فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2022-10-07-18-42-43کوردستان و یەکگوتاری ناوماڵی کورد و کارکردن لەسەر پرۆژە و نەخشەرێگای هاوبەشی نەتەوەیی کرا. لە کۆتایی ئەم دیدارە دا باس لەسەر هاوکاری و هەماهەنگی زیاتری نێوان...
2022-08-27-08-29-54نرخاندووە. جێگەی ئاماژەیە کە نوێنەری کۆماریخوازان رۆڵی یەکێتی و دەوری حەکیمانەی سەرۆکی کۆچکردوو مام جەلال تاڵەبانی بەنیسبەت چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد لەسەر ئاستی کوردستانی گەورەدا...
2022-08-27-08-26-32پێکردبوو، وە سەربەرزانە بەئەنجام و ئاکامی هەنووکەیی گەیاندووە، بەرز و پیرۆز دەنرخێنێ. بزووتنەوەی کۆماریخوازان بە باوەڕی قوول و قایمی بە خەبات لە پێناو ئاشتی و هاوژینی...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

عومه‌ر ئیلخانی زاده‌

"عومه‌ر ئیلخانی زاده‌"، سكرتێری كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان له‌م گفتوگۆیه‌ی ئاوێنه‌دا په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران به‌مه‌ترسیه‌ك ده‌زانێت بۆ سه‌ر كوردی رۆژهه‌ڵات و ده‌ڵێ ده‌بێ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات بیرێك بكه‌نه‌وه‌و داواش ده‌كات كه‌ به‌ دژی كوردی رۆژهه‌ڵات كارێك نه‌كرێت.

ئاوێنەی - مادح ئه‌حمه‌دی

ئاوێنه‌: ئاڵوگۆڕێك له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌ستی پێكردوه‌، پێتانوایه‌ ئه‌م ئاڵوگۆڕه‌ له‌ ئاكامدا ئێرانیش بگرێته‌وه‌؟ ئیلخانی زاده‌: به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ ئێرانیش ده‌گرێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر به‌ وردی چاو لێبكه‌ین بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ ئێران له‌ مێژه‌ له‌ به‌رده‌م ئاڵوگۆڕدایه‌ . به‌ڵام ئێران هه‌ڵكه‌وته‌ییه‌كی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌. به‌دڵنیاییه‌وه‌ یه‌كێك له‌ ئاكامه‌كانی شه‌پۆلی ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ ئه‌وه‌ ده‌بێ كه‌ كۆماری ئیسلامی ئێران ناتوانێ ئه‌و بارودۆخه‌ی هه‌بێ له‌ ناوچه‌كه‌دا چونكه‌ ناوچه‌كه‌ سه‌قامگیری به‌خۆیه‌وه‌ نابینێ. كۆماری ئیسلامی له‌ پشت هه‌موو كێشه‌و گرفت و ئاژاوه‌كانی ناوچه‌كه‌یه‌وه‌. دڵنیام له‌وه‌ی كه‌ كۆماری ئیسلامی له‌و ئاڵۆگۆڕانه‌ی كه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ستی پێكردوه‌ رزگاری نابێ، هه‌روه‌ها به‌ پێی دۆخی ناوخۆیش، ئێران هه‌ر ده‌بێ تووشی ئاڵوگۆڕ ببێ.

 

ئاوێنه‌: ئێستا كۆمه‌ڵگای جیهانی زیاتر زوومی كردۆته‌ سه‌ر سوریا، پێتانوایه‌ چه‌نده‌ بخایه‌نێ كه‌ ئه‌و دۆخه‌ی سوریا به‌رۆكی كۆماری ئیسلامیش بگرێ؟
ئیلخانی زاده‌: ئه‌وه‌ پێشبینی ناكرێ كه‌ دوای سوریا چه‌نده‌ زووتر، یان دێرترو یان ده‌قیقه‌ن ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ كه‌ی ئێران ده‌گرێته‌وه‌. ره‌نگه‌ چاوه‌ڕوان نه‌كرابایه‌ كه‌ دۆخی سوریا وا زوو تێك بچێ. چونكه‌ زۆر فاكته‌ر له‌م بابه‌ته‌دا ده‌ور ده‌بینن له‌ ئاڵوگۆڕه‌كانی ناوچه‌كه‌دا. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا روونه‌ رژێمی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌سه‌د ده‌ڕوات. ته‌نیا جارێ چۆنیه‌تی رۆیشتنه‌كه‌ی مه‌سه‌له‌یه‌. به‌و بۆنه‌وه‌ روسیاو ئێران پشتگیری ئه‌سه‌د ده‌كه‌ن، یه‌كێك له‌ ئه‌گه‌ره‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كی دیكه‌ش رژێمی ئه‌سه‌د درێژه‌ به‌ ته‌مه‌نی بدات یان هه‌رێمێكی تایبه‌ت به‌ عه‌له‌وییه‌كان دروست بكه‌ن كه‌ ئه‌وه‌یش هه‌م له‌ رووی ده‌ریاوه‌و هه‌م له‌ رووی خاكییه‌وه‌ گه‌مارۆ دراوه‌. بڕواناكه‌م له‌و سه‌نگه‌ره‌شدا حكومه‌تی به‌عسی سوریا سه‌ركه‌وتن به‌ ده‌ست بێنێ.

ئاوێنه‌: باس له‌وه‌ ده‌كرێ كه‌ دۆخی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌ تایبه‌ته‌ و ئێران جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌فغانستان، عێراق و سوریا و هه‌م له‌ رووی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌وه‌ فره‌چه‌شنه‌و هه‌م جوگرافیایه‌كی پان و به‌رینی هه‌یه‌. له‌م روانگه‌وه‌ ره‌نگه‌ دونیای ده‌ره‌وه‌ به‌ حه‌ساسیه‌ت و وردبینییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئێران بكاو به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ئێران له‌ چاو عێراق و وڵاتانی دیكه‌ جیاواز بێت. رای ئێوه‌ له‌م باره‌وه‌ چییه‌؟
ئیلخانی زاده‌: ئێران هه‌م گه‌وره‌یه‌، رێژه‌ی دانیشتوانی زۆره‌، وڵاتێكی پڕ چه‌كیشه‌، له‌ رووی جوگرافیشه‌وه‌، هه‌ڵكه‌وته‌یی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌. ئه‌وانه‌ هه‌مووی راستن. كۆماری ئیسلامی بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه‌ دێرتر به‌رۆكی خۆی بگرێ ده‌ستی هه‌یه‌ له‌ ئاژاوه‌كانی ناوچه‌كه‌دا. له‌ ئه‌فغانستان، له‌ عێراق، له‌ سوریا ده‌ستی هه‌یه‌. ده‌بینین كه‌ حكومه‌تی ئه‌سه‌د گوشاری بۆ هاتووه‌، له‌و لاوه‌ مالكی گوشاری بۆ سه‌ر كورد زیاد كردوه‌، بێگومان ئه‌مه‌ش ده‌ستی ئێرانی له‌ پشته‌. ئێران په‌لوپۆی هه‌یه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا، له‌ هه‌مانكاتدا خاڵی لاوازی زۆر گه‌وره‌ی هه‌یه‌، شه‌ش نه‌ته‌وه‌ی سه‌ره‌كی تێدایه‌. گۆڕان له‌ ئێران دیار نییه‌ به‌ چ ئاقارێكدا ده‌ڕوات، چون له‌ شه‌ڕی جیهانی یه‌كه‌م ئیمپراتۆری عوسمانی تێكچوو، پێموایه‌ له‌م خوله‌ له‌ ئاڵوگۆڕه‌كانی ناوچه‌كه‌دا كه‌ له‌ ئه‌فریقاوه‌ ده‌ستی پێكردوه‌ هه‌تا رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست ئێرانیش تووش ده‌بێ ئه‌و ئیمپراتۆریه‌ته‌ی تێك ده‌چێ.

ئاوێنه‌: باشه‌ پێتوایه‌ له‌ ئاكامدا هێرشی سه‌ربازی بكرێته‌ سه‌ر ئێران؟ 

ئیلخانی زاده‌: له‌ ئێستادا من چاوه‌ڕوانی هێرشی وا ناكه‌م. چونكه‌ وڵاتانی رۆژئاوا، دونیای سه‌رمایه‌داری چ له‌ ئه‌ورووپاو چ له‌ ئه‌مریكا بۆ خۆی له‌ قه‌یرانێكی گه‌وره‌دا ده‌ژیت. له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ كێشه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌دا زۆر ئاڵۆزن و ئاڵۆزتریش ده‌بن و ره‌نگه‌ كێشه‌ی تازه‌ش سه‌رهه‌ڵبدات. له‌ ئێستادا نه‌ ئیمكانی هێرشی سه‌ربازی بۆ سه‌ر كۆماری ئیسلامی هه‌یه‌و نه‌ هێرشی سه‌ربازی رێگا چاره‌یه‌كی گونجاوه‌. ئه‌رگه‌ر ئێران ده‌ستی به‌ چه‌كی ناوه‌كی رابگا له‌و حاڵه‌ته‌دا ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ هه‌یه‌ رۆژئاوا له‌ رێگای هێرشی سه‌ربازییه‌وه‌ به‌ره‌وڕووی ببێته‌وه‌.
ئاوێنه‌: له‌ ناوچه‌كه‌دا ململانێیه‌كی ده‌بینرێت له‌ نێوان دوو جه‌مسه‌ردا كه‌ یه‌كیان ئێرانه‌و ئه‌وی دیكه‌شیان توركیاو 

سوننه‌كانه‌. ئه‌م ململانێیه‌ له‌ نێوان توركیا و ئێراندا وه‌ك دوو جه‌مسه‌ر چون ده‌بینن؟ 

ئیلخانی زاده‌: ئێران خه‌ون به‌ ئیمپراتۆری ده‌وره‌ی سه‌فه‌ویه‌وه‌و توركیاش خه‌ون به‌ ئیمپراتۆری عوسمانییه‌وه‌ ده‌بینێت. ئه‌م مه‌یل و حه‌زه‌ ئێستا هه‌م له‌ ناو توركیاو هه‌م له‌ ئێرانیش ده‌بینرێت. راسته‌ ئێستا دوو جه‌مسه‌رن له‌ ناوچه‌كه‌دا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر واقیعبینانه‌ چاو لێبكه‌ین ده‌بینین ئێران دۆڕاوه‌و له‌ كۆتایشدا هه‌ر ده‌دۆڕێت له‌م گه‌مه‌یه‌داو ناتوانێ به‌رامبه‌ر به‌ رۆژئاواو وڵاتانی ناوچه‌كه‌ رابوه‌ستێت. هه‌روه‌ها پێموانییه‌ له‌و لاشه‌وه‌ توركیا بتوانێ به‌ خه‌ونه‌كانی بگات و ئاواته‌كانی به‌دی بێنێت و بتوانێ جارێكی دیكه‌ داوای ویلایه‌تی موسڵ بكاته‌وه‌.

ئاوێنه‌: له‌م ململانێیه‌دا ئێوه‌ وه‌ك هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی كۆماری ئیسلامی سروشتییه‌ ئه‌گه‌ر بڵێین ئێوه‌ له‌ به‌ره‌ی توركیا دان؟ 

ئیلخانی زاده‌: به‌ هیچ جۆرێك وا نییه‌. چونكه‌ ئێمه‌ ئۆپۆزسیۆنی كۆماری ئیسلامی بووین له‌ شه‌ڕی ئێران و عێراقیشدا له‌ به‌ره‌ی عێراقدا نه‌بووین. دوژمنی سه‌ره‌كی ئێمه‌ حكومه‌تی كۆماری ئیسلامییه‌ له‌ دژی كۆماری ئیسلامی كار ده‌كه‌ین، به‌ڵام خوازیاری ئه‌وه‌ نین كه‌ ده‌ستی توركیا بێته‌ ناو ئێرانه‌وه‌.

ئاوێنه‌: باشه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی له‌ سیاسه‌ته‌دا لایه‌نێك له‌ دژی لایه‌نێكی دیكه‌ زۆرتر له‌گه‌ڵ دوژمنه‌كانی ئه‌و لایه‌ رێكده‌كه‌وێ(دوژمنه‌كانی دوژمنه‌كه‌ی). ناكرێ به‌م شێوه‌یه‌ چاو له‌ بابه‌ته‌كه‌ بكه‌ین كه‌ ئێوه‌ بۆ پشتیوانی له‌ خه‌ڵكی ئێران له‌گه‌ڵ دوژمنه‌كانی كۆماری ئیسلامی رێككه‌ون؟
ئیلخانی زاده‌: ئاخر لێره‌دا بابه‌ته‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ توركیا چی ده‌كات به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵكی كورد. ئه‌گینا راسته‌ مافی كوردو ئۆپۆزسیۆنی ئێرانییه‌ كه‌ له‌و ناكۆكییانه‌ كه‌ڵكی خۆی وه‌ربگرێ، به‌ڵام به‌ بێ ئه‌وه‌ی بچێته‌ به‌ره‌یه‌كه‌وه‌ یان سیاسه‌تێكی ئه‌و لایه‌نانه‌ قبووڵ بكات.
ئاوێنه‌: كه‌واته‌ به‌و پێیه‌ی ئێران خه‌ون به‌ ئیمپراتۆری سه‌فه‌وی و توركیاش خه‌ون به‌ ئیمپراتۆری عوسمانییه‌وه‌ده‌بینێ، ئێوه‌ پێتانوایه‌ كه‌ كورد ده‌بێ دژی هه‌ر دوو لا بێت؟
ئیلخانی زاده‌: كێ زه‌بر له‌ كورد ده‌دات و دژی كورده‌ ده‌بێ ئێمه‌ دژی ئه‌وه‌ بین. ئه‌گه‌ر ئێران دێ خاكی هه‌رێمی كوردستان داگیر بكا، كوردی عێراق ده‌بێ دژی بوه‌ستێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر توركیا دێت ده‌بێ دژی بوه‌ستێته‌وه‌. هه‌روه‌ها ئێمه‌ش وه‌ك كورد بۆ خۆمان له‌ چوار به‌شدا خه‌بات ده‌كه‌ین، ناتوانین بڵێین هه‌مان سیاسه‌ت كه‌ له‌ باشووری كوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ده‌بێ له‌ باكوور یان له‌ رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا به‌ڕێوه‌ بچێت، به‌ڵام ده‌توانین هاوئاهه‌نگییه‌كمان هه‌بێ. پێموایه‌ هیچ هێزێكی كوردی له‌ هیچ شوێنێك نابێ هاوكاری داگیری كه‌رێكی كوردستان بكات به‌ دژی لایه‌نێكی دیكه‌ی كوردی و ده‌بێ هه‌وڵمان ئه‌وه‌ بێ كه‌ ده‌ستی ده‌ره‌كی نه‌كیێشینه‌ ناوه‌وه‌. له‌و ململانێیه‌ی نێوان زلهێزه‌كاندایه‌ ئێمه‌ مافی خۆمانه‌ كه‌ڵكی خۆمان وه‌ربگرین.

ئاوێنه‌: له‌ مه‌سه‌له‌ی سوریادا كه‌ توركیا زۆر هاتۆته‌ نێو كێشه‌كه‌وه‌و پشتیوانی ناڕازیانی دژی ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌سه‌د كرد. پێتوا نییه‌ له‌م بابه‌ته‌دا كورد و توركیا یه‌كیان گرت؟
ئیلخانی زاده‌: نه‌. ئه‌من له‌ سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ نیم. چونكه‌ كورده‌كانی سوریا تا ئێستا ئه‌و ئه‌نجومه‌نی نیشتمانییه‌ی سوریا كه‌ توركیا پشتیوانی لێ ده‌كات و زۆریش له‌ توركیا نزیكه‌ قبووڵ نه‌كردوه‌ كه‌ مافی كورد به‌ره‌سمی ناناسێ. له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ ده‌بینین ئه‌ردۆغان ده‌ڵێ نابێ له‌ سوریا باس له‌ پێكهێنانی هه‌رێمی كوردی بكرێت. بۆیه‌ من پێموایه‌ ئه‌و دوو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ یه‌كناگرنه‌وه‌و ئه‌وان به‌دوای ئاره‌زوو و خه‌ونه‌كانی خۆیان كه‌وتوون. ئه‌وه‌ كه‌ گرنگه‌ كورده‌ كه‌ سه‌ره‌ڕای هه‌موو ناكۆكییه‌كان ده‌بێ بتوانێ له‌ سوریا بۆ خۆی یه‌كگرتوو بێ. كوردی به‌شه‌كانی دیكه‌ش ده‌بێ هه‌وڵیان ئه‌وه‌ بێ كه‌ سه‌ره‌ڕای ناكۆكییه‌كان و بۆچوون و ئینتمای جیاواز له‌ رۆژئاوای كوردستان پشتگیری ئه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ ئه‌وان له‌ رۆژئاوای كوردستان بتوانن پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن و یه‌كگرتوو بن.

ئاوێنه‌: له‌ ئاستی هه‌رێمی كوردستاندا ده‌بینین پارتی له‌ میحوه‌ری توركیا دایه‌ و یه‌كێتیش له‌ میحوه‌ری ئێراندایه‌ چون ده‌ڕواننه‌ ئه‌م دابه‌ش بوونه‌و بۆ خۆتان له‌ كام لا نزیكن؟
ئیلخانی زاده‌: ئێمه‌ خوازیاری ئه‌وه‌ین كه‌ پارتی و یه‌كێتیی هاوده‌نگ بن، به‌ڵام واقعیه‌تێك هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و دوو هێزه‌ سنووری جیاوازیان هه‌یه‌. له‌ لایه‌ك یه‌كێتیی زۆرترین سنووری له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه‌و له‌و لاكه‌ی دیكه‌ش پارتی زۆرترین سنووری له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه‌. بۆیه‌ ئه‌مه‌ كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌ سه‌ر پێوه‌ندییه‌كانیان. بۆیه‌ سروشتیه‌ له‌م بابه‌ته‌وه‌ گوتاری جیاوازیش هه‌بێ. ئه‌وه‌ی ئێمه‌ خوازیارین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وان به‌و ئاراسته‌یه‌دا نه‌ڕۆن كه‌ ده‌ستی لایه‌نێكی ده‌ره‌كی بێته‌ نێو گه‌مه‌كه‌وه‌ بۆ دیالۆگ له‌گه‌ڵ یه‌كتری. وه‌ك پارتی و یه‌كێتیی ئه‌گه‌ر سنووری جیاوازیان هه‌یه‌، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم یه‌ك حكومه‌ته‌و هه‌موو ئه‌و سنورانه‌ سنووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌.
هه‌روه‌ها ئێمه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانین و دۆستایه‌تیشمان له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتیش هه‌یه‌و له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ده‌ڕۆین و به‌دروستیشی نازانین كه‌ ببینه‌ قازی له‌ به‌ینی یه‌كێتی و پارتیدا. ئێمه‌ ده‌بێ ببینه‌ هه‌وێن بۆ ته‌بایی و یه‌كگرتووییان. دیاره‌ ئێمه‌ هه‌ڵوێستی خۆمان چ به‌رامبه‌ر به‌ ئێران و چ به‌رامبه‌ر به‌ توركیا بێ به‌ ئاشكرا ده‌یڵین.
ئاوێنه‌: گه‌رموگۆڕی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئێران و هه‌روه‌ها چالاك بوونی ئێران له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئایا ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ به‌ زه‌ره‌ری ئێوه‌مانان وه‌ك ئۆپۆزسیۆنی كۆماری ئیسلامی و كوردی ئێران نییه‌؟
ئیلخانی زاده‌: به‌ دڵنیاییه‌وه‌ زه‌ره‌ری هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ ئۆپۆزسیۆنی كوردی ئێرانه‌ كه‌ ده‌بێ چاره‌یه‌ك بۆ خۆی ببینێته‌وه‌و بیرێك بكاته‌وه‌ كه‌ بۆ خۆی هێزێكی گه‌وره‌و به‌ هێز بێت و كاریگه‌ری دابنێت. ئێمه‌ ناتوانین له‌ هه‌لومه‌رجی ئێستادا داوا بكه‌ین له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چ له‌گه‌ڵ توركیاو چ له‌گه‌ڵ ئێران پێوه‌ندییه‌كانی بپچڕێنێ. من پێموایه‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ مه‌عقوول نییه‌. ئه‌وه‌ی داوای ئێمه‌ به‌دژی كوردی رۆژهه‌ڵات و كوردی ئێران كارێك نه‌كرێ و له‌ هه‌مانكاتدا خۆیان به‌ پاڵپشتی بزاوتی رزگاری خوازی كورد بزانن له‌ كوردستانی رۆژهه‌ڵات.

ئاوێنه‌: له‌ ئێستا ئه‌و ره‌خنه‌ی له‌ حیزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌گیر ده‌رێت كه‌ ده‌وترێ له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ر گۆڕانكارییه‌كدا له‌ ئێران هێزه‌كانی رۆژهه‌لات هیچ ئاماده‌ییه‌كیان نییه‌. وڵامی ئێوه‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ چییه‌؟
ئیلخانی زاده‌: من به‌ ته‌واوی له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌ نیم. ئه‌وه‌ هه‌مووی واقعیه‌ته‌كه‌ نییه‌، به‌شێكه‌ له‌ واقعیه‌ته‌كه‌. ئه‌وه‌ی راست بێ هێزه‌كانی كوردستانی ئێران به‌ تایبه‌تی كۆمه‌ڵه‌و دیموكرات به‌ هۆی ناكۆكییه‌كانی نێو خۆیان نه‌یانتوانیوه‌ كارێك بكه‌ن كه‌ هاوئاهه‌نگیه‌ك پێك بێت، ئه‌وه‌ش به‌زه‌ره‌و خراپه‌و خاڵی لاوازی ئێمه‌یه‌و ده‌بێ هه‌وڵبده‌ین چاره‌سه‌ری بكه‌ین. له‌ هه‌مانكاتدا ده‌بینین كه‌ گوشاری خه‌ڵكی كوردستان و گوشاری دڵسۆزانی بزووتنه‌وه‌یی كورد هانده‌ری ئه‌وه‌یه‌و هه‌موو كه‌س دێنێته‌ سه‌ر ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ كه‌ ده‌بێ له‌م بابه‌ته‌وه‌ كارێك بكرێ. هه‌ر چه‌ند ره‌خنه‌م هه‌یه‌و ناڕه‌زایه‌تیم هه‌یه‌، به‌ڵام ئێمه‌ ئاماده‌ین له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی كوردستانی ئێران له‌م بابه‌ته‌وه‌ هاوئاهه‌نگی بكه‌ین. به‌ شێكی ئه‌م دۆخه‌ش پێوه‌ندی به‌ بارودۆخی سیاسی ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌. ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هێزێكی دڕنده‌ی سه‌ركوتكه‌ر به‌ره‌وڕووین كه‌ ئیزن نادات به‌ راده‌ی یه‌ك له‌سه‌ر چواری كوردستانی توركیا كوردی ئێران ئازادی هه‌بێ. ئه‌وجا ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ بزووتنه‌وه‌ی تێدایه‌ یان نا. بۆیه‌ من بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردی ئێران چ له‌ بزووتنه‌وه‌ فه‌رهه‌نگی و رووناكبیرییه‌كه‌ی، چ له‌ بزووتنه‌وه‌ی مه‌ده‌نی، چ له‌ ئه‌زموونێك كه‌ دوای شكستێكی سه‌بازی خۆی گرتۆته‌وه‌ زۆر به‌هێز ده‌بینم و په‌یوه‌ندی ئه‌وانه‌ له‌گه‌ڵ حیزبه‌ سیاسییه‌كانی نه‌پچڕاوه‌. ئه‌من پێموایه‌ بورای سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌لام دروسته‌ ئێمه‌ نابێ رابوه‌ستین. ده‌بێ بیرێكی لێ بكه‌ینه‌وه‌و هه‌ر كه‌س خۆی له‌وه‌ لابدات به‌ هه‌ر ده‌لیلێك بێ، به‌ بڕوای من پاساوێكی نادروستی هه‌یه‌و له‌ به‌رامبه‌ر مێژوو و ره‌وتی رووداوه‌كاندا ده‌بێ وڵامده‌ر بێ.

ئاوێنه‌: له‌ئێستادا پێتوانییه‌ دوور كه‌وتنه‌وه‌یه‌ك هه‌یه‌ له‌ نێوان هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵاتدا؟

ئیلخانی زاده‌: هیچ ئاڵوگۆڕێكی جیددی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌ تا بڵێم ئه‌وه‌ دوور كه‌وتنه‌وه‌یه‌.

ئاوێنه‌: ئێستا وه‌ك خۆتان كه‌ چه‌ند لایه‌ن هه‌یه‌ به‌ ناوی "كۆمه‌ڵه‌"وه‌، نێوانتان له‌گه‌ڵ یه‌كتری چۆنه‌؟
ئیلخانی زاده‌: ئێمه‌ نێوان له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌ لایه‌نه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ خۆشه‌. ئێمه‌ دۆستایه‌تی نزیك و هاتوچومان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ "ره‌وتی سوسیالیستی كۆمه‌ڵه‌"و ئاڵوگۆڕی بیروڕا ده‌كه‌ین. هیچ ئاڵۆزی و كێشه‌كیش له‌ نێوان ئێمه‌و ئه‌و هاوڕێیانه‌دا نییه‌ كه‌ له‌ حیزبی كۆمۆنیستدان. به‌ڵام پێوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ كاك عه‌بدوڵڵا موهته‌دی به‌و جۆره‌ نییه‌. پێموایه‌ ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ چ له‌گه‌ڵ ئێمه‌و چ له‌گه‌ڵ هاوڕێیانی حیزبی كۆمۆنیست هه‌ر له‌و حاڵه‌ته‌دایه‌. هاوڕێیانی "پارتی سوسیال دێموكراتی كوردستان ـ كۆمه‌ڵه‌" له‌گه‌ڵ ئێمه‌ یه‌كیان گرت و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵه‌ش به‌و ئاراسته‌یه‌دا له‌ دیالۆگداین. له‌ هه‌وڵداین كه‌ پێكه‌وه‌ له‌ دیالۆگدابین هه‌م بۆ پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كی هاوكاری، به‌ره‌یه‌كی كۆمه‌ڵه‌، یان به‌ره‌یه‌كی چه‌پ پێكبێنین و پێموایه‌ ئه‌قڵیه‌تی ئه‌وه‌ خه‌رێكه‌ دروست ده‌بێ.
ئاوێنه‌: له‌گه‌ڵ لایه‌نی كاك"عه‌بدوڵڵا موهته‌دی"دا هیچ دیالۆگ و دانیشتنێكتان نه‌بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی لێكنزیك بوونه‌وه‌یك له‌ نێوانتاندا دروست ببێت؟
ئیلخانی زاده‌: نه‌. ئێمه‌ له‌ باری سیاسییه‌وه‌ جیاوازی زۆر كه‌تۆته‌ نێوانمانه‌وه‌و هیچ پێوه‌ندییه‌كمان نییه‌. له‌م رووه‌ هیچ شتێك له‌ ئارادا نییه‌و لایه‌نی دیكه‌ جێی قسه‌ كردن و دیالۆگه‌.
ئاوێنه‌: له‌م دابه‌شبوون و پارچه‌ پارچه‌ بوونی هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵاتدا زۆر جاری باسی ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ یه‌كێتیی و پارتی ده‌وریان هه‌یه‌. وڵامتان له‌م باره‌وه‌ چییه‌؟
ئیلخانی زاده‌: ئه‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی و پارتی هه‌وڵیان دابێت هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان دابه‌ش بكه‌ن، له‌ راستیدا شتی وام نه‌بینیوه‌و ئه‌وه‌م چاوه‌ڕوان نه‌كردوه‌. ئه‌وه‌كه‌ چاوه‌ڕوانی ده‌كرێ له‌ یه‌كێتیی و پارتی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌وڵبده‌ن بۆ لێكنزیك كردنه‌وه‌مان. بێگومان له‌م رووه‌وه‌ تێبینی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌.
ئاوێنه‌: باشه‌ هه‌وڵیان داوه‌ تا ئێستا بۆ لێكنزیك كردنه‌وه‌؟
ئیلخانی زاده‌: به‌ڵی. من پێموایه‌ تاڕاده‌یه‌ك هه‌وڵیان داوه‌.

ئاوێنه‌: كه‌واته‌ ده‌كرێ بڵێین هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات به‌ قسه‌ی یه‌كێتیی و پارتیان نه‌كردوه‌؟
ئیلخانی زاده‌: ئه‌وه‌ جۆره‌ پێویسته‌، ئه‌رێ وه‌ڵڵا. ئه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆیی هێزه‌كانی رۆژهه‌لات له‌ ناو ده‌با كه‌ خه‌تاكه‌ بخرێته‌ سه‌ر یه‌كێتی و پارتی. من پێموایه‌ گرفته‌كه‌ له‌ نێو خۆماندایه‌ واته‌ له‌ نێوان هێزه‌كانی كوردستانی رۆژهه‌ڵاتدایه‌.

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان