دەقی راگەیەندراوی بزووتنەوەی کۆماریخوازی رۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بە ئیدانەکردنی هیرشی سوپای تورکیە بۆسەر هەرێمی رۆژئاوای کوردستان
گەلانی جیهان
کۆروکۆمەڵە ناودەوڵەتییەکان
لایەنگرانی ئاشتی
گەلی خۆراگری کورد
مەخابن بۆجارێکی لە پێش چاوی هەموو جیهان گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان کەوتە بەر هێرشی درندانەی رێژیمی تورکیە.
ئەم هێرشانە لە کاتێک دایە کە کورد لە رۆژئاوای کوردستان دوای نزیک بە یەک سەدە لە دابەشبوونی به ناحەق، بێ مافی و بێ ناسنامەی و ئینکار لە لایەن رێژیمە یەک لەدوای یەکانی سوریەوە، توانی نیمچە سەروەری سیاسی لە شکلی خۆبەرێوەبەرێ دێموکراتیک بۆ خۆی مسۆگەر بکات و کە لەم پێناوەش دا بە هەزاران رۆڵەی تێکۆشەری کورد گیانیان پێشکەشی ئەو دەستکەوت و کیانە کردووە، گومانی تێدا نیە کە کورد لە رۆژئاوای کوردستان لە پێشەنگەکانی شەر بە دژی تیرۆریزم دابووە و بەتایبەتی شەر بە دژی گەورەترین گرووپی تیرۆریستی لە مێژووی مرۆڤایەتی دا کە رێکخراوی داعشە کە ئەمەش بۆ ئاسایشی جیهانی خاڵێکی گرینگە کە ئەو شانازیەش بە کورد براوە ، ئاشکرایە کە کوردی رۆژئاوای کوردستان بۆ کۆتایی هێنان بە رێکخراوی داعش تێچوو و باجی قورسی گیانی و ماڵی داوە.
بزووتنەوەی کۆماریخوازان داواکارە لە کۆر و کۆمەڵە ناودەوڵەتیەکان و رێکخراوەکانی پارێزەری ئاشتی ، بە تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجوومەنی ئاسایش جیهانی و یەکێتی ئەورووپا کە سنوورێک بۆ زێدەخوازی و سەرۆیی و سیاسەتی دژە گەلیانەی رێژیمی تورک دەر حەق بە گەلی ئاشتی خوازی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دابنێن، و رێگە نەدەن کە عەقڵەیەتی نیێۆعوسمانی بە پشت بەستن بە بیرۆکە فاشیزمی نەتەوەیی تورک و کەڵک وەرگرتن لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوه، فتوا دژ بە گەلی کورد بدەن و کوردان قەڵاچۆ و کۆمەڵکوژ بکەن، بەداخەوە بە ناوی چێ کردنی ناوچەی ئارام و مۆری تەئیدی هەندیک لە زلهێزان رێژیمی تورکیە خەریکە دێموگرافیای کوردستانی بوونی ئەو پارچەیە دەشێوێنێت و ئەو نیمچە سەروەری سیاسی و ستاتۆی کوردان لە بار دەبات کە ئەمەش کارەساتێکی مرۆیی گەورەی بەدوادا دێت و پێویستە رێگری لە وەها پیلانگێریەک بکرێت.
بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان خوازیارە کە پرسی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە هەرکام لە بەشەکانی کوردستان بە رێگای ئاشتیی و دیاڵۆگ و دوور لە شەر و تووندوتیژیەوە چارەسەر بکرێت، هەر بۆیە روو بە دەوڵەتانی حاکم بەسەر کوردستان رادەگەیەنین کە پرسی کورد لە هیچ کام لە بەشەکانی کوردستان رێگا حەلی نیزامی و سەرکوت و ئینکار نیە، چۆن دەبینین کە هیچ کات داگیرکەرانی سەر کوردستان نەیانتوانیوە کورد و کوردستان و بزووتنەوەی مافخوازی و ئاشتی خوازی ئەو گەلە لە ناو بەرن،و بەردەوام خۆری کورد بەرەوە درەوشانەوە زیاتر دەچێت ، هەر بۆیە کورد مافی قایم بەزاتی هەیە، وەک هەموو گەلانی جیهان کە بوون بە خاوەن ماف و سەروەری سیاسی/نەتەوەیی خۆیان، دەبێت کۆتایی بە دامارگرژی و عەقڵەیەتی ئینکاری سەر کورد بهێندرێت، پێویستە حاکمانی سەر کوردستان دەرگاکانی دیاڵۆگ و ئاشتی بەرووی کەیسی کورد دا بکەنەوە، چۆن سەرەنجامی هەموو شەرێک هەر ئاشتی و دیالۆگ و سازانە.
لێرەوە وەک بزووتنەوەی کۆماریخوازی رۆژهەڵاتی کوردستان بانگەواز لە گەلی کورد لە چوار پارچەی کوردستان دەکەین کە بەهەر شێوەیەک لە توانیان دایە یەکگرتووانە لە هەمبەر ئەم هێرشەی رێژیمی تورک بۆسەر گەڵ و خاکی پیرۆزی رۆژئاوای کوردستان نارزایەتی دەرببرن.
سەرکەوێ خەباتی مافخوازی و ئاشتی خوازانە و میللی دێموکراتی کورد لە چوار بەشی کوردستان
بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان
٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩
١٧ی رەزبەری ٢٧١٩ی کوردی/ ١٣٩٨