فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2022-10-07-18-42-43کوردستان و یەکگوتاری ناوماڵی کورد و کارکردن لەسەر پرۆژە و نەخشەرێگای هاوبەشی نەتەوەیی کرا. لە کۆتایی ئەم دیدارە دا باس لەسەر هاوکاری و هەماهەنگی زیاتری نێوان...
2022-08-27-08-29-54نرخاندووە. جێگەی ئاماژەیە کە نوێنەری کۆماریخوازان رۆڵی یەکێتی و دەوری حەکیمانەی سەرۆکی کۆچکردوو مام جەلال تاڵەبانی بەنیسبەت چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد لەسەر ئاستی کوردستانی گەورەدا...
2022-08-27-08-26-32پێکردبوو، وە سەربەرزانە بەئەنجام و ئاکامی هەنووکەیی گەیاندووە، بەرز و پیرۆز دەنرخێنێ. بزووتنەوەی کۆماریخوازان بە باوەڕی قوول و قایمی بە خەبات لە پێناو ئاشتی و هاوژینی...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

shorsh hachi

شۆڕش حاجی، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ كۆنگرەی نیشتمانی عێراق هیچی لێ شین نابێ بۆ چارەسەری تەنگژەی عێراق و " جگە لە موجامەلە هیچی نوێی پێ نابێ"، هەروەها دەڵێ كورد بۆ چارەسەری كێشەكانی لەگەڵ بەغدا پێویستە كارتی گوشارەكەی "دەستوور" بێ "نەك كشانەوە لە حكومەت".

نەوزاد مەحموود

رووداو -سلێمانی

رووداو: بەو عەقڵیەت و بیركردنەوەیەی ئێستا لە عێراقدا هەیە ئێوە چ هیوایەكتان بە كۆنگرەی نیشتمانی عێراق هەیە؟

شۆڕش حاجی: من واینابینم كۆنگرەی نیشتمانی ئەگەر سەریشبگرێ بكرێت هیچ ئەنجامێكی هەبێ، ئەو كۆنگرەیە هیچ مانایەكی نابێ ئەگەر هەموو لایەك بڕوا و مەبدەئی ئەوەیان لەلا دروستنەبێ كە پێویستە شەراكەتی راستەقینە بێتە ئاراوە. بەبێ ئەو زەمینەیە، كۆنگرەی نیشتمانی تەنیا موجامەلە دەبێ.

رووداو: پەرلەمانتارێكی عێراقی دەڵێ، دانیشتنی بارزانی و مالیكی چارەسەرە بۆ دۆخەكە؟

شۆڕش حاجی: كێشەی نێوان هەولێر و بەغدا بریتییە لە كۆمەڵێك كێشەی سەرەكی، دەبێ بە بەرنامەی داڕێژراو چارەسەر بكرێت ، خۆ ئەوە شەڕ و كێشەی عەشایەری نییە بە دانیشتنی دوو كەس چارەسەر ببن. بە بڕوای ئێمە چارەسەر تەنیا دەستوورە.

پێویستە كورد دەستوور بكاتە كارتی گوشار نەك كشانەوە لە حكومەت

رووداو: ئێستا ئامادەكاری دەكرێ بۆ كۆنگرەی نیشتمانی عێراق، بەڵام تا دێت گرژییەكانی نێوان شیعە و سوننە تۆختر دەبن، پەیوەندی نێوان مەسعود بارزانی و مالیكیش لە دوای پەیامەكەی بارزانی لە نەورۆز بەرەو خراپتر رۆیشتووە. پێتوایە لەسایەی ئەم گرژیانەدا كۆنگرە ئەنجامێكی هەبێ؟

شۆڕش حاجی: تائێستا ئیرادەی راستەقینە لە بەغدا بەدیناكرێ، كە هەموو لایەنەكان داواكاری بەرامبەر جێبەجێبكەن و بە دەستوور كێشەكان چارەسەر بكەن. هەموو لایەك باسی دەستوور دەكەن و كەسیش پێوەی پابەند نییە. ئەوانەی بڕیار بەدەستن، كۆك نین لەسەر شێوازی چارەسەر و هەرلایەك كە باسی گەڕانەوە بۆ دەستوور دەكات، خۆی ئامادەنییە بەپێی دەستوور كێشەكان چارەسەر ببن.

رووداو: پەیامەكەی بارزانی كۆدەنگی و هاوڕایی لایەنە كوردییەكانی بەدوای خۆیدا نەهێنا، بۆچی؟

شۆڕش حاجی: نوێنەری لایەنە سیاسییەكانی كورد لە بەغدا، وەك یەك بەشداریان لە پێكهێنانی حكومەت و بەرنامەی كاردا نییە، ئەمەش وایكردووە هەر رادەربڕین و گوتارێك كە بێتە ئاراوە، بەدڵی هەموو لایەك نەبێ. بۆیە دەبینین هەمووان كۆك نین لەسەر رادەربڕێنێك.

رووداو: واتە دەتەوێ بڵێی كورد لە دانانی بەرنامەدا بۆ كاری بەغدا پێكەوە نەبوون بۆیە لە هەڵوێستیش یەك نین؟

شۆڕش حاجی: دانیشتنێكی نیشتمانی و كوردستانی نەبووە بۆ داڕشتنی بەرنامەیەك بۆ كاری كورد لە بەغدا، بۆیە كاتێك بەرنامەیەكی لەوشێوەیە نەبێ و هەمووان تێیدا بەشدار نەبن، هەموو لایەك یەك هەڵوێست و یەك گوتار نابن.

دامەزراندنی دەستەیەك بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا بە پێویست دەزانین

رووداو: ئێوە وەك بزووتنەوەی گۆڕان چ بە پێویست دەزانن بۆ چارەسەری دۆخەكە؟

شۆڕش حاجی: جارێ ئێمە پێشنیازی دروستكردنی دەستەیەكمان كردووە بۆ ئەوەی لە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا بكۆڵێتەوە، ئەو دەستەیە جارێ كێشەكان دیاری بكات و نەخشەیەكی بۆ دابنێن، دواتر لەسەر بنەمای ئەو نەخشەیە چارەسەرەكان دیاری بكرێن. تائێستاش بە دواداچوون بۆ كێشەكان و چارەسەری كێشەكان، لەچوارچێوەی حیزبی تێنەپەڕیوەو نەتوانراوە دەستەیەكی نیشتمانی پێكبهێنرێ و دانیشتنەكان لە ژووری داخراو بهێنرێنە دەرەوە.

رووداو: تائێستا نوری مالیكی پەیوەندی بە ئێوە نەكردووە وەك فراكسیۆنی گۆڕان، تاوەكو رای ئێوە وەربگرێ لە چارەسەری كێشەكانی لەگەڵ هەولێر؟

شۆڕش حاجی: ئێمە هەر لەسەرەتاوە لەناو ئەو حكومەتە نەبووین و دوورخراوینەتەوە، بۆیە نە پەیوەندیمان پێوەكردووەو نە ئاگاشمان لەوەیە بەغدا و هەولێر لەسەر چی پێكهاتوون و لەسەر چیش كێشەیان هەیە. نازانین لەسەر چ پێگەیەك ئەو حكومەتە پێكهاتووەو هۆیەكانی داڕووخانی ئەو حكومەتە چین. ئێمە ئەمانە نازانین و كەسیش پەیوەندی بە ئێمەوە نەكردووە.

رووداو: گۆڕینی مالیكی، یان داوای گۆڕینی مالیكی، هیچی نوێ بەدوای خۆیدا دێنێ؟

شۆڕش حاجی: نازانین لەسەر چ بنچینەیەك پێویستە مالیكی بگۆڕێ، چونكە نازانین لەسەر چ بنچینەیەك كورد لەگەڵ مالیكی پێكهاتووە و ئێستا لەسەر چ بنچینەیەك داوای لابردنی دەكات.

رووداو: بەڵام بارزانی لە وتارەكەیدا روونیكردەوە لەبەرچی ئەو قسانە دەكات، گوتی داواكارییەكانی كورد و كێشە هەڵواسراوەكانی كورد یاری كات كوشتنیان لەگەڵ دەكرێت لەو حكومەتەدا، ئێوە ئاگاداری داواكارییەكانی كوردیش نین؟

شۆڕش حاجی: دەزانین داواكارییەكانی خەڵكی كوردستان چین، بەڵام هەندێك لەو داواكارییانەی خەڵكی كوردستان دەبێ لەنێو دەستوورەوە تەرجەمە بكرێن بۆ سەر ئەرزی واقیع، ئێمە ئەوانەمان بەدیكردووە و دەزانین.

كۆنگرەی نیشتمانی عێراق جگە لە موجامەلە هیچی نوێی پێ نابێ

رووداو: هەندێ بەرپرسی كورد دەڵێن ئەگەر كورد لە حكومەتی مالیكی بكشێتەوە حكومەتەكەی دەڕووخێ، ئەم قسەیە ناو بەناو لەگەڵ هەر قەیرانێك سەرهەڵدەداتەوە، بەڕای تۆ كارتی كشانەوەی كورد لە حكومەت هیچ كاریگەریەكی ماوە؟

شۆڕش حاجی: ئەو قسانەی دەكرێ لەوانەیە قسەی رۆژنامەكان بێ، ئەگەر حكومەت لەسەر ئەو بنەمایە دروستبووبێ، كە ئەگەر داواكاری كورد جێبەجێ نەكات، كورد دەكشێتەوەو دەیڕوخێنێ، نازانم ئێمە ئاگاداری مەرج و پێشمەرجی وانین. بۆیە من پێموایە ئەمە گۆڕینی دەموچاوە و هیچ لە دۆخەكە ناگۆڕێ. بەڵكو تەنیا چارەسەر بەرنامەیەكی نیشتمانییە كە كورد دایبنێ و پەرلەمانی كوردستان دیاری بكات كە داواكارییەكانی كورد چین و پێویستە كامیان لەپێشەوە جێبەجێ بكرێن.

رووداو: كەواتە كارتی كاریگەری كورد چییە ئێستا بەكاریبێنێ؟

شۆڕش حاجی: كورد دەتوانێ دەستوور بكاتە كارتی گوشار و بنچینە و بنەمای داواكارییەكانی، ئەو مافانە لە دەستووردا هەن و دەبێ بۆ دەستوور بگەڕێتەوە و هەر دەستووریش بكەین بەبنچینەی داخوازییەكانمان.

رووداو: كەواتە كشانەوە لە حكومەت بە كاریگەر نازانی؟

شۆڕش حاجی: مادام لەو حكومەتەدا بەشدار نین، نازانین كاریگەری چۆن دەبێ، بەڵام هەر ئەوەندە دەڵێم دەبێ بەپێی دەستوور كاربكەین. دەبێ كورد لەناوەوە متمانەی هەموو خەڵكی هەبێ بۆ ئەوەی بەهێز دەربكەوێ، دەبێ داواكارییەكانی داوای خەڵك بێ و خەڵكیش ئاگاداری ئەوەبێ تۆ لەسەرچی شەڕ دەكەی.

رووداو: پێشتر ئێوە دەتانگوت پێكەوەبوونی كورد لە بەغدا پەیوەستە بە پێكەوەبوونی كورد لە كوردستان، ئێستاش هەروا دەڵێن؟

شۆڕش حاجی: بۆچوونمان نەگۆڕاوەو پێمانوایە دەبێ كورد لەناوخۆ پێكەوەبن و كێشە ناوخۆییەكان نەمێنن، ئینجا دەتوانین لەبەغداش یەك هەڵوێست بین. چونكە پێكەوە بەستراون. لە بەغدا ناتوانی كارتی بەهێزمان هەبێ ئەگەر لەناوخۆ پێكەوە نەبین. بۆیە ئەگەر نێو ماڵی كورد باشتر نەكرێ، لەبەغداش ناتوانین یەك هەڵوێست بین.

نازانین ناكۆكی هەولێر و بەغدا لەسەر چییە

رووداو: زۆر قسە لەسەر ئەوە دەكرێ كە شێوازی كاركردنی بارزانی و تاڵەبانی لەبەغدا جیاوازن لەیەكتر، ئێوە دەڵێن چی؟

شۆڕش حاجی: لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە دید و بۆچوونی هاوبەشی كوردی نییە بۆ چارەسەر و مامەڵەی كورد لەگەڵ بەغدا.

رووداو: ئێوە دەڵێن دامەزراندنی دەستەیەك بەپێویست دەزانین بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا، لە كارنامەی كابینەی حەوتەمدا نێچیرڤان بارزانی باسی ئەوەیكرد، ئێوە بەشداری دەكەن لەو دەستەیەدا؟

شۆڕش حاجی: ئێمە بەردەوام باسی ئەو دەستەیەمان كردووە، چاوەڕێدەبین بزانین ئەو بەرنامەیە دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە یان نا، ئەگەر دەستەكە دامەزرا، پڕۆژەی ئێمەیە، كاتێك چووە پەرلەمان، بڕیار دەدەین بەشداری دەكەین یان نا.

رووداو: دەگوترێ مالیكی دەستی بەهەڵمەتێكی دووورخستنەوەی بەرپرسە سەربازییەكانی كورد كردووە لە بەغدا و ناو سوپای عێراقی، ئەوانە تاچەند راستن؟

شۆڕش حاجی: ئەوەم لە راگەیاندنەوە بیستووە.

رووداو: ئەگەر ئەم كێشانەی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامبن، بەڕای تۆ شەڕەكە ناگاتە ئاستی بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن عێراقەوە؟

شۆڕش حاجی: دەبێ ئەم كێشانە چارەسەر بكرێن، ئەگەر چارەسەر نەكرێن زۆر خراپە و رۆژ لەدوای رۆژ گەورە دەبن و كەڵەكە دەبن، ئەوكات لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و عێراقیش نابێ. بەڵام ئەگەر بگاتە مەسەلەی شەڕی بودجە، بێگومان ئەوكات ئێمە لە لیژنەی دارایین و هەڵوێستمان دەبێ.

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان