جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆماری عێراقی فیدراڵ و سكرتێری یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌به‌شی دووه‌م‌و كۆتایی چاوپێكه‌وتنه‌كه تایبه‌ته‌كه‌دا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی هاوڵاتی رایگه‌یاند به‌هۆی ناكۆكی و یه‌كتر كوشتنه‌وه خۆیان له‌به‌رچاوی دنیا ڕسوا كرد.
تاڵه‌بانی مانه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كان تادواهه‌ناسه له‌له‌سه‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا به‌خراپ ده‌زانێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه كات یان دوو خول دابنرێت‌و دواتر بگۆڕدرێن، به‌نیازه ئه‌و پێشنیاره‌ش له‌كۆنگره‌ی داهاتووی حیزبه‌كه‌یدا بخاته‌ڕوو.
سكرتێری گشتی یه‌كێتی، مانه‌وه‌ی خۆی تائێستا له‌پۆسته‌كه‌یدا، ده‌گه‌رێنێته‌وه بۆ بارودۆخی ئه‌وكاتی یه‌كێتی كه به‌ناچاری ئه‌و شێوازه‌یان په‌یڕه‌و كردووه، چونكه گروپه‌كانی ئه‌وكاتی ناو حیزبه‌كه‌ی، ته‌نیا له‌سه‌ر دانانی ئه‌و پێكهاتوون.
تاڵه‌بانی، رۆڵی رێككه‌وتنی ستراتیژی له‌راگرتنی نێوان یه‌كێتی‌و پارتی به‌گرنگ ده‌زانێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دان به‌وه‌دا ده‌نێت “راسته یه‌كێتی وه‌كو پێویست ناڵێم قازانجی لێكردووه، به‌ڵام هه‌ر قازانجی لێكردووه”.
جه‌لال تاڵه‌بانی، له‌چاوپێكه‌وتنێكی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ هاوڵاتی: وه‌ك پێویست نه‌چووم به گژ گه‌نده‌ڵیدا.. كاتی ئه‌وه هاتووه یه‌كێتی گۆڕانكاری له‌خۆیدا بكات.. یه‌كێتی‌و گۆڕان له‌رووی مه‌وزوعییه‌وه زۆر لێكنزیكن
به‌شی یه‌كه‌م
له‌یه‌كێك له‌ژووره‌كانی شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی خۆی كه هه‌ر چوار ده‌وری ژووره‌كه به‌و دیارییه گرانبه‌هایانه رازێنرابووه‌وه كه له‌وڵاتانی دۆست‌و كه‌سایه‌تییه ناوداره جیهانییه‌كانه‌وه پێشكه‌شكراون، جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆماری عێراق‌و سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی له‌و ژووره چاوه‌رێی ده‌كردین… تاڵه‌بانی سه‌رباری سه‌رقاڵی‌و ته‌مه‌نی وه‌ك خۆی ده‌ڵێت؛ ئێستاش شه‌وانه دوو كاتژمێر ده‌خوێنێته‌وه، به‌یانیان كاتژمێر حه‌وت له‌خه‌و هه‌ڵده‌سێت‌و گوێ له‌هه‌واڵه بیانییه‌كان ده‌گرێت، ئه‌و كه‌ناڵانه‌ی ئه‌و سه‌یریان ده‌كات؛ ctv، مۆسكۆ، bbcو cnn. ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه گرنگی زۆری بۆ هه‌ڵوێستی وڵاتانی رووسیا، ئه‌مه‌ریكا، فه‌ره‌نسا، توركیا‌و ئێران هه‌یه. هه‌روه‌ها كه‌ناڵه كوردییه‌كانیش ده‌بینێت‌و له‌رۆژنامه‌كانیش هه‌ر وتارێكی لا گرنگ بێت، ده‌یخوێنێته‌وه. له‌عێراقیش چاودێری هه‌ڵوێستی هێزه‌كانی عێراقی ده‌كات، له‌ناوخۆش موتابه‌عه‌ی راگه‌یاندنه‌كانی هێزه كوردستانییه‌كان، به‌ئۆپۆزسیۆنه‌و كاربه‌ده‌سته‌كانه‌وه ده‌كات. وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێكرد مه‌یلی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی هه‌یه‌و جارجار شیعریش ده‌نوسێت. له‌پێش ده‌ستپێكردنی دیمانه‌كه، وتی: هه‌رچ پرسیارێك له‌دڵتاندایه‌و ده‌تانه‌وێت بیكه‌ن، بێ دوودڵی ده‌توانن ئاراسته‌می بكه‌ن. دیمانه‌كه به‌و پێشه‌كییه‌ی تاڵه‌بانی ده‌ستیپێكرد.
هاوڵاتی: كورد پێی ناوه‌ته قۆناغێكی نوێ له‌خه‌باتكردن، ره‌خنه‌یه‌ك كه رووبه‌ڕووی پارته سیاسییه‌كان ده‌كرێته‌وه ئه‌وه‌یه تائێستا به‌چه‌مكی كۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م قۆناغه نوێیه‌دا ده‌كه‌ن‌و ئاماده‌نین گۆڕانكاری به‌سه‌رخۆیاندا بهێنن، ئایا كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان گۆڕانكاری به‌سه‌ردا بێت؟
تاڵه‌بانی: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌م خه‌باتی خه‌ڵكی كوردستان پێی ناوه‌ته قۆناغێكی تازه‌وه، ئه‌و قۆناغه خاسێت‌و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه، ئه‌م قۆناغه دانابڕم له‌قۆناغی رابردوو، ئه‌م قۆناغه‌ی ئێستا به‌ری ره‌نجی قۆناغی پێشووه، به‌ڵام تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه.
یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان یه‌كێكه له‌و هێزانه‌ی به‌بۆچوونی من ده‌ستپێشخه‌ربووه له‌داهێنانی زۆر شت، به‌ڵی راسته پێویسته ئه‌مجاره‌یان له‌خۆیه‌وه ده‌ستپێبكات.
پێموایه وه‌ختی ئه‌وه هاتووه یه‌كێتی گۆڕانكاری له‌كاری خۆی‌و ره‌فتار‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی، هه‌روه‌ها سه‌ركردایه‌تی‌و دروشمه‌كانی خۆیدا بكات، كاتی ئه‌وه هاتووه به‌جدی بیری لێبكاته‌وه‌و ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی پێویسته بیكات.
پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و براده‌رانه‌ی گۆڕان جیاببنه‌وه، ئێمه بریاری گۆڕانكاری چاكسازیماندا له‌ناو یه‌كێتی، بۆ ئه‌و بڕیاره‌ش لیژنه‌مان بۆ دروستكرد‌و به‌شی زۆری لیژنه‌كانیش ئه‌و براده‌رانه لێ به‌رپرس بوون كه لێمان جیابونه‌وه، ئه‌وكاته ماوه‌یه‌كمان دانا بۆ ئه‌وه‌ی لیژنه‌كان پرۆژه‌كانی خۆیان بهێننه‌وه بۆ چاكسازی، به‌ڵام ئه‌وان له‌جیاتی ئه‌وه‌ی پرۆژه‌ی گۆڕانكارییه‌كان بهێننه‌وه، بڕیاری ئه‌وه‌یاندا جیاببنه‌وه، ئێمه بڕیارماندابوو گۆڕانكاری بكه‌ین، هه‌تا ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی كه له‌م دواییانه پێشكه‌شم كرد بۆ جیابونه‌وه‌ی حیزب له‌حكومه‌ت، پێشتر بۆ كاك نه‌وشیروانم نارد بوو.
نوسخه‌یه‌كم له‌پرۆژه‌كه بۆ نارد، تا سه‌رنجی خۆی بنوسێت، فعله‌ن هه‌ندێ گۆڕانكاری تێدا كرد‌و بۆی ناردمه‌وه ته‌نانه‌ت ره‌ئی ئه‌ویشم وه‌رگرت. بۆیه ئه‌وه ده‌ڵیم من لایه‌نگری گۆڕانكاریم له‌سه‌رتاسه‌ری ژیاندا‌و بۆ یه‌كێتیش هه‌روه‌ها.
هاوڵاتی: به‌و پێیه‌ی یه‌كێتی پارتێكی سۆسیال دیموكراته‌و خاوه‌ن خه‌باتێكی دورودرێژیشه بۆ ریفۆرم‌و گۆڕانكاری‌و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ڵام ئێستا ره‌خنه‌یه‌ك رووبه‌ڕووی یه‌كێتی ده‌كرێته‌وه ئه‌وه‌یه هۆكاری ناعه‌داله‌تی به‌شێك له‌سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی لێی به‌رپرسیارن، بۆیه ده‌نگێكی به‌هێز هه‌یه كه ده‌یانه‌وێت یه‌كێتی به‌م شێوه بهێڵنه‌وه، ئه‌مه‌ش واده‌كات یه‌كێتی ببێته هێزێكی محافزكار، به‌رێزت وه‌كو سكرتێری گشتی یه‌كێتی پێتوایه ئه‌مه چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كرێت؟
تاڵه‌بانی: پێموایه گۆڕانكاری پێویسته، یه‌كێتی به‌ره‌سمی بووه‌ته پارتێكی سۆسیال دیموكرات، سكرتێره‌كه‌ی بووه‌ته یه‌كێك له‌جێگرانی سه‌رۆكی سۆسیال ئه‌نته‌رناسیۆناڵ، ئه‌وه دیاره ته‌قدیره بۆ ئه‌همییه‌تی یه‌كێتی.ده‌بێت یه‌كێتی ئه‌و سیاسه‌ته بگرێته‌پێش كه دیفاعه له‌عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وه‌ی كه خۆم پێیده‌ڵێم “به‌ره‌و خانووه قوڕه‌كان” به‌ره‌و گه‌ڕه‌كه هه‌ژاره‌كان بچین بۆ جێبه‌جێكردنی داخوازییه‌كانی ره‌نجده‌رانی كوردستان، پێموانییه له‌ناو یه‌كێتیدا هێزێك هه‌بێت بتوانێت به‌ربه‌ره‌كانی ئه‌وه بكات‌و پێیرابگیرێت ئه‌گه‌ر بوو به‌بڕیار له‌ناو یه‌كێتیدا.
هاوڵاتی: به‌ڵام تائێستا نه‌بووه‌ته بڕیار؟
تاڵه‌بانی: باسی لێ كراوه، پێموایه ئێمه له‌كۆنگره‌ی داهاتوومان خۆمانی بۆ ئاماده بكه‌ین، به‌نیازین پێشیبخه‌ین‌و له‌و كۆنگره‌یه‌دا وه‌كو پارتێكی سۆسیال دیموكرات له‌هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا كار بكه‌ین، سیاسه‌تمان هه‌بێت بۆ هه‌ر گیروگرفتێك كه له‌كۆمه‌ڵگادا هه‌یه. له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه پێویستمان به‌عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه، ئه‌وه عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تییه كه له‌هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا پێویستیمان پێیه‌تی، ئابووری، رۆشنبیری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌موو بواره‌كانی تریش. پێویسته به‌رنامه‌یه‌ك هه‌بێت بۆ پیاچوونه‌وه‌و بۆ ئه‌وه‌ی دایبرێژین‌و پێشكه‌شی بكه‌ین‌و هه‌وڵده‌ین بیخه‌نه ده‌ستوری هه‌رێم‌و ته‌نانه‌ت ده‌ستوری عێراقیشه‌وه.
هاوڵاتی: ئێوه به‌نیازی كۆنگره‌ن، به‌ڵام پێشتر ئومێدێك كه هه‌بوو له‌كۆنگره‌ی سێ دابوو كه یه‌كێتی گۆڕانكاری بكات، ته‌نانه‌ت كادیره‌كانی خۆشتان تا راده‌یه‌ك بێئومێدبوون به‌و ئه‌نجامه‌ی به‌ده‌ستهات، له‌به‌رئه‌وه‌ی هێزه عه‌سكه‌رییه‌كانی ناو یه‌كێتی باڵاده‌ست كران، ئایا ئه‌م كۆنگره‌یه ئه‌و هیوایه‌ی تیایه ئه‌و گۆڕانكارییانه بكات‌و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات؟
تاڵه‌بانی: له‌سه‌ر ئه‌و قسه‌یه موافق نیم، ئێمه گۆڕانكاریمان كرد، كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی تازه هاتنه سه‌ركردایه‌تییه‌وه، ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ی له 45 كه‌سی سه‌ركردایه‌تی 23 تازه‌ن، به‌ڵام ئێمه یه‌ك دیموكراتیه‌تمان له‌ناودا هه‌یه دیموكراتیه‌تێكی به‌ره‌ڵا، ره‌نگه له‌و مه‌یدانه‌شدا ره‌خنه له‌خۆم بگرم كه ده‌خالاتم نه‌كرد له‌یه‌كێك له‌و شتانه‌دا، ده‌بوایه وه‌كو سكرتێری گشتی ده‌ستم هه‌بوایه له‌پێشنیاركردنی به‌شێك له‌هه‌ڤاڵان، كۆمه‌ڵێك براده‌ر هاتنه پێش كه ده‌نگیان هێناوه له‌لای خه‌ڵكه‌وه ئه‌وه‌ی بۆ خۆمان پێیده‌ڵێن دیموكراتیه‌تی مۆدێرن‌و رێنیشانده‌ر، ئه‌و جۆره نه‌بوو، پاشان به‌بیر‌وبۆچوونی من له‌وه‌زعێكی تایبه‌ت ئه‌و كۆنگره‌یه‌مان به‌ست، وه‌زعه‌كه تایبه‌ت بوو، بۆ یه‌كه‌مجار ئێمه رووبه‌ڕووی ئینشقاقێكی گه‌وره‌ی واببینه‌وه، ئه‌و ئینشقاقه كاریگه‌ری زۆری هه‌بوو بۆ سه‌ر وه‌زعی ئێمه، یه‌كێتی له‌به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌دا نه‌ك هه‌ر ده‌یویست خۆراگری نیشاندا به‌ڵكو پێویست بوو هه‌ڵسانه‌وه‌ش نیشاندات، له‌و حاڵه‌ته‌دا خۆت ده‌زانی زۆر شت تێده‌په‌ڕن نابێته سه‌به‌بی كێشه‌و گرفت، به‌ڵام دڵنیام كۆنگره‌ی داهاتوو كۆنگره‌ی گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تی ده‌بێت له‌رووی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، چونكه یه‌كێتی به‌ته‌مایه ئه‌مجاره به‌ره‌و پێشه‌وه بچێت، چونكه ئه‌و برینانه‌ی له‌شی سارێژ بووه‌و چاك بووه‌ته‌وه، ماوه‌ته‌وه ئه‌وه‌ی په‌یڕه‌وێكی پێشكه‌وتووی ئه‌وتۆ نیشان بدات كه سۆسیال دیموكراتییانه بێت.
هاوڵاتی: ئێستا باس له‌هێوركردنه‌وه‌یه‌ك ده‌كرێت كه له‌نێوان ئێوه‌و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا هاتووه‌ته ئاراوه، ئه‌مه‌ش له‌راگه‌یاندنه‌كاندا دیاره، ئایا پێشبینی ئه‌وه ده‌كه‌ن ئێوه‌و گۆڕان زیاتر لێك نزیكببنه‌وه تاراده‌ی هاوپه‌یمانێتی‌و ته‌نانه‌ت یه‌كگرتنه‌وه‌ش؟
تاڵه‌بانی: خۆم لایه‌نگری ئه‌وه‌م نێوانی یه‌كێتی‌و گۆڕان ئاسایی ببێته‌وه، هاوكاری هه‌بێت له‌نێوانماندا له‌جیاتی ناكۆكی، هه‌وڵبده‌ین بیروڕامان له‌سه‌ر زۆر مه‌سه‌له یه‌كخه‌ین، ئه‌وه‌ی پێیده‌ڵێین ریفۆرم بتوانین له‌سه‌ری پێكبێین‌و خه‌باتی بۆ بكه‌ین، هه‌روه‌ها هه‌وڵ بده‌ین كاری پێكه‌وه‌یی بكه‌ین له‌پێناوی ئامانجه هاوبه‌شه‌كاندا، بۆ مه‌سه‌له‌ی یه‌كبوونه‌وه ئه‌وه ره‌نگه پرۆسه‌یه‌كی دورودرێژی پێویست بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێویسته بكرێت ئاساییكردنه‌وه‌و دروستكردنی هاوپه‌یمانی‌و پێكه‌وه خه‌باتكردنه له‌پێناوی ئامانجه گشتییه‌كاندا، چونكه ئه‌گه‌ر وردبینه‌وه یه‌كێتی‌و گۆڕان له‌رووی مه‌وزوعییه‌وه زۆر لێكنزیكن‌و هیچ ناكۆكییه‌ك نییه له‌نێوانماندا، زۆر شتمان موشته‌ره‌كه، چل ساڵ خه‌باتی یه‌كێتی زۆرێك له‌و براده‌رانه‌مان له‌گه‌ڵ بووه، له‌چاك‌و خراپ موشته‌ره‌كین، شه‌هیدمان موشته‌ره‌كه، ده‌ستكه‌وته‌كان‌و شكسته‌كانمان موشته‌ره‌كه، شه‌ڕه‌كانمان‌و سه‌ركه‌وتنه‌كانمان موشته‌ره‌كه، چ هۆیه‌ك نییه بۆ ئه‌وه‌ی دوو هێزی هاوپه‌یمان‌و نزیك نه‌بین‌و چاكترین په‌یوه‌ندیمان نه‌بێت، ده‌مه‌وێ شتێكت پێ‌بڵێم، وه‌ك یه‌كێتی ئه‌وه‌مان سه‌لماندووه جیابوونه‌وه له‌خۆمان ناكه‌ین به‌دوژمنایه‌تی، با نمونه‌ت بده‌مێ كاكه حه‌مه‌ی حاجی مه‌حمود كه ئێستا سكرتێری حیزبێكه، یه‌كه‌م مه‌فه‌رزه‌ی یه‌كێتی بووه‌و ئه‌ندامی یه‌كێتی بووه، ئێستا ئێمه وه‌كو برای خۆمان هاوكاری ده‌كه‌ین‌و دۆستایه‌تیشی ده‌كه‌ین.
ئه‌مه له‌گه‌ڵ براده‌رانی گۆڕان باشتر ده‌ڕوات، چونكه سی چل ساڵ پێكه‌وه هاوخه‌بات بووین، ئیتر بۆچی نه‌توانین پێكه‌وه دانیشین‌و هاوكار‌و هاوخه‌بات بین‌و كار بۆ كۆمه‌ڵێك ئامانجی هاوبه‌ش پێكه‌وه بكه‌ین.
هاوڵاتی: قسه‌یه‌ك هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین دوژمنی ئێستای ئه‌زمونی كوردستان، بوونی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵییه، له‌سه‌ر ئه‌م دیارده‌یه زۆر قسه كراوه‌و زۆر پرۆژه‌ش پێشنیاركراوه، به‌ڵام ئه‌م دیارده‌یه ماوه، رای ئێوه له‌و باره‌وه چییه؟
تاڵه‌بانی: من دژی گه‌نده‌ڵیم‌و پێموایه گه‌نده‌ڵی یه‌كێكه له‌ده‌رده پیسه‌كان له‌ناو كۆمه‌ڵگا، دڵنیام له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانكارییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی هاتووه‌ته كوردستان گه‌نده‌ڵیشی له‌گه‌ڵ هاتووه، تۆ ته‌ماشا بكه له چ حاڵه‌تێك هاتوینه‌ته چ حاڵه‌تێك، ئێمه له‌ناو زه‌نده‌وه هاتوینه‌ته سلێمانی، هاتوینه‌ته هه‌ولێر ته‌ماشای ئه‌و دووشاره بكه گۆڕانكاری گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا هاتووه، بێگومان دیاره ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ خۆی گه‌نده‌ڵی هێناوه، هه‌روه‌ها حیزبیش له‌ناو زه‌نده‌وه له‌نانه ره‌قه‌وه هاتووه‌ته وه‌زعێكی خۆش‌و ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌و حوكمی هه‌یه، حه‌تمه‌ن له‌ناو ئه‌وه‌ش گه‌نده‌ڵی په‌یدا بووه.
بۆیه گه‌نده‌ڵی یه‌كێكه له‌ده‌رده كوشنده‌كان، به‌ڵام من هێشتا قۆناغی رزگاری دیموكراتی كوردستان به‌ته‌واوبوون نازانم، من هێشتا لاموایه كوردایه‌تی ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كانی نه‌هاتووه‌ته‌دی، له‌به‌رئه‌وه پێمواییه دوژمنی سه‌ره‌كیمان ئه‌و كه‌سانه‌نه ئه‌و حوكمه‌تانه‌ن كه ده‌یانه‌وێ مافه‌كانمان لێ زه‌وت بكه‌ن‌و ئه‌وه‌شی ده‌ستمان كه‌وتووه لێمان بسه‌ننه‌وه، شانبه‌شانی ئه‌وه گه‌نده‌ڵی له‌ناوخۆماندا ده‌بێت وه‌ك دوژمنی یه‌كه‌م ته‌ماشای بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌موو وه‌زعی كوردستان ته‌ماشا بكه‌ین ئێمه هێشتا له‌قۆناغی رزگاری نیشتمانین.
هاوڵاتی: ره‌خنه‌یه‌ك له‌به‌رێزت‌و كاك مه‌سعود بارزانی ده‌گیرێت، له‌وه‌ی چاوپۆشی له‌قیاده‌كانتان ده‌كه‌ن كه بره‌و به‌دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌ده‌ن‌و ده‌ستبه‌رداری نابن، ره‌خنه‌كه ئه‌وه‌یه به‌شێك له‌م گه‌نده‌ڵییه له‌ناو قیاده‌ی ئه‌م دوو حیزبه‌دایه‌و چاوپۆشیتان لێكردوون، ئایا بۆچی سزایان ناده‌ن كه پێتانوایه گه‌نده‌ڵی مه‌ترسیداره؟
تاڵه‌بانی: به‌ش به‌حاڵی خۆم پێشوازی له‌ره‌خنه ده‌كه‌م‌و پێموایه ره‌خنه‌گرتن شتێكی باشه بۆ گه‌شه‌كردن، هه‌وه‌ها بۆ یه‌كێتی خۆشی سوودی هه‌یه، به‌ڵام دوو جۆر ره‌خنه هه‌یه، ره‌خنه‌یه‌ك هه‌یه بۆ شكاندن‌و سوككردن‌و رسوا كردن، ره‌خنه‌یه‌كیش هه‌یه بۆ چاك كردن‌و گه‌شه‌پێدان، دیاره من له‌گه‌ڵ ره‌خنه‌ی دووه‌مم.
به‌شه‌كه‌ی كه رووی له‌كاك مه‌سعوده، ده‌بێت خۆی وه‌ڵامی بداته‌وه، به‌شه‌كه‌ی كه رووی له‌منه تاراده‌یه‌ك ئه‌و ره‌خنه‌یه له‌خۆم قبوڵ ده‌كه‌م كه وه‌ك پێویست نه‌چووم به گژ گه‌نده‌ڵیدا نه‌ك ته‌نها له‌سه‌ركردایه‌تی، به‌ڵكو له‌سه‌رتاسه‌ری یه‌كێتیشدا، چونكه من پێموانییه ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵی هه‌بێت نابێت ته‌نیا حه‌سمی بكه‌ین له‌سه‌ر سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی، به‌ڵكو له‌خواره‌وه له‌رێكخسته‌كانیش هه‌یه.
یه‌كێتی ئێستا بووه‌ته حیزبێكی گه‌وره، چه‌ند وه‌زیری له‌هه‌رێم‌و به‌غداد هه‌یه، چه‌ند خه‌ڵك هه‌یه به‌ناوی یه‌كێتییه‌وه كار ده‌كات، به‌ڵام پێموایه وه‌كو پێویست ئه‌و خه‌باته دژی گه‌نده‌ڵی‌و دژی لادان‌و كه‌موكورتییه‌كان نه‌كراوه، دیاره هه‌ر كه‌موكورتییه‌ك له‌یه‌كێتی هه‌بێت ئۆباڵی یه‌كه‌م له‌ئه‌ستۆی منه كه سكرتێری گشتیم، زۆر جار براده‌رانیش شته‌كان بۆ من به‌جێده‌هێڵن‌و ده‌ڵێن تۆ بڕیاری لێبده، كه‌واته من ده‌سه‌ڵاتم هه‌یه شت بكه‌م ئه‌گه‌ر بیكه‌م، ره‌نگه له‌به‌رخاتری ئه‌م‌و ئه‌و به‌واجبی خۆم هه‌ڵنه‌سابم‌و ره‌خنه له‌خۆم ده‌گرم له‌و ناحییه‌وه، پێمخۆشه خه‌ڵك ره‌خنه ده‌گرێت، حه‌ز ئه‌كه‌م ئه‌وه بزانی له‌هیچ ره‌خنه‌یه‌ك زویر نه‌بووم به‌و ره‌خنانه‌ش كه ئێوه لێم ده‌گرن، هه‌موو كات به‌براده‌ران ده‌ڵێم لێگه‌ڕێن با ره‌خنه‌مان لێبگیرێت، ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌كه باش بوو ئه‌وه به‌قسه‌ی ده‌كه‌ین‌و خۆمان چاك ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌كه خراپ بوو خوا بیانگرێت‌و حه‌واڵه‌ی خوابن.