سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی دوای تۆپبارانکردنەوەی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی جۆزەردانەوە دەستی پێکردوە، ئەمجارە هەڕەشەی لێدان لە حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکا.
تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هێزی ئاسمانی و تۆپخانەیی تورکیە لە حەوتووی ڕابردووەوە دەستیان بە سنووربەزاندنی هەرێمی کوردستان کردوە و بەهۆی پەلامارە مووشەکی و تۆپخانەییەکانی ئەم دوو وڵاتە هەتا ئێستا کۆمەڵێک کەس لە خەڵکی ناوچەکە کوژراون و زیانێکی زۆری ماددیش بەر ناوچەکە کەوتوە. هاوکات بەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٣ی پووشپەڕ، محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەمینیی سپای پاسداران لە کاتی بەڕێوەچوونی مانۆڕی سەربازی لە بەرزاییەکانی “چلچەمە”ی سەر بە مەریوان، هەڕەشەی لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم کردەوە. پاکپوور ڕایگەیاند وەکوو ساڵانی ڕابردوو هێرش دەکەنەوە سەر هێزە دژبەرە کوردەکان چ لە ناوچە سنوورییەکان، یان هەر شوێنێک کە بنکە و بارەگای ئەم حیزبانەی لێ بن. فەرماندەی هێزی زەوینیی سپای پاسداران کاربەدەستانی هەرێمی کوردستانی سەبارەت بە جموجۆڵی حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی وریا کردەوە و هەڕەشەی لە کوێستانچییەکان و دانیشتووانی گوندەکانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کرد.
شایانی باسە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە مەبەستی چاوترسێن کردنی خەڵکی ناوچە سنوورییەکان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان مانۆرێکی نیزامیی گەورەی لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان وەڕێ خستوە و هێزێکی زۆری پیادە و تۆپخانەی لەو شوێنانە کۆ کردووەتەوە. لەم مانۆڕە نیزامییەدا کە لە چەمی شلێرەوە دەستی پێ کردوە و تا بەرزاییەکانی چلچەمە درێژەی هەیە، هێزی پیادەی سپای پاسداران بە چەکی قورسەوە لە شارەکانی مەریوان و دیواندەرە تێیدا بەشدارن و محەمەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەمینیی سپای پاسداران لە نزیکەوە سەرپەرستیی ئەم مانۆڕە دەکا.
24/6/2020