ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور، لە نوێترین پلەبەندی خۆیدا لە بواری ئازادی ڕاگەیاندنەکان، کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە نێوان وڵاتانی جیهان دا بە سێ پلە دابەزین خستە ئاستی ١٧٣ کە بە وڵاتانێک بە "باروودۆخی زۆر خراپ پێناسە دەکرێت."
لە پلەبەندی هەواڵنێرانی بێ سنوور کە بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بەرهەم هێنراوە، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی یەکێک لە سەرکووتکەرترین وڵاتانی جیهان بۆ ڕۆژنامەوانان و شارۆمەندانی ڕۆژنامەوان پێناسە کراوە هۆکاری ئاستی کۆماری ئیسلامی لەو ڕێژەیەدا، "سەرکووتی ئازادییە بنەماییەکان و بەردەست نەبوونی ئازادی زانیاری" لە ئێران دا ڕاگەیەندراوە.
ئەم ڕێكخراوە نادەوڵەتییە کە بنکەکەی لە پاریسە، ڕۆژی سێشەممە ٢ی گولان بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندنێک ئاماژەی بە کارەساتەکانی ساڵی پێشووی ئێران کرد و نووسی: "لە هەمبەر ڕووداوە قەیراناوییەکان، نیزام هەمووکات هێزی خۆی بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان بە کار دەهێنێت، وەکوو قەیرانی لافاو لە مانگی خاکەلێوەی ٩٨ی هەتاوی، ئاماری کوژراوان و بەندکراوانی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، خستنەخواری فڕۆکەی ئۆکڕاینی لە مانگی بەفرانباری ٩٨ و گشتگیری ڤایرۆسی کڕۆنا لە ڕیبەندانی ٩٨ی هەتاوی."
هەواڵنێرانی بێ سنوور کە پێشووتر گووشاری کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هەواڵنێرانی چەندین ڕاگەیاندنیان مەحکووم کردبوو، درێژەی دا: " کۆماری ئیسلامی شەڕ بە دژی ئازادی هەواڵنێری و بڵاوکردنەوەی زانیاری بۆ دەرەوەی سنوورەکانی خۆی بردووە و لەگەڵ ئەوەی کە هەوڵ دەدات تا وێنەیەکی باشتر لە خۆی نیشان بدات، بەڵام ڕاگەیاندنە جیهانیی و ڕاگەیاندەکانی دیکەش لە دەرەوەی سنوورکانی خۆی دەکات بە ئامانجی هێرشەکانی خۆی."
هەواڵنێرانی بێ سنوور بە ئاماژە بە سەختییەکانی ڕاگەیاندن و میدیا ناوخۆییەکان بە خۆڕاگری بۆ بەڕیوەبردنی ئەرکی ئەو کارە دووپاتی کردەوە کە کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکووتی ئازدی ڕاگەیاندنەکان لە کەرەستەی " تۆقاندن، بەندکردنی سەربەخۆیانە، ڕاگرتنی درێژماوە لە دوای لێپرسینەوە نا عادڵانەکان لە دادگاکانی ئینقلاب کەڵک وەردەگرێت.
ئەم ڕێکخراوە ئاماژەی بە سەرکووتی شارۆمەندانی هەواڵنێریش کردووە و نووسی: " ڕژیم بۆ بێبەش کردنی هەواڵی سەربەخۆ و ڕاست، گومان لە پچڕانی تەواو و درێژماوەی ئینتەڕنێتیش دا ناکات.
هەروەها هەواڵنێرانی بێ سنوور ئاماژەی بە پێشینەی سەرکووتی ئازادی ڕاگەیاندنەکان لە کۆماری ئسیلامی کردووە و ئیزافەی کردووە: " لە چل و یەک ساڵی پێشوودا مەهاری دەوڵەتی هەواڵ و زانیاری لە ئێران و هەمە ڕەهەند بووە، لانیکەم ٨٦٠ ڕۆژنامەوان و شارۆمەندی ڕۆژنامەوان لە نێوان ساڵەکانی ١٣٥٨تا ١٣٨٨دا لە ژێر چاودێری دا بوون، بەندکراون و یان لە سێدارە دراون.
ئەم ڕێکخراوە دووپاتی کردەوە کە ئێران" زۆرتر ڕاگەیاندنەکانی هەواڵی لە دەستی خۆی دا گرتووە و لەگەڵ ڕۆژنامەوانانی سەربەخۆ و شارۆمەندانی ڕۆژنامەوان و میدیاکان بە نەرم و نیانی هەڵسووکەوت ناکات.