مستەفا شێخە
هەر لە کۆنەوە فەرموویانە ئەقڵی تەواو لەناو لەشی ساخ دایە. ئەگەر وابێت، کاتێک بە کەسێک بڵێین لەشت ساخ بێت، وەک ئەمە وایە گوتبێتمان عەقڵت کامڵ بێت و ئەگەر بشڵێین خوا عەقڵت پێ بدات، وەک ئەوەیە گوتبێتمان خوا لەشی ساخت پێ بدات. بەم هیوایە هیچ کامێکمان پێویستمان بە عەقڵ نەبێت و هەرگیز لارەملی بەر دەستی پزیشکان و گیرفان هەڵتەکاوی بەردەرگای دەرمانخانەکان نەبین.
بۆ چارەسەری هەموو ئەم دەردانە، وەرزش زۆر باشە و هەرکەس دەو دەکاتەوە بە پزیشک و نسحەتکارەوە بەرەو وەرزشکردن هانمان دەدات. وەرزش جگە لە بەدیاری هاوردنی لەشساخی و پەستانەوەی مێشک بە عەقڵ و وریایی، سوودی زۆر بەنرخی دیکەیشی هەیە. وەرزش سەرەڕای ئەمانەی سەرەوە، دەبێتە هۆی پڕکردنی گیرفانی وەرزشکاران و شەڕی دەستەویەخەی وەرزش دۆستان و ناودەرکردنی وڵات و نەتەوەکان.
لەم رۆژانەی دواییدا رۆژنامەیەکی لای خۆمان کە ئەگەر بەشە سیاسییەکەی لێ دەربکەی، لە بەشەکانی دیکەیدا تا ئەم دواییانە درۆمان پێیەوە نەدیتبوو، بە رۆژی روون لە بەشی وەرزشەکەیدا درۆی کردبوو. ئەم رۆژنامەیە وەک خۆی دەڵێت رۆژانە هەزاران دانەی لێ بڵاو دەبێتەوە، لە بەشی وەرزشەکەیدا بێڕێزی بە یاریزانێکی بەناوبانگ کردبوو. ئەگەر کورد نەبوایەم و خەڵکی یەکێک لەم وڵاتانەی ناوچەکە بام، راستەوخۆ دەچوومە بەر دادگا و بە رەسمی سکاڵام لەسەر رۆژنامەکە تۆمار دەکرد. لەبەر ئەوەی نەک هەر خەڵکی ئەم وڵاتانە نیم، لە هیچسووچێکی ئەم زەویە وڵاتێکی بچووکیشم نییە، بە نووسینی ئەم چەند دێڕە سوکناییەک بەخۆم دەدەم و هیوادارم لایەنە پەیوەندیدارەکان نەیبینن و لەم بێ وڵاتیەدا ئەوەندەی دیکە جێگەم پێ لێژ نەکەن.
زمانی وەرزش بەشێکی گرنگی زمانە. کارناسان و چازانانی بواری زمان لە وڵاتانی دوورەوە کە ئاگایان لەم زمانەی نووسین و ئاخاوتنەی ئێمە نییە، باس لە زمانی نیشانەکان دەکەن و دەڵێن ئەو نیشانانەی نەبوون بە پیت و وشە و بەهۆی ئەم زمانە گۆشتەی ناودەممانەوە دەرنابڕدرێن، خۆیان بەشێکن لە زمان. وەک ئەوان دەڵێن ئەگەر زمانی گۆشتی تاکەتاکەی ئێمەمانان لەبنڕا ببڕن و لە دووکانی سەندەویچفرۆشەکان بیانبرژێنن. زمانی تێگەیاندن هەر دەمێنێت.
ئەو کاتەی تیپێکی تۆپی پێ لە ناو کێبڕکێ جیهانیەکاندا سەردەکەوێت بە زمانی وەرزش، بوونی نەتەوەکەی بە هەموو جیهان دەگەیەنێت. یان کاتێک بازیکونێکی ئێرانی یان لاعیبێکی عێراقی دەچێتە وڵاتێکی دیکە و لە یاریگای وڵاتاندا ئارەق دەڕێژێت وێڕای ئاخنینەوەی گیرفانی، بە زمانی وەرزش وڵات و نەتەوەکەیشی سەرفەراز دەکات.
منی بێوڵات کە رۆژنامەی گۆرینیش بێوڵاتە و لە لاپەڕەکانی سیاسەتدا دەڵێ خاوەن وڵاتین و لە لاپەڕەی وەرزشدا درۆمان لەگەڵدا دەکات. درۆی رۆژنامەکەمان وای کردووە، هەردوومان بە درۆ چاومان لە وەرزشوانێکە کە لە نێوان لاعیب و بازیکون بووندا، لە خەیاڵی خۆماندا وادەزانین یاریزانە. لەو کاتەوە تێگەیشتووم هاووڵاتیی هیچ وڵاتێک نیم، زانیومە لە بواری زمانیشدا جیهانم لێ بەرتەسک کراوەتەوە و بەشێکی زۆر لە زمان هەر هی من نییە و بەتایبەت زمانی نیشانەکانم لە زمانی نیشانەکانی گەلانی خاوەن وڵات زۆر بەرتەسکترە.
لەسەر ئەم بێزمانی و بێ نیشانەییەڕا بەهۆی پێکەنینی زۆرەوە سکم ژانی گرتووە. سەرەڕای ئەوەی خۆم لە دۆخێکی ناجێگیردام و هەموو شتێکم کاتییە، بەڵام ئەوەندە بە درۆی رۆژنامەکە پێکەنیوم سکم دێشێت.
رۆژنامەکە لە لاپەڕەی وەرزشی یەکێک لە ژمارەکانیدا، وێنەی لاعیب- بازیکونێکی بڵاوکردبۆوە. لاشانی رووتی چەپی لاعیب- بازیکونەکە نەخشەیەکی لە سەر کوتراوە کە لە نەخشەی هیچ وڵاتێک ناچێت. لەناو نەخشەکەدا بە پیتی عەرەبی نووسراوە” قارعلا”.
ئەوەندەی لە نەخشەی وڵاتانم روانی، وڵاتێکی هاوشێوەی ئەم نەخشەیە نەکەوتە بەرچاوم و ئەوەندەی قامووس و فەرهەنگان گەڕام، وڵاتی ” قارعلا”م نەدۆزیەوە. ناچار گەڕامەوە سەر رووخساری لاعیب- بازیکونەکە و ئەمجارەیان ناسیمەوە، هەمان ئەو کابرایە بوو کە شەوێکیان لە کێبڕکێی تۆپانێی نێوان دوو یانەی ئێرانیدا گەمەی دەکرد و بێژەری تەلەفزیۆنە ئێرانیەکە بە بازیکونی عێراقی ناوی دەبرد و ئەوانەی لەگەڵ مندا سەیری گەمەکەیان دەکرد، جوێنیان بە کابرای بێژەر دەدا و دەیانگوت ئەو لاعیبە عێراقی نییە. منیش کە وەک دەرهێنەر و ئامادەکارانی رۆژنامەکەی خۆمان هەرگیز وەرزش ناکەم، سەرم لەم تووڕەبوونەی بینەرانی تەلەفزیۆنەکە دەرنەدەچوو.
بۆ کردنەوەی ئەم گرێپووچکەیە هانام بردە بەر رێکخەرێکی هونەرمەند کە لە رێکخستنی لاپەڕەی رۆژنامە و کتێب و گۆڤارەکاندا شارەزایە. ماڵی ئاوەدان بێت و هەمیشە وەرزشکار بێت، ئەو گوتی: ئامادەکاری هونەریی لاپەڕەی رۆژنامەکە لەسەر کامپیوتێر، بە کلیککردن لەسەر وێنەی لاعیب- بازیکونەکە تەنیشتاوتەنیشت سووڕاندوویەتی و لای چەپی بردووەتە لای راست و لای راستی هێناوەتە لای چەپی. هەر بەم تاقە کلیک کردنە، ئەوی تۆ پێی دەڵێی نەخشە لەسەر شانی کابرای لاعیب-بازیکون، سوڕاوە و بەهۆی ئەم سوڕانەوە ناوی ئەم وڵاتەش سووڕاوە و بووەتە وڵاتی ” قارعلا”.
دوای وەڵامی هونەرمەندەکە، بەم ئاکامە گەیشتم نەک هەر خۆم بێوڵاتم، بەڵکوو بە شێوەیەکی کاتی لە وڵاتێکی کاتی دەژیم کە ناوی “قارعلا”یە و لە شیمالی حەبیبی قارعلا، لە ترسی داهاتووی ون وەک مێوژۆکە هەڵدەلەرزم.