تەقینەوەی هەڵکشانی ئاماری تووشبووان بە ڤایرۆسی کورۆنا له جوگرافیای ئێران بە گشتی و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستا، بەدەر لە بابەتی پزیشکی و سرووشتی نەخۆشانی ڤایرۆسی نیشانەیەکە لە بێ تەدبیری بەرپرسانی حکوومەت کە ئەم ڕۆژانە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پتر لە جاران تێوەگلاوی ڤایرۆسی کورۆنایە و ئەوناقی بڕاوە.
لەم نێوەنده شەپۆلی نوێی ئەم ڤایرۆسە ماڵوێرانکەر پارێزگای ســنەی پتر له شەپۆلی یەکەم داگرتووە، بە پێی توێژینەوە مەیدانییەکان لە نەخۆشخانەی تەوحیدی ســنە مەخابن ئەم نەخۆشخانەیە تەژییە لە نەخۆش و نەخۆشخانەکانی کەوسەر و بێعسەت ـتیش بە هۆی زۆر بوونی لە ڕادەبەدەری نەخۆشانی کورۆنا تەرخانە کراوە بۆ نەخۆشانی کورۆنا.
خراپی دۆخی نەخۆشان لە نەخۆشخانەکان تا ئاستێک هەڵکشاو کە پێرسۆنێلی نەخۆشخانەیش توانای خۆیان بۆ پێڕاگەیشتن لە نەخۆشان لە دەست داوە، دۆخەکە تا ئەو ئاستە ئاڵۆزە کە ڕێژەیەکی زۆر لە نەخۆشان لەم نەخۆشخانانە وەرناگیردرێن و دەیان نێرنەوە بۆ ماڵەوە کە ئەم پرسە بۆخۆی ئەوەندی دیکە دۆخەکەی شپرزتر کردووە هاوکات لە بەرچاونەگرتنی مەودای نێوان کەسەکان ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ دۆخەکە قەیراناویتر دەکا.
لە نێو شارەکانی پارێزگای ســنە، شارەکانی سنە و سەقز بوون بە ناوەند و چەقی کارەسات و دیکەی شارەکانیش ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ قەیراناویتر دەبن. خاڵی سەرەکی لەم پرسە گرنگی دانی ڕێک و پێکی بەرپرسان لە کەرەنتینە کردنی شارەکانە کە ئاگری قەیرانەکەی گڕ پێداوە، هەروەها بە پێی ڕاپۆرتێک لە سەرچاوەیەکی متمانە پێکراو کە بۆ کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان نێردراوە ئاشکرای کردووە کە: تەنیا کارێک کە بەرپرسان لەم پێوەندییە بە ئەنجامی دەگەیەنن ئامادە کردنی گۆڕ بۆ نەخۆشەکانە کەوابوو بە پێی ئەم پرسانە پێویستە خەڵک خۆیان بە لەبەرچاو گرتنی پرۆتۆکولە بێهداشتییەکان و هەروەها دووری کردن لە هاتووچۆگەلی ناپێویست ڕێگری بکەن لە قەیراناوی تر بوونی دۆخەکە.
هەر لەم پێوەنییەدا سەرۆکی دەستنیشان کراوی زانکۆی پزیشکی پارێزگای سنە بە پێی ئەوەی کە هەنووکە ٣۵٢ نەخۆشی گومان لێکراوبە کورۆنا لە نەخۆشخانەکانی ئەم پارێزگایە کەوتوون، کوتی: هەنووکە ۴٠ نەخۆشی تووشبوو بە کورۆنا لە بەشی تایبەت(آی سی یو) کەوتوون، ڕەزاعی بیری هێنایەوە: هەروەها نەخۆشخانەی تەوحیدی ســنە لەو ٢٢۵ قەرەوێڵەی هەیەتی، ٢٠١ قەرەوێڵە تەرخان کراوە بۆ نەخۆشانی کورۆنایی. بە ئاماژە دان بە ئاماری کەوتووان لە پارێزگای سـنە بە جیاکردنەوەی نەخۆشخانەکانی پارێزگا، کوتی: لە نەخۆشخانەی تەوحیدی سنە ١٨٩ کەس، بێعسەتی سنە ۴٣ کەس، کەوسەری سنه٧ کەس، نەخۆشخانەی بە ناو خومەینی سەقز ٢٧ کەس، بووعەلی مەریوان ١۴ کەس، فەجری مەریوان ١٠ کەس، بەهەشتی قوروە ١٠ کەس، ئیمام حسێن بیجاڕ ٧ کەس، سینای کامێران ١۶ کەس، خومەینی دیواندەرە ٧ کەس، سەلاحەدین بانە ٣ کەس و نەخۆشخانەی ڕازی بانە ١٩ کەس کەوتوون.
ناوبراو ئاماری گیان بەختکردووان بە هۆی نەخۆشی کورۆنا لە پارێزگایەی لە سەرەتاوە تا ئێستە ١٩٢ کەس باس لێکرد و کوتی: لەم ڕێژەیە ۴٧ کەس لە سەقز، ۴٨ کەس لە سنە، ٢١ کەس لە قوروە، ٢٠ کەس لە بانە، مەریوان ١٢ کەس، بیجاڕ١٢ کەس، ١٩ کەس لە دیواندەرە و پێنج کەس لە دێولان گیانیان لە دەست داو کە هەموویان بە شێوەی بێهداشتی و پێڕەو کردنی پرۆتۆکولە تایبەتییەکان نێژراون.
ئەم ڕاگەیاندنە لە کاتێکدایە کە بە پێی ڕاپۆرتی KMMK لە سەرچاوەی متمانە پێکراو لە سنە ڕاگەیەندراوە کە: ئەو نەخۆشانەی سەردانی ناوەندە دەرمانییەکانی ئەم پارێزگایە دەکەن بە دەست کەم بوونی هێزی کادێری دەرمانی، نەبوونی دەرمانی سەرەتایی و جل و بەرگی ئیزۆلە بۆ کادێرە دەرمانییەکان دەدوێن. هەروەها ئاشکرایان کردووە کە ئامارە فەرمییە ڕاگەیەندراوەکان کە لە لایەن بەرپرسانی دەوڵەتییەوە دەرکەوتوون تەنیا یەک لە سێی ئاماری ڕاستەقینەن بە چەشنێ کە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو ڕێژەیەک لە تووشبووانی شاری سنە گیانیان لە دەست داوە و هەواڵی ناڕاست ڕاگەیەندراوە.
سەرچاوە: kmmk
15/6/2020