گەلی خۆراگری کوردستان !
مامۆستایان و گەورەکانی شار و گوند و رێکخراوە مەدەنیەکان و چین و توێژەکانی کوردستان !
بە داخەوە لە وەرزی سەرما و سەخڵەتی دا کارەساتێکی سرووشتی و بەڵاگیر بەرۆکی وڵاتەکەمانی گرتۆتەوە، کە ئەویش بوومەلەرزەیەک بە پێوەری ٧.٦ پلەی ریختەری لە قوڵایی زنحیرە چیاکانی زاگرۆس کە لە کوردستان شتێکی پێشبینی نەکراو بووە روویدا، ئەمە لە کاتێک دایە بێ هیچ پێشوەختێک ئاگادار کردنەوە لە لایەن ناوەندەکانی کەش ناسی و بوومەلەرزە نیگاریەوە، هەروەها ناڕوون لە زۆر روو و بە بێ لێکۆلینەوەیەکی وردی کەش ناسی زانستیەوە ئەم بوومەلەرزە هەموو کوردستانی گەووەی تەنیەوە و تەنانەت ناوچەکەشی گرتەوە، لەم کارەساتە نەخوازراو و چاوەڕوان نەکراوە دا زۆرترین زیان و خەساری گیانی و ماڵی وەبەر شار و شارۆچکەو گوندەکانی پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و پاشان پارێزگای هەڵەبجەی باشووری کوردستان کەوت، کە جێگای داخ و پەژارە یە تا ئێستا ئامارە نافەرمیەکان باس لە کۇژرانی نزیک بە سەدان هاووڵاتی لە ژن و منداڵی و پیر و گەنج و برینداربوونی هەزاران کەس و دەیان هەزار هاونیشتمانیمان دەکەن کە بێ ماڵ و حاڵ بوون.
هاونەتەوە و هاونیشتمانیان و ویژدانە بەخەبەرەکانی جیهان:
ئەوەی ئێستا ئەرکە لە سەر هەموو لایەک و تاکەکانی کۆمەڵگای کوردەواری و جیهان بە گشتی و بەتایبەتی رێکخراوەکانی خاچی سوور و مانگی سووری جیهانی و رێکخراوە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ ٬ ئەوەیە کە بە هەموو شێوەیەکی مومکین و چەندەی لە توانایان دایە لە هاوکاری و یارمەتی بە پارە و خۆراک و پۆشاک و بنیات نانەوەی شارە و گوندەکان و دەرمان کردنی بەرکەوتووان و بریندارەکان و دڵنەوایی و ورەدان و کۆمەک بە ئەو هاونیشتمانیانەی کە ماڵ و ژیانیان تێک چووە دەرێغ نەکەن.
وەک بزووتنەوەی کۆماری خوازان: ئەم ڕووداوە ناخۆشە هەمووانمانی دڵگران و ناراحەت کردووە و بۆیە تەنیا رێگای چارەