بەپێچەوانەی ئەوانەی دەڵێن شەڕی دیمەشق یەكلاكەرەوەیە بۆ چارەنووسی رۆژئاوای كوردستان و رژێمی ئەسەد، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا پێیوایە شەڕی شاری حەلەب لەنێوان سوپای رژێمی سووریا و سوپای سووریای ئازاد شەڕی یەكلاكەرەوە دەبێ بۆ رۆژئاوای كوردستان. هەروەها پێیوایە ئەمریكا پشتگیری لە سووریایەكی فیدراڵ دەكات و تاوەكو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكاش، ئەسەد لەسەر دەسەڵات دەمێنێتەوە.
حەلەب خاڵی یەكلاكەرەوەیە بۆ كورد
مستەفا جومعە، 56 ساڵ، سەرۆكی پارتی ئازادی كوردستان، خەڵكی شاری كۆبانێی رۆژئاوای كوردستانە، لە سێ ساڵی رابردوودا دووجار لەلایەن كاربەدەستانی سووریا بۆ ماوەی چەند مانگێك زیندانیكراوە.
ناوبراو لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) باسی چەند رۆژی رابردوو و داهاتووی رۆژئاوای كوردستان و سووریا دەكات و دەڵێ شەڕی سوپای سووریای ئازاد و سوپای سووریا لە چەند رۆژی داهاتوودا یەكلایی دەبێتەوە "سوپای سووریای ئازاد لە دەوروبەری حەلەب خۆی بۆ هێرشێكی سەرتاسەری ئامادە دەكات. چەند شوێنێكی گرنگ، كە دەكەونە سەر رێگەی ئەو شارە وەك ساخور و هەنانۆ بە تەواوی كەوتوونەتە دەست سوپای سووریای ئازاد".
شاری حەلەب، لە دوای دیمەشقی پایتەخت، گرنگترین شارە، كۆڵەكەی پشتی ئابووری ئەم وڵاتەیە و بە پایتەختی ئابووری سووریا ناودەبرێت. نزیكەی 600-700 هەزار كورد لەوشارە دەژین. بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەكان رێژەی كورد لە سەنتەری شاری حەلەب نزیكەی 33% دەبێ، بەڵام لە تەواوی پارێزگای حەلەب رێژەی كورد دەگاتە 25%.
مستەفا جومعە پێیوایە كەوتنی حەلەب دەبێتە هۆی كەوتنی شارەكانی دیكەی وەك رەقە، دێرزوور و حەسەكە "رژێم هەموو هێزێكی بەكاردێنێ بۆ ئەوەی حەلەب نەكەوێ، چونكە ئەگەر حەلەب كەوت، دەبێ رژێم دەست لە رۆژهەڵاتی سووریا بشوات".
مستەفا جومعە، مانگی رابردوو لەوكاتەی بەڕێگاوەبوو بۆ ئەوەی بێتە هەرێمی كوردستان لەلایەن هێزەكانی PYD دەستگیركرا و دواتر ئازادكرا، ئێستاش لە باشووری كوردستانە.
مستەفا جومعە پێیوایە كەوتنی حەلەب "واتا پاكبوونەوەی رۆژئاوای كوردستان لە دارودەستەی رژێم". بۆیە داوا لە كورد دەكات بە كەمترین كات خۆی رێكبخات و رێككەوتنی هەولێر بخاتە واری جێبەجێكردنەوە "گومانم هەیە لەوەی بتوانین زوو بە زوو رێككەوتنی هەولێر جێبەجێ بكەین". بەڵام هاوكات لەگەڵ ئەو قسانەی مستەفا جومعە دەستەی باڵای هاوبەشی كورد بەپێی رێككەوتننامەی هەولێر لە قامشلۆ راگەیێندرا.
كۆمارییەكانی ئەمریكا فیدراڵیان بۆ كوردستان دەوێ
هەردوو ئەنجوومەنی كورد لە رۆژئاوای كوردستان لەبارەی چارەسەری كێشەی كورد لە سووریا ناكۆكن. ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوای كوردستان و PYD پێیانوایە كە ئیدارەی خۆیی (الادارة الذاتیة) واتە شێوەیەك لە ئۆتۆنۆمی دەتوانێ كێشەی رۆژئاوای كوردستان چارەسەر بكات، بەڵام ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا كە لە 16 حیزب پێكهاتووە، سوورە لەسەر ئەوەی دەبێ سووریای دوای ئەسەد لەسەر بنەمای فیدڕاڵی بنیات بنرێتەوە.
مستەفا جومعە، لەوبارەوە جەخت لە مۆدێلی فیدرالی دەكاتەوە و دەڵێ "فیدراڵی شتێكی دەستلێبەرنەدراوە، بە گوێرەی ئەو هەواڵانەی لە كەسێكی نزیك لە ناوەندە بڕیار بەدەستەكانی ئەمریكا پێمگەیشتووە، كۆشكی سپی پشتگیری لە فیدرالی دەكات، تەنانەت ئەوروپاش". مستەفا جومعە زانیاری زیاتری ئاشكراكرد و گوتی "رووسیا و ئەمریكا لە پشت پەردە گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیەك دەكەن، ئەگەر پارتی كۆماری لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەمریكا بباتەوە، ئەو پڕۆژەیە جێبەجێدەكرێت. كۆمارییەكان سەرەتا دەخوازن هەر پارچەیەكی كوردستان فیدراڵی بەدەست بێنێ و دواتریش هەوڵدەدەن كوردستان یەكبگرێتەوە".
ئەو قەیرانەی سووریا تێیكەوتووە، جیهانی بۆ دوو بەرە دابەشكردووە، ئەمریكا سەرۆكایەتی بەرەیەك دەكات و رووسیاش بەرەكەی دیكە ئاراستە دەكات، چەك و پشتیوانی لۆجستی دەداتە ئەسەد. بۆیە پێشبینی ناكرێ ئەمریكا لەبارەی رووخانی ئەسەد گفتوگۆ لەگەڵ رووسیا بكات. بەڵام جومعە لەوبارەوە بۆچوونێكی جیاوازی هەیە "رووسەكان لە دانیشتنە نهێنییەكان دەڵێن ئەسەد دەڕوخێ، هەوڵدەدەن لەبارەی بەرژەوەندییەكانیان لەگەڵ ئەمریكا رێكبكەون. ئەو پڕۆژەیەی تاوتوێی دەكەن لەسەر دەستی كۆمارییەكان جێبەجێدەكرێ. بۆیە تاوەكو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا، كە لە مانگی تشرینی دووەم بەڕێوەدەچن، بەشار لەسەر دەسەڵات دەمێنێتەوە. چونكە سوپای سووریای ئازاد ناتوانێ بەشەڕ رووخانی ئەسەد یەكلایی بكاتەوە"، گوتیشی "بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەستم كەوتوون دوای هەڵبژاردنی ئەمریكا ئەسەد بۆ ئەوەی دادگایی نەكرێ و نەكوژرێ دەگوازرێتەوە دەرەوەی سووریا و حكومەتی قۆناغی گواستنەوە دادەمەزرێت".
سوپای سووریای ئازاد نایێتە كوردستان
لەم چەند رۆژەی دواییدا لەگەڵ پەرەسەندنی رووداوەكانی سووریا، سوپای سووریای ئازاد هەڕەشەی لە PYD كرد و رایگەیاند كۆتاییتان پێدێنن. جومعە لەوبارەوە دەڵێ "سوپای ئازاد بەرنامەی نییە بێتە ناو كوردستانی سووریا، ئەو سوپایە ناچارە رێز لە كورد بگرێ و نایەوێ شەڕ لەگەڵ كورد بكات، بەڵام ئەگەر PYD ببێتە هەڕەشەیەكی سیاسی لە دواڕۆژدا، شەڕ لەنێوانیان دروستدەبێ".
سەرچاوە: رووداۆ/ هێمن خۆشناۆ