ئامادە کار: ئەفراسیاب گرامی
هەلومەرجی سیاسیی كوردستان لە بەر جوگرفیای دابەشكراوی سیاسی و ژیۆپۆلتیكی سەخت، بەردەوام لە رەوشێكی نالەباردا بووە. ئەم بارودۆخە بە درێژایی چەندین سەدە بەردەوام بووەو به مێژوویه‌کی خوێناویدا تێپه‌ڕیوه، بزووتنه‌وه‌ی کورد به‌مه‌به‌ستی دەستەبەرکردنی مافی دیاری کردنی چاره‌نووس و گه‌یشتن به‌مافه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی خۆی له ئاکامی ئه‌م بارودۆخه‌دا سه‌ری هه‌ڵدا. هه‌ده‌ف له‌م زه‌نجیره وتووێژه له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک له چالاکانی رۆژهه‌لاتی کوردستان ، خه‌سارناسی و دۆزینه‌وه‌ی هۆکاره‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ی سیاسی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ده‌رفه‌ت، سه‌رکه‌وتن، شکسته‌کان و ئاسۆی پرسی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه. سه‌ره‌تا وه‌ک ده‌روازه‌یه‌ک بۆ چوونه نێو باسه‌که‌مانه‌وه، بزووتنه‌وه‌ی کورد له روانگه‌ی کۆمه‌ڵناسی سیاسییه‌وه چۆن پێناسه ده‌که‌ن؟
عه‌بدووڵڵا سۆهرابی: من له باری کۆمه‌ڵناسیدا پسپۆڕ نیم؛ به‌ڵام روونه هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک به گوێره‌ی شه‌رایه‌تی رابردوو و ئێستا و گه‌ڵاڵه‌و پلانه‌کانی بۆ داهاتووی هه‌ڵسوکه‌وت و رۆڵ و چالاکیی خۆی به پێی پێویست و له بواره جیاوازه‌کاندا و به که‌ڵکوه‌رگرتن له ده‌رفه‌ته‌کان، به تایبه‌ت له باری سیاسی و کولتوورییه‌وه نیشان ئه‌دا.دیاره له هه‌ر کات و شوێنێکدا که گرووپێک بچووک یان مه‌زن به زه‌رووره‌ت پێکه‌وه ده‌ژین سیستمێکی فه‌رمی یان نافه‌رمی بۆ خۆیان پێک دێنن و سه‌باره‌ت به رابردوو داهاتوویان و هه‌روه‌ها بۆ گه‌یشتن به ئامانج و مافه ره‌واکانیان تێ ده‌کۆشن و هه‌ر کاتێک ده‌سکه‌وت و مافه‌کانیان له مه‌ترسیدا بێت، به‌رگریی و بزووتنه‌وه و راپه‌ڕین ده‌که‌ن.
دیاره میلله‌تی کوردیش وه‌کوو کۆمه‌ڵگایه‌ک به رابردوویه‌کی پڕ له رووداو ئه‌زموونی خۆیه‌وه و له دنیای بێ سنووری کۆمه‌ڵگای ئینسانی ئه‌مڕۆدا نه‌یتوانیوه و ناتوانێ سه‌باره‌ت به ماف و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی چالاک نه‌بێت. بۆیه هه‌ر وه‌ک له مێژووی گه‌لی کورددا ده‌بینین به تایبه‌ت له سه‌ده‌ی بیستدا له ژێر کاریگه‌ریی شۆڕش و ئاڵوگۆڕی وڵاتهگهورهکاندا و به‌تایبه‌تی شه‌ڕی یه‌که‌م و دووهه‌می جیهانیدا زۆرترین بزووتنه‌وه‌و راپه‌ڕینی بۆ به‌رگریی له مێژوو و کو‌لتوور و گه‌یشتن به ئازادیی و عه‌داله‌ت و مافه‌ره‌واکانی نیشان داوه.
پێویسته ئاماژه‌ی پێ بده‌ین پیش ئه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی کورد سیاسی بێت یان له ئاڵوگۆڕی جیهانی کاریگه‌ریی هه‌بێت، زه‌رووره‌تێکی میژوویی و هه‌ڵقوڵاو له ناخ و نێوه‌رۆکی کۆمه‌ڵگای کورده‌وه‌یه.
سه‌ده‌ی بیسته‌م بۆ کورد، سه‌ده‌ی سه‌رکه‌وتن و شکه‌سته‌کان بوو.
