فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2022-10-07-18-42-43کوردستان و یەکگوتاری ناوماڵی کورد و کارکردن لەسەر پرۆژە و نەخشەرێگای هاوبەشی نەتەوەیی کرا. لە کۆتایی ئەم دیدارە دا باس لەسەر هاوکاری و هەماهەنگی زیاتری نێوان...
2022-08-27-08-29-54نرخاندووە. جێگەی ئاماژەیە کە نوێنەری کۆماریخوازان رۆڵی یەکێتی و دەوری حەکیمانەی سەرۆکی کۆچکردوو مام جەلال تاڵەبانی بەنیسبەت چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد لەسەر ئاستی کوردستانی گەورەدا...
2022-08-27-08-26-32پێکردبوو، وە سەربەرزانە بەئەنجام و ئاکامی هەنووکەیی گەیاندووە، بەرز و پیرۆز دەنرخێنێ. بزووتنەوەی کۆماریخوازان بە باوەڕی قوول و قایمی بە خەبات لە پێناو ئاشتی و هاوژینی...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

وریا قەرەداخی، ئێستا بەڕێوەبەری هەرێمییە لە ئاسیای نێوەڕاست بۆ مەسەلەی سنووریسیاسی‌ و ئەمنی. ئەو گەورەترین پلەداری كوردە لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان UN دا. داوادەكات حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا لە UN بكات، كە كارمەندی زیاتری كورد دابمەزرێنێ، وەك مافێكی خۆی. 

لەو هەڤپەیڤینەدا، وریا قەرەداخی باسی ئەزموونی خۆی وەك كارمەندێكی UN دەكات لە وڵاتە جیا جیاكانی جیهان، هەروەها پێویستی جۆری مامەڵەكردنی كورد لەگەڵ UN. هەروەها باسی ئەزموونی كاركردنی دەكات لە ئەفغانستان لەسەردەمی حوكمی بزووتنەوەی تاڵیباندا.

رووداو - هەولێر

بەشی دووەم

ئەزموون لەگەڵ تاڵیبان

رووداو: هەموو دونیا لە حكومەتی تاڵیبان دەترسا، بەڵام تۆ بڕیارتدا ببیە مونەسیقی UNDP لە ئەفغانستان، چۆن ئەو بڕیارەتدا؟

وریا قەرەداخی: من لە كۆسۆڤۆ بووم، تەلەفۆنیان بۆ كردم، گوتیان كەس نییە بچێتە ئەفغانستان ئەو كارە بكات، گوتم 24 كاژێر كاتم بدەنێ، بۆ ئەوەی بیری لێبكەمەوە. چووم هەندێك شتم لەبارەی ئەفغانستان خوێندەوە، تەماشامكرد سیاسەت لە ئەفغانستان سفرە، سیستمێكی عەشایرییەو هەر تیرەیەك حوكمی شوێنەكەی دەكات، ئەگەر لە فەرهەنگی ئەفغان تێبگەی، زوو دەتوانی بچیە ناویان، ئەگەرنا رۆژی دووەم بیر لەوە دەكەیەوە بەجێیبێڵی. لەسەر ئەو بنەمایە بڕیارمدا بچمە ئەفغانستان. مانگی شوباتی 2001 چوومە ئەفغانستان، یەكەمجار فیزەیان نەدامێ، چوومە باڵیۆزخانەكەیان لە پاكستان یەكسەر لێیانپرسیم شیعەی یان سوننە، گوتم من موسڵمانم، زۆری پێخۆشبوو. حكومەتی تاڵیبان زۆر دژی شیعە بوو، چونكە وەهابی بوون، شیعە لەلای ئەوان لە جوولەكە خراپترە. گوتیان بۆچی دەچی بۆ ئەفغانستان، گوتم من لە UNDP م و دەمەوێ یارمەتیتان بدەم، جێگری باڵیۆزەكە كە ناوی مەلا زەعیف بوو چاوێكی نەبوو، پێیگوتم بڕۆ، بەڵام یەك شتت لەبیر نەچێ، بزانین جاسووسی دەكەی بۆ ئەمریكا یەكسەر لەسێدارەت دەدەین. سواری فڕۆكە بووم و كە لە فڕۆكەخانەی كابول دابەزیم، بینیم دونیایەكی دیكەیە، كەس نییە پێشوازیت لێ بكات، هەموو پیاوی ریشداربوون، یەكێك لەولا دانیشتبوو، یەكێك لەولا پاڵكەوتبوو، یەكێكی قاعیدە لەساڵۆنی فڕۆكەخانە لێی پرسیم خەڵكی كوێی؟ گوتم: عێراقیم، گوتی لەكوێی عێراقیت؟ گوتم: كوردستان، ئەویش گوتی: كورد مرۆڤی زۆرباشن. ئیتر شوێنێكیان پێدام و زۆر رێزیان گرتم.

رووداو: حكومەت هەبوو؟

وریا قەرەداخی: حكومەت هەبوو و نەبوو، وەزارەت هەبوون، بەڵام هەموویان مەلا بوون، لەسەر زەوی دادەنیشتن و قاچیان دەخستە سەرقاچ و بەردەوام دەستیان لە ریشەكەیان دەدا، لە هیچ نەدەگەیشتن، لەگەڵ وەزیرێك دەربارەی وەزارەتەكەی قسەت دەكرد تێنەدەگەیشت، هەر ئایەتی قورئانی بۆ دەهێنایەوە، هەر دەیانگوت ئەمریكا واخراپە و باشترین دەوڵەت لە جیهان پاكستانە. مانگێك و پانزە رۆژ لەكابول مامەوە، ئینجا مۆڵەتیان دامێ بچمە قەندەهار، ئەوێ ناوەندی بڕیاربوو، چونكە مەلا‌عومەر لەوێبوو. فڕۆكەوانەكە گوتی ئاگاداری خۆت بە، كە دەچین بۆ قەندەهار تەنیای، پلەی گەرماش لەوێ 53یە، لەوێ كامێرا، رادیۆ، تەلەڤزیۆن، سەرتاشخانە، چایخانە و سینەما قەدەخەبوو. لە كابول تەنیا 2 چێشتخانە هەبوون، لەوكاتەی چووم بۆ قەندەهار بە رێكەوت لە فڕۆكەخانەی ئیسلام ئاباد رۆژنامەیەكی (الشرق الاوسط)م بینی، دانەیەكم كڕی و لەگەڵ خۆم بردم بۆ قەندەهار، كە تەماشام كرد رەسمی حەسەن رەحمانی حاكمی قەندەهاری تێدابوو ، لەسەر زاری ئەو نووسرابوو “اهلا وسهلا بالعرب فی افغانستان بدون تأشیرە فیزە”. كە بەڕێكەوتین بۆ قەندەهار فڕۆكەوانەكە فڕۆكەخانەی نەدۆزیەوە، چونكە راداری نەبوو، چووینە نێو خاكی پاكستان، ئینزاریان داینێ كە سنوورمان بەزاندووە، پێچمان كردەوە هاتینە قەندەهار، لەوێ دابەزین. ئیتر كەس نییە پێشوازیت لێ بكات.

نوێنەری ئێستای UN لەعێراق كورد باش دەناسێ و دەبێ كورد سوودی لێوەربگرێت

كە دابەزین گوتیان حەسەن رەحمانی حاكمی قەندەهار دەیەوێ بتبینێ. رەحمانی قاچێكی لە شەڕی رووس لەدەستدابوو، گوتبووی دەبێ كاژێر 5ی بەیانی بێتە لام و نانی بەیانی لەگەڵ من بخوات. تومەز دەیویست بزانێ، ئایا من موسڵمانم و نوێژ دەكەم. زاوای مەلا عومەریشی هێنابوو لەگەڵ خۆی، ئیتر بە رۆژنامەكەوە چوومە لای رەحمانی و بە فارسی قسەم لەگەڵ كرد، هێلكەو رۆنێكی كردبوو لەناو تاوەیەك من و خۆی و زاواكەی مەلاعومەر پێكەوە هەر لەناو تاوەكەدا خواردمان. گوتی نوێژت كردووە، گوتم: بەڵێ. پاشان رۆژنامەكەم دەرهێناو گوتم زۆرم پێخۆشبوو كە چاوپێكەوتنت لەگەڵ كرابوو ، زانیارییەكی باشم دەربارەی تۆ زانی، گوتی: بەڵێ هاتن بۆ ئێرە، منیش گوتم : فەرموو ئەوە رۆژنامەكەیە. كە وێنەكەی خۆی بینی زۆر توڕەبوو، رۆژنامەكەی گرت و پارچە پارچەی كرد گوتی: بەو عەرەبانەم گوت كامیرا قەدەخەیە چۆن وێنەی منیان گرتووە؟ هەر لەوێ نیشانەی پرسیاری خستە سەر منیش، گوتی: كامێرات پێ نییە؟ گوتم: نەخێر. ئیتر دانیشتین ‌و گوتی فڵان شت و فڵان شتمان دەوێ، گوتیشی جۆگەی پیسایی لەنێو كۆڵانەكانی قەندەهاردا هەن، بە ئۆتۆمبێل چووین سەیرمان كرد، شاری وا پیسم لە هەموو جیهاندا نەبینیبوو. ئەوكات كەس پارەی نەدەدا ئەفغانستان جگە لە ئەمریكا و سعودیە‌و ئیمارات. 

رووداو: تۆ مونەسیقی گەشەپێدان بووی یان سیاسی؟

وریا قەرەداخی: گەشەپێدان، سیاسی قەدەخەبوو، بەڵام ئیشی سیاسیمان دەكرد. شتی زۆرم بینی لە ئەفغانستان، چەندین جار تۆمەتباریان دەكردم و دەیانگوت، تۆ جاسووسی ئەمریكای. رۆژێك چوومە دووكانێك پیپسی ‌و ئاو و كۆكاكۆلای دانابوو، منیش داوای كۆكاكۆلام كرد، گوتی: جاسووسی ئەمریكایت؟ گوتم: بۆچی؟ گوتی: كۆكاكۆلا ئەمریكییە و نایخۆینەوە، كۆلای پاكستان دەخۆینەوەو یەكسەر كلاشینكۆفەكەی راكێشا. گوتم: ئەی بۆچی كۆكاكۆلات داناوە؟ گوتی: بۆیە دامانناوە تاوەكو جاسووسانی ئەمریكای پێ ئاشكرابكەین. گوتم باشە ئەوەی ئیسلامیم بدەرێ و بۆ هەمووشتان دەیكڕم گوتی: ئێمە نایخۆینەوە و ئەو پارەیەی تۆ دەیدەیە ئێمە حەرامە، پارەی ئەمریكایە. ئینجا گوتم ئاوم بدەرێ. كە هاتمە دەرەوە قۆنداخە تفەنگێكی بە ئۆتۆمبێلەكەمدا كێشا. حەسەن رحمانی حاكمی قەندەهاریش دعوەتیكردم بو گۆڕەپانی تۆپی پێ لە قەندەهار بۆ تەماشاكردنی رەجمی دوو ژنی بێ تاوان، بەڵام دەعوەتەكەم قبول نەكرد.

رووداو: مەلا عومەرت نەبینی؟

وریا قەرەداخی: نەخێر، كەس نەیدەبینی، تەنانەت وێنەشی نییە. وێنەیەكی هەیە لە ئینتەرنێت، بەڵام باوەڕناكەم ئەویش وێنەی ئەوبێت .

رووداو: هەندێك گرووپی كوردی سەر بە قاعیدە لەسەردەمی تاڵیبان لە ئەفغانستان هەبوون، هیچ كەست لەوان نەبینی؟

وریا قەرەداخی: نەخێر، بەڵام رۆژێك كە لە قەندەهارەوە دەچوومە دەرەوە، ئەفغانێك كە دەرگای حەوشەی بۆ دەكردینەوە، خۆی پاڵكەوتبوو لەسەر ئەو زەویە، كوڕێكی گەنج دەرگاكەی كردەوە، گوتم ئەوە بۆچی خۆت دەرگاكە ناكەیەوە، گوتی ئەوە قەومی خۆتە، كوردی عێراقە، بانگیكرد و لێمپرسی چ دەكەی لێرە؟ گوتی ئەو پیاوە خۆی مانگانە 50 دۆلار وەردەگرێ، رۆژێ نیو دۆلار دەداتە من، ئەو دەرگایە دەكەمەوەو دایدەخەم. گوتم ئەی چۆن كەوتییە ئێرە؟ گوتی وەڵڵا قاچاخچییەك منی هێنا ئێرە، بەحیساب لێرەوە بمانبات بۆ پاكستان و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا، بەڵام قاچاخچییەكە پارەكەی بردو منیش كەوتمە ئێرە. لەوێ یەمەنی ‌و فەلەستینی و جەزائیری زۆربوون، داریان بەدەستەوە بوو و لە كۆڵانەكان دەسووڕانەوە پێیاندەگوتن (الامر بالمعروف والنهی عن المنكر). رۆژێك ژنێك گێڕ دەڕۆیشت بە رێگەدا، كەوتنە سەری بە دار، پێمگوتن بۆ لێیدەدەن، گوتیان گێڕ دەڕوات و سەرنجی پیاوان رادەكێشێ. یان پیاویان دەگرت ریشیان دەپێوا، ئەگەر ریشەكەی لە قەبزەیەك و دوو پەنجە كەمتربووایە، هەشتا شەلاقیان لێدەدا.

رووداو: بۆ ئێوە هیچ قسەیان نەدەكرد؟

وریا قەرەداخی: نەخێر، دەیانگوت ئەوانە كافرەكانن، جاسوسی ئەمریكان.

رووداو: بەڵام ئێستاش تاڵیبان بەهێزە، لە هەندێك ناوچە تەواو دەسەڵاتدارە، خەڵكیش هەیە سۆزی بۆیان هەیە، ئەوان ئەو هەموو شتەشیان كرد، كەچی خەڵك هەر ئەوانی دەوێت بۆچی؟

وریا قەرەداخی: مەسەلەكە ئەمنییەتە، لەسەردەمی تاڵیبان ئەمنییەتی 100% هەبوو، نە دزی هەبوو، نە تەقینەوەو نە كوشتن. كە تاڵیبان رۆیشت، خەڵك لە تێڕوانینی ئیسلامی ‌و فەرهەنگییەوە ئەمریكییەكانی قبوڵ نەبوو، خەڵكی شاری كابول بەتایبەتی ئەوانەی لە دەرەوە هاتبوونەوە ئەو بارودۆخەیان قبوڵ بوو، بەڵام دوای 8-9 مانگ دزی زۆر گەورە كرا، گەندەڵی دەستی پێكرد، خەڵكەكە بەرە بەرە گوتیان تاڵیبان زۆر لە ئێوە باشترە، عەشیرەت لە دژی حكومەت راپەڕین، حەمید كارزای نەیتوانی كارەكەی بەتەواوی بكات، خەڵكێكی زۆر كوژرا، عەشایر هەستا، قاعیدەشی لەگەڵدا بوو، ئێستا دەتوانین بڵێین حەمید كارزای سەرۆك كۆماری كابولە، لە دەرەوەی كابۆل دەسەڵاتی نییە، عەشایر حوكم دەكات.

رووداو:  لە ئەفغانستان قاعیدە پێشكەوتووتربوون یان تاڵیبان، یاخود هەردووكیان وەك یەكبوون؟

وریا قەرەداخی: دەتوانم بڵێم لەڕووی سیاسییەوە قاعیدە حوكمی دەكرد، تاڵیبان جێبەجێكاربوو، هیچیان لە ئیدارە نەدەزانی، هەرچییەكمان پێدەگوتن دەبووایە پرس بە مەلاعومەر بكەن. دەمانویست نانەواخانە دروستبكەین، دەیانگوت با بە مەلاعومەر بڵێین، مەلا عومەریش هیچی نەدەزانی، قاعیدە لە دەوروبەری بوو. ئەوكاتی من لەوێبووم زوربەی ئەفغانییەكان رقیان لە تاڵیبان بوو، لەبەرئەوە 4 ملیۆن ئەفغانی لە پاكستان بوون و 2 ملیۆنیان لە ئێران بوون.

رووداو: بۆچی؟

وریا قەرەداخی: لەبەر دواكەوتوویی كۆمەڵایەتی، قەدەخەبوو كچ بخوێنێ، زانكۆ نەبوو، خزمەتگوزاری كۆمەڵایەتی سفربوو، فڕۆكە نەبوو، شەمەندەفەر نەبوو، كارەبا و ئاو نەبوو، نەخۆشخانە نەبوو. 

كورد و UN

رووداو: تاوەكو ئێستا كورد توانیویەتی هەڵسوكەوتێكی باش لەگەڵ UN بكات؟

وریا قەرەداخی: نەخێر نەیتوانیوە. مەسەلەی كورد لەلای UN زیاتر بە مەسەلەیەكی مرۆیی ناسراوە، ئەگەر بخرێتە قالبی سیاسی پێویستی بە دەنگە، دەبێ وڵاتێك پشتگیری بكات، پێنج ئەندامە هەمیشەییەكەی ئەنجوومەنی ئاسایش كە مافی ڤیتۆیان هەیە، ئەوانە بەرژەوەندییەكی ستراتیژیان لە ناوچەكە هەیە و بە مەسەلەی كوردی ناگۆڕنەوە. لەوانەیە شتێك رووبدات، وەك ئەوەی لە كۆسۆڤۆ روویدا، پەیوەندییەكی ناخۆشیان لەگەڵ ئێران یان توركیا دروستببێ، ئەوكاتە كارتی كوردی ببێتە كارتی جۆكەر و بڕیاری لەسەربدەن.

لۆبی كورد دەبێ لە جنێف و نیویۆرك بێ

لەو قۆناخەدا هەر وڵاتێك مەسەلەی كورد بباتە بەردەم ئەنجوومەنی ئاسایش لەوبڕوایەدام ڤیتۆ دەكرێ. بەڵام لەو قەناعەتەم زۆر گۆڕانكاری كراوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، زۆر گۆڕانكاری هاتوونەتەپێشەوە، لەوانەش دروستبوونی دەوڵەتی باشووری سوودان. من لەو ماوەیەدا كە لە نیویۆرك بووم، باسی باشووری سوودان كرا، منیش گوتم دەوڵەتی داهاتوو كوردستانە، هەندێ لە خەڵكەكە بە چاوێك سەیریان دەكرد راستە، 40 ملیۆن كەس تاكەی بێ دەوڵەت بمێننەوە، بەڵام دەبێ كورد ئیشی بۆ بكات. دەبێ زوو دەستی پێ بكات.

رووداو: دەبێ كورد چی بكات؟

وریا قەرەداخی: كورد ئیشی بۆ نەكردووە، لەو قۆناخەدا كورد زیاتر خۆی بە مەسەلەی ئابوورییەوە سەرقاڵكردووە، بۆ قۆناخی سیاسی ، كورد پێویستی بە لۆبییە، دەبێ لۆبییەكی زۆر بەهێز لە دەرەوەی كوردستان دروستبكات، پارەیەكی زۆری بۆ تەرخانبكات، نابێ لۆبییەكان سەر بەحیزب بن، دەبێ كەسانی ئەكادیمی و دیپلۆماسی بن، لە پەیوەندییە دەرەكییەكان تێبگەن، لە سایكۆلۆژی ئەو وڵاتە تێبگەن كە لێیدەژین، دابنیشن دیراسەی سایكۆلۆژی سیاسەتی ئەمریكا و وڵاتە بەهێزەكان بكەن، بۆ ئەوەی بزانن كورد دەتوانێ لە چ روویەكەوە كاریگەری هەبێ لەسەری. دەبێ ئەو لۆبییە كەسایەتی بدۆزێتەوە لەنێو ئەو وڵاتانە بزانێ كێ سۆزی بۆ كورد هەیە، كێ دۆستی كوردە، كێ بەرژوەوەندی لەگەڵ كوردە، كێ دژی سووریایە، كێ دژی عێراقە، كێ دژی توركیایە، كێ دۆستی ئەو وڵاتانەیە؟ دەبێ ئەوانە هەمووی كۆبكاتەوەو بیكاتە داتابەیسێك و شیبكاتەوە، ئینجا ستراتیژییەك دابنێ، كە مەسەلەی كورد لەڕووی سیاسییەوە چۆن دەڕواتە پێشەوە. ئەو لۆبییە نەبێ، ئێمە هەر لە چوارچێوە مرۆییەكەدا دەمێنینەوە.

رووداو: بەبڕوای تۆ ئەو لۆبییە دەبێ لە ناو UN بێ، كورد كە باسی لۆبی دەكات یەكسەر روو لە واشنتن دەكات، ئەوە راستە یان هەڵەیە؟

وریا قەرەداخی: بە مەزەندەی من لۆبییەكە دەبێ لە جنێف و نیویۆرك بێ، ئەوەی واشنتن پتر كاریگەری لەسەر حكومەتی ئەمریكایە، ئێستا حكومەتی ئەمریكا گرنگییەكی زۆری بە كورد داوە، جنێڤ مەسەلەی مافی مرۆڤی تێدایە و لەڕووی سیاسییەوە زۆر گرنگە، لە نیویۆركیش زۆر گرنگە، لە نیویۆرك لۆبی زۆر بەهێز هەیە، زۆربەی نەتەوەكان لەوێ لە UN نووسینگەیان هەیە.

رووداو: كورد دەتوانێ نووسینگەی هەبێ لەناو UN لە نیویۆرك؟

وریا قەرەداخی: دەبێ دەستی پێبكات، دەتوانێ بیكات، بەڵام دەبێ تەنیسق لەگەڵ UN بكرێ. راستە چواردەورەكەمان دوژمنە، بەڵام دەرەقەتی ئەو مەسەلەیە نایێن، بڕوابكەن UN نووسینگەمان پێدەدات، ئەگەر ئێمە ئیشی بۆ بكەین و بەجدی كاری بۆ بكەین.

رووداو: سروشتی ئەو نووسینگانە چۆنە؟

وریا قەرەداخی: ئەو نووسینگانە پێیاندەگوترێ لێزن ئۆفیس، نووسینگەی هەماهەنگی. 6-7 كورد دەتوانن لە نیویۆرك باڵەخانەیەك بەكرێ بگرن و مۆڵەت لە نەتەوە یەكگرتووەكان وەرگرن. ئەو نووسینگەیە دەتوانێ زانیاری لەبارەی كوردستان كۆبكاتەوەو دۆكیۆمێنتی بكات، سەمینار بكات. تۆ خاوەنی بڕیارنیت، بەڵام زانیاری دەدەی.

رووداو: مەحموود عەباس گوتی دەچمە UN و داوای داننان بە دەوڵەتی فەلەستین دەكەین، كە دەشزانین ئەمریكا دژیەتی. كردی ، بەڵام دانپێدانانی وەرنەگرت. پێتوایە كاتی ئەوە هاتووە كورد ئەو جورئەتە بداتە خۆی، خۆ دوژمنەكانی كورد كە توركیا و ئێرانن، زۆر بچووكترن لە دوژمنەكانی فەلەستین، كە ئەمریكایە؟

وریا قەرەداخی: سەرەتا گرفتی بۆ دروستدەكەن، بەڵام لەو قەناعەتەدام دواتر رازی دەبن. گاندی قسەیەكی جوانی هەیە كە گوتی خۆپیشاندانێكی یەك ملیۆن كلیۆمەتری دژی ئینگلیز دەكەم، گوتیان چۆن؟ گوتی یەك ملیۆن كیلۆمەتر لە یەك هەنگاوەوە دەستپێدەكات. ئێمەش دەبێ هەنگاوی یەكەم بنێین، من لەو قەناعەتەدام، زۆر دۆستی باشمان هەن، بەڵام باش بەكارمان نەهێناون. كۆمەڵكوژی هەڵەبجە و ئەنفال باشترین بەڵگەبوون بە دەستمانەوە، بەڵام بۆ مەسەلەی مرۆیی بەكارمان هێنان.

دەبێ لە ئێستاوە كار بۆ دەوڵەتی كوردستان بكەین

زۆر كەسایەتی گەورە لە ئاستی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران دەناسم دۆستی یەكەمی كوردن، بەڵام دەبێ بەكاریان بێنین، دەبێ نووسینگەیەك دروستبكەین، دەبێ راوێژكاری بیانیشیان لێ دابنێین، كەسی وەك بێرنارد كۆشنەر، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا نزیكترین دۆستی كوردە، دەبێ لەو لۆبیانە دەوری پێبدرێت. مەرج نییە تەنیا كورد ئیشی تێدا بكەن، كۆمەڵێك كوردناس هەن لە دەرەوەی وڵات ئەوانە دابنرێن. ئەو لۆبییە نەبێ بڕواناكەم بتوانین شتێك بۆ كوردستان دروستبكەین.

رووداو: پێشتر لێرە رێكخەری كاروباری حكومەت هەبوو لەگەڵ UN ، پێتوایە شتێكی وا گرنگە؟

وریا قەرەداخی: زۆر گرنگە، ئەو نووسینگەیە بەوشێوەیەی كە پێشتر لە كوردستان دروستكرابوو دەیتوانی رۆڵێكی باشتر ببینێ، دەبووایە بمێنێ و نەخێرتە سەر نووسینگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان. من لەو قەناعەتەدام زۆر پێویستە ئەو نووسینگەیە بمێنێ.

رووداو : UN پارەیەكی زۆری هەیە، كورد هیچ سوودی لە بەرنامەكانی UN وەرگرتووە؟

وریا قەرەداخی:UN هاتووە بۆ یارمەتی، نەك بۆ بڕیار و حوكمكردن، UN قوڕێكە بە دەست تۆوە، تۆ دەبێ فۆرمی بدەیتێ ، نەك ئەو فۆرم بداتە تۆ. لێرە بە هەڵە لە UN تێگەیشتوون و وادەزانن UN خاوەن بڕیارە. هەندێ كەس‌ لێرە UN یان كردووەتە خاوەن بڕیار، بەتایبەتی لە مەسەلەی كەركووك، كاكە UN رۆڵی بڕیاردان نابینێ. UN رێكخراوی دروستكردووە دەبێ پەیوەستبكرێ بە وەزارەتەكانەوە، بۆ نموونە یونسێف، دەبێ بەشێكی بۆ بكرێتەوە لە وەزارەتی پەروەردە، فاو لە وەزارەتی كشتوكاڵ، UNDP لە وەزارەتی پلاندانان. لەڕووی یاساییشەوە هیچ گرفت نییە. بەوشێوەیە UN ئیندیماج دەكات لەگەڵ حكومەت، بەڵام ئەوە لە كوردستان نییە. دەبێ UN بەشێك بێ لە پلانی گەشەپێدانی كوردستان و دەبێ بچێتە نێو دەزگاكانی كوردستانەوە.

رووداو: UN پێشتر خۆی داوایدەكرد ببێتە سەرپەرشتیاری ناوچە كێشە لەسەرەكان، بەڵام كورد بەگشتی ئەوەی قبول نەبوو، بەڕای تۆ ئەوە باشە؟

وریا قەرەداخی: پێش هەموو شتێك UN نابێ ببێتە بەشێك لە كێشە، دەبێ ببێتە بەشێك لە چارەسەر، چارەسەریش نابێ UN بیدۆزێتەوە، دەبێ یارمەتی حكومەت بدات چارەسەر بدۆزێتەوە، UN دەبێ تەنسیق لەگەڵ حكومەت بكات، كە چ پێویستە بۆ ئەوەی كێشەی مادەی 140 چارەسەر بكرێ، دەبێ دابنیشێ لەگەڵ بەرپرسانی كورد پلان دابنێن، حكومەت پێی بڵێ لە فڵان شوێن من پێویستم بە تۆیە، بەڵام نابێ UN بڵێ فڵان شت دەكەم ‌و فڵان شت هەڵەیە ‌.

UN نووسینگەمان پێدەدات، ئەگەر بەجدی كاری بو بكەین

لێرە UN دەبێتە دامەزراوەیەك بۆ تۆ كە چۆن بەكاریبێنی.

رووداو: پەیوەندیت لەگەڵ ئاد میلكەرت و كۆپلەری نێردراوی UN لە عێراق چۆنە؟

وریا قەرەداخی: ئادمێلكەرتم باش نەدەناسی، بەڵام جێگرەكەی جێرزی، كە پۆلۆنییە زۆر برادەرم بوو. نوێنەری ئێستاش مارتن كوپلەر، ئەڵمانییە، دەیناسم ، لە ئەفغانستان بوو. كوپلەر شارەزاییەكی زۆری هەیە لەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. سەفیر بووە لە بەغدا، لە فەلەستین و سووریا، زمانی عەرەبی باش دەزانێ، كەسێكی زۆر رێكوپێكە، دەبێ زۆر سوودی لێ ببینین. زۆر حەزی لە خوێندنەوەیە، كوردیش زۆر باش دەناسێ، هەروەها عەرەبیش.

رووداو: كورد فەرمانبەری زۆرن لە UN؟

وریا قەرەداخی: نەخێر. دەبێ حكومەتی هەرێمی كوردستان داوابكات ژمارەی فەرمانبەرانی كورد لە UN زیاد بكرێن، لەڕووی یاساییەوە ئەوە دەبێ، چونكە پشك هەیە بۆ وڵاتان، ئێستا UN باڵیۆزی هەن لە وڵاتان، من پلەی دیوانم هەیە، كە پلەیەكی باڵایە، زۆركەس دەپرسن تۆ چۆن تائێستا نەبوویتیە باڵیۆز، منیش دەڵێم چونكە من پاڵپشتم نییە. سەرۆك كۆمار كوردە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كوردە، وەزیری دەرەوەی عێراق كوردە، ئێمە دووشەشمان بۆ هاتووە، دەبێ ئێستا ئەو شتانە لە UN داوابكەین و ئێمەش بەشمان هەبێ لە UN، ئەوەش دەرفەتێكە بۆ لۆبی كورد، ئێستا دەرفەتێكی باش بۆ كورد رەخساوە. هیچ كاتێك ئەو دەرفەتە نەڕەخساوە. زۆر گرنگە بۆ كوردستانی عێراق، كوردستانی توركیا زیاتر بەرەو پێشبچێ، چونكە ئەوە بۆ ئێمە پەنجەرەیەكی زۆر گرنگە بەڕووی ئەورپاو و دونیادا، جا لێرە UN رۆڵێكی زۆر گرنگی دەبێ، چونكە UN لە توركیا لەڕووی سیاسییەوە زۆر گرنگی بە مەسەلەی كورد داوە.

رووداو: زۆرجار دەگوترێ بۆچی كورد داواكارییەك پێشكەش ناكات كە كوردستانیش ببێ بە دەوڵەت، بە تایبەتیش ئەو راپرسییەی 2005 هەرچەندە ناڕەسمیش بوو بەكاربێنێ بۆ ئەو مەسەلەیە، كە 98%گوتیان (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی. بەڕای تۆ ئەوە دەرفەتێكە یان هێشتا ماویەتی و جارێ دەبێ لۆبییەكە دروستبكرێ؟

وریا قەرەداخی: دەرفەت جاری وا هەیە لەبەرچاوانە و دەڵێ بیگرە پێش ئەوەی بڕوات، لەو قەناعەتەدام ئێستا دەرفەتەكە هاتووە، دەرفەتەكە زۆر زۆرباشە، قەت لە مێژووی كورددا شتی وانەبووە كە لە چوار پارچەی كوردستان حكومەتی مەركەزی لاوازببێ، ئێستا باشترین دەرفەتە.

رووداو: باشترین دەرفەتە داوای دەوڵەتی كوردی بكات؟

وریا قەرەداخی: دەستبكات بە دروستكردنی لۆبی، ئێستا باشترین دەرفەتە. سبەی سووریا و عێراق و توركیا و ئێران سەقامگیربن، مەسەلەی كورد دەچێتەوە پاش. ئێران ستراتیژی لە وڵاتانی دونیا هەیە. موستەحیلە ئەمریكا دەست لە ئێران بدات، هەزار شەڕ بە ئەمریكا دەفرۆشێ، ئەمریكا هەر تەماشای دەكات. 

رووداو: كاتی ئەو داوایە هاتووە؟

وریا قەرەداخی: (سەیری كاتژێرەكەی دەستی دەكات) ئێستا كاژێر یەكە، لە ئێستاوە دەستپێبكرێ باشترە، نەك چاوەڕێی بكرێت، زەمینەی بۆ دروستبكرێت .

رووداو: زەمینەی بۆ دروستبكات یان داوای بكات؟

وریا قەرەداخی: زەمینەكە و داواكە پێكەوە، زەمینەكە بە دوای داواكەدا بچێت. لەڕووی یاساییەوە زۆر كەس دژت دەوەستێ، بەڵام پرۆسەیەكە زۆر خەڵكیش پشتگیریت دەكات، چونكە بەڵگەی زۆرت بەدەستە و تەجروبەی كوردستانی عێراق بەڵگەیەكی بەهێزە.

رووداو: بەپێی بەڵگەنامەكانی بە ئەندام وەرگرتنی عێراق لە كۆمەڵی گەلاندا لەساڵی 1931، دەبێ عێراق مافە فەرهەنگی و ئیدارییەكانی كورد بپارێزرێ، ئێستا پاش ئەو جینۆسایدانە كورد ناتوانێ ئەو داوایە بكات؟

وریا قەرەداخی: ئەوە مافی كوردە، چونكە كوردستان بەزۆر بە عێراقەوە لكێندرا بۆ راگرتنی باڵانسی شیعە و سوننە، چونكە ژمارەی سوننە لە عێراق كەمبوو، دەرفەتێكی زۆر گەورەمان لەدەستچوو. شێخ مەحموود دەرفەتێكی زۆر گەورەی لەدەستدا، چونكە خۆی بە توركەكان بەستەوە. لەو قەناعەتەدام ئێستا دەرفەتێكی زۆرباش هاتووەتە پێشەوە كە بنچینەی دەوڵەتی كوردستان دروستبكرێت، چونكە هەموو فاكتەرەكانی دەوڵەتبوونی هەیە

سەركەوتنی كوردی توركیا لەڕووی سیاسییەوە باشترین بەڵگەیە لەگەل ئەزموونی كوردستانی عێراق.


سەرچاوە: رووداۆ

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان