چالاکێکی فەرهەنگیی پەیڕەوی ئایینی یارسان، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە کرماشان دەسبەسەر کرا.
ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی خەزەڵوەر، “خەلیل ئەسەدی بووژانی”، چالاکی فەرهەنگیی پەیڕەوی ئایینی یارسان، لە گەڕەکی جافەرئاوای کرماشان، بێ پیشاندانی مۆڵەتی یاسایی لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا.
شایانی باسە کە هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم چالاکە فەرهەنگییە و دوای پشکنینی ماڵەکەی، مۆبایل و کتێبەکانی ناوبراویان بردووە.
دوای دەسبەسەر کرانی ناوبراو، ئەندامانی بنەماڵەکەی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان کراون و هەڕەشەیان لێکراوە کە سەبارەت بە دەسبەسەر بوونی خەلیل هیچ زانیارییەک بڵاو نەکەنەوە.
ناوبراو لە کورتترین پێوەندیی تەلەفوونییدا ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی ئیتلاعات دەسبەسەریان کردووە و لە یەکێک لە گرتووخانەکانی ئیتلاعات دایە.
ئێستاش تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە و هۆکاری دەسبەسەر کرانی خەلیل بووژانی، چالاکی ئایینی یارسان ڕوون نییە.
١/١٢/٢٠١٩