بزووتنه‌وه‌ی کلاسیکی کوردی هاته بازنه‌یه‌کی دیکه‌وه و ئه‌حزابی سیاسی درووست بوون، به‌گشتی به‌ستێنه سیاسییه‌کانی ئه‌وکات چ بوون که حزبه‌کان سه‌ریان هه‌ڵدا؟
عەبدوڵا سۆهرابی: به گشتی دوو هۆکاری سه‌ره‌کیی هه‌یه
یه‌که‌م: په‌ره‌سه‌ندنی عیلم و زانست و تێکنۆلۆژیا که له ئورووپا پاش عه‌سری رێنسانس و پاشان ئاڵوگۆڕی سه‌نعه‌تی ده‌ستی پێ‌کرد و له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا له‌سه‌ر وڵاتانی پاشکه‌وتوو و میلله‌تانی ژێرده‌ست وه‌کوو میلله‌تی کورد، رۆڵ و کاریگه‌ریی خۆی دانا. دیاره له‌گه‌ل گه‌شه‌سه‌ندنی عیلم و زانست و ژیانی شارستانی و به نیسبه‌ت ده‌ورانی پێشه‌وه مۆدێرن، ورده ورده بناغه‌ی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و حیزبه سیاسییه‌کان دامه‌زران. ئاشکرایه ریکخراوه و چالاکیی سیاسی و مه‌ده‌نی به عیلم و زانست ده‌کرێ. به وته‌یه‌کی دیکه گه‌شه‌سه‌ندنی عیلم و تیکنۆلۆژی و گۆڕینی ژیانی تاک و کۆمه‌ڵگا بوو به هۆکارێک بۆ گه‌رانه‌وه بۆ شوناس و کو‌لتوور و ناسینی ماف و داوا کاریی ئازادی و عه‌داله‌ت. دیاره بۆ گه‌یشتن به ئه‌م مه‌به‌سته حیزب و رێکخراوه پێویست بوو که دامه‌زران.
دووهه‌م: له‌سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ئاڵ‌و گۆڕ‌و شۆڕش له وڵاتانێکی گرینگ وه‌ک فه‌رانسه و سۆڤییه‌تدا رووی دا که کاریگه‌ریی راسته‌وخۆی له‌سه‌ر میلله‌تی کورد دانا، هه‌ڵبه‌ت بێگومان جیاواز له‌م دوو هۆکاره، زوڵم و زۆر و پیشێلکرانی مافه‌ره‌واکانی گه‌لی کورد به ده‌ستی حاکمانی دیکتاتۆره‌وه له نێو خوێ و ئێسقانی کۆمه‌ڵگای کورده‌واریدا ریشه‌ی کوتابوو که ئه‌و دوو فاکته‌ره که ناوبرا ئاگری لێ به‌ردا.
له ئیران شۆڕشی مه‌شرووته، بوه هۆی گۆڕانکارییه‌کی بنه‌ڕه‌تی له ئاستی ئێران‌دا، بۆ کورد کام قۆناخ ده‌توانین وه‌ک قۆناخی نوێ و سه‌رده‌می نوێ ده‌ستنیشان بکه‌ین که بووبیته هۆی گۆرانێک له پێکهاته‌ی سیاسی؟
عەبدوڵا سۆهرابی: سه‌ره‌ڕای پێکهاتنی کۆمه‌ڵه‌ی ژ ـ کاف و راپه‌ڕینی سمکۆ، گرینگ‌ترین قۆناخ له مێژووی کوردستانی رۆژهه‌ڵاتدا که رۆڵی بنه‌ڕه‌تی دانا، جمهووری مه‌هاباد به رێبه‌رایه‌تی شه‌هید قازی موحه‌ممه‌د بوو. گه‌رچی کۆماری مه‌هاباد ته‌نیا 11 مانگ ته‌مه‌نی کرد و ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی نه‌بوو ستراکچر و گه‌ڵاله و پلانه‌کانی دابڕێژێ و دابینی بکات و زۆر به داخه‌وه بوو به قوربانی ده‌سه‌ڵاتی زلهێزه‌کان و به تایبه‌تی خه‌یانه‌تی سۆڤییه‌ت. به‌ڵام خوێنی گه‌شی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د و ههوالانی بوو به رووباریک تا دوا چرکه‌ی ژیانی میلله‌تی کورد به‌رده‌وامه. کۆماری مه‌هاباد، ته‌مه‌نێکی کورتی هه‌بوو به‌ڵام ده‌سکه‌وت و ئاکامه‌کانی به درێژایی مێژوو بوو. له کاتێکدا خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راست، له لایه‌ک مه‌یدانی شه‌ری جیهانی و خراپتر که له ژێر ده‌سه‌ڵاتدارنی دیکتاتۆره‌کان وه‌کوو ره‌زاخان بوو، کۆماری مه‌هاباد سیستمێکی مۆدێڕن و دێموکراتیک له‌سه‌رده‌مێکی ره‌ش و شه‌وه‌زه‌نگ سه‌ری هه‌ڵهێنا. بۆیه بێگومان ئه‌و رووداوه مێژووییه نه ته‌نیا بنه‌ما و بناغه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی له ته‌مه‌نی میلله‌تی کورددا سه‌بت و زه‌بت کراوه، به‌ڵکوو وه‌ک خاڵێکی گرینگ له‌سه‌رده‌می پاش شه‌ڕی جیهانی دووهه‌م له هه‌موو راپه‌ڕینه‌کانی میژووی جیهاندا ناسراوه. که‌وابوو کۆماری مه‌هاباد، گرینگ‌ترین قۆناخ له مێژووی گه‌لی کورددا بوو که بوو به سه‌رچاوه‌یه‌ک بۆ چالاکی سیاسی و به تایبه‌ت پێکهێنان و دامه‌زرانی ئه‌حزابی کوردی، وه‌کو حیزبی دێموکرات که راستیدا شه‌هید قازی، خۆی بناغه‌دانه‌ری بوو.
ئه‌گه‌ر لاپه‌ره‌کانی میژووی هاوچه‌رخ هه‌ڵبده‌ینه‌وه، ده‌بینین که بزووتنه‌وه‌ی کوردی به پێچه‌وانه‌ی بزووتنه‌وه‌کانی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوین، به‌ره‌و ئیسلام گه‌رایی نه‌چوو؟ له‌هه‌مان کاتیش‌دا به‌ربه‌ره‌کانێی له‌گه‌ڵ نه‌کرد؟ هۆکاره‌کان چ بوون؟
عەبدوڵڵا سۆهرابی: بزووتنه‌وه‌ی کوردی به گشتی کاتێک سه‌ری هه‌ڵهێنا که مه‌کته‌بی مارکسیزم و شۆڕشی ئۆکتۆبری رووسییه به رێبه‌رایه‌تی لێنین و به هه‌مان شێوه شۆڕشی مائۆ له چین، هه‌موویان له‌ژێر ئاڵای کۆمۆنیزم و سوسیالیزم دژ به سیستمی سه‌رمایه‌داریی له جیهاندا گه‌شه‌و په‌ره‌ی سه‌ندبوو. چالاکانی سیاسی و رووناکبیری ئه‌و کات رێگه‌و پیگه‌ی مارکسیسم ـ لینینیزم یان به باشترین شێوه بۆ رزگاری کوردستان یان ده‌زانی. بۆیه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه رێبه‌رانی گه‌وره‌و به‌ناوبانگی کورد وه‌کوو قازی و بارزانی که‌سایه‌تییه‌کی ئایینی بوون به‌ڵام هه‌ر زۆربه‌ی بزووتنه‌وه کوردییه‌کان له چوارچێوه‌ی ئیدئۆلۆژی ئیسلامی‌دا نه‌بوون ئه‌ڵبه‌ت هه‌ر به‌و شێوه ئاماژه‌ت پێ کردبوو ئه‌وه‌ی میلله‌تی کورد تابێعی دینی ئیسلامه جیاواز له هه‌ندێک گرووپه کمۆنیستهکان هیچ کاتێک ئه‌حزابی سیاسی به راشکاوی دژایه‌تییان له‌گه‌ڵ ئایین دا نه‌کردووه و له‌گه‌ل ئه‌م واقعییهتانهدا زۆربه‌ی زانایان و رێبه‌رانی ئایینی عه‌لاقه‌یان به موبارزه‌ی سیاسی و نه‌ته‌وایه‌تی نه‌بووه. به گشتی خه‌ڵکیش که تێکڕا موسڵمانن به هۆی فه‌قیری و نه‌داریی، ئیمکان و ده‌رفه‌ت رێخسن و به‌ڕێوه‌بردنی بزووتنه‌وه‌یه‌کی میللی ـ ئیسلامییه‌کان شێوه‌یه‌کی ئه‌کتیڤ نه‌بووه. گرینگ‌ترین له هه‌موو ئه‌و فاکتانه، کێشه‌ی کورد، کێشه‌یه‌کی ئایینی نه‌بووه و نیه ، به‌ڵکوو کێشه‌یه‌کی نه‌ته‌وایه‌تی و مافی چاره‌نووس و پێکه‌وه ژیان و ئازادی و عه‌داڵه‌ت و داخوازی سیاسی و کولتووری و ئابوورییه.
له ناوه‌راستی سه‌ده‌ی بیسته‌م، ئایدۆلۆژی کۆمۆنیزم وه‌ک دیارده‌یه‌کی به‌هێزی کۆمه‌لایه‌تی و سیاسی هه‌موو ناوچه‌که‌ی گرته‌وه، ئه‌م ئایدۆلۆژییه بۆ نه‌یتوانی ببێته پاشخانێکی فیکری بۆ بزووتنه‌وه‌ی کورد؟
عەبدوڵا سۆهرابی: هه‌ر به‌و شێوه ئاماژه‌مان پێدا له پێشدا ئیدئۆلۆژی کۆمۆنیزم وه‌کوو شوێنه‌کانیتر به‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی کورددا زاڵ بوو، به‌ڵام ئاڵوگۆڕی دنیای سوسیالیزم و کاپیتالیزم و پاشان رووخانی ئۆردووگای سوسیالیزم و جیابوونه‌وه و سه‌ربه‌خۆیی وڵاتانی سه‌ر حکومه‌تی سۆڤییه‌ت و لاوازی په‌یمانی وه‌رشۆ و جیابوونه‌وه‌ی وڵاتانی ئورووپای رۆژهه‌ڵات له رووسیا و پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ سیستمی سه‌رمایه‌داری به سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مریکا کاریگه‌ریی راسته‌وخۆی له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی کورد دانا. له لایه‌کی دیکه‌وه دوبهرهکییهکانی ئایدۆلۆژیی کۆمۆنیزم له‌گه‌ڵ بیروبۆچوونی خه‌ڵکی کورد به تایبه‌تی له باری ئایینییه‌وه یه‌کێکی تر له هۆکاره گرینگه‌کانی لاوازیی ئایدۆلۆژیی کۆمۆنیزم له نێو بزووتنه‌وه‌ی کورد دابوو، له‌گه‌ڵ ئه‌م فاکتانهشدا هۆکارێکی تر ئه‌وه بوو که شوعاری جیهانی کۆمۆنیزم ئه‌گه‌ر له دنیادا بێ وه‌ڵام مایه‌وه، به‌تایبه‌ت له کوردستان دا به هه‌ست و ویستی نه‌ته‌وایه‌تی و مافه‌ره‌واکانی میلله‌تی کورد وه‌ڵامی نه‌داوه.
بۆچی بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ نه‌یتوانی خه‌ون و ئاواته‌کانی کورد به‌دی بێنێ؟ یان به واتایه‌کی دیکه، بزووتنه‌وه‌ی کوردی به‌ره‌و کوێ برد؟
عەبدوڵا سۆهرابی: ئاماژه‌مان پێ دا به هۆی ئه‌وه بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ به گشتی له دونیادا له باریی ئابووری و کولتووری و ..، هتده‌وه، لاواز بوو به تایبه‌تی راسته‌وخۆ نه‌یتوانی به داخوازییه‌کان و مافه‌ره‌واکانی گه‌لی کورد وه‌ڵام بداته‌وه، بۆیه ورده ورده جێگه‌ی خۆی دا به بزووتنه‌وه‌ی دێموکراسیخوازی و بووه هۆی ئینشعاب و رێفۆرم له نێو ئه‌حزابی چه‌پی کوردیش‌دا.
شۆڕشی 57، گریگترین رووداوی سیاسی ئێران بوو له سه‌رده‌می نوێ‌دا، به‌گشتی کورد که‌وته بارودۆخێکه‌وه که توانی به‌شێک له کوردستان ئیداره بکات، ئه‌و بارودۆخه چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
عەبدوڵا سۆهرابی: بێگومان شۆرشی 57 بۆ کوردی ئێرانیش وه‌کوو نه‌ته‌وه‌یه‌کی بنده‌ست، گرینگ‌ترین رووداوی سه‌ده‌ی 20هم بوو. له‌سه‌ره‌تای شۆڕش ده‌رفه‌تێکی مێژوویی پێک هاتبوو، ماوه‌یه‌کی کورت ئه‌حزابی کوردی توانیان زۆربه‌ی کوردستانی ئیداره بکه‌ن. گه‌رچی ئه‌زموونێکی به‌نرخ بوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه له لاییه‌ک فتوای جیهادی رێبه‌رانی کۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر کوردستان و له لایه‌کیتره‌وه نه‌بوونی هاوئاهه‌نگی و پلان و ستراتێژی و ته‌جرووبه‌ی له نێو گرووپه کوردییه‌کاندا بوو به هۆی له‌ده‌ستدانی ئه‌و ده‌رفه‌ته مێژووییه. جیاواز له هێرشی نیزامی بۆ سه‌ر کوردستان ئه‌گه‌ر هاوئاهه‌نگی و یه‌کگرتووی له نێوان گرووپه کوردییه‌کاندا پێک بهاتایه‌ت بێگومان نرخی که‌متر و ئاکامی زۆرتر به‌ده‌س ده‌هات.
به‌گشتی خواسته‌کانی کورد چ بوون؟
عەبدوڵا سۆهرابی: به گشتی داخوازییه‌كانی خه‌ڵكی كورد له ئێرانی پاش شۆڕشی 57، ئازادی وعهداڵهت و سه‌ربه‌خۆیی باشتربوونی ژیان و پاراستن و گه‌شه‌پێدانی كو‌لتور و زمان و.. بوو. له‌م پێناوه‌دا گرووپه سیاسییه‌كان بۆ گه‌یشتن به ئه‌و داخوازییانه نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵکیان ده‌کرد هیچکام بیر‌و رای جیاوازیان نه‌بوو. حیزبی دێموکرات به شوعاری دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان به ئیستراتێژی نهتهوایهتییهوهو به رێبه‌رایه‌تی شه‌هید د.قاسملوو له‌گه‌ڵ نێوه‌رۆک و واقعییه‌ته‌کانی جیهان و نێوخۆدا زۆرترین پێوه‌ندی و سازگاریی بوو و دوو تاقمی دیکه چه‌په‌کان و ئیسلامییه‌کان بوون که به ئایدۆلۆژیی تایبه‌ت به خۆیانه‌وه چالاکییان ده‌کرد.
به‌رگری ره‌وا یان شهر له کوردستان له کوێوه ده‌ستی پێ کرد و ئاکامه‌کانی له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا و بزووتنه‌وه‌ی سیاسی چ بوون؟ به‌گشتی جه‌نگ له کوردستان چ ده‌ره‌نجامگه‌لێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی به دواوه بوو؟
عەبدوڵا سۆهرابی: ئاشکرایه به‌رگریی هاوکات له‌گه‌ڵ هێرشی نیزامی بۆ سه‌ر کوردستانیش ده‌ستی پێ‌کرد، ئه‌گه‌رچی ئه‌زموونێک و خه‌باتێکی مێژووی له نێو کوردستان دا پێک هات، به‌ڵام به‌داخه‌وه زه‌ره‌رو خه‌ساره‌تێکی گیانی و ماڵی قه‌ره‌بوو نه‌کراوی بۆ کوردستان بوو.
ده‌یه‌ی حه‌فتا له ئێران ره‌وشێکی دیکه به‌سه‌ر ئێران‌دا هاته ئاراوه، نه‌زمی نوێی جیهانی هاته ئاراوه، چینی نوخبه‌ی شاری دروست بوو، شاره‌کان گه‌شه‌ی خێرایان به خۆیه‌وه بینی، گۆرانکارییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له ئاست ئێران‌دا هاتبوه ئاراوه، ره‌وتی رووناکبیری کورد به‌ره‌و چ ئاقارێک رۆشت؟
عەبدوڵا سۆهرابی: هه‌ر به‌و شێوه‌یه ئاماژه‌تان پێ کرد، ده‌یه‌ی حه‌فتا له جیهان و ئێران‌دا ئالوگۆڕێکی زۆری به‌خۆیه‌وه بینی، له‌م پێناوه‌دا ره‌وتی رووناکبیری کوردیش له پرۆسه‌یه‌کی سیستماتیکدا راسته‌وخۆ له‌م رووداوانه کاریگه‌ریی و ئیلهامی گرت و ئایدۆلۆژی کۆمۆنیزم و سوسیالیزم تا راده‌یه‌کی زۆر جێگه‌ی خۆی دا به ره‌وتی دێموکراسیخوازی له‌گه‌ڵ ئه‌ویشدا هه‌ست و ویستی نه‌ته‌وایه‌تی و گه‌ڕانه‌وه بۆ شوناس و کو‌لتوور په‌ره‌و گه‌شه‌ی سه‌ند تا راده‌یه‌ک که ئینشعاب و ریفۆرم له نیو پارته چه‌په‌کاندا پێک هات.
گوتارێک که باڵی به‌سه‌ر فه‌زای سیاسی و روناکبیری کوردستاندا له‌ده‌یه‌ی حه‌فتادا کیشابوو، گوتاری خه‌باتی مه‌ده‌نی و بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی کورد له چوارچیوه‌ی ژنان، خوێندکاران، کرێکاران و ... بوو، ئایا ئه‌مه به‌رهه‌می بێ ئاکام مانه‌وه‌ی شه‌ری چه‌کداری بوو یان وشیاری سیاسی یان لاوازی حیزبه سیاسییه‌کانی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان؟
عەبدوڵا سۆهرابی: بێگومان ئالوگۆڕی جیهانی و نێوخۆی وڵات که له خاڵی پێشوودا باسمان لێوه‌کرد، به تایبه‌تی رێفۆرمخوازیی ئێران گه‌رچی له میژوو ریشه‌ی کوتابوو به‌ڵام له دووی جۆزه‌ردانی 1376ی هه‌تاویدا، ده‌ستی پێ‌کرد و هۆکاری سه‌ره‌کی خه‌باتی مه‌ده‌نی و بزووتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌تایبه‌ت له کوردستانی ئێران‌دا بوو، ئه‌ڵبه‌ت نرخ و ئاکامه‌کانی شه‌ڕی چه‌کداری له گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌م ره‌وته بێ ته‌ئسیر نه‌بوو. بۆیه حیزبه کوردییه‌کانیش ده‌سیان له خه‌باتی چه‌کداری کیشا و هاتنه گۆڕه‌پانی خه‌باتی مه‌ده‌نی و سیاسییه‌وه. که‌وابوو ناکرێ ته‌نیا یه‌ک یان چه‌ند فاکتۆر له‌به‌رچاو بگرین، به‌ڵکوو هه‌موو فاکتۆره‌کان له ئه‌م ره‌وته‌دا رۆڵ و کاریگه‌رییان هه‌یه.
گوتاری کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی خۆی له هه‌ناوی نه‌وه‌ی خوێندکاری کورد هاته ئاراوه و ده‌یان بلاڤۆک و بلاوکراوه‌ی خویندکاری هاته ئاراوه، پاشان ره‌وتی فراکسیۆنی کورد له مه‌جلیسی ئێران دروست بوو و رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، ئین جی ئۆکان دامه‌زران، به‌ره‌ی یه‌کگرتووی کورد پێک هات، ئه‌م هه‌وڵانه به‌گشتی به‌ره‌و کوێ رۆیشت؟ ده‌ره‌نجام و شکه‌سته‌کان چ بوون؟
عەبدوڵا سۆهرابی: له‌خاڵه‌کانی پێشوودا ئاماژه‌ی پێکرا، سه‌ره‌نجامی سیستمی ئایدۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامی و دیکتاتۆریی ئایینی، ریفۆرمیزی نێو ده‌سه‌ڵات بوو که له دووی جۆزه‌ردانی 76دا، ئیستارتی لێدرا و ته‌ئسیری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی کوردستان دانا. بۆ یه‌که‌م جار هه‌ڵبژاردنێکی ئازاد به‌ڕێوه چوو، نوێنه‌رانی راسته‌قینه‌ی خه‌ڵک رۆشتنه مه‌جلیس، ده‌یان گۆڤار و حه‌وتوونامه ده‌رکران. له واقیعدا ده‌رفه‌تێکی مێژوویی بوو هه‌م بۆ میلله‌تی ئێران و به‌تایبه‌تی بۆ میلله‌تی کورد و هه‌م بۆ حکوومه‌ت، که به‌داخه‌وه هه‌مووی ئه‌م هه‌وڵانه به ئاکامه‌کانی نه‌گه‌یشت. به هۆی گوشار و سه‌رکوتی لایه‌نی ده‌سه‌لاتداره‌کانی حکوومه‌ته‌وه و گرینگتر له‌وه به بۆنه‌ی لاوازیی و که‌مته‌رخه‌می و ناهاوئاهه‌نگیی و به وته‌یه‌کی باشتر خه‌یانه‌تی به‌شێکی گه‌وره‌ی ریفۆرمخوازانی حکوومه‌تی به رای و داخوازه‌کانی خه‌ڵک، ئاکامه‌که‌ی شکه‌ست و گه‌ڕانه‌وه بۆ دیکتاتۆری خراپتر له جاران بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئاستی بیر و هۆش و وشیاری و داخوازییه‌کانی خه‌ڵک رۆیشتهسهرهوهو تێکنۆلۆژی و راگه‌یاندن تێکڕا یارمه‌تی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وزیی 88و هه‌روه‌ها بزووتنه‌وه‌ی کوردی‌یان دا تا ته‌سلیمی ئه‌و دیکتاتۆره تازه نه‌بن، بۆیه به‌هه‌موو که‌م و کوڕییهکانهوه هه‌ر زیندووه.
بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز له ئێران قۆناخێکی دیکه بوو له ئێران، ره‌وتی سیاسی و باڵه‌کانی ریژیمی به ئاقارێکی دیکه‌دا برد، کورد بێده‌نگی نواند، ئایا بێده‌نگی مه‌سڵه‌حه‌تی کورد بوو یان به پیچه‌وانه؟
عەبدوڵا سۆهرابی: بێده‌نگی کورد له ره‌وتی بزووتنهیوهی سه‌وزدا، له‌ده‌ستدانی ده‌رفه‌تێکی مێژووی بوو. بزووتنه‌وه‌ی کورد به درێژایی ته‌مه‌نی شۆڕشی ئیسلامی به‌رده‌وام و چالاک له رێبازی دێموکراسی و ئازادی‌دا خه‌باتی کردوه باشتر وابوو وه‌کوو رابردوو له ره‌وتی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وزدا به‌شدار بێت. پێویسته ئاماژه‌ی پێ بکرێت، هۆی ئه‌م بێ ده‌سه‌ڵاتییه دوو عامیلی سه‌ره‌کیی بوو، یه‌که‌م که‌ژ و هه‌وای نیزامی زۆرتر له هه‌مو شوێنه‌کانی تری ئێران به‌سه‌ر کوردستاندا زاڵ بوو. دووهه‌م هه‌ڵوێستی زۆربه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌کان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات سه‌باره‌ت به جیاوازیی کیشه‌ی کورد له‌گه‌ڵ ئامانجه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز بوو.
ساڵی ٢٠١١ بۆ دنیای عه‌ره‌ب، به‌هاری عه‌ربی به دواوه بوو زۆر شۆڕش و بزووتنه‌وه سه‌ریان هه‌ڵدا، بۆچی بۆ کورد به مێژینه‌ی خه‌باتی سیاسییه‌وه له‌م ئالوگۆرانه دواکه‌وت؟
عەبدوڵا سۆهرابی: له وڵاتانی عه‌ره‌بی هه‌موو نه‌ته‌وه و ئایین و پارچه و پارێزگا و چین و توێژه‌کان له زۆربه‌ی شاره‌کان و به‌تایبه‌ت له پێتهختهکانیاندا له سایه‌ی یارمه‌تی حکومه‌ته زلهێزه‌کانه‌وه هاتنه گۆڕه‌پانی خه‌بات، به‌ڵام کورد وه‌کوو نه‌ته‌وه‌یه‌کی ژێرده‌ست و سه‌رکوتکراو و دابڕاو و بێبه‌شکراو له نێو چوار حکومه‌تی دیکتاتۆردا هیج کاتێک ئه‌و ههلومهرجهو ده‌رفه‌ت و ئیمکاناته که وڵاته عه‌ره‌بییه‌کان که‌ڵکیان لێ گرتووه نه‌ی بووه، به داخه‌وه ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ته‌کان به‌رده‌وام سه‌رکوتیان کردووه. زۆر چالاکان و رۆشنبیرانی میلله‌ته‌کانی دیکه له نێو وڵات و ده‌ره‌وه‌ی وڵات یان بێ ده‌نگ بوون یان خراپتر له‌وه به به‌هانه‌ی جیابوونه‌وه‌ی کورد له سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی دیکتاتۆر پشتیوانی‌یان کردووه.
به گشتی جیهانبینی و روانگه‌ی حزبه‌کان له‌هه‌مبه‌ر داهاتووی پرسی کورد چۆن لێکده‌ده‌نه‌وه؟
عەبدوڵا سۆهرابی: بۆ وه‌ڵامدانه‌وه باشتره حیزبه‌کان به دوو گرووپ دابه‌ش بکه‌ین، گرووپی چه‌پ و گرووپی راست، گرووپی چه‌پ سه‌ره‌تا دژ به ناسیونالیزمی کوردی هاته مه‌یدان، به‌ڵام پاش شکستی بلووکی شه‌رق و ئۆردوگای کۆمۆنیستی زۆربه‌یان گه‌ڕانه‌وه بۆ ره‌وتی سوسیال دێموکراسی یان لیبراڵ دێموکراسی. له‌م پێناوه‌دا بۆ به‌ده‌ستهێنانی بیر‌و رای خه‌ڵک، ناسیونالیزمی کوردی یان ده‌ست پێ‌کرد. گرووپی راست هه‌ر له سه‌ره‌تاوه تا ئێستا ئاڵای ئازادی و دێموکراسی و ئازادی به‌ده‌سته‌وه گرتووه و داوای مافی نه‌ته‌وایه‌تی کردووه. ئاڵ‌و گۆڕی جیهانی و پێویستییه‌کان و ماف و داخوازییه‌کی میلله‌تی کورد نیشانی داوه ئه‌م ره‌وته سودمه‌ند و کارکردی خۆی له‌ده‌س نه‌داوه، به‌ڵام به‌و شه‌رته‌ی ناسیونالیزم بۆ فریوادانی خه‌ڵک نه‌بێ، به‌ڵکو رێگه‌یه‌ک بێ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی و به‌رزکردنه‌وه‌ی هه‌ست و ویستی نه‌ته‌وایه‌تی و دابینکردنی مافه ره‌واکان.
مشارکت سیاسی یان به واتایه‌کی دی، به‌شداری ژنان له پرۆسه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا و له نێو بزووتنه‌وه‌ی رووناکبیریدا چۆنه و ئایا بزووتنه‌وه‌ی ژنانی کورد تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه؟
عەبدوڵا سۆهرابی:بێگومان به‌شداری ژنان وه‌کوو نیوه‌ی له کۆمه‌ڵگا له هه‌ر شوینیکی جیهان گرینگی و رۆڵی خۆیان هه‌یه. بۆیه له هه‌ر وڵاتێک‌دا به‌شداریی ژنان له پرۆسه‌ی ئابووری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی زۆرتر بێت، ئه‌و وڵاته پێشکه‌وتووتره. به‌داخه‌وه له ئێران و کوردستانی ئێران به‌شداریی ژنان له پرۆسه‌ی سیاسی و رووناکبیری به نیسبه‌ت پیاوان زۆر که‌متره تا ئیستا ئایدۆلۆژی و کو‌لتوور و ره‌سم و یاسا به ژنان ئیجازه‌ی نه‌داوه به پێی پیوسیت و شان به شان پیاوان له مه‌یدانی سیاسی و کۆمه‌لایه‌تی و کۆمه‌ڵایه‌تی رۆلێ خۆی هه‌بێت. پێویسته بوترێ ئه‌مه به مانای له‌به‌رچاونه‌گرتن ی رۆڵ و به‌شداری ئه‌و ژنانه نیه که شێرانه له کوردستان یان به تایبه‌ت له ره‌وتی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز له ئێران‌دا شێرانه و بوێرانه و به‌وشیارییه‌وه به‌شدارییان کردوه.
بزووتنه‌وه‌ی رووناکبیری کورد وه‌ک سووژه‌یه‌ک بۆ راڤه و ته‌ئویلی بزووتنه‌وه‌ی کورد په‌رده‌وازه و نایه‌کانگیر، ئایا کۆمه‌ڵگای کوردی نوخبهکوژه یان هێشتا بزووتنه‌وه‌ی رووناکبیری کورد شکڵی به‌رینی به‌خۆوه نه‌گرتوه و له دۆخی نوخبه‌گه‌رایی خۆی دا ماوه‌ته‌وه، هۆکاره‌کانی نایهکانگیربوونی ئه‌م بزووتنه‌وه بۆ چ ده‌گه‌ڕێته‌وه؟ ئایا بزووتنه‌وه‌یه‌کی وامان هه‌یه؟
عەبدوڵا سۆهرابی: وتراوه له نیو ئه‌سنادی ده‌سته‌به‌ندی کراوی به‌ریتانیا سه‌نه‌دێک هه‌یه که سی تایبه‌تمه‌ندی بۆ کورد داناوه، یه‌که‌م: زۆر حه‌ساس بوون به نامووس، دووهه‌م شۆڕشگێڕی و سێهه‌م ریزنهگرتن و قه‌بوول نه‌کردنی نوخبه‌و رێبه‌ران. بێگومان زوڵم و زۆر و هێرش و پیشێل‌کردنی مافه‌کانی گه‌لی کورد سه‌ره‌ڕای خراپی و ناله‌باری ئه‌و سوودییه هه‌یه که کوردی سیاسی و ئازادیخواز و تا راده‌یه‌ک زۆر رووناکبیری بار هێناوه، رووناکبیری و هه‌ست و کولتووری له نێو کورددا که‌م نین، به‌ڵام پیویستی به مودیرییه‌ت و هاوئاهه‌نگی و یه‌کگرتووی هه‌یه.
وه‌ک پرسیاری کۆتایی، کاری رووناکبیری کورد له‌م دۆخه‌دا چیه؟
عەبدوڵا سۆهرابی: له‌م باروودۆخه‌دا کاری روناکبیری کورد، پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ دنیای عیلم و زانست له هه‌موو بواره‌کاندا و له گه‌ڵ هه‌موو ئه‌حزاب و ریکخراوه NGOکان و دام و ده‌زگا فه‌رمی و نافه‌رمییه‌کان و که‌سایه‌تییه عیلمی و سیاسی و کولتورییه‌کانه له پێناو و ئاکامی ئه‌م پیوه‌ندییانه ئه‌بێ گه‌ڵاڵه و پلان و ئیستراتێژی دریژخایه‌ن دابڕێژێ و بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌کان، ئیستراکچێر و به‌رنامه‌کانی دابنێ. به وته‌یه‌کی ترروناکبیری کورد ئه‌بی رۆڵی مێشکی بێ له جه‌سته‌ی مرۆڤدا، به‌و شه‌رته‌ی ئه‌ندامانی ئه‌و جه‌سته که له واقیعدا ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگای کورده‌واریی فه‌رمانه‌کانی به‌ڕێوه به‌رن. دوباره به‌و شه‌رته‌ی که مێشکه‌کان له‌سه‌ره‌وه بێت.
**** **** **** ****
پێشینه‌ی کار و چالاکی:
له سالی 1342 كوچی له گوندی پیرخیران له ناوچه‌ی كۆماسی مه‌ریوان هاتووته دونیا.
فه‌وق لیسانس مودیرییه‌ت
٢٨ ساڵ چالاکی له بواری كولتووری و راهێنان و رامیاری و... دا
نوێنه‌ری خه ڵكی مه‌ریوان له خولی شه شه‌می پارلمانی ئێران
ئه‌ندامی داهێنه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری فراکسیۆنی نوێنه‌رانی کوردی مه‌جلیسی
شه‌شه‌م
ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری به‌ره‌ی یه‌کگرتووی کورد
خاوه‌ن ئیمتیاز و به‌رپرسی حه‌وتوونامه‌ی داخراوی رۆژهه‌ڵات
چالاک له بواری رۆژنامه‌وانی و وێبلاگنووسیدا
زیندانی سیاسی له سه‌ره‌تای شۆرشی ئێران و پێنج جار دادگای سیاسی و مه‌تبوعاتی
ـ سه‌فه‌ر بۆ ٢٢ وڵاتی له ئه‌مریکای باشوور و ئورووپا و ئاسیا و چاوپێکه‌وتن و لێکۆڵینه‌وه له بواری کولتووری و ئابووری و رامیاری و به تایبه‌ت له نێو کۆمپانیا گه‌وره‌کانی نه‌وت و گاز له‌و وڵاتانه‌دا. وه‌کوو توتال، ئیستات ئوییل؛ ئینی؛ تات نیفت؛ شیل؛ ئارامكو؛ پتروناس، گاز پروم.