فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2022-10-07-18-42-43کوردستان و یەکگوتاری ناوماڵی کورد و کارکردن لەسەر پرۆژە و نەخشەرێگای هاوبەشی نەتەوەیی کرا. لە کۆتایی ئەم دیدارە دا باس لەسەر هاوکاری و هەماهەنگی زیاتری نێوان...
2022-08-27-08-29-54نرخاندووە. جێگەی ئاماژەیە کە نوێنەری کۆماریخوازان رۆڵی یەکێتی و دەوری حەکیمانەی سەرۆکی کۆچکردوو مام جەلال تاڵەبانی بەنیسبەت چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد لەسەر ئاستی کوردستانی گەورەدا...
2022-08-27-08-26-32پێکردبوو، وە سەربەرزانە بەئەنجام و ئاکامی هەنووکەیی گەیاندووە، بەرز و پیرۆز دەنرخێنێ. بزووتنەوەی کۆماریخوازان بە باوەڕی قوول و قایمی بە خەبات لە پێناو ئاشتی و هاوژینی...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

بۆچی سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاشdemirtash 192277986

ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وپێش لێپرسراوێکی پایه‌بڵند له‌ ئه‌نقه‌ره‌ رایگه‌یاند حکومه‌ت په‌یڕه‌وی له‌ ستراتژییه‌کی نوێ له‌مه‌ڕ کوردان ده‌کا. له‌ پێناو ئه‌مه‌دا سه‌ر له‌نوێ چاوپێکه‌وتنه‌کان ده‌ست پێ ده‌که‌نه‌وه‌! به‌ڵام جیاوازی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مجاره‌یان له‌ گه‌ڵ ئیمراڵی و په‌که‌که‌ چاوپێکه‌وتن ئه‌نجام نادرێ. له‌مه‌وبه‌دوا، کێشه‌که‌ له‌ گه‌ڵ پێکهاته‌ سیاسییه‌کان تاوتوێ ده‌کرێ. وه‌زیره‌کانی حکومه‌ت ئاگایان له‌م ستراتژییه‌ نوێیه‌ نه‌بوو، به‌ڵام سه‌رۆک وه‌زیر له‌ فڕۆکه‌دا کاتێک ده‌چوو بۆ کۆریا، بوونی وه‌ها ستراتژییه‌کی بۆ کۆمه‌ڵێک رۆژنامه‌نووس پشت راست کرده‌وه‌ و له‌ پێناو وتوێژدا بانگه‌وازی ئاڕاسته‌ی پارتی ئاشتی و دیموکراسی (به‌ده‌په‌) کرد. به‌ده‌په‌ له‌ وڵامی ئه‌م بانگه‌وازه‌دا، رایگه‌یاند بۆ وتوێژ و چاوپێکه‌وتن ئاماده‌م به‌ڵام... ئه‌ی پاشان چی رووی دا؟ گه‌لۆ وڵامێک له‌ حکومه‌ته‌وه‌ بۆ به‌ده‌په‌ هات؟ ئه‌گه‌ر به‌ده‌په‌ له‌ گه‌ڵ حکومه‌ت دابنیشێ، داوای چی له‌ حکومه‌ت ده‌کا؟ وتوێژه‌کان له‌ چ هه‌لومه‌رجێکدا به‌رده‌وام ده‌بن؟ به‌ده‌په‌، چی به‌ ئیمڕالی و قه‌ندیل ده‌ڵێ؟ ئایا به‌ده‌په‌ پلانێکی ئاشتی به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌؟ حکومه‌ت چاوه‌ڕوانی چۆن چاره‌سه‌رییه‌که‌؟ ئیمڕاڵی چۆن چاره‌سه‌رییه‌کی ده‌وێ؟ قه‌ندیل ده‌ڵێ چی؟ ئاخۆ ئه‌گه‌ر خاکێک به‌ په‌که‌که‌ نه‌درێ که‌ خۆی به‌ڕێوه‌به‌ری بێ، مل بۆ ئاشتی ده‌نێ؟ قه‌ندیل، گوێ بۆ‌ ئۆجه‌لان ده‌گرێ؟ له‌ سیلڤان بۆچی گوێی پێنه‌دا؟ له‌ پێڤاژۆی چاوپێکه‌وتنه‌کانی ئۆسلۆدا چ شتێک رووی دا؟ له‌ روانگه‌ی به‌ده‌په‌وه‌، دانوستانه‌کانی ده‌وڵه‌ت له‌ گه‌ڵ ئیمڕالی، په‌که‌که‌ و که‌جه‌که‌ بۆچی و چۆن و که‌ی کۆتاییان پێ هات؟ ئاخۆ په‌که‌که‌ ئاماده‌یه‌ چه‌که‌کان بێده‌نگ بکا؟ ئه‌ی حکومه‌ت له‌ پێناو بێده‌نگ کردنی چه‌که‌کان چه‌ند ئاماده‌یه‌؟ کورده‌کان چۆن ستاتۆیه‌کی سیاسیان گه‌ره‌که‌؟ سنوری جوگرافیایی هه‌رێمه‌کانی خۆسه‌ر چۆن دیاری ده‌کرێن؟ چ روداوگه‌لێک چاوه‌ڕوانی تورکیایه‌ک ده‌که‌ن که‌ کێشه‌ی کوردی چاره‌سه‌ر نه‌کردبێ؟ کوردستان چۆن داده‌مه‌زرێ؟ سه‌رجه‌م ئه‌م پرسیاره‌ گرنگانه‌ی په‌یوه‌ندیدار به‌ پرسی کورد و تورکیامان ئاڕاسته‌ی هاوسه‌رۆکی گشتی به‌ده‌په‌، سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش کرد. وڵامی زۆر روون، زۆر سه‌رنج راکێش و جێگه‌ی مشتومڕمان ده‌ست که‌وت.

سازدانی: نه‌شه‌ دوزه‌ل – رۆژنامه‌ی ته‌ڕه‌ف

له‌ تورکیه‌وه‌: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

نه‌شه‌ دوزه‌ل: پاش ئه‌وه‌ی سه‌رۆک وه‌زیر {ئه‌ردۆغان} ستراتیژی نوێی کوردی راگه‌یاند و گوتی له‌ مه‌ڕ پرسی کورد له‌ گه‌ڵ پارته‌ سیاسیه‌کان دانوستان ده‌که‌ن، ئێوه‌ راتانگه‌یاند بۆ ئه‌نجامدانی دانوستان ئاماده‌ن. ئایا حکومه‌ت وڵامی ئه‌و لێدوانه‌ی ئێوه‌ی دایه‌وه‌؟

سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش: نه‌خێر، وڵامی نه‌داوه‌ته‌وه‌. سه‌رۆک وه‌زیر، وه‌ک دوا قسه‌ گوتیشی "ئه‌گه‌ر هاوسه‌رۆکه‌کان به‌ ئیراده‌ی خۆیان بڕیار بده‌ن، چاوپێکه‌وتنیان له‌ گه‌ڵ ئه‌نجام ده‌ده‌ین، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ گه‌ڵیان دانانیشین." زۆر سه‌رنج راکێشه‌! سه‌رۆک وه‌زیر ده‌ڵێ "ئه‌گه‌ر ئیراده‌ و هێزی بڕیاردانتان نه‌بێ و نه‌توانن له‌ سه‌ر بڕیارێک کۆک بن، بۆ ده‌بێ چاوپێکه‌وتنتان له‌ گه‌ڵ ئه‌نجام بده‌م؟"

به‌ڕای ئێوه‌ ده‌یه‌وێ بڵێ چی؟ سه‌رۆک وه‌زیر گوتی "له‌ گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه‌ دانوستان ده‌که‌ین که‌ له‌ رێکخراوێکی تیرۆریستیه‌وه‌ فه‌رمانی پێ نه‌درێ و خاوه‌ن ئیراده‌ بێ".

له‌ ڕاستیدا ئه‌گه‌ر مه‌به‌سته‌کانی پشت ئه‌م دێڕانه‌ بخوێنینه‌وه‌، سه‌رۆک وه‌زیر ده‌ڵێ "ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی ده‌مه‌وێ قسه‌ی له‌ سه‌ر بکه‌م، چه‌که‌". ئه‌گینا گه‌ر سه‌رۆک وه‌زیر ده‌یه‌وێ له‌ سه‌ر پرسی کورد گفتوگۆ بکا، ده‌توانێ له‌ گه‌ڵ به‌ده‌په‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌موو شتێک قسه‌ بکا.

هه‌موو شتێک وه‌ک چی؟

په‌روه‌رده‌ به‌ زمانی زگماکی، ده‌ستووری نوێ، شارۆمه‌ندی ده‌ستوری، گۆڕانکارییه‌کانی ده‌ستوور و تاد. سه‌باره‌ت به‌ هه‌موو ئه‌م مژارانه‌، خاوه‌نی ئیراده‌ی خۆمانین و هێزی بڕیاردانیشمان هه‌یه‌. به‌ڵام ده‌ردی سه‌رۆک وه‌زیر، ماف و ئازادی کورد نییه‌! بۆیه‌ ده‌ڵێ "له‌ گه‌ڵ به‌ده‌په‌ سه‌باره‌ت به‌ چی قسه‌ بکه‌م؟ ئه‌وان هێزی بڕیاردان و ده‌سته‌ڵاتیان نییه‌." چونکه‌ ئه‌و به‌رده‌وام ده‌یه‌وێ له‌ سه‌ر چه‌ک قسه‌ بکا. له‌ مێشکی ئه‌و دا، سه‌باره‌ت به‌ پرسی کورد ته‌نیا چه‌ک بوونی هه‌یه‌!

ئێوه‌ وڵامی بانگه‌وازه‌که‌تان دایه‌وه‌ و گوتتان "بۆ دانوستان ئاماده‌ین"، چاوه‌ڕوانی چۆن وڵامێکن له‌ لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌؟

پێموانییه‌ وڵام بده‌نه‌وه‌.

ئه‌گه‌ر حکومه‌ت له‌ گه‌ڵ ئێوه‌ له‌ سه‌ر مێزی دانوستان دابنیشێ، له‌ چ هه‌لومه‌رجێکدا درێژه‌ به‌ دانوستانه‌کان ده‌ده‌ن؟

مه‌رجی سه‌ره‌کیمان ئه‌وه‌یه‌ دانوستانه‌کان راشکاوانه‌ و شه‌فاف بن. دوای هه‌ر دیدارێک، رای گشتی له‌ ناوه‌ڕۆکی چاوپێکه‌وتنه‌که‌ ئاگادار بکرێته‌وه‌. ده‌بێ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ روون بکرێنه‌وه‌ که‌ ئێمه‌ چیمان گوتوه‌، قسه‌ی ئه‌وان چی بوه‌ و ده‌ستکه‌وته‌کانی ئه‌و چاوپێکه‌وتنه‌ چی بووه‌. مه‌رجی دووهه‌ممان ئه‌وه‌یه‌ دوای هه‌ر چاوپێکه‌وتنێک، حکومه‌ت هه‌نگاوی پراتیکی و به‌رچاو به‌رز بکاته‌وه‌.

تێنه‌گه‌یشتم...

سه‌باره‌ت به‌ پێڤاژۆی دانوستان، ته‌نیا‌ به‌رزکردنه‌وه‌ی هه‌نگاوی به‌رچاو و دیار متمانه‌ به‌ لایه‌نه‌کان ده‌دا و ته‌نیا له‌م حاڵه‌ته‌دا، ده‌کرێ که‌شوهه‌وای بێ پێکدادان بخوڵقێ. له‌ ژێر سایه‌ی که‌شوهه‌وایه‌کی ئارامیشدا، دانوستانه‌کان زیاتر پێش ده‌که‌ون. یانی دوو پێڤاژۆ هاوکات یه‌کتری ته‌واو ده‌که‌ن. بڕوانن... به‌ هۆی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی دژ به‌ کۆما جڤاکێن کوردستان (که‌جه‌که‌) و گوشاری سه‌ر چاپه‌مه‌نی، هه‌نووکه‌ هه‌لومه‌رجی سیاسی ژه‌هراوی کراوه‌. حزبێک که‌ حه‌وت هه‌زار ئه‌ندام، نوێنه‌ر و سه‌رۆک شاره‌وانی له‌ گرتووخانه‌کان دایه‌، بۆ ئه‌وه‌ی په‌یامی خۆی به‌ شێوه‌یه‌کی تۆکمه‌ له‌ رێگه‌ی که‌ناڵه‌ سیاسی و دیموکراتیکه‌کانه‌وه‌ رابگه‌یه‌نێ، ئه‌شێ به‌ هێز بێ. که‌واته‌،‌ هه‌ندێک گۆڕانکاری ده‌ستووری و به‌ تایبه‌ت یاسای تێکۆشان دژی تیرۆر پێویستن‌.

واته‌ یه‌کێکی تر له‌ مه‌رجه‌کانتان، گۆڕینی بنکه‌ی دژی تیرۆر و به‌ردانی گیراوانی دۆزی که‌جه‌که‌یه‌؟

به‌ڵێ. له‌ سه‌ر مێزی دیالۆگ له‌ گه‌ڵ حکومه‌ت، ئه‌م مژارانه‌ ده‌خه‌ینه‌ به‌ر باس. ده‌مانه‌وێ له‌مڕوه‌وه‌ هه‌نگاو به‌رز بکرێنه‌وه‌. به‌ندکراوانی که‌جه‌که‌ ئازاد بکرێن و چاوخشاندنه‌وه‌یه‌ک ئه‌نجام بدرێ. چونکه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌نگاوانه‌ نه‌نرێن، شانسی چاوپێکه‌وتنیش له‌ ئارا دا نامێنێ. به‌ده‌په‌، حزبێکه‌ رۆژانه‌ ئه‌ندامانی قۆڵبه‌ست ده‌کرێن. بگره‌ هیچ گه‌ره‌نتیه‌ک نیه‌ که‌ من نه‌گیرێم. ته‌نانه‌ت نوێنه‌ری ئێمه‌ بۆ کۆمیسیۆنی ده‌ستوری بنه‌ڕه‌تی قۆڵبه‌ست کرا. بۆ ئه‌وه‌ی کێشه‌ی هه‌ره‌ سه‌ره‌کی سه‌دساڵی دوایی تورکیا چاره‌سه‌ر بکرێ، ئیتر پێویسته‌ هه‌نگاوی پراتیکی بنرێن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت و حکومه‌ت هه‌نگاو نه‌نێ...

چ روو ده‌دا؟

به‌ڵام ئه‌گه‌ر حکومه‌ت هه‌نگاو نه‌نێ، له‌ لایه‌که‌وه‌ ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی و شه‌پۆلی قۆڵبه‌ست کردنی ئه‌ندامانی که‌جه‌که‌ به‌رده‌وام ده‌بێ و له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌ به‌ده‌په‌ بگوترێ "من هه‌مدیس له‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ی چه‌ک قسه‌ت له‌ گه‌ڵ ده‌که‌م"، له‌ راستیدا ئه‌مه‌ دێته‌ ئه‌و واتایه‌ی که‌ حکومه‌ت نیازی چاوپێکه‌وتن و دانوستانی نییه‌. له‌ گه‌ڵ ئه‌مه‌دا، یه‌که‌م چاوه‌ڕوانی ئێمه‌ له‌ ده‌ست پێکردنی دانوستانه‌کاندا بێده‌نگ کردنی چه‌که‌کانه‌.

چه‌که‌کان چۆن بێده‌نگ ده‌کرێن؟

چه‌که‌کان پێویسته‌ دوو لایه‌نه‌ بێده‌نگ بکرێن و پێویسته‌ حکومه‌تیش له‌ پێناو ئه‌مه‌دا، تێبکۆشێ. ده‌بێ حکومه‌ت ئۆپه‌ڕاسیۆنه‌کان رابگرێ. په‌که‌که‌ش ده‌بێ ئاگربه‌ست رابگه‌یه‌نێ. سه‌ره‌تا ده‌بێ پێشخانێکی ئاوا دابمه‌زرێ. ئه‌گه‌ر پێشخانێکی ئاوا دروست نه‌بێ، له‌ گفتوگۆ سه‌ره‌کییه‌کانماندا تووشی ئاسته‌نگی ده‌بین! پارتی دادو گه‌شه‌پێدان (ئاکه‌په‌) ده‌ڵێ "له‌ گه‌ڵ تیرۆر دانانیشم"، به‌ڵام بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ و نیو تا سێ ساڵ له‌ ئیمڕالی و ئۆسلۆ دانوستانی ئه‌نجامدا. ئه‌وده‌میش سه‌رۆک وه‌زیر ده‌یگووت "له‌ گه‌ڵ تیرۆر دانانیشم". له‌م روانگه‌وه‌، پێموانییه‌ دانوستانه‌کان به‌ یه‌کجاری کۆتاییان پێ هاتبێ.

دانوستانه‌کان له‌ گه‌ڵ په‌که‌که‌ درێژه‌یان ده‌بێ؟

بڕوا ناکه‌م، به‌ڵام ناشێ بگوترێ "ئیتر جارێکی دیکه‌ چاوپێکه‌وتن له‌ نێوان په‌که‌که‌ و ده‌وڵه‌تدا ئه‌نجام نادرێ". ئه‌گه‌ر هه‌لومه‌رج بلوێ و قه‌ناعه‌تی دانوستان پێش بکه‌وێ، بۆی هه‌یه‌ سه‌رله‌نوێ چاوپێکه‌وتنه‌کان ده‌ست پێ بکه‌نه‌وه‌. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، به‌ده‌په‌ ده‌توانێ رۆڵ بلیزێ. با به‌مجۆره‌ شی بکه‌مه‌وه‌... بڵا حکومه‌ت قورسایی سیاسی کێشه‌ی کورد له‌ گه‌ڵ ئێمه‌ تاوتوێ بکا. ئێمه‌، به‌رده‌نگی سیاسی کێشه‌که‌ین. ئێمه‌ له‌مڕوه‌وه‌ ده‌نگ، پشتیوانی و ده‌سه‌ڵاتمان له‌ ده‌نگده‌ران وه‌رگرتوه‌. مه‌شڕوعیه‌تمان هه‌یه‌. ئێمه‌...

به‌ڵێ...

ئێمه‌ پڕۆژه‌، به‌رنامه‌ی زه‌مه‌نی و پێشنیاری چاره‌سه‌ریمان هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ماف و ئازادییه‌کانی گه‌لی کورد به‌ چ شێوه‌یه‌ک له‌ ده‌ستوری بنه‌ڕه‌تی و له‌ ئاستی یاسا ئیدارییه‌کان گه‌ره‌نتی بکرێن و کێشه‌ی یه‌کسانی چۆن چاره‌سه‌ر بکرێ. حکومه‌ت، له‌ مژاره‌ سیاسیه‌کاندا زۆر به‌ ئاسانی ده‌توانێ گفتوگۆمان له‌ گه‌ڵ بکا.

حکومه‌ت چ شتێک له‌ گه‌ڵ ئێوه‌دا ناتوانێ بخاته‌ به‌ر باس؟

سه‌باره‌ت به‌ چه‌ک و ئاگربه‌ست ناتوانێ راسته‌وخۆ له‌ گه‌ڵ ئێمه‌ چاوپێکه‌وتن ئه‌نجام بدا: سه‌رۆک وه‌زیر زۆر باش ده‌زانێ ئێمه‌ له‌م روه‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتمان نییه‌. ئێمه‌ راسته‌وخۆ ناتوانین له‌ سه‌ر چه‌که‌کان بڕیار بده‌ین. ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌کان قه‌بوڵیان بێ، ئه‌وا ده‌توانین سه‌باره‌ت به‌ مه‌سه‌له‌ی چه‌ک، رۆڵی ناوبژیوانی بگێڕین. به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وانه‌ش، سه‌رۆک وه‌زیر ده‌یه‌وێ له‌ گه‌ڵ ئێمه‌دا مه‌سه‌له‌ی چه‌ک بخاته‌ گفتوگۆ! پاشان دێ و ده‌پرسێ "ئه‌گه‌ر له‌مڕوه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی بڕیاردانتان نییه‌، من بۆچی له‌ گه‌ڵ ئێوه‌ دابنیشم؟"

ئه‌ی وڵامی ئێوه‌ چیه‌؟

ئێمه‌ش ده‌ڵێین "ئاخۆ ده‌ردی تۆ ته‌نیا چه‌که‌؟ ئه‌ی ماف و ئازادییه‌کانی کورد چییان به‌سه‌ر دێ؟ وه‌ره‌ با قسه‌ له‌ سه‌ر ئه‌مانه‌ بکه‌ین". چونکه‌ پرسی سه‌ره‌کی، کێشه‌ی کورده‌. مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌کی، کێشه‌ی په‌که‌که‌ نییه‌! ئێمه‌ له‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌ته‌کانی پارتیمان و ئه‌و ده‌نگانه‌ی پێمان دراوه‌، په‌یوه‌ندیدار به‌ مافه‌کانی گه‌لی کورد توانای هه‌ر چه‌شنه‌ بڕیارێکمان هه‌یه‌، به‌ڵام بڕیاردان له‌ سه‌ر چه‌ک، له‌ توانای ئێمه‌ به‌ده‌ره‌. سه‌رۆک وه‌زیریش ئه‌مه‌ ده‌زانێ. ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ی له‌ ئێمه‌ی گه‌ره‌که‌، په‌یوه‌ندی به‌ چه‌که‌وه‌ هه‌یه‌، ده‌توانێ له‌ شوێنێکی تر چاوپێکه‌وتن ئه‌نجام بدا.

له‌ کوێ؟

له‌ گه‌ڵ په‌که‌که‌ و ئۆجه‌لان چاوپێکه‌وتن ئه‌نجام بدا.

ئه‌ی باشه‌ بۆ مه‌سه‌له‌ی وازهێنان له‌ چه‌ک و دابه‌زین له‌ چیاکان، پێویسته‌ له‌ گه‌ڵ قه‌ندیل چاوپێکه‌وتن ئه‌نجام بدرێ یان له‌ گه‌ڵ ئۆجه‌لان دا؟

پێویسته‌ له‌ گه‌ڵ هه‌ردووکیان چاوپێکه‌وتن ئه‌نجام بدرێ. ئه‌گه‌ر یه‌کێک له‌و لایه‌نانه‌ به‌شداری پێڤاژۆکه‌ نه‌کرێ، ئه‌وا کاروباره‌کان سه‌قامگیر نابن. به‌ڵام قسه‌ی دوایی له‌ بڕیاری کۆتایی په‌که‌که‌دا، ئۆجه‌لان ده‌یکا. پێویست حکومه‌ت بڵێ "ئه‌گه‌ر لایه‌نی به‌رامبه‌ر ئاگربه‌ست رابگه‌یه‌نێ، منیش ئۆپه‌ڕاسیۆنه‌کان راده‌گرم."

به‌ڕای ئێوه‌ حکومه‌ت ئه‌م مه‌رجانه‌تان په‌سند ده‌کا؟

باس له‌ مافی گه‌لێکی بیست میلیۆنی ده‌کرێ. ئه‌م مه‌رجانه‌ چین؟ هێشتا ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای رێگه‌یه‌! ئه‌گه‌ر حکومه‌ت ته‌نانه‌ت له‌ شێوازدا، نیازی هه‌نگاونان و کرانه‌وه‌ی نه‌بێ... مینه‌کانی به‌رده‌م چاوپێکه‌وتن خاوێن نه‌کاته‌وه‌... جا سه‌باره‌ت به‌ مافه‌کانی کورد، له‌ گه‌ڵیاندا باسی چی بکه‌ین؟ له‌ڕوانگه‌ی حکومه‌ته‌وه‌، ئه‌و بابه‌ته‌ زۆر قورستره‌.

ئایا پێتان وایه‌ حکومه‌تیش له‌ به‌رامبه‌ردا مه‌رجی ده‌بێ؟

بۆ ئه‌وه‌ی رای گشتی پشتیوانی بکا، بێگومان مه‌رجی ده‌بێ. ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێ گوێمان له‌ شه‌رت و مه‌رجه‌کانی ئه‌و بێ.

باشه‌ دوابه‌دوایی ئه‌م لێدوانانه‌ی هه‌ر دوو لا، له‌ لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌ چاوپێکه‌وتنی نافه‌رمی له‌ گه‌ڵ که‌س ئه‌نجام دراوه‌؟

نه‌خێر. نه‌ چاوپێکه‌تنێکی راسته‌وخۆ ئه‌نجام دراوه‌ و نه‌ په‌یامێکمان پێ گه‌یشتووه‌.

ئه‌گه‌ر دانوستانه‌کان ده‌ست پێ بکه‌ن، چاوتان به‌ ئیمرالی یان قه‌ندیل ده‌که‌وێ، هیچیان پێ ده‌ڵێن؟ یاخود ته‌نیا گوێیان لێ ده‌گرن و قسه‌کانیان به‌ حکومه‌ت راده‌گه‌یه‌نن؟

نه‌خێر. ئێمه‌ له‌م نێوانه‌دا، ته‌نیا نابینه‌ که‌ناڵی په‌یوه‌ندی، به‌ڵکو هه‌وڵ ده‌ده‌ین هه‌ر دوو لایه‌ن، بکه‌ونه‌ پۆزۆسیۆنێکه‌وه‌ چاره‌سه‌ری به‌ دواوه‌ بێ. به‌ڵام سه‌ره‌تا پێویسته‌ متمانه‌مان به‌ قۆناغه‌که‌ بێ. چونکه‌ ته‌نیا له‌ وه‌ها دۆخێکدا، ده‌توانین قه‌ناعه‌ت به‌وان بێنین متمانه‌ به‌م قۆناغه‌ بکه‌ن. سه‌یر که‌ن... ئه‌مه‌ خاڵێکی زۆر گرنگه‌. هه‌ر دوو لایه‌ن به‌شێوه‌یه‌ک هه‌ڵسوکه‌وت نه‌که‌ن که‌ پێشتر چاوپێکه‌وتنێک ئه‌نجام نه‌دراوه‌ گه‌یشتبێته‌ بن به‌ست‌.

چۆن هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ن؟

دانوستانه‌کانی رابردوو، بۆ هه‌ردوو لا به نرخ بوو. دواجار هه‌م ئۆجه‌لان و هه‌میش په‌که‌که‌ له‌‌ چاوپێکه‌وتنه‌کاندا، به‌ ئیراده‌ی سیاسی زۆر بێ متمانه‌ن. هه‌ردووکیان بڕوایان به‌و لێژنه‌یه‌ هه‌بوو که‌ چاوپێکه‌وتنه‌کانی به‌ڕێوه‌ ده‌برد، به‌ڵام بڕوایان به‌ حکومه‌ت نه‌بوو. چونکه‌ حکومه‌ت له‌ ره‌وتی چاوپێکه‌وتنه‌کانی ئه‌و لێژنه‌یه‌ له‌ گه‌ڵ ئیمڕالی، په‌که‌که‌ و که‌جه‌که‌ هیچکات ئیراده‌یه‌کی سیاسی به‌هێزی نیشان نه‌دا.

ئایا ناهه‌قی ناکه‌ن؟ ساڵی رابردوو، دروست به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان، کاسێتی تۆمارکراوی چاوپێکه‌وتنی لێژنه‌ی راسپێردراوی حکومه‌ت واته‌ ده‌زگای هه‌واڵگری تورکیا (میت) له‌ گه‌ڵ په‌که‌که‌ له‌ ئۆسلۆ دزه‌ی کرده‌ ده‌ره‌وه‌... حکومه‌ت سه‌رجه‌م ئه‌مانه‌ی گرته‌ ئه‌ستۆ.

بڕوانن... ئه‌وه‌ی راستی بێ پێڤاژۆی ئۆسلۆ به‌مجۆره‌ رۆیشته‌ پێش. ئه‌و لێژنه‌یه‌ی له‌ لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی دانوستانی پێدرابوو، له‌ کاتی ئاماده‌بوونی پرۆتۆکۆلدا، له‌ گه‌ڵ حکومه‌ت چاوپێکه‌وتن و راوێژی ئه‌نجام دا! پاش ئه‌وه‌ی پرۆتۆکۆل حازر بوو و حه‌واڵه‌ی دوای هه‌ڵبژاردنه‌کان کرا، حکومه‌ت به‌ جۆرێک هه‌ڵسوکه‌وتی کرد وه‌ک بڵێی ئه‌م پرۆتۆکۆلانه‌ به‌ هیچ جۆرێک بوونیان نییه‌ و ئه‌مانه‌ ته‌نیا بیرۆکه‌ی ئۆجه‌لانن و ئه‌و خۆی له‌ سه‌ر کاغه‌ز هه‌ندێ شتی نووسیوه‌.

که‌وابێ بۆ دانیشتن له‌ گه‌ڵ حکومه‌ت مه‌رجێکی دیکه‌شتان هه‌یه‌؟ ئایا به‌ حکومه‌ت ده‌ڵێن "با له‌و شوێنه‌وه‌ ده‌ست پێ بکه‌ین که‌ پێڤاژۆی ئۆسلۆ راوه‌ستا"؟ له‌و شوێنه‌وه‌ ده‌ست پێده‌که‌ن که‌ پێتان وایه‌ وه‌ستێنراوه‌؟

ئێمه‌ وا ناڵێین به‌ڵام هیوادارم ئۆجه‌لان و په‌که‌که‌ وا بڵێن. ئێمه‌ ئه‌و کات له‌ نێو دانوستانه‌کاندا نه‌بووین. ئه‌وان ده‌ڵێن "بۆ ئه‌وه‌ی به‌م پرۆتۆکۆلانه‌ بگه‌ین، دوو سێ ساڵ چاوپێکه‌وتنمان ئه‌نجام دا و گفتوگۆمان کرد. له‌مڕوه‌وه‌ قسه‌کانمان بوون به‌ ده‌قێکی نووسراو. لێژنه‌که‌ ئه‌وانه‌ی برده‌ کن حکومه‌ت و حکومه‌تیش ره‌تی کردنه‌وه‌". چونکه‌ پرۆتۆکۆل، پێڤاژۆیه‌ک پێناسه‌ ده‌کا و ئه‌نجامه‌که‌ی چه‌ک کردنه‌. بۆیه‌ ده‌رباره‌ی پرۆتۆکۆلێک که‌ قه‌ندیلیش دانی پێدا نابێ، چاوه‌ڕوانی وڵامێک له‌ حکومه‌ت ده‌کرێ.

به‌ڵام خۆ پێڤاژۆی ئۆسلۆ و ئه‌و پڕۆتۆکۆلانه‌ی له‌ ئه‌نجامی ئه‌و دا هاتنه‌ ئاراوه‌، ته‌نیا وازهێنان له‌ چه‌ک نه‌بوو. له‌ په‌روه‌رده‌ به‌ زمانی زگماکیه‌وه‌ بگره‌ تا ماف و ئازادییه‌کانی کوردان له‌و پڕۆتۆکۆلانه‌دا گونجێنرابوون. ئه‌گه‌ر له‌و پڕۆتۆکۆلانه‌وه‌ پاشه‌کشه‌ نه‌کرێ، ئێوه‌ له‌ گه‌ڵ حکومه‌ت له‌ سه‌ر چ شتێک دانوستان ئه‌نجام ده‌ده‌ن؟

ده‌مه‌وێ بپرسم ئه‌م پڕۆتۆکۆله‌ بۆچی هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌؟ حکومه‌ت ده‌بێ به‌شێوه‌یه‌کی فه‌رمی هۆکاری ره‌ت کردنه‌وه‌ی پڕۆتۆکۆله‌کان به‌ ڕای گشتی رابگه‌یه‌نێ. ئیتر پێویسته‌ حکومه‌ت له‌ سه‌ر ئه‌م پڕۆتۆکۆلانه‌ گفتوگۆ بکا. ده‌بێ بڵێ "فڵان ماده‌ په‌سند ده‌که‌م و فیسار ماده‌ی ره‌ت ده‌که‌مه‌وه‌". پێویسته‌ بڵێ "بناغه‌ی دیالۆگی ئێمه‌ له‌ گه‌ڵ په‌که‌که‌ و ئۆجه‌لان، ئه‌م پڕۆتۆکۆله‌یه‌"!

ئێوه‌ ده‌ڵێن ئۆجه‌لان و په‌که‌که‌ وه‌ک یه‌ک جه‌سته‌ هه‌ڵسوکه‌وتیان کردوه‌، به‌ڵام گۆیا به‌م شێوه‌یه‌ نه‌بوو. ئه‌و ده‌مه‌ی ئۆجه‌لان گوتی "هه‌موو شتێک باش ده‌ڕواته‌ پێش، شه‌ڕی شۆڕشگێڕی گه‌ل پێویست ناکا‌"، قه‌ندیل گوێی به‌ راسپارده‌کانی ئۆجه‌لان نه‌دا و ته‌واو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ جوڵایه‌وه‌. له‌ سه‌ر مێزی دیالۆگ هه‌ستا و هێرشی "سیلڤان"ی ئه‌نجام دا.

ئه‌مه‌ دووره‌ له‌ راستیه‌وه‌! ئێمه‌ ده‌زانین قۆناغه‌که‌ به‌مجۆره‌ نه‌ڕۆیشته‌ پێش. ئه‌وکات ده‌ستێوه‌ردانێکی گه‌وره‌ کرا. حکومه‌ت به‌ گوتنی "سه‌یر که‌ن من خه‌ریک بووم ئاشت ده‌بوومه‌وه‌، ئه‌مانه‌ پوچه‌ڵیان کرده‌وه‌" و له‌ رێگه‌ی مۆنۆپۆلکردنی میدیا و که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندنه‌وه‌، شه‌ڕێکی ده‌روونی به‌ڕێوه‌ برد. به‌ڵێ... ئۆجه‌لان گوتی "له‌ ره‌وتی چاره‌سه‌ری دیموکراسیانه‌ی ده‌ستووریه‌وه‌ له‌ ئاستێکی مێژوویی داین. مه‌گه‌ر سه‌د ساڵ جارێک بگه‌ینه‌ خاڵیکی وا".

به‌ڵێ...

چونکه‌ لێژنه‌که‌ ئه‌م په‌یامه‌ی پێدابوو "ئه‌و پڕۆتۆکۆلانه‌ی گفتوگۆمان له‌ سه‌ر کردوون، له‌ لایه‌ن که‌جه‌که‌وه‌ قه‌بوڵ کراون. ئێمه‌ ئیتر ده‌یبه‌ین بۆ حکومه‌ت. پێمان وانییه‌ چینی سه‌ره‌کی حکومه‌ت زۆر دژی ئه‌مانه‌ ده‌ربکه‌وێ. ئێمه‌ حکومه‌ت قایل ده‌که‌ین". به‌ڵام هه‌ڵبژاردنه‌کان کۆتاییان پێهات و ئاکه‌په‌ یارییه‌که‌ی ده‌ست پێکرد. سندووقه‌کان کۆکرانه‌وه‌ و ئه‌مجاره‌یان حکومه‌ت رووی له‌ رای گشتی کرد و پێی گوتن "پڕۆتۆکۆل و شتی وا له‌ ئارا دا نییه‌. ئه‌م راو بۆچوونی خودی ئۆجه‌لانن."

حکومه‌ت شتێکی به‌مجۆره‌ی بۆ رای گشتی راگه‌یاند؟

بێگومان راینه‌گه‌یاند. به‌ڵام ئێمه‌ ئاگادارین. زۆر به‌ روونی ئاگادارین. یای گوڵته‌نیش ئاگاداره‌. وه‌کوو به‌ده‌په‌ش ئاگامان لێیه‌. دیاره‌ ئۆجه‌لانیش ئاگاداری ئه‌مه‌ هه‌یه‌..

حکومه‌ت ره‌تی کرده‌وه‌؟

ئێمه‌ تێگه‌یشتین حکومه‌ت ئه‌م‌ پڕۆتۆکۆلانه‌ به‌ هه‌ند وه‌رناگرێ. ته‌نانه‌ت رایه‌دارێکی پایه‌به‌رز، وێڕای ئاماژه‌ به‌ ‌هه‌ڵبژاردنه‌کان پێی گوتین "قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌کانمان تێپه‌ڕاند". ئه‌مه‌ی پێ گوتین. ئه‌مه‌ بوو نێرینی حکومه‌ت! کرده‌وه‌یه‌کی ئه‌خلاقی نه‌بوو. ئێمه‌ به‌ راستی زۆر نیگه‌ران بووین. دیاره‌ لایه‌نی کوردی به‌رده‌وام ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ ده‌داته‌ به‌رچاو‌ "ئایا ئه‌م حکومه‌ته‌ پێمان راده‌بوێری؟ ده‌یه‌وێ هه‌ڵمانخه‌ڵه‌تێنێ؟" به‌و به‌رپرسه‌مان گوت "ئێوه‌ ئاگاتان له‌ قسه‌کانتان هه‌یه‌؟"

گوتی چی؟

گوتی "به‌ڵێ، ئیتر قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌کانمان تێپه‌ڕاند و پڕۆتۆکۆلێک له‌ گۆڕێ دا نییه‌. ئه‌مانه‌ بۆچوونی تاکه‌که‌سی ئۆجه‌لانن. دیاره‌ ئێمه‌ کێشه‌ی کوردمان تا ئاستێکی گرنگ چاره‌سه‌ر کردوه‌. درێژه‌ به‌ رێگه‌که‌مان ده‌ده‌ین".

باشه‌ هه‌ر که‌ ره‌وتی دانوستانه‌کان سست بۆوه‌ و فراز و نشێوی به‌ خۆیه‌وه‌ ببینێ، په‌که‌که‌ په‌نا بۆ چه‌ک ده‌با؟ هێرشی وه‌ک سیلڤان و چوکورجا پێکدێنێ؟

ئه‌مه‌ قۆناغێک نییه‌ بڵێی ره‌وتی دانوستانه‌کان سست بۆته‌وه‌! مێزی گفتوگۆکان له‌ لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌ راده‌ست کرا. حکومه‌ت بوو ئه‌و په‌یامه‌ی دا "وتوێژی چی برام؟".

حکومه‌ت ده‌ڵێ ئه‌وه‌ په‌که‌که‌ بوو مێزی دانوستانه‌کانی کۆ کرده‌وه‌. کێ به‌ ئێوه‌ی گوت "ئیتر قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌کانمان تێپه‌ڕاند. ئیتر پڕۆتۆکۆل و شتی وا له‌ گۆڕێ نییه‌"؟

ئه‌گه‌ر حکومه‌ت پێداگرانه‌ بڵێ "نه‌خێر، قه‌ت شتێکی وا له‌ ئارا دا نیه‌"، با راگه‌یاندنێکی هاوبه‌ش بده‌ین! سه‌یر که‌ن.. دیاره‌ حکومه‌ت به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان، بڕیاری دابوو کۆتایی به‌ دانوستانه‌کان بێنێ. ته‌نانه‌ت پێش داخرانی مه‌جلیس، یاسای په‌یوه‌ندیدار به‌ سوپای تایبه‌تی 150 هه‌زار که‌سی هێنایه‌ ئاراوه‌. ده‌ڵێن سیلڤان خاڵی شکانه‌...

به‌ڵێ..

سیلڤان، چالاکییه‌ک نه‌بوو په‌که‌که‌ پلانی بۆ داڕشتبێ. چالاکی سیلڤان، هێرشی په‌که‌که‌ نه‌بوو بۆ سه‌ر یه‌کینه‌یه‌کی جێگیر. رووداوی سیلڤان هه‌ڵکوتان و هێرش نه‌بوو. رووداوه‌که‌ له‌ ئه‌نجامی رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ئه‌ندامانی په‌که‌که‌ له‌ کاتی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ که‌مپه‌که‌یان له‌ گه‌ڵ یه‌کینه‌یه‌کی سه‌ربازی هاته‌ ئاراوه‌. ئه‌گه‌ر کوژراوه‌کان په‌که‌که‌یی بوایه‌ن، هیچکه‌س نه‌یده‌گوت سیلڤان خاڵی شکان بوو.

ئۆجه‌لانیش ره‌خنه‌ی له‌ رووداوی سیلڤان گرت. دیاره‌ دیدار له‌ گه‌ڵ پارێزه‌رانی به‌مجۆره‌ راوه‌ستاند، وا نییه‌؟

ئۆجه‌لان له‌ سیاچاڵێکی ده‌ میتری ئیمڕالیه‌وه‌ هه‌موو دونیای ‌شۆپاند. ئێمه‌ ئه‌و رۆژه‌ له‌ دیاربه‌کر بووین و سێ رۆژ بوو سوپا درێژه‌ی به‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌کان ده‌دا. له‌ سیلڤانه‌وه‌ هه‌واڵی پێکدادانی قورس هات و میدیاش به‌دواداچوونی بۆ کرد.

له‌ رۆژی بویه‌ره‌که‌ی سیلڤاندا، کۆنگره‌ی کۆمه‌ڵگای دیموکراتیک خۆسه‌ری راگه‌یاند. ئاخۆ سه‌رجه‌م ئه‌مانه‌، هێرش بوون بۆ به‌رده‌وامبوونی دانوستانه‌کان؟

حکومه‌ت به‌ هۆی ئه‌وه‌ی نه‌یده‌توانێ بڵێ دانوستانه‌کانی راگرتوه‌، سیلڤانی به‌کار هێنا. سیلڤان بوو به‌ ده‌رفه‌تێک. وای نیشان دا که‌ په‌که‌که‌ ئه‌م کاره‌ی کردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دانوستانه‌کان کۆتاییان پێ بێ. له‌ کاتێکدا رووداوی سیلڤان، بیلانچۆیه‌کی به‌ ئێش بوو که‌ له‌ ئه‌نجامی ئۆپه‌راسیۆنێکی سه‌ربازی و رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ په‌که‌که‌دا هاتبوه‌ ئاراوه‌.

با بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ سه‌ر پێشنیاره‌ نوێیه‌که‌ی حکومه‌ت بۆ دانوستان.. ئاخۆ به‌ده‌په‌ پلانێکی ئاشتی سه‌ربه‌خۆی هه‌یه‌ له‌ هی حکومه‌ت، قه‌ندیل و ئیمڕالی جیاواز بێ؟

بێگومان. به‌ ده‌ردی سه‌رۆک وه‌زیر ده‌ڵێ پلانێک نییه‌ "فه‌رمانمان پێ درابێ و ئه‌نجاممان دابێ". پلانێکی ئاشتیمان له‌ به‌ر ده‌ست دایه‌ که‌ له‌ لایه‌ن مه‌جلیسی حزبه‌که‌مانه‌وه‌ گفتوگۆی له‌ سه‌ر کراوه‌. مانگی ئۆکتۆبری رابردوو، له‌ جڤاتی گشتی به‌ده‌په‌دا، ماده‌ ماده‌ ئه‌م پلانه‌مان ئاشکرا کرد. به‌ڵام تا رۆژی ئه‌مڕۆ، هیچ پلانێکی ئاشتی به‌ده‌په نه‌خراوه‌ته‌ به‌ر باس و گفتوگۆ. پرسیاری سه‌ره‌کی لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ئاخۆ حکومه‌ت هیچ پلانێکی ئاشتی هه‌یه‌؟

له‌ پێناو ئاشتیدا چیتان گه‌ره‌که‌؟

ئێمه‌ په‌روه‌رده‌ به‌ زمانی زگماکیمان ده‌وێ. ده‌مانه‌وێ له‌ سه‌رانسه‌ری تورکیا، به‌ڕێوه‌به‌ره‌ خۆجێیه‌کان ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێ. ده‌مانه‌وێ سه‌رجه‌م ئه‌و پێناسانه‌ی پێشێل کراون و نکۆڵیان لێکراوه‌، دانیان پێدابنرێ و له‌ ده‌ستووردا گه‌ره‌نتی بکرێن. شارۆمه‌ندی ده‌ستوریمان گه‌ره‌که‌. ئه‌مانه‌مان بۆ هه‌موو هاوڵاتیانی کۆماری تورکیا ده‌وێ، هه‌ڵبه‌ت بۆ کورده‌کانیش.

هێزی پاراستنی ره‌واتان ده‌وێ؟

ئه‌مه‌یان به‌ ته‌واوه‌تی چه‌واشه‌ کراوه‌. به‌ جۆرێک باسیان لێوه‌ کرد وه‌ک بڵێی یه‌کێنه‌ی پاراستنی ره‌وای سه‌ر به‌ په‌که‌که‌ داده‌مه‌زرێن. ئه‌و مرۆڤانه‌، بۆ ئه‌وه‌ی یه‌که‌ی پاراستنی ره‌وا به‌دی بێنن، نه‌چوونه‌ته‌ چیا. بڕوانن... له‌ جیهاندا به‌ گشتی، هه‌م ئه‌و هه‌رێمانه‌ی خۆسه‌رن و هه‌م له‌و شوێنانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆجێی به‌‌هێزه‌، یه‌کینه‌ ئه‌منیه‌ خۆجێیه‌کان، سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆجێین. پۆلیسی نیۆیۆرک، سه‌ر به‌ شاره‌وانی نیۆیۆرکه‌. ده‌بێ ئه‌سته‌نبوڵ، ئانتالیا و دیاربه‌کریش وا بن. ئه‌مه‌یه‌ به‌ڕێوه‌به‌رێتی خۆجێیی!

پۆلیس ده‌بێ سه‌ر به‌ کێ بێ؟

پۆلیس نابێ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی کاروباری ناوخۆ بێ، ده‌بێ سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆجێی بێ. هه‌ر چی سوپای پارێزه‌ری سنوره‌ میللیه‌کانیشه‌، سه‌ر به‌ ئه‌نقه‌ره‌ بێ. پێشنیاری مه‌، ئاوایه‌. ئێمه‌ نه‌مانگوتوه‌ میلیتانه‌ چه‌کداره‌کانی په‌که‌که‌ له‌ چیاکان دێنه‌ خوار و یه‌کینه‌ی پاراستنی ره‌وا پێکدێنن. دیاره‌ ئه‌مه‌ راست نییه‌. هه‌ر وه‌ک گوتم، ئه‌وان له‌ پێناو ئه‌مه‌دا روویان نه‌کردۆته‌ شاخ.

به‌ڕای ئێوه‌، حکومه‌ت چۆن چاوه‌ڕوانیه‌کی مه‌به‌سته‌؟

هه‌موو خه‌می حکومه‌ت ئه‌وه‌یه‌ که‌ په‌که‌که‌ ته‌سلیم ده‌بێ یان نا؟ ئاخۆ واز له‌ چه‌ک دێنێ یان نا؟ له‌ روانگه‌ی حکومه‌ته‌وه‌ ته‌نیا په‌که‌که‌ وه‌ک کێشه‌ی تیرۆر هه‌یه‌. حکومه‌ت ده‌ڵێ "ته‌له‌ڤزیۆنی ته‌ڕه‌ته‌ شه‌شمان کرده‌وه‌. کۆرسی تایبه‌تی کوردیمان کرده‌وه‌. له‌ زانکۆکان به‌شی کوردیمان دامه‌زراند. ئه‌گه‌ر کێشه‌ی تیرۆریش چاره‌سه‌ر بکه‌ین، هیچ کێشه‌یه‌کمان نامێنێ".

وێده‌چێ له‌ داهاتویه‌کی نزیکدا، له‌ قوتابخانه‌کان زمانی کوردی ببێته‌ وانه‌یه‌کی هه‌ڵبژێردراو. به‌ڕای ئێوه‌، ئه‌مه‌ هه‌نگاوێکی ئه‌رێنی نیه‌ له‌ بواری دیموکراتیزه‌بوون و مافه‌کانی کورده‌وه‌؟

فێربوونی زمانی زگماکی گه‌لێک، ناکرێ وانه‌ی هه‌ڵبژێردراو بێ. ئێمه‌ دژی وانه‌ی هه‌ڵبژێردراو نین، با بکرێ، به‌ڵام حکومه‌ت پێداگرانه‌ ده‌ڵێ دژی په‌روه‌رده‌یه‌ به‌ زمانی زگماکی. چونکه‌ حکومه‌ت واز له‌ پڕۆژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌ته‌وه‌ی پاڵپشت به‌ یه‌ک نه‌ته‌وه‌ و یه‌ک زمان ناهێنێ. به‌ گوێره‌ی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌، له‌ تورکیا هه‌موو شتێک هی تورکه‌کانه‌. پۆلیس هی تورکه‌کانه‌، دۆزگه‌ر هی تورکه‌کانه‌. پۆلیس، پۆلیسی تورکه‌. ته‌نانه‌ت وه‌رزشکاریش، وه‌رزشکاری تورکه‌. بۆیه‌ حکومه‌ت نایه‌وێ هه‌نگاوێک بنێ که‌ زیان به‌ پڕۆسه‌ی یه‌کسانکردن و ئاسیمیلاسیۆن بگه‌یه‌نێ. سیسته‌می په‌روه‌رده‌ و کتێبه‌کانی مێژوو، جوگرافیا، مێژووی شۆڕش و ئه‌و کتێبانه‌ی تر‌ ناگۆڕێ که‌ حیساب بۆ جیاوازییه‌کان ناکه‌ن.

له‌ کتێبه‌کانی قوتابخانه‌ دا بۆ نموونه‌ چ شتێک ناگۆڕێ؟

بۆ میناک، له‌ کتێبی مێژووی شۆڕشدا، له‌ دوو جێگه‌ ناوی کورد هاتوه‌. ئه‌ویش کاتێک باس له‌ کۆمه‌ڵه‌ زیانبه‌خشه‌کانی کورد کراوه‌. له‌ بری ئه‌مه‌ کورد بوونی نییه‌. چونکه‌ کورده‌کان به‌رده‌وام زیانبه‌خشن. له‌ کاتێکدا له‌ تورکیا گه‌لێک هه‌یه‌ به‌ ناوی کورد. مێژووی ئه‌وانه‌ چی به‌ سه‌ر هاتوه‌؟ له‌ کوێوه‌ هاتوون؟ باب و باپیریان کێن؟ له‌ کوێ به‌ شه‌ڕ هاتوون؟ ئاخۆ قاره‌مانێتی و شکستیان هه‌یه‌؟ ئێمه‌ به‌رده‌وام مێژووی تورکه‌کان ده‌خوێنین پاش ئه‌وه‌ی له‌ ئاسیای ناوینه‌وه‌ هاتوون. مناڵه‌که‌ی منیش هه‌ر ئه‌مه‌ ده‌خوێنێ. ئه‌گه‌ر ئاکه‌په‌ وازی له‌ سیاسه‌تی ئاسیمیلاسیۆن هێناوه‌، ئه‌ی مێژووی زارۆکی من له‌ کوێیه‌؟ کاتێک وانه‌ی مێژوو ده‌درێ، کورد بوونی نییه‌، له‌ فێرکردنی زماندا هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌. له‌ شیکردنه‌وه‌ی جوگرافیادا، شتێک به‌ ناوی کوردستان بوونی نییه‌. له‌ کاتێکدا به‌ڕاستی له‌ سه‌ر رووی زه‌وی خاکێک هه‌یه‌ پێی بگوترێ کوردستان. له‌ راستیدا، گه‌لی کورد، گه‌لێک نییه‌ کۆچبه‌ری ئێره‌ کرابێ. کورده‌کان گه‌لێکن، له‌ سه‌ر نیشتیمانی دایکی خۆیان ده‌ژین. بۆیه‌...

بۆیه‌...

ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ تورک پێناسه‌ ده‌که‌ن، چ مافێکیان هه‌بێ، ده‌بێ ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ کوردیش پێناسه‌ ده‌که‌ن، خاوه‌نی هه‌مان ئه‌و مافانه‌ بن. گومان و دڵه‌ڕاوکێی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ "باشه‌، ئه‌و کات ئه‌مانه‌ جیا ده‌بنه‌وه‌؟" ئێمه‌ش نامانه‌وێ جیا ببینه‌وه‌. با پارچه‌بوون دروست نه‌بێ! وه‌رن با پێکه‌وه‌ ته‌گبیرێک بۆ ئه‌مه‌ بدۆزینه‌وه‌.

چۆن ته‌گبیرێک؟

زمانی فه‌رمی هاوبه‌شمان تورکی بێ. ئه‌و مناڵه‌ی به‌ زمانی کوردی ده‌خوێنێ، حه‌تمه‌ن فێری زمانی تورکیش ببێ. من وه‌ک هاوڵاتیه‌ک که‌ باج ده‌ده‌م، ئه‌مه‌ مافی منه‌. به‌ڵام له‌ هه‌رێمی خۆسه‌ر، له‌ قوتابخانه‌کان و شوێنه‌ گشتیه‌کان ده‌کرێ دوو زمانی فه‌رمی هه‌بن.

درێژه‌ی هه‌یه‌...

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان