وریا قەرەداخی، ئێستا بەڕێوەبەری هەرێمییە لە ئاسیای نێوەڕاست بۆ مەسەلەی
سنووری سیاسی و ئەمنی. ئەو گەورەترین پلەداری كوردە لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان UN
دا. داوادەكات حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا لە UN بكات، كە كارمەندی زیاتری كورد دابمەزرێنێ، وەك مافێكی خۆی. لەو هەڤپەیڤینەدا، وریا قەرەداخی باسی ئەزموونی خۆی وەك كارمەندێكی UN دەكات لە وڵاتە جیا جیاكانی جیهان، هەروەها پێویستی جۆری مامەڵەكردنی كورد لەگەڵ UN. هەروەها باسی پەیوەندی خۆی لەگەڵ نێلسۆن ماندێلای رێبەری ئەفسانەیی باشووری ئەفریقیا دەكات.
بەشی یەكەم
رووداو - هەولێر
رووداو: چۆن رووت لە UN كرد، لە ساڵی چەند كارت لەگەڵیان كرد؟
وریا قەرەداخی: من لە ساڵی 1990 وانەم دەگوتەوە لە زانكۆی دێڵفت لە هۆڵەندا، ئەو پرۆفیسۆرەی كارم لەگەڵ دەكرد خەڵكی چیللی بوو، وەك من پەنابەر بوو، لەوێ كە زانی زۆر گرنگی بە خانوو دروستكردن دەدەم بۆ هەژاران، پێیگوتم وڵاتانی ئەوروپا هەموویان گەیشتوونەتە ئەو ئامانجە كە تۆ هەوڵی بۆ دەدەی، تۆ بۆ ئێرە نابی، زیاتر دەتوانی یارمەتی هەژارانی دەرەوەی ئەوروپا بدەی، گوتی من دەتوانم یارمەتیت بدەم لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەنداوە بچییە نێو UN، منیش نامەیەكم بۆ وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا نووسی و داوای ئیشێكم كرد لە UN، ئەوانیش داواكەیان قبوڵكردم، كە وەك كارمەندێكی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا وەریانگرتم ، دوای ساڵێك گوازرامەوە بۆ UN ، ئیتر لەساڵی 1991ەوە لەگەڵ UN دەستبەكار بووم و تائێستا بەردەوامم.
رووداو: ئەو شوێنانەی بۆ UN كارت تێدا كردوون كوێبوون؟
وریا قەرەداخی: لەساڵی 1991 تاوەكو 1994 لە باشووری ئەفریقیا، لیسوتو سوازیلاند و زیمبابۆی كارم كرد، وەك رێكخەری UN بۆ كاری فەرهەنگی و بنیاتنانەوە. لە دوای 1994 گواسترامەوە بۆ بانكۆك وەك رێكخەری هەرێمیی رۆژئاوای ئاسیا، لەساڵی 1997 گوسترامەوە بۆ بۆسنە، بارەگام لە سەرایڤۆ بوو، لەساڵی 1999 گواسترامەوە بۆ كۆسۆڤۆ، ئەوكات ئەو وڵاتە تازە لە شەڕ هاتبووە دەرەوە، لەوێ ئەزموونێكی باشم لە دووبارە بنیاتنانەوەی شارەكان وەرگرت، دواتر گوتیان كەسێكمان دەوێ مونەسیق بێ لەگەڵ حكومەتی تاڵیبان لەئەفغانستان، ئەوكاتە كەس ئەو موجازەفەیەی نەدەكرد، بەڵام من كردم و لە مانگی شوباتی 2001 چوومە ئەفغانستان كە ئەوكات تاڵیبان حوكمی دەكرد. لە مانگی تشرینی یەكەمی 2001 حكومەتی تاڵیبان رووخا. دوو ساڵ و شەش مانگ لە ئەفغانستان مامەوە، پاشان گوتیان لە سریلانكا شەڕی حكومەت و پڵنگەكانی تامیل وەستاوە، یەكێكمان دەوێ ببێتە مونەسیقی نێوان حكومەت و تامیلەكان. چوومە سریلانكا، لەوێ بوومە راوێژكاری هەرێمی UN لە سریلانكا و حەوت ساڵ و نیو لەوێ مامەوە. دوو ساڵی یەكەم راوێژكاری هەرێمی بووم بۆ كاروباری باشووری ئاسیا كە حەوت وڵات لەخۆ دەگرێ: هیندستان، پاكستان، ئەفغانستان، نیپاڵ، بەنگلادیش، ماڵدیف و سریلانكا، بەڵام لەوێ نەیانهێشت بڕۆم، گوتیان تۆ تەجروبەت زۆرەو بمێنەوە. لەدوای ئەو ماوەیە چوومە قیرغیزستان و بوومە بەڕێوەبەری هەرێمی UNلەوێ.
رووداو: ماوەیەك لە ڤێتنامیش بووی، ڤێتنامییەكان هیچ شتێكیان دەربارەی كورد دەزانی؟
وریا قەرەداخی: كێشەی ڤێتنام، كێشەی زمانە، شاری سایگۆن بەحوكمی ئەوەی پایتەختی ئەمریكییەكان بوو، كە ئێستا ناوی هۆشی مینە، خەڵكەكەی بە ئینگلیزی و فەرەنسی قسەیان دەكرد. ئەوان شارەزاییەكی ئەوتۆیان نەك تەنیا دەربارەی كورد، دەربارەی دەرەوەی ڤێتنام نییە، شارەزاییەكی سیاسیان نییە، كە لەگەڵ سەركردە ڤێتنامییەكان دادەنیشتم كە لێیاندەپرسیم خەڵكی كوێی، دەمگوت خەڵكی كوردستانی عێراقم، دیاربوو شارەزاییەكی ئەوتۆیان دەربارەی كورد نەبوو، بەڵام جارێكیان لە شوێنێك دانیشتبووین ناوچەیەك بوو بۆردوومانێكی زۆركرابوو لەلایەن ئەمریكییەكان، بریكاری وەزارەتی دەرەوەی ڤێتناممان لەگەڵ بوو، كە لێیپرسیم عەرەبی، گوتم نا، من كوردی كوردستانی عێراقم، یەكسەر گوتی: بارزانی؟ منیش گوتم: بەڵێ، ئەویش گوتی: ئێمە كورد دەناسین.
رووداو: ڤێتنام شۆڕشی كرد، ئەو كێشانەی ئێستا لە كوردستان دەیبینی، لەوێ لەنێو خەڵكی ڤێتنام كە تازە لە شۆڕش دەرچووبوو هەستت پێدەكرد بەرامبەر حكومەتی خۆیان؟
وریا قەرەداخی: نەخێر، لە ڤێتنام كەس رەخنە ناگرێ، چونكە سیاسەتی تاكحیزبییە، كە ئەویش حیزبی كۆمۆنیستە، بەڵام كە لەگەڵ گەنجەكانیان دادەنیشتین هەموویان ناڕازیبوون، دەیانگوت ئەوە حیزبێكی دیكتاتۆرییە، ئێمە ئازادیمان نییە، ناتوانین سەفەر بكەین، لە هەمانكاتدا حكومەت زۆر هەوڵیدەدا گرنگی بە گەنجان بدات، زۆر شتی بۆكردبوون، دوای دوو ساڵ كە چوومەوە ڤێتانم تەماشام كرد شتەكە زۆر گۆڕاوە، گەنجەكان رۆڵی كارایان هەبوو لە نەخشەی كۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسیش، ڤێتنام یەكێكە لەو وڵاتانەی لەڕووی ئابوورییەوە زۆر بەخێرایی گەشەی كرد، چونكە رۆڵێكی زۆریان دایە گەنجان لە بواری بازرگانی و بواری تەكنەلۆژیای زانیاری. جگە لەوەش ڤێتنامی عادەتێكیان هەیە، شتێكیان بدەیێ، بە زووترین كات گەشەی پێدەدەن و دەیكەنە 10 شت. ڤێتنامی زۆر داهێنەرن، ئەو داهێنانەی لەوانم بینیووە لە هیچ شوێنێكی دونیا نەمبینیوە.
“ژنێكی زولۆ پێیگوتم لە 1962وە مرۆڤمان نەخواردووە”
رووداو: تۆ لە ئەفریقیا چووبوویە نێو قەبیلەی سوتو و زولۆ، ئەوە چۆن بوو؟
وریا قەرەداخی: من كە چوومە لیسوتو لە ئەفریقیای باشوور، بنكەم لە پایتەخت (ماسیرو)بوو، بەڵام كارەكەم 50-60 كیلۆمەتر لە پایتەختەوە دووربوو، لەو ناوچەیە شەڕێكی زۆر خوێناوی روویدابوو لەنێوان ئینگلیز/هۆڵەندی، لەگەڵ هەردوو قەبیلەی زولو و سۆتۆ، پاشای زولوكان ناوی زولو بووە، لەناتال دانیشتووە، ئەو شوێنەی كە من بۆی چووم شوێنی سوتوكان بوو پاشاكەشیان ناوی مەشویشو بووە، لەسەدەی 17 و 18 شەڕی ئینگلیز و هۆڵەندی بەرپابوو لە ئەفریقیای باشوور، لەو شەڕەدا قەبیلەكانیش بەكارهێنران لەلایەن ئینگلیز و هۆڵەندییەكانەوە كە شەڕ لەگەڵ یەكتر بكەن، زولوكان و سۆتۆكان كۆشكێكی گەورەیان هەبوو لەسەر كێوێك و خەڵك عیبادەتی كردووە، ئەو كۆشكە بە تۆپ تەختكرا.UN بۆ ئەوەی پەرە بە فەرهەنگی ئەو قەبیلانە بدات و پێیانبڵێ ئێوەش وەك سپی پێستەكان كولتوورتان هەبووە، یەكێك لەو رەمزە كولتووریانەشتان ئەو كۆشكە بووە، بەڵام كۆشكەكە تەختكرابوو، ئەوە ئیشی ئێمەبوو ئەو كۆشكە بدۆزینەوە، ئێمە چووینە ناوچەكەیان، لەوێ هیچ شتێكی نووسراو نەبوو پشتی پێ ببەستین بۆ دۆزینەوەی كۆشكەكە، لەوێ ژنێكمان بینی پرسیارمان لێكرد، گوتی دواجار پیاوێكی سپی وەك تۆ هاتە ناومان، بەڵام قەبیلەكەی ئێمە گرتیان و خواردیان، گوتم ئێستا كەس دەخۆن، گوتی: نەخێر، لەساڵی 1962 دوایین مرۆڤ لەلای ئێمەوە خوراوە. ئەو قەبیلەیە مرۆڤیان خواردووە، بەتایبەتی مرۆڤی سپی، پێیان رەنگێكی پاكبووەو خواردوویانە. دوای گەڕان ، خانووەكەمان دۆزیەوە،UN دەیویست رووحیەتی ئەو خەڵكە بەرز بكاتەوەو بڵێن ئێمەش كولتوورمان هەیە، گەڕاین زۆر شتمان دۆزیەوە، چەقۆی پاشاكەمان دۆزیەوە، نەخشەكەمان دروستكرد، كۆلارەیەكی گەورەمان دروستكردو كامێرایەكمان لێبەست، هەڵماندا بۆ وێنەگرتن، وێنەكانمان گرت و دەستمانكرد بە ژمارە لەسەر دانان. لەو شتانەی كە دۆزیمانەوە، كەلوپەلی پیاوێكی ئەڵمان بوو كە لە دوای دەگەڕان، لە خەڵكی ناوچەكەمان پرسی، گوتیان راستە ئەو ئەڵمانە هاتووەتە ئێرەو لێرە خواردوومانە. من پێشنیازم كرد بۆ UN مۆزەخانەیەكیش لە ناوچەكە دروستبكەین، تاوەكو خەڵكەكە بزانێ ئەوانیش فەرهەنگیان هەبووە، چونكە خەڵكی ناوچەكە وای بۆدەچێ، فەرهەنگ لە هاتنی سپییەكان لەساڵی 1570 بۆ باشووری ئەفریقیا دەستی پێكردووە، بەڵام نازانن خۆیان فەرهەنگیان هەیە. زۆر شتی نایابمان دۆزیەوە، لەقەد شاخەكان وێنەی ئاژەڵیان دروستكردبوو، كە لێمان كۆڵییەوە هەندێكیان مێژووەكەیان دەگەڕایەوە بۆ 1200 ساڵ پێش ئێستا، ئیتر خەڵكەكە بەرە بەرە هەستیان بەوەكرد كە ئەوانیش خاوەن فەرهەنگی خۆیانن.
رووداو: داوو نەریتیان چۆن بوو؟
وریا قەرەداخی: گۆشتخۆری عەجیب بوون، راویان دەكرد، جاری واهەبوو گۆشتیان بە كاڵی دەخوارد. ژنهێنانیان زۆر سەیرە، خواردنی سەیریان دەخوارد، بەیانیان كە هەڵدەستام قاپی خواردنەكانیانم دەبینی، كرمی گەورە گەورەی تێدابوو، كرمیان دەخوارد، بەتایبەت كرمی ئاوریشمی. دەیانگوت پڕۆتینی زۆرە.
رووداو: ئەی ئێوە چیتان دەخوارد؟
وریا قەرەداخی: ئێمەش خواردنی ئەوانمان دەخوارد، بەڵام ئەگەر بمانزانیبووایە كرمە نەماندەخوارد، ئەوان كیسەڵ و تیمساح و مەیمونیان دەخوارد، مێروولەیان زۆر دەخوارد. زۆر حەزیان لە هێلكەی مێروولە بوو.
رووداو: ئێستا چییان بەسەرهاتووە؟
وریا قەرەداخی: ساڵی 2000 چوومەوە لایان وەك پاشایەك پێشوازیان لێكردم، وەك لای خۆمان هەلهەلە لێدەدەن. ئەو شوێنەی من لێیبووم ناوی تابابوسی بوو، تابا بە زمانی ئەوان واتە چیا، بووسی واتە رەش، پاشناوی منیش قەرەداخی واتە چیای رەش بوو، ئیتر پێیاندەگوتم مستەر تابابووسی. لەوێ شتێكی زۆر سەیرم بینی، یەكێك لە منداڵەكانیان ناونابوو وریا، بەناوی منیان كردبوو، بەبێ ئەوەی بزانن وریا مانای چییە، گوتیان بەیادی تۆ ئەو ناوەمان لێناوە، هێنایان بۆ لام.
رووداو: ئەو دوو قەبیلەیە ژمارەیان چەند دەبێ؟
وریا قەرەداخی: زولو ژمارەیان نزیكەی 6-7 ملیۆن دەبێ، سۆتۆكانیش ژمارەیان نزیكەی 2 ملیۆن و 500هەزار كەس دەبێ.
3 دیدار لەگەڵ نێلسۆن ماندێلا
رووداو: لە ساڵی 2000 كە گەڕایەوە ئەوێ هەوڵتنەدا، بەرپرسانی كۆنگرەی نیشتمانی (حیزبەكەی نیلسۆن ماندێللا) ببینی؟
وریا قەرەداخی: من خۆم پارچەیەك بووم لەكۆنگرەی نیشتمانی، لەساڵی 1992 كە نیلسۆن ماندێلا ئازادكرا، لە یەكەم هەڵبژاردنی دوای نەمانی ئاپارتاید ئێمە وەك UN بووینە چاودێری هەڵبژاردن، هەڵبژاردنێكی زۆر دیموكراتی كرا، دەتوانم بڵێم یەك لە باشترین هەڵبژاردنەكانی جیهان بوو كە من بینیبێتم، زۆر رێكوپێكبوو، حیزبی كۆنگرەی نیشتمانی توانی لە ماوەی یەك ساڵدا هەموو خەڵكەكە رێكبخات، پێشبینییەكی زۆر گەورەمان دەكرد، كە شەڕ رووبدات، بەڵام هیچ شتێك رووینەدا.
رووداو: ئەوكاتەی لەوێبووی هیچ جار نیلسۆن ماندێلات بینی؟
وریا قەرەداخی: سێ جار بینیم، باسی كوردیشی كرد. جارێكیان لە كۆبوونەوەیەكدا بینیم بەبۆنەی رۆژی لەدایكبوونی، چوومە لای و تەوقەم لەگەڵ كرد، پێمگوت بەناوی گەلی كورد و كوردستان پیرۆزباییت لێدەكەم، خۆزگە دەخوازین رۆژێك لە رۆژان لەدایكبوونی تۆ لە كوردستان یاد بكەینەوە، زۆر پێكەنی، گوتی من كورد باش دەناسم و ئێوە میللەتێكی زۆر زیرەكن. دووەمجار كە هەڵبژاردنی 1994 تەواوبوو و ئەو بووە سەرۆك، داوەتیكردین، كە چوومە ژوورەوە یەكێك لە پاسەوانەكانی لە دەرەوە وەستابوو كلاشنیكۆفێكی پێبوو و كراسێكی لەبەربوو وێنەی سەددامی لەسەربوو، لەسەریشی نووسرابوو سەدام حوسێن پشتگیریت دەكەین. من زۆرم پێناخۆشبوو. كە چوومە لای ماندێلا و تەوقەم لەگەڵ كرد، گوتم: مەدیبە (كە بە زمانی ئەوان واتە پاشا) دووبارە هاتمەوە لات، پێمگوت بەناوی میللەتی كوردەوە پیرۆزبایت لێدەكەین و خۆزگە دەخوازین رۆژێك لە رۆژان كەسایەتییەكی وەك تۆ كە 27 ساڵ لە زیندان بووی گرنگی بە كێشەی كورد بدات، ئینجا باسی پاسەوانەكەیم بۆكرد، ئەویش گوتی: هەموو كەسێك لەو وڵاتە تائێستا نەگەیشتووەتە پلەیەكی زانایی، زۆر كەسمان هەیە نازانێ لەو جیهانەدا چی روویداوە، ئەوە پرۆسەیەكە لێی مەترسە كە ئەو پاسەوانە رەسمی سەدامی لەسەر سنگیەتی، لێی بترسە، ئەگەر وەك سەدامی لێبێت. ئینجا دوای ئەوەش لێی پرسیم كێشەی كورد گەیشتووەتە چ قۆناخێك، منیش بۆم باسكرد، ئەویش گوتی : لەوانەیە نە تۆ و نە من، كوردستانێكی ئازاد نەبینین، بەڵام رۆژێك دێت نەوەیەك دێ دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی دەبینێ، ئێوە موستەحەقی دەوڵەتن، چونكە میللەتێكن قەت ورە بەرنادەن. ئەو قسەیەم تۆماركردووەو لەلای خۆم هەیە. ماندێلا زۆر موعجیب بوو بە كورد. ئەو زۆر گرنگی بە نەتەوەكان دەدات. هەروەها لە ساڵی 1997 كە هات بۆ سەنگافورە، من لە تایلەند بووم، باڵیۆزی باشووری ئەفریقیا گوتی ماندێللا دەگەڕێتەوە وڵات و فڕۆكەكەی لە بانكوك رادەوەستێ، ئاهەنگێكی بچووكی بۆ دەكەین، یادی لەدایكبوونی بوو، لە تایلەندیش بینیم، چوومە لای و گوتم دەمناسیەوە، گوتی: كوردەكە نیت، گوتم: بەڵێ؟ گوتی چیدەكەی لێرە، گوتم هاتووم یارمەتی ئەو خەڵكە بدەم، گوتی ئیشێكی زۆرباش دەكەی، ئەوانەش وەك كورد پێویستییان بە یارمەتییە.
ئەزموونی رەشپێستەكان و كورد
رووداو: سەركردەكانی كۆنگرەی نیشتمانی دوای هاتنە سەر دەسەڵات لەگەڵ منداڵی زۆر بچووك هاوسەرگیریان كرد، یان دەستدرێژیان دەكردنە سەر، زۆر لەوانە لەبەرچاوی خەڵك كەوتن. تۆ ئەزموونی ئەوانت چۆن بینی؟
وریا قەرەداخی: لەدوای رووخاندنی رژێمی ئەپارتاید و هاتنی حیزبی كۆنگرەی نیشتمانی بۆ سەر دەسەڵات، بەشێكی زۆر لە سپیپێستەكان گوتیان تۆڵەمان لێدەكەنەوە، دەمانكوژن، چونكە ساڵەهایە ئێمە لەوان دەكوژین، زەوی و ماڵی خۆیان فرۆشت، ژمارەیان لەچوار ملیۆن كەسەوە كەمبووەوە بۆ 2 ملیۆن، زۆربەیان چوونە ئوستراڵیا و كەنەدا، گەورەكانیان كە مانەوە، خەڵكەكە داوایدەكرد بدرێنە دادگا و بكوژرێن، بەڵام كۆنگرەی نیشتمانی زۆر عاقڵانە مامەڵەی كرد، گوتی ئێمە كادیرمان نییە ئەو وڵاتە بنیات بنێتەوە، ئەوەی هەیە سپییەكانن، ئەگەر ئەوان بكوژین وەك زیمبابۆیمان بەسەردێ، كە هەرچی سپی بوو كوشتیان و دەریانكردن، ئێستاش هەژارترین وڵاتی جیهانە. گوتیان دەبێ ئەوانە لە شوێنی خۆیان بمێننەوە، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە رۆڵیان پێنادرێت. كۆنگرەی نیشتمانی، تەجروبەی نەبوو لە ئیدارە، هەندێكیان نەیانتوانی خۆیان كۆنترۆڵبكەن، سیستەمێكیش هەیە لە باشووری ئەفریقیا كە ناهێڵن فەرمانبەرێك زۆر لە شوێنێكی هەستیار بمێنێتەوە، چونكە دەڵێن ئەگەر زۆر بمێنێتەوە دەستی بگاتە پارە دەست بە دزی دەكات، بۆیە ئەو فەرمانبەرەش پێش ئەوەی بگۆڕدرێ زوو دەستیدەكرد بە دزی. لەبەرئەوە كۆنگرەی نیشتمانی كەوتە نێو كێشەیەكی زۆر گەورەوە و رووبەڕووی ناڕەزایی خەڵك بووەوە، رەشەكان دەیانگوت ئێمە ساڵەهایە بەدەست سپییەكانەوە رەنجمان كێشا، ئێستاش دەستتانكردووە بە گەندەڵی ئیداری، لەلایەكیش سپییەكانتان نەكوشتن و گەڕانەوە شوێنەكانیان. ماندێلا ئەوەی زۆر پێناخۆشبوو، سەرەتا رەخنەی لە كۆنگرەی نیشتمانی گرت، گوتی من پێشبینم نەدەكرد بەرپرسانی كۆنگرە بگەنە ئەو ئاستە. ماندێلا لێرەدا زیرەكی نواند و كارەكەی نەدایە رەش و نەدایە سپی، كارەكەی سپارد بە توتو (قەشە)، توتو قەشەیەكی زۆر زۆر زیرەكبوو، بە ناوی دین قسەی دەكرد، گوتی تۆ دادگایەك دروستبكە، هەرچی سپییە، ئەوەی خەڵكی كوشتووە بابێتە دادگا و داوای لێبووردن لە رەشەكان بكەن، هەموویان هێنایە بەردەم دادگا و تەلەڤزیۆن و پێیانگوتن بڵێن ئێمە ئەو كارەمان كردووەو پەشیمانین لەو كارە، داوای لێبووردن دەكەین. هەموویان داوای لێبووردنیان كرد و ئازادكران. هەندێك لەوانەی لەئیدارەدابوون، ناوێكی خراپیان دایە كۆنگرەی نیشتمانی، توانا و لێهاتووییان نەبوو، كەسی شیاو لە شوێنی شیاو دانەنرابوو، خەڵكانی حیزبی لە شوێنە هەستیارەكان دانرابوون، گوێیان لە داوای خەڵك نەگرت، هەر لەبەرئەوەش ماندێلا كشایەوە، چونكە دەرەقەتیان نەدەهات.
رووداو: زۆرجار داوای دادگاییكردنی ئەو موستەشارانە دەكرێ، كە بەشداری ئەنفالیان كردووە، دەكرێ پرۆسەیەكی وەك ئەوەی قەشە توتو كردی، لێرە بۆ ئەو موستەشارانە بكرێ؟
وریا قەرەدەخی: مێژووی ئێمە جیاوازە لەگەڵ مێژووی ئەوان، مێژووی ئێمە بەردەوام كوشتن و سەربڕین بووە، نەوەی پێغەمبەر سەری بڕدراوە، ئێمەش لەگەڵ ئەو واقیعەدا هاتووین. تۆڵە، رەجمی بكەن، بیكوژن، ئەو شتە لەنێو كۆمەڵگەی ئیسلامیدا هەیە، من ئەوەی لە مالیزیا و ئەندەنوسیا بینیم لەبەرئەوەی كۆمەڵگەیەكی بودیست بوون، ئیسلامی ئەوێ هێمنترە، كوشتن و كوشتنكاری و تۆڵەسەندنەوە نییە، بەڵام هەرچەندە نزیكی كۆمەڵگەی بەدو دەبییەوە رۆحی تۆڵەسەندنەوە زیاترە، ئێمەش سنوورمان لەگەڵ بەدو هەیە، لەوان وەرمانگرتووە، لە ئاینەكەش هەر وەرمانگرتووە، بەڵام لەوێ توتو هەمیشە دەیگوت حەزرەتی مەسیح دەڵێ ئەگەر یەكێك لەلا روومەتێكی دای، پێیبڵێ لەلاكەی دیكەشت بدات، ئەوە زۆر رۆڵی هەبوو. من لەو باوەڕەدام ئەگەر كەسێكی وەك قەشە توتو لە كوردستان ئەو كارەی ئەو كردی، بیكردبا، دەیانكوشت.
رووداو: نێلسۆن ماندێلا لەبەر بوونی گەندەڵی لە كۆنگرەی نیشتمانی كشایەوە، بەڵام لە كوردستان نەمانبینی كەسێك لە ئاستی سەركردە باڵاكان بكێشێتەوە، لە كوردستانیش گەندەڵی هەیە، وڵاتێكە لە شۆڕشەوە دەرچووە بۆ ئیدارەكردن، بەڕای تۆ، كە ئەزموونی ئەو وڵاتە تازە دەرچووانەی لە شەڕت بینیووە، بەڕای تۆ بۆ كوردستان چ بكرێ؟
وریا قەرەداخی: لە هەموو ئەو وڵاتانەی لە شەڕ دەرچوون گرفتی گەندەڵی و دزی و ئەو شتانەیان هەبووە، ئەوە قۆناخێكە دەبێ هۆكەی بدۆزیەوە چییە، ئەوەی لەلای ئێمە لە 1991 دەستیپێكرد كە سیستمی ئیداری لە عێراق رووخا، سیستمی ئیداری لە عێراق تەواوبوو و گەندەڵییەكی زۆری بەجێهێشت لە كوردستان ، حیزبی بەعس بەخۆی حیزبیكی گەندەڵ بوو و كوردستان ماوەی 22 ساڵ لەژێر دستی ئەوان بوو. شۆڕشی كورد هیچ ئەزموونی نەبوو لە ئیدارەی شار، بەڵام تەجروبەی باشی لە ئیدارەی شاخ و گونددا هەبوو، لێرەدا پشت بە رەگەز دەبەسترێ، تۆ ناتوانی بڵێی پارتی یان یەكێتی یان هەر حیزبێك، رەگەزی لاوازی تێدایە، رەگەزێكی زۆریشی تێدایە ناڕەزایی پێشاندەدات، چارەسەركردنی ئەو گرفتە بە قسەی تەلەڤزیۆن و بە جام شكاندنو خۆپیشاندانی گەورەش نابێ، هەردووكیان هەڵەن، دەبێ لێژنەیەكی سەربەخۆ دروستبكرێ، لە كەسانی ئەكادیمی و پسپۆڕ، كەسی پاكبن، یەكە یەكە ئەو گرفتانە چارەسەر بكەن بەشێوەی دیالۆگ دوور لە كینە و تۆڵە، دەسەڵاتێكی گەورەیان پێبدرێت، كە ئەوانەی خراپ و لاوازن دەریانبكەن. دەبێ ئەوە پێشانی خەڵكیش بدرێ، ئەوكاتە خەڵك باوەڕ دەكات.
رووداو: لەو تەجروبانەی بینیت، كامیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی سەرنجی تۆی راكێشا؟
وریا قەرەداخی: باشووری ئەفریقیا لەهەموویان باشتربوو، ئەفغانستان لەهەموویان خراپتربوو. لەباشووری ئەفریقیا لەساڵی 1998دا ئەو پرۆسەیە دەستیپێكرد، شەخسەكانیان لادان و لە تەلەڤزیۆنیش پێشاندران، ئەو پرۆسەیە هێشتا تەواونەبووە، بەڵام دەستی پێكردووە.
دووساڵ و شەش مانگ لە ئەفغانستانی تاڵیبان
رووداو: هەموو دونیا لە حكومەتی تاڵیبان دەترسا، بەڵام تۆ بڕیارتدا ببیتە مونەسیقی UNDP لە ئەفغانستان، چۆن ئەو بڕیارەت دا؟
وریا قەرەداخی: من لە كۆسۆڤۆ بووم، تەلەفۆنیان بۆ كردم، گوتیان كەس نییە بچێتە ئەفغانستان ئەوكارە بكات، گوتم 24 كاژێر كاتم بدەنێ، بۆ ئەوەی بیری لێبكەمەوە. چووم هەندێك شتم لەبارەی ئەفغانستان خوێندەوە، تەماشامكرد سیاسەت لە ئەفغانستان سفرە، سیستمێكی عەشایرییەو هەر تیرەیەك حوكمی شوێنی خۆی دەكات، ئەگەر لە فەرهەنگی ئەفغان تێبگەی، زوو دەتوانی بچیە ناویان، ئەگەرنا رۆژی دووەم بیر لەوە دەكەیەوە بەجێیبێڵی. لەسەر ئەو بنەمایە بڕیارمدا بچمە ئەفغانستان. مانگی شوباتی 2001 چوومە ئەفغانستان، یەكەمجار فیزەیان نەدامێ، چوومە باڵیۆزخانەكەیان لە پاكستان یەكسەر لێیانپرسیم شیعەی یان سوننە، گوتم من موسڵمانم، زۆری پێخۆشبوو. حكومەتی تاڵیبان زۆر دژی شیعە بوو، چونكە وەهابی بوون، شیعە لەلای ئەوان لە جوولەكە خراپترە. گوتیان بۆچی دەچی بۆ ئەفغانستان گوتم من لە UNDP م و دەمەوێ یارمەتیتان بدەم، جێگری باڵیۆزەكە كە ناوی مەلا زەعیف بوو چاوێكی نەبوو، پێیگوتم بڕۆ، بەڵام یەك شتت لەبیر نەچێ، بزانین جاسووسی دەكەی بۆ ئەمریكا یەكسەر لەسێدارەت دەدەین. سواری فڕۆكە بووم و لە ئەفغانستان دابەزیم. بینیم دونیایەكی دیكەیە، كەس نییە پێشوازیت لێ بكات، هەموو پیاوی ریشداربوون، یەكێك لەولا دانیشتبوو یەكێك لەولا پاڵكەوتبوو، یەكێكی قاعیدە لەساڵۆنی فڕۆكەخانە لێی پرسیم خەڵكی كوێی؟ گوتم: عێراقیم، گوتی لەكوێی عێراقیت؟ گوتم: كوردستان، ئەویش گوتی: كورد مرۆڤی زۆرباشن. ئیتر شوێنیكیان پێدام و زۆر رێزیان گرتم.
رووداو: حكومەت هەبوو؟
وریا قەرەداخی: حكومەت هەبوو و نەبوو، وەزارەت هەبوون، بەڵام هەموویان مەلا بوون، لەسەر زەوی دادەنیشتن و قاچیان دەخستە سەرقاچ و بەردەوام دەستیان لە ریشەكەیان دەدا، لە هیچ نەدەگەیشتن، لەگەڵ وەزیرێك دەربارەی وەزارەتەكەی قسەت دەكرد تێنەدەگەیشت، هەر ئایەتی قورئانی بۆ دەهێنایەوە، هەر دەیانگوت ئەمریكا واخراپە و باشترین دەوڵەت لە جیهان پاكستانە. مانگێك و پانزە رۆژ لەكابول مامەوە، ئینجا مۆڵەتیان دامێ بچمە قەندەهار، ئەوێ ناوەندی بڕیاربوو، چونكە مەلا عومەر لەوێبوو. فڕۆكەوانەكە گوتی ئاگاداری خۆت بە، كە دەچین بۆ قەندەهار تەنیای، پلەی گەرماش لەوێ 53یە، لەوێ كامێرا، رادیۆ، تەلەڤزیۆن، سەرتاشخانە، چایخانە و سینەما قەدەخەبوو. لە كابول تەنیا 2 چێشتخانە هەبوون، لەوكاتەی چووم بۆ قەندەهار بە رێكەوت لە فڕۆكەخانەی ئیسلام ئاباد رۆژنامەیەكی (الشرق الاوسط)م بینی، دانەیەكم كڕی و لەگەڵ خۆم بردم بۆ قەندەهار، كە بەڕێكەوتین بۆ قەندەهار فڕۆكەوانەكە فڕۆكەخانەی نەدۆزیەوە، چونكە راداری نەبوو، چووینە ناوخاكی پاكستان، ئینزاریان داینێ، كە سنوورمان بەزاندووە، پێچمان كردەوە هاتینە قەندەهار، لەوێ دابەزین. ئیتر كەس نییە پێشوازیت لێ بكات. كە دابەزین گوتیان حەسەن رەحمانی حاكمی قەندەهار دەیەوێ بتبینێ، قاچێكی لە شەڕی رووس لەدەستدابوو، گوتبووی دەبێ كاژێر 5ی بەیانی بەیانی بێتە لام و نانی بەیانی لەگەڵ من بخوات. تومەز دەیویست بزانێ، كە من موسڵمانم و نوێژ دەكەم. زاوای مەلا عومەریشی هێنابوو لەگەڵ خۆی، جا ئەو رێككەوتە سەیرە كە رۆژنامەكەم خوێندەوە تەماشا دەكەم رەسمی حەسەن رەحمانی تێدایە، نووسرابوو “اهلا وسهلا بالعرب فی افغانستان بدون تأشیرە فیزە”، ئیتر بە رۆژنامەكەوە چوومە لای رەحمانی و بە فارسی قسەم لەگەڵ كرد، هێلكەو رۆنێكی كردبوو لەناو تاوەیەك خۆم خۆی و زاواكەی مەلاعومەر پێكەوە هەر لەناو تاوەكەدا خواردمان. گوتی نوێژت كردووە، گوتم: بەڵێ. پاشان رۆژنامەكەم دەرهێناو گوتم زۆرم پێخۆشبوو كە چاوپێكەوتنت لەگەڵ كرابوو ، زانیارییەكی باشم دەربارەی تۆ زانی، گوتی: بەڵێ هاتن بۆ ئێرە، منیش گوتم : فەرموو ئەوە رۆژنامەكەیە. كە وێنەكەی خۆی بینی زۆر توڕەبوو، رۆژنامەكەی گرت و پارچە پارچەی كرد گوتی: بەو عەرەبانەم گوت كامیرا قەدەخەیە چۆن وێنەی منیان گرتووە؟ هەر لەوێ نیشانەی پرسیاری خستە سەر من، گوتی: كامێرات پێ نییە؟ گوتم: نەخێر. ئیتر دانیشتین و گوتی فڵان شت و فڵان شتمان دەوێ، گوتیشی جۆگەی پیسایی لەنێو كۆڵانەكانی قەندەهاردا هەن، بە ئۆتۆمبێل چووین سەیرمان كرد، شاری وا پیسم لە هەموو جیهاندا نەبینیبوو. ئەوكات كەس پارەی نەدەدا ئەفغانستان جگە لە ئەمریكا و سعودیەو ئیمارات.
رووداو: تۆ مونەسیقی گەشەپێدان بووی یان سیاسی؟
وریا قەرەداخی: گەشەپێدان، سیاسی قەدەخەبوو، بەڵام ئیشی سیاسیمان دەكرد. شتی زۆرم بینی لە ئەفغانستان، چەندین جار تۆمەتباریان دەكردم و دەیانگوت، تۆ جاسووسی ئەمریكای. رۆژێك چوومە دووكانێك پیپسی و ئاو و كۆكا كۆلای دانابوو، منیش داوای كۆكا كۆلام كرد، گوتی: جاسووسی ئەمریكایت؟ گوتم: بۆچی؟ گوتی: كۆكا كۆلا ئەمریكییە و نایخۆینەوە، كۆلای پاكستان دەخۆینەوەو یەكسەر كلاشینكۆفەكەی راكێشا. گوتم: ئەی بۆچی كۆكا كۆلات داناوە؟ گوتی: بۆیە دامانناوە تاوەكو جاسووسانی ئەمریكای پێ ئاشكرا بكەین؟ گوتم باشە ئەوەی ئیسلامیم بدەرێ، بۆ هەمووشتان دەیكڕم گوتی: ئێمە نایخۆینەوە و ئەو پارەیەی تۆ دەیدەیە ئێمە حەرامە، پارەی ئەمریكایە. ئینجا گوتم ئاوم بدەرێ. كە هاتمە دەرەوە قۆنداخە تفەنگێكی بە ئۆتۆمبێلەكەمدا كێشا. حەسەن رحمانی حاكمی قەندهار دعوەتیكردم بو گۆڕەپانی تۆپی پێ لە قەندەهار بۆ تەماشاكردنی رجمی دوو ژنی بێ تاوان، بەڵام دەعوەتكە م قبول نەكرد.
رووداو: مەلا عومەرت نەبینی؟
وریا قەرەداخی: نەخێر، كەس نەیدەبینی، تەنانەت وێنەشی نییە. وێنەیەكی هەیە لە ئینتەرنێت، بەڵام باوەڕناكەم ئەویش وێنەی ئەوبێت .
رووداو: هەندێك گرووپی كوردی سەر بە قاعیدە لەسەردەمی تاڵیبان لە ئەفغانستان هەبوون، هیچ كەست لەوان نەبینی؟
وریا قەرەداخی: نەخێر، بەڵام رۆژێك كە لە قەندەهارەوە دەچوومە دەرەوە، ئەفغانێك كە دەرگای حەوشەی بۆ دەكردینەوە، خۆی پاڵكەوتبوو لەسەر ئەو زەویە، كوڕێكی گەنج دەرگاكەی كردەوە، گوتم ئەوە بۆچی خۆت دەرگاكە ناكەیەوە، گوتی ئەوەی قەومی خۆتە، كوردی عێراقە، بانگیكرد لێمپرسی چ دەكەی لێرە؟ گوتی ئەو پیاوە خۆی مانگانە 50 دۆلار وەردەگرێ، رۆژێ نیو دۆلار دەداتە من، ئەو دەرگایە دەكەمەوەو دایدەخەم. گوتم ئەی چۆن كەوتییە ئێرە؟ گوتی وەڵڵا قاچاخچییەك منی هێنا ئێرە، بەحیساب لێرەوە بمانبات بۆ پاكستان و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا، بەڵام قاچاخچییەكە پارەكەی بردو منیش كەوتمە ئێرە. لەوێ یەمەنی و فەلەستینی و جەزائیری زۆربوون، داریان بەدەستەوە بوو و لە كۆڵانەكان دەسووڕانەوە پێیاندەگوتن (الامر بالمعروف والنهی عن المنكر). رۆژێكیان ژنێك گێڕ دەڕۆیشت بەرێگەدا، كەوتنە سەری بە دار، پێمگوتن بۆ لێیدەدەن، گوتیان گێڕ دەڕوات و سەرنجی پیاوان رادەكێشێ. یان پیاویان دەگرت ریشیان دەپێوا، ئەگەر ریشەكەی لە قەبزەیەك و دوو پەنجە كەمتربووایە، هەشتا شەلاقیان لێدەدا.
رووداو: بۆ ئێوە هیچ قسەیان نەدەكرد؟
وریا قەرەداخی: نەخێر، دەیانگوت ئەوانە كافرەكانن، جاسوسی ئەمریكان.
رووداو: بەڵام ئێستاش تاڵیبان بەهێزە، لە هەندێك ناوچە تەواو دەسەڵاتدارە، خەڵكیش هەیە سۆزی بۆیان هەیە، ئەوان ئەو هەموو شتەشیان كرد، كەچی خەڵك هەر ئەوانی دەوێت بۆچی؟
وریا قەرەداخی: مەسەلەكە ئەمنییەتە، لەسەردەمی تاڵیبان ئەمنییەتی 100% هەبوو، نە دزی هەبوو، نە تەقینەوەو نە كوشتن. كە تاڵیبان رۆیشت، خەڵك لە تێڕوانینی ئیسلامی و فەرهەنگییەوە ئەمریكییەكانی قبوڵ نەبوو، خەڵكی شاری كابول بەتایبەتی ئەوانەی لە دەرەوە هاتبوونەوە ئەو بارودۆخەیان قبوڵ بوو، بەڵام دوای 8-9 مانگ دزی زۆر گەورە كرا، گەندەڵی دەستی پێكرد، خەڵكەكە بەرە بەرە گوتیان تاڵیبان زۆر لە ئێوە باشترە، عەشیرەت لە دژی حكومەت راپەڕین، حەمید كارزای نەیتوانی كارەكەی بەتەواوی بكات، خەڵكێكی زۆر كوژرا، عەشایر هەستا، قاعیدەشی لەگەڵدا بوو، ئێستا دەتوانین بڵێین حەمید كارزای سەرۆك كۆماری كابولە، لە دەرەوەی كابۆل دەسەڵاتی نییە، عەشایر حوكم دەكات.
رووداو: لە ئەفغانستان قاعیدە پێشكەوتووتربوون یان تاڵیبان یان هەردووكیان وەك یەكبوون؟
وریا قەرەداخی: دەتوانم بڵێم لەڕووی سیاسییەوە قاعیدە حوكمی دەكرد، تاڵیبان جێبەجێكاربوو، هیچیان لە ئیدارە نەدەزانی، هەرچییەكمان پێدەگوتن دەبووایە پرس بە مەلا عومەر بكەن. دەمانویست نانەواخانە دروستبكەین، دەیانگوت با بە مەلاعومەر بڵێین، مەلا عومەریش هیچی نەدەزانی، قاعیدە لە دەوروبەری بوو.
رووداو: ئەفغانییەكان هەڵوێستیان بەرامبەر قاعیدە چۆن بوو؟
وریا قەرەداخی: دەتوانم بڵێم ئەوكاتی من لەوێبووم زوربەی ئەفغانییەكان رقیان لە تاڵیبان بوو، لەبەرئەوە 4 ملیۆن ئەفغانی لە پاكستان بوون و 2 ملیۆنیان لە ئێران بوون.
رووداو: بۆچی؟
وریا قەرەداخی: لەبەر دواكەوتوویی كۆمەڵایەتی، قەدەخەبوو كچ بخوێنێ، زانكۆ نەبوو، خزمەتگوزاری كۆمەڵایەتی سفر بوو، فڕۆكە نەبوو، شەمەندەفەر نەبوو، كارەبا و ئاو نەبوو. نەخۆشخانە نەبوو.
وریا: ئەو كاتەی پەیكەرەكان تێكدران لە بانیان تۆ لەو دانوستاندنە بەشداربووی، كە نەتەوە یەكگرتووەكان كردی لەگەڵ حكومەتی تاڵیبان بۆ رێگرتن لە تێكدانیان؟
وریا قەرەداخی: نەخێر، چونكە من لە كابول بووم، دانوستاندنەكە لە پاكستان كرا لەگەڵ بالیۆزخانەی ئەفغانستان، بەڵام لە یەكەم رۆژدا بێسوود بوو، چونكە بڕیاری مەلا عومەر بوو، كەس نەیدەتوانی بڕیاری ئەو بشكێنێ. حكومەتی تایلەند زۆر هەوڵیدا، بێسوود بوو.
رووداو: تاوەكو ئێستا كورد توانیویەتی هەڵسوكەوتێكی باش لەگەڵ UN بكات؟
وریا قەرەداخی: نەخێر نەیتوانیوە، مەسەلەی كورد لەلای UN زیاتر بە مەسەلەیەكی مرۆیی ناسراوە، ئەگەر بخرێتە قالبی سیاسی پێویستی بە دەنگە، دەبێ وڵاتێك پشتگیری بكات، پێنج ئەندامە هەمیشەییەكەی ئەنجوومەنی ئاسایش كە مافی ڤیتۆیان هەیە، ئەوانە بەرژەوەندییەكی ستراتیژیان لە ناوچەكە هەیە و بە مەسەلەی كوردی ناگۆڕنەوە. لەوانەیە شتێك رووبدات، وەك ئەوەی لە كۆسۆڤۆ روویدا، پەیوەندییەكی ناوخۆشیان لەگەڵ ئێران یان توركیا دروستببێ، ئەوكاتە كارتی كوردی ببێتە كارتی جۆكەر و بڕیاری لەسەر بدەن. لەو قۆناخەدا هەر وڵاتێك مەسەلەی كورد بباتە بەردەم ئەنجوومەنی ئاسایش لەوبڕوایەدام ڤیتۆ دەكرێ. بەڵام لەو قەناعەتەم زۆر گۆڕانكاری كراوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، زۆر گۆڕانكاری هاتنە پێش لەوانە مەسەلەی دارفۆر، باشووری سودان، كۆسۆڤۆ. من لەو ماوەیەدا كە لە نیویۆرك بووم، باسی باشووری سوودان كرا، منیش گوتم دەوڵەتی داهاتوو كوردستانە، هەندێ لە خەڵكەكە بە چاوێك سەیریان دەكرد راستە، 40 ملیۆن كەس تاكەی بێ دەوڵەت بمێننەوە، بەڵام دەبێ كورد ئیشی بۆ بكات. دەبێ زوو دەستی پێ بكات.
رووداو: دەبێ كورد چی بكات؟
وریا قەرەداخی: كورد ئیشی بۆ نەكردووە، لەو قۆناخەدا كورد زیاتر خۆی بە مەسەلەی ئابوورییەوە سەرقاڵكردووە، بۆ قۆناخی سیاسی ، كورد پێویستی بە لۆبییە، دەبێ لۆبییەكی زۆر بەهێز لە دەرەوەی كوردستان دروستبكات، پارەیەكی زۆری بۆ تەرخان بكات، نابێ لۆبییەكان سەر بەحیزب بن، دەبێ كەسانی ئەكادیمی و دیپلۆماسی بن، لە پەیوەندییە دەرەكییەكان تێبگەن، لە سایكۆلۆژی ئەو وڵاتە تێبگەن كە لێیدەژین، دابنیشن دیراسەی سایكۆلۆژی سیاسەتی ئەمریكا و وڵاتە بەهێزەكان بكەن، بۆ ئەوەی بزانن دەتوانێ لە چ روویەكەوە كورد كاریگەری هەبێ لەسەری. دەبێ ئەو لۆبییە كەسایەتی بدۆزێتەوە لەنێو ئەو وڵاتانە بزانێ كێ سۆزی بۆ كورد هەیە، كێ دۆستی كوردە، كێ بەرژوەوەندی لەگەڵ كوردە، كێ دژی سووریایە، كێ دژی عێراقە، كێ دژی توركیایە، كێ دۆستی ئەو وڵاتانەیە؟ دەبێ ئەوانە هەمووی كۆبكاتەوەو بیكاتە داتابەیسێك و شیبكاتەوە، ئینجا ستراتیژییەك دابنێ، كە مەسەلەی كورد لەڕووی سیاسییەوە چۆن دەڕواتە پێشەوە. ئەو لۆبییە نەبێ، ئێمە هەر لە چوارچێوە مرۆییەكەدا دەمێنینەوە.
رووداو: بەبڕوای تۆ ئەو لۆبییە دەبێ لە ناو UN بێ، كورد كە باسی لۆبی دەكات یەكسەر روو لە واشنتن دەكات، ئەوە راستە یان هەڵەیە؟
وریا قەرەداخی: بە مەزەندەی من لۆبییەكە دەبێ لە جنێف و نیویۆرك بێ، ئەوەی واشنتن پتر كاریگەری لەسەر حكومەتی ئەمریكایە، ئێستا حكومەتی ئەمریكا گرنگییەكی زۆری بە كورد داوە، جنێڤ مەسەلەی مافی مرۆڤی تێدایە و لەڕووی سیاسییەوە زۆر گرنگە، لە نیویۆركیش زۆر گرنگە، لە نیویۆرك لۆبی زۆر بەهێز هەیە، زۆربەی نەتەوەكان لەوێ لە UN نووسینگەیان هەیە.
رووداو: كورد دەتوانێ نووسینگەی هەبێ لەناو UN لە نیویۆرك؟
وریا قەرەداخی: دەبێ دەستی پێبكات، دەتوانێ بیكات، بەڵام دەبێ تەنیسق لەگەڵ UN بكرێ. راستە چواردەورەكەمان دوژمانمانە، بەڵام دەرەقەتی ئەو مەسەلەیە نایێن، بڕوا بكەن UN نووسینگەمان پێدەدات، ئەگەر ئێمە ئیشی بۆ بكەین و بەجدی كاری بو بكەین.
رووداو: سروشتی ئەو نووسینگانە چۆنە؟
وریا قەرەداخی: ئەو نووسینگانە پێیاندەگوترێ لێزن ئۆفیس، نووسینگەی هەماهەنگی. 6-7 كورد دەتوانن لە نیویۆرك باڵەخانەیەك بەكرێ بگرن و مۆڵەت لە نەتەوە یەكگرتووەكان وەردەگرێ. ئەو نووسینگەیە دەتوانێ زانیاری لەبارەی كوردستان كۆبكاتەوەو دۆكیۆمێنتی بكات، سەمینار بكات. تۆ خاوەنی بڕیارنیت، بەڵام زانیاری دەدەی.
رووداو: مەحموود عەباس گوتی دەچمە UN و داوای داننان بە دەوڵەتی فەلەستین دەكەین، كە دەشزانین ئەمریكا دژیەتی. كردی ، بەڵام دانپێدانانی وەرنەگرت. پێتوایە كاتی ئەوە هاتووە كورد ئەو جورئەتە بداتە خۆی، خۆ دوژمنەكانی كورد كە توركیا و ئێرانن، زۆر بچووكترن لە دوژمنەكانی فەلەستین، كە ئەمریكایە؟
وریا قەرەداخی: سەرەتا گرفتی بۆ دروستدەكەن، بەڵام لەو قەناعەتەدام دواتر رازی دەبن. گاندی قسەیەكی جوانی هەیە كە گوتی خۆپیشاندانێكی یەك ملیۆن كلیۆمەتری دژی ئینگلیز دەكەم، گوتیان چۆن؟ گوتی یەك ملیۆن كیلۆمەتر لە یەك هەنگاوەوە دەست پێدەكات. ئێمەش دەبێ هەنگاوی یەكەم بنێین، من لەو قەناعەتەدام، زۆر دۆستی باشمان هەن، باش بەكارمان نەهێناون. كۆمەڵكوژی هەڵەبجە و ئەنفال باشترین بەڵگەبوون بە دەستمانەوە، بەڵام بۆ مەسەلەی مرۆیی بەكارمان هێنان. زۆر كەسایەتی گەورە لە ئاستی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران دەناسم دۆستی یەكەمی كوردن، بەڵام دەبێ بەكاریان بێنین، دەبێ نووسینگەیەك دروستبكەین، دەبێ راوێژكاری بیانیشیان لێ دابنێین، كەسی وەك بێرنارد كۆشنەر، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا نزیكترین دۆستی كوردە، دەبێ لەو لۆبیانە دەوری پێبدرێت. مەرج نییە تەنیا كورد ئیشی تێدا بكەن، كۆمەڵێك كوردناس هەن لە دەرەوەی وڵات ئەوانە دابنرێن. ئەو لۆبییە نەبێ بڕواناكەم بتوانین شتێك بۆ كوردستان دروستبكەین.
رووداو: پێشتر لێرە رێكخەری كاروباری حكومەت هەبوو لەگەڵ UN پێتوایە شتێكی وا گرنگە؟
وریا قەرەداخی: زۆر گرنگە، ئەو نووسینگەیە بەوشێوەیەی كە پێشتر لە كوردستان دروستكرابوو دەیتوانی رۆڵێكی باشتر ببینێ، دەبووایە بمێنێ و بخرێتە سەر نووسینگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان. من لەو قەناعەتەدام زۆر پێویستە ئەو نووسینگەیە بمێنێ.
رووداو : UN پارەیەكی زۆری هەیە، كورد هیچ سوودی لە بەرنامەكانی UN وەرگرتووە؟
وریا قەرەداخی:UN هاتووە بۆ یارمەتی، نەك بۆ بڕیار و حوكمكردن، UN قوڕێكە بە دەست تۆوە، تۆ دەبێ فۆرمی بدەیتێ ، نەك ئەو فۆرم بداتە تۆ. لێرە بە هەڵە لە UN تێگەیشتوون و وادەزانن UN خاوەن بڕیارە. هەندێ كەس لێرە UN یان كردووەتە خاوەن بڕیار، بەتایبەتی لە مەسەلەی كەركووك، كاكە UN رۆڵی بڕیاردان نابینێ. UN رێكخراوی دروستكردووە دەبێ پەیوەستبكرێ بە وەزارەتەكانەوە، بۆ نموونە یونسێف، دەبێ بەشێكی بۆ بكرێتەوە لە وەزارەتی پەروەردە، فاو لە وەزارەتی كشتوكاڵ، UNDP لە وەزارەتی پلاندانان. لەڕووی یاساییشەوە هیچ گرفت نییە. بەوشێوەیە UN ئیندیماج دەكات لەگەڵ حكومەت، بەڵام ئەوە لە كوردستان نییە. دەبێ UN بەشێك بێ لە پلانی گەشەپێدانی كوردستان و دەبێ بچێتە ناو دەزگاكانی كوردستانەوە.
رووداو: واتە ئەو پەیوەندییەی ئێستا لێرە لەگەڵ UN هەیە، هەڵەیە؟
وریا قەرەداخی: ئەوەی بزانم ئەوەندە ئیندیماجێكی بەهێزی نەكردووە لەگەڵ حكومەت، پیویستە ئیندماجێكی پتەوتر هەبێت.
رووداو: UN پێشتر خۆشی داوایدەكرد ببێتە سەرپەرشتیاری ناوچە كێشە لەسەرەكان، بەڵام كورد بەگشتی ئەوەی قبول نەبوو؟
وریا قەرەداخی: پێش هەموو شتێك UN نابێ ببێتە بەشێك لە كێشە، دەبێ ببێتە بەشێك لە چارەسەر، چارەسەریش نابێ UN بیدۆزێتەوە، دەبێ یارمەتی حكومەت بدات چارەسەر بدۆزێتەوە، UN دەبێ تەنسیق لەگەڵ حكومەت بكات، كە چ پێویستە بۆ ئەوەی كێشەی مادەی 140 چارەسەر بكرێ، دەبێ دابنیشێ لەگەڵ بەرپرسانی كورد پلان دابنێن، حكومەت پێی بڵێ لە فڵان شوێن من پێویستم بە تۆیە، بەڵام نابێ UN بڵێ فڵان شت دەكەم و فڵان شت هەڵەیە . لێرە UN دەبێتە دامەزراوەیەك بۆ تۆ كە چۆن بەكاریبێنی.
رووداو: پەیوەندیت لەگەڵ ئادمیلەكەرت و كۆبنەری باڵیۆزی UN لە عێراق چۆنە؟
وریا قەرەداخی: ئادمێلكەرت باش ناناسم، بەڵام جێگرەكەی جێرزی، كە پۆلۆنییە زۆر برادەرمە، ئەوەی دێتە شوێنی ئادمێلەرت، ئەڵمانییە و ناوی كۆبنەرە، ئەوەش دەناسم لە ئەفغانستان بوو، شارەزاییەكی زۆری هەیە لەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. سەفیر بووە لە بەغدا، لە فەلەستین و سووریا، زمانی عەرەبی باش دەزانێ، كەسێكی زۆر رێكوپێكە، دەبێ زۆر سوودی لێ ببینین. زۆر حەزی لە خوێندنەوەیە، كوردیش زۆر باش دەناسێ، هەروەها عەرەبیش.
رووداو: كورد فەرمانبەری زۆرن لە UN؟
وریا قەرەداخی: نەخێر، دەبێ حكومەتی هەرێمی كوردستان داوابكات ژمارەی فەرمانبەرانی كورد لە UN زیاد بكرێن، لەڕووی یاساییەوە ئەوە دەبێ، چونكە پشك هەیە بۆ وڵاتان، ئێستا UN باڵیۆزی هەن لە وڵاتان، من پلەی دیوانم هەیە، كە پلەیەكی باڵایە، زۆركەس دەپرسن تۆ چۆن تائێستا نەبوویتیە باڵیۆز، منیش دەڵێم چونكە من پاڵپشتم نییە. سەرۆك كۆمار كوردە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كوردە، وەزیری دەرەوەی عێراق كوردە، ئێمە دووشەشمان بۆ هاتووە، دەبێ ئێستا ئەو شتانە لە UN داوابكەین و ئێمەش بەشمان هەبێ لە UN، ئەوەش دەرفەتێكە بۆ لۆبی كورد، ئێستا دەرفەتێكی باش بۆ كورد رەخساوە. هیچ كاتێك ئەو دەرفەتە نەڕەخساوە. زۆر گرنگە بۆ كوردستانی عێراق، كوردستانی توركیا زیاتر بەرەو پێشبچێ، چونكە ئەوە بۆ ئێمە پەنجەرەیەكی زۆر گرنگە بەڕووی ئەورپاو ودونیادا بۆ ئێمە، جا لێرە UN رۆڵێكی زۆر گرنگی دەبێ، چونكە UN لە توركیا لەڕووی سیاسییەوە زۆر گرنگی بە مەسەلەی كورد داوە.
رووداو: زۆرجار دەگوترێ بۆچی كورد داواكارییەك پێشكەش ناكات كە كوردستانیش ببێ بە دەوڵەت، بە تایبەتیش ئەو راپرسییەی 2005 هەرچەندە نا رەسمیش بوو بەكاربێنێ بۆ ئەو مەسەلەیە، بە رای تۆ ئەوە دەرفەتێكە یان هێشتا ماویەتی و جارێ دەبێ لۆبییەكە دروستبكرێ؟
وریا قەرەداخی: دەرفەت جاری وا هەیە لەبەرچاوانە و دەڵێ بیگرە پێش ئەوەی بڕوات، لەو قەناعەتەدام ئێستا دەرفەتەكە هاتووە، دەرفەتەكە زۆر زۆرباشە، قەت لە مێژووی كورددا شتی وانەبووە كە لە چوار پارچەی كوردستان حكومەتی مەركەزی لاواز ببێ، ئێستا باشترین دەرفەتە.
رووداو: باشترین دەرفەتە داوای دەوڵەتی كوردی بكات؟
وریا قەرەداخی: دەستبكات بە دروستكردنی لۆبی، ئێستا باشترین دەرفەتە. سبەی سووریا و عێراق و توركیا و ئێران سەقامگیربن، مەسەلەی كورد دەچێتەوە پاش. ئێران ستراتیژی لە وڵاتانی دونیا هەیە. موستەحیلە ئەمریكا دەست لە ئێران بدات، هەزار شەڕ بە ئەمریكا دەفرۆشێ، ئەمریكا هەر تەماشای دەكات.
رووداو: كاتی ئەو داوایە هاتووە؟
وریا قەرەداخی: (سەیری كاژێرەكەی دەستی دەكات) ئێستا كاژێر یەكە، لە ئێستاوە دەستپێبكرێ باشترە، نەك چاوەڕێی بكرێت، زەمینەی بۆ دروستبكرێت .
رووداو: زەمینەی بۆ دروستبكات یان داوای بكات؟
وریا قەرەداخی: زەمینەكە و داواكە پێكەوە، زەمینەكە بە دوای داواكەدا بچێت. لەڕووی یاساییەوە زۆر كەس دژت دەوەستێ، بەڵام پرۆسەیەكە زۆر خەڵكیش پشتگیریت دەكات، چونكە بەڵگەی زۆرت بەدەستە و تەجروبەی كوردستانی عێراق بەڵگەیەكی بەهێزە.
رووداو: بەپێی بەڵگەنامەكانی بە ئەندام وەرگرتنی عێراق لە كۆمەڵی گەلان دا لەساڵی 1931، دەبێ عێراق مافە فەرهەنگی و ئیدارییەكانی كورد بپارێزرێ، ئێستا پاش ئەو جینۆسایدانە كورد ناتوانێ ئەو داوایە بكات؟
وریا قەرەداخی: ئەوە مافی كوردە، چونكە كوردستان بە زۆر بە عێراقەوە لكێندرا بۆ راگرتنی باڵانسی شیعە و سوننە، چونكە ژمارەی سوننە لە عێراق كەمبوو، دەرفەتێكی زۆر گەورەمان لەدەستچوو. شێخ مەحموود دەرفەتێكی زۆر گەورەی لەدەستدا، خۆی بە توركەكان بەستەوە. لەو قەناعەتەدام ئێستا دەرفەتێكی زۆرباش هاتووەتە پێشەوە كە بنچینەی دەوڵەتی كوردستان دروستبكرێت، چونكە هەموو فاكتەرەكانی دەوڵەتبوونی هەیە. سەركەوتنی كوردی توركیا لەڕووی سیاسییەوە باشترین بەڵگەیە لەگەل ئەزموونی كوردستانی عێراق.