ڕۆژی ھەینی ٢٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی، بە بۆنەی سێزدەھەمین ساڵوەگەری کۆچی دوایی شاخەوانی کورد "موقبیل ھونەرپەژوو" لە شاخی بەردەزەرد و لەسەر گوڵکۆی ناوبراو بە نەریتی ساڵانی پێشوو کۆبوونەوەی ڕێزلێنان بە بەشداری کۆمەڵگای شاخەوانی و وەرزشوانی کوردستان بەرێوەچوو.
موقبیل هونەرپەژوو، ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی لە شاری بۆکان لە دایک بوو بە هۆی حەز و تێکۆشانی زۆر بە وەرزشی شاخەوانی لە تەمەنی ١٩ساڵیدا بە ئەندامییەتی تیمی نەتەوەیی دەرهات و توانی لە شاخە بەرزەکانی ئێران وەکوو "سەبەلان" و "عەلەم کووه" و "قەندیل" سەرکەوێت.
هەروەها ناوبراو لاوترین شاخەوانی سەرکەوتوو لە شاخی "لووتسە" لە بەرزاییەکانی هیمالیا و چوارەمین شاخی بەرزی جیهان بوو کە دواتر لە ١٥ی خەزەڵوەری ١٣٨٦ی هەتاوی، لە کێفی بەردەزەردی بۆکان تووشی ڕووداو بوو و دوای ٩ڕۆژ گیانی لە دەستدا.
ئەم کۆبوونەوەیە لەژێر کاریگەری مەترسییەکانی پەتای کرۆنا، بەلەبەرچاوگرتنی بواری تەندرووستی بەشداربووان بەرێوە چوو.
١٥/١١/٢٠٢٠