هەواڵی کۆچی دووایی هونەرمەندی کورد لە شاری سەردەشت کاک ئەمیر کوردستانی برا گەورەی هاورێ ئازاد محەممەدزادە ئەندامی شوورای هاوئاهەنگی بزووتنەوەی کۆماریخوازی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە جێگای رێز و خۆشەویستی گشت لایەکمان بوو، بوو بە مایەی خەمباری و دلگرانیمان.
بزووتنەوەی کۆماریخوازی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆچی نابەوەختی کاک ئەمیر کوردستانی وەک کەساییەتێکی هونەرمەند و نیشتمانی و نەتەوەیی کە شوێنپەنجەی بە سەر گۆرانی فۆلکلۆری کوردیدا دیار و بەرچاوە وەک خەسارێکی گەورە و قەرەبوونەکراوە دەنرخێنێت. بۆیە بە کۆچی ناوەختی گشت لایەکی تووشی شوک و هەژاندن کرد. لەم پەیوەندییەدا بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەلاتی کوردستان سەرەخۆشی لە هاورێ ئازاد محەممەدزادەی تێکۆشەر و سەرجەم بنەمالەی محەممەدزادە و قازیزادەکانی سەردەشت و کەس و کاری خوالێخۆشبووی کاک ئەمیری جوانەمەرگ و گشت هونەر دۆستان ئاراستە دەکات، خۆی بە شەریکی غەم و پەژارەیان دەزانێت. و لە خودای گەورە داواکارە، روحی ئەو برا خۆشەویستە بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و ئەزیزان و یارانی لە بەلا و مووسیبەتی عەرزی و ئاسمانی بەدوور رابگرێ.
دەگەل رێزمان
شوورای هاوئاهەنگی بزووتنەوەی کۆماریخوازی رۆژهەڵاتی کوردستان
١٠ی رێبەندانی ٢٧١٨ی کوردی ٣٠ ژانیوەی٢٠١٩