فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2023-12-02-14-03-35به‌ڕێزان ( عوسمان عه‌به‌ پێنجوێنی یان عوسمان قه‌ڵادزه‌یی) و( جه‌واد حه‌یده‌ری) به‌داخه‌وه‌ وتیان به‌ڵێ ڕاسته‌ و كۆچی دوایی كردووه‌؟ هونه‌رمه‌ند و پێشمه‌رگه‌ ، سروودبێژ و گۆرانیبێژ...
2023-10-06-04-44-47کۆڕەوو شەنگال وتووەو دەیڵێت و بەشداریی کاریگەری لەئاهەنگەکانی سەرفیرازیدا بووەو دەبێت. مستەفا داداری موکریانی مەهابادی خۆی بەخوێندکاری (مام هێمنی شاعیر ١٩٢١-١٩٨٦) دەزانێ و کاتێک قسە دەکا...
2024-01-22-22-45-36باسمان بۆ بکەن، ئەو ئۆرکێسترەی ئێوە چەنساڵێک ژەنیاری بوون؟ئەو ئۆرکێسترە بە ئۆرکێستری رادیۆ کرماشان ناسراو بوو و لە سەرەتاشەوە سەرپەرەشتییەکەی بەدەستی بەڕێز عەبدولسەمەدیان بوو کە...
2024-01-22-22-46-29بەر دەکەوێت بەڵام لەو لایشەوە هەر بە پاڵپشتی ئەو سامانە دەوڵەمەندە،خۆی دوو هێندە لە نێو ڕووبەری فەرهەنگیی کورددا دەردەخات. هێشتاکەیش کتێبخانەکەی پڕیەتی لە دەیان بەرهەمی...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

فه‌وزیه‌ سوڵتانبه‌گی

به‌ چاوخشاندنێك به‌ مێژووی رۆژهه‌ڵاتی ناویندا، به‌تایبه‌ت كوردستان، ئه‌و راستییه‌مان لا روون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ فه‌رهه‌نگی زاڵی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌و به‌شه‌ی جیۆگرافیادا فه‌رهه‌نگێكی دژه‌ ژن و پیاوانه‌ بووه‌، تێیدا ژن پێگه‌ی شیاوی خۆی به‌دی نه‌كردووه‌. داونه‌ریته‌ باڵاده‌سته‌كانی پیاو ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی به‌ ژن نه‌داوه‌ خۆی بداته‌ به‌ر خوێندن و فێربوون، تا بتوانێ هاوشانی پیاو قۆناغه‌ فیكری و زانستی و ئه‌ده‌بییه‌كان تێپه‌ڕ بكات، تا ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی سیستمی قوتابخانه‌ هاته‌ ئاراوه‌ و ده‌رفه‌تی خوێندن بۆ ژنیش ره‌خسا.

هه‌رچه‌ند له‌ ئه‌ده‌بی فولكلۆردا ژن ئاماده‌یی مێژوویی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ كۆتایی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا به‌شێوه‌یه‌كی رژد و به‌ربڵاو هاته‌ مه‌یدانه‌وه‌ (ئه‌وه‌ جیا له‌ مه‌ستووره‌ی ئه‌رده‌ڵان كه‌ به‌هۆی بارودۆخی ماڵباته‌كه‌ی و پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی جیاوازییه‌كی به‌رچاوی له‌گه‌ڵ ژنانی تری كۆمه‌ڵگه‌ هه‌بوو)، هه‌رچه‌ند ئه‌و هه‌وڵه‌یش دیسان زۆرتر له‌ ژێر كاریگه‌ری و هاندانی پیاوان و ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالاریدا بووه‌، به‌جۆرێك ژن به‌رده‌وام ناچار به‌ خۆ سانسۆركردن بووه‌ و له‌ رووی نه‌هاتووه‌ یان نه‌یوێراوه‌ به‌ ئاشكرا و بێ په‌روا هه‌ست و ویستی خۆی ده‌رببڕێ.

لێره‌دا مه‌به‌ست ئه‌وه‌ نییه‌ ئه‌ده‌بیاتێكی جودا له‌ ئه‌ده‌بیاتی پیاو له‌ رۆژهه‌ڵات له‌سه‌ر ژن بخه‌ینه‌ به‌رباس، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ له‌ رۆژهه‌ڵاتدا باس له‌ ره‌وتێكی شێلگیر و گشتگیر له‌ ئه‌ده‌بیاتی ژن بكه‌ین، نابێ دوور بڕوانین. ده‌توانین باس له‌ دوو قۆناغ بكه‌ین كه‌ ده‌رفه‌تی دروستبوونی ئه‌و هه‌له‌یان دا كه‌ بوار بۆ به‌رهه‌مهاتنی ئه‌ده‌بیاتی ژنان خۆش بكات .
قۆناغی یه‌كه‌م قۆناغێك بوو كه‌ كولتوور و بیری هاتنه‌ مه‌یدانی ژنانی تێدا به‌رهه‌م هات.

قۆناغی دووه‌م هاندانی ژنان بوو. یان باشتر بڵێم رێخۆشكردن بوو بۆ ئه‌وه‌ی ژن خۆی وه‌ك تاك بێته‌ ده‌ر و شان بداته‌ به‌ر فێربوون و كار و خه‌بات.

قۆناغی یه‌كه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كاریگه‌رییه‌كانی سه‌رده‌می بزووتنه‌وه‌ی مه‌شرووته‌ له‌سه‌ر كوردستان كه‌ له‌ڕێی شاعیرانی نوێخواز و پێشڕه‌و وه‌ك سه‌یفولقوزات و قوتابییه‌كانی به‌ ئه‌دیب و چالاكی سیاسی ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه‌، ده‌گه‌یی به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌.

سه‌یفولقوزات وه‌ك شاعیر و سیاسه‌توان كه‌ قسه‌ و شیعری كۆڵان به‌ كۆڵان و ماڵ به‌ ماڵ ده‌گه‌ڕا، به‌ هاندان بۆ فێربوون و هه‌وڵدان، به‌بێ جیاوازی بۆ ژن و پیاو و ڕه‌خنه‌گرتن له‌ نه‌خوێنده‌واری به‌تایبه‌ت چینی ژن، بناغه‌ی بیر و كولتووری یه‌كسانی ژن و پیاوی دانا، كه‌ به‌ كرده‌وه‌ له‌ سه‌رده‌می كۆماردا ژنان وه‌ك مامۆستا و فه‌رمانبه‌ر و بازرگان و قه‌ڵه‌م به‌ده‌ست هاتنه‌ مه‌یدان و خۆیان ته‌یار كرد.

ئه‌م مێژووه‌ كورته‌ سه‌ره‌تایه‌كی كاریگه‌ربوو بۆ گه‌شه‌كردنی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی و له‌ دایكبوونی گۆڤارگه‌لی گشتگیر. له‌ ترۆپكی هه‌موویانه‌وه‌ ده‌توانین ئاماژه‌ به‌ گۆڤاری "سروه‌" بكه‌ین كه‌ به‌ پاشخانی هزری نه‌ته‌وه‌خوازانه‌ی نه‌مران سه‌یفولقوزات، خاڵه‌مین، سه‌ید كامیلی ئیمامی، هه‌ژار و هێمن، هه‌روه‌ها ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌ی هه‌وڵیان بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پێڕه‌و و یه‌كسان دابوو، بواری خۆش كرد ده‌نگی ژن زوڵاڵتر ببیسترێ. هێمن كه‌ بانگی ده‌دا: "من ته‌شی ڕێسێكی وه‌ك شیرینی وه‌فاییم بۆ چییه‌" كاریگه‌ری فره‌لایه‌نه‌ی هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی رۆژ به‌ رۆژ ده‌نگ و قه‌ڵه‌می ژن له‌ بره‌و و گه‌شه‌دا بێت.

زۆربه‌ی ئه‌و قه‌ڵه‌مانه‌ له‌ خانه‌ی شیعردا نه‌گیرسانه‌وه‌ و له‌ شیعره‌وه‌ به‌ره‌و باڵه‌خانه‌ی چیرۆك و ئه‌ده‌بی منداڵان و لێكۆڵینه‌وه‌ و ره‌خنه‌ و شانۆ، هه‌ڵكشان.

به‌گشتی ئه‌ده‌بیاتی ژنان و خه‌رمانه‌ی ئه‌ده‌بی ئێسته‌ی ژنانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ره‌وتێكی لاوه‌. لاوبوون هه‌م له‌ باری ئه‌زموون و و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ و هه‌م له‌ باری شێلگیری و وزه‌ و تواناوه‌. به‌ڵام بێگومان ئێسته‌ خه‌ریكه‌ بناغه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی هاوبه‌شی فیكری و ئه‌ده‌بی و هونه‌ری ژن و پیاو داده‌ڕێژێ كه‌ داهێنه‌ره‌كانی به‌شێكی به‌رچاوی ئه‌و ژنانه‌ن له‌ هه‌موو ژانره‌كانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا چالاكن.

ئه‌ده‌ب و هونه‌ری ژنان ئێسته‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتدا خاوه‌نی ده‌نگێكی بیستراوه‌ و به‌رده‌وام و رۆژانه‌ به‌رهه‌مه‌كانی ده‌كه‌ونه‌ به‌رچاو، كه‌ له‌ مێژووی ئێمه‌دا شتێكی بێوێنه‌ بووه‌. راسته‌ ئه‌م هه‌وڵه‌ له‌ شیعره‌وه‌ ده‌ستی پێ كرد، به‌ڵام زۆر به‌زوویی خۆی كوتایه‌ خانه‌ی چیرۆك، رۆمان، ئه‌ده‌بی منداڵان، سینه‌ما، شانۆ، ته‌نانه‌ت ئه‌نیمه‌یشن و ته‌له‌ڤزیۆن.

له‌ هیچ یه‌ك له‌م بوارانه‌دا ناتوانی توێژینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌ده‌ب و هونه‌ری ئه‌م به‌شه‌ی كوردستان بكه‌ی ئه‌گه‌ر به‌شێك له‌ سه‌رچاوه‌كانت ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ نه‌بن كه‌ داهێنه‌ره‌كانی ئه‌و ژنانه‌ن ئێسته‌ له‌ سه‌ره‌تاكانی ئه‌زموون و ناوه‌ڕاسته‌كانی ژیانی ئه‌ده‌بی و هونه‌رییاندان.

به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌م ره‌وته‌ ئێسته‌ مه‌كۆیه‌كی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ بۆ دواڕۆژی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان و هانده‌ر و به‌رهه‌مهێنه‌ری زۆر پێنووسی شێلگیرتر و پڕ به‌هره‌تر ده‌بێ بۆ دواڕۆژ.

1/3/2019

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان