رۆژی یەکشەممە رێکەوتی 28ی سەرماوەزی 2721ی کوردی بەرامبەر 19ی دێسامبەری 2021ی زایینی شاندێکی بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرپرشتی بەرێز ئازاد محەممەدزادە بەرپرسی پەیوەندیەکانی بزووتنەوە، قانع کەریمی ئازەر بەرپرسی کۆمیتەی هەولێری بزووتنەوەی کۆماریخوازان، هاورێ هەرمان رۆژهەڵاتی چالاکوانی بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەمەبەستی پیرۆزبایی سەبارەت بە بەستنی کۆنگرەی چواری هەدەپە سەردانی نوێنەرایەتی پارتی دێموکڕاتیکی گەلان HDP یان لە شاری هەولێر کرد و لە لایەن حیکمەت حاتیپ بەرپرسی نوێنەرایەتی هەدەپە و ئەبدولرحمان سەڤگات لە نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشووری کوردستان. بەو پەری ریزەوە بە گەرمی پێشوازییان لێ کرا.
لەسەرتا دا وەڤدی خانەخوێ واتە هەدەپە خۆشحاڵی خۆیان لەو دیدارە راگەیاند و نزیکی و هاوبەشی گوفتمانی نێوان بزووتنەوەی کۆماریخوازان و هەدەپەیان کە ئەویش «چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی کوردە لە باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان بە کەڵک وەرگرتن لە میکانیزمی دیاڵۆگی ئاشتەوایی و دانووستاندن و بەشداری سیاسی بە گرنگ و ئیجابی نرخاند و ئەمەیان بە خاڵێکی ئەرێنی و یەکلاکەرەوە وەسف کرد، دواتر ئاماژەیان بە بەستنی کۆنگرەی هەدەپە و رەوشی باکووری کوردستان و دۆزی کورد لەوبەشە کرد. تاوتوێی کۆمەڵێک باس و مژار سەبارەت بە دۆخی چواربەشی کوردستان و ئەم قۆناغە هەستیارەی کە ئەمرۆی کورد پێیدا تێپەڕ دەبێت هەڵوێستەی لەسەر کرا، کە هەردوو لایەن کۆک و هاودەنگ بوون لە سەر پێویستی یەکریزی، یەکگوتاری، هاوپەیوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی نێوان سەرجەم هێزەکانی چوارپارچەی کوردستان لەمەڕ پرسە سەرەکییەکانی پەیوەندیدار بە دۆزی کورد.
لە بەشێکی تری ئەم دیدارەدا، هاورێ ئازاد محەممەدزادە پەیامی پیرۆزبایی بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستانی بە بۆنەی سەرکەوتنی چوارەمین کۆنگرەی پارتی دێموکراتیکی گەلان یان ئاراستەی نوێنەرایەتی هەدەپە لە شاری هەولێر کرد و هیوای سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی زیاتری بۆ سەرجەم تێکۆشەرانی ئەم پارتە خواست، هەروەها پەیوەندی نێوان بزووتنەوەی کۆماریخوازان و هەدەپەی وەک دوو لایەن کە مەخرەجی هاوبەشیان لە تێکۆشان و گوفتمان دا هەیە بە خاڵێکی ئەرێنی و بەرز نرخاند.
دواتر باسی لە رەوشی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و بە ئاماژەدان بە نەخشەرێگای بزووتنەوەی کۆماریخوازان زەرورەتی سەرخستن و جێ بەجێکردنی بە هاوکاری و هاوفکری هەموو لایەنەکانی سیاسی دەخیل لە کەیسی کورد لە رۆژهەڵات دا وەک نوختە گۆرانێک ناوبرد، کە ئەویش گرینگی حکومەتی دیفاکتۆی تەوافۆقی ،ئینتقالی لە تەبعییدا، پارڵەمانی تاراوەگە ، کۆنفرانسی ئاشتی و کۆنگرەی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە دەتوانێ دۆزی کورد لەو بەشە بەرەو قۆناغێکی نوێ ئاراستە بدات.
لە کۆتایی ئەم چاوپێکەوتنەدا هەر دوولایەنی بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پارتی دێموکراتیکی گەلان هەدەپە پێداگر بوون لە سەر بەدرێژەدان بە هاوکاری و تێکۆشان و چالاکی هاوبەش، و هەروەها پتەوکردنی هەرچی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوانیان.