەمانتار ە دیلکراوەکان و سزا سەپێنراوەکان بەسەریاندا هاتووە،
سەڵاحەدین دەمیرتاش؛ ٤ ساڵ و ٨ مانگ
فیگەن یوکسەک داغ؛ ساڵێک و یەک مانگ
ئیدریس بالوکەن؛ ١٦ ساڵ و ٨ مانگ
چاغڵار دەمیرەڵ؛ ٧ ساڵ و ٦ مانگ
عەبدوڵا زەیدان؛ ٨ ساڵ و مانگێک و ١٥ رۆژ
گولسەر یڵدرم؛ ٧ ساڵ و ٦ مانگ
موسا فاریس ئۆگیولاری؛ ٩ ساڵ
لە چوارچێوەى لێکۆڵینەوەی "رووداەکانی کۆبانێ لە ٦-٨ی تشرینی دووەم"دا دوای ٦ ساڵ بڕیاری دەستگیرکردن بۆ ئەندامانی پێشووی دەستەى بەڕێوەبەری ناوەندیی هەدەپە دەرکرا. لەو چوارچێوەیەدا لە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠٢٠دا ئۆپراسیۆنیان ئەنجامدا و لە ٢٠ کەسی دەستگیرکراو لەو ئۆپراسیۆنەدا سزای زیندانیکردن بەسەر ١٧ کەسیاندا سەپێنرا.
سزای ٢٢ ساڵ و ٣ مانگ زیندانیکردنیش بەسەر لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکی کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) سەپێنرا.
٤٨ شارەوانی لەلایەن قەیومەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە
دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان لە رێگەى داسەپاندنی قەیومەوە لە ١٩ی ئابی ٢٠١٩ەوە دەستیپێکرد و لە ساڵی ٢٠٢٠یشدا درێژەى هەبوو.
٣٧ هاوسەرۆک شارەوانیی هەدەپە سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنرا. ٤٨ شارەوانیی هەدەپە قەیومیان بەسەردا داسەپێنراوە. تاوەکو ئێستا ١٧ هاوسەرۆک شارەوانیی هەدەپە لە زینداندان.
هاوسەرۆک شارەوانیەی زیندانیکراوەکان بریتین لە: عەدنان سەلجوق مزراکلی – ئامەد، مەلیکە گۆکسو – ئەرزرۆم، جیهان کارامان – جۆلەمێرگ، یڵدز چەتین – وان، عەزیم یاجان – وان، یەعقوب ئاماچ – وان، یڵماز شاهین – وان، گوڵستان ئۆنجو – مێردین، مولکییە ئەسمەز – مێردین، نیلوفەر ئەلیک یڵماز – مێردین، عەدنان تۆپچو – موش، یاشار ئاککوش – ئیدر، حەسەن سەفا – ئیدر، محەمەد دەمیر – ئێڵح، ئایهان بیلگەن – قەرس، شەڤین ئالاجا – قەرەس.
سالیم کاپڵان جێگری هاوسەرۆکی هەدەپە بۆ بەڕێوەبەریی خۆجێی لەبارەی هێرشەکانی دژ بە حیزبەکەیان راگەیاند، دەسەڵات "بە شێوەیەکی فاشیستیانە" هەڵسوکەوت لەگەڵ حیزبەکەیاندا دەکات.
"ئاکەپە بووەتە رێکخستنێکی شەڕانگێزی خراپەکار"
کاپڵان باسی ئەوەیکرد، هەڵسوکەوتی ئاکەپە بەرامبەر حیزبەکەیان نیشانەى سیاسەتی یاسای دوژمنایەتیکردنە لە دژی گەلی کورد و وتی، "دەسەڵاتی ئاکەپە ١٨ ساڵە بووەتە نمونەى رێکخستنێکی شەڕانگێزی خراپەکار بۆ سەر کۆمەڵگە. ئەوەى بەرامبەر ئەو رێکخستنە شەڕانگێزە خراپەکارە بوەستێتەوە، دینامیکیەتە بنەڕەتییەکەى بۆ هەدەپە دەگەڕێتەوە. ئەگەر هەدەپە نەبێت، ئەگەری ئەوە هەیە ئاکەپە ١٨ ساڵی تریش درێژە بەو خراپەکاری و شەڕانگێزی بدات، بەڵام ئەوەى ئەوان تێکدەشکێنێت، حیزبەکەى ئێمە، هەدەپەیە".
کاپڵان رایگەیاند، تورکیا دوای ساڵی ٢٠١٠ لە بە دامەزراوەیکردنی مافەکان، دیموکراسی و ئاشتیی ناوخۆیی دوورکەوتووەتەوە و لەبارەی هۆکاری داسەپاندنی قەیوم و زیندانیکردنەکان وتی، "کارەکتەری بنەڕەتیی هەموو دەسەڵاتە فاشیستییەکان سەرکوتکردن و چەوساندنەوەى کەسانی دەرەوەی خۆیەتی. هۆکاری داسەپاندنی قەیوم و زیندانیکردنی ئەندامان و بەڕێوەبەرانی حیزبەکەمان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە. لە ساڵی ٢٠١٦ەوە ٢٠ هەزار ئەندام و بەڕێوەبەر و پەرلەمانتار و هاوسەرۆک شارەوانیی ئێمەیان دەستگیرکرد و سزای زیندانیکردنیان بەسەر ١٠ کەسیاندا سەپاندووە.
ئەوە پێناسەى دەسەڵاتی فاشیزمیی ئاکەپەیە، هەڵوێستەکەى لەبارەی بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بەرامبەر بە هاوسەرۆکمان سەڵاحەدین دەمیرتاش، تەنها بەو پێناسەیە روون دەکرێتەوە. لەمدواییەشدا لەیلا گیوڤەن-یان زیندانیکرد، ئەوەش نیشانی دەدات، کە لە هەناوی دەسەڵاتی ئاکەپەدا ناچارەسەری بۆ کێشەی کورد و هەوڵەکان بۆ پاکتاوکردنی هەمەلایەنە هەیە و کاری پێدەکرێت. داسەپاندنی قەیوم هێرشکردنە سەر ئیرادەی گەلی کوردە".
سالیم کاپڵان باسی ئەوەیکرد، قەیرانی فرەلایەنی دەسەڵاتی ئاکەپە بەهۆی تێکۆشانی هەدەپەوەیە و وتی، "هۆکاری هێرشەکانیان لە دژی ئێمە بۆ تێکۆشانی ئێمە دەگەڕێتەوە، بەڵام هەدەپە بە تێکۆشان و هەڵوێست و پێداگرییەکانی خۆی هەموو کات بۆ گەلەکەى خۆی دەبێتە هیوا و ئومێد. ئەوانەى هەوڵیان دا گەلی کورد تێکبشکێنن بۆ خۆیان تێکدەشکێن. ئەوانەى هەوڵیان دا هەدەپە لە ناو ببەن بۆ خۆیان تووشی لەتبوون و پارچەپارچە بوون بوونەوە. بە دڵنیاییەوە هەدەپە مۆری خۆی لە سیاسەتی تورکیا لە ساڵی ٢٠٢١دا دەدات".
25/12/2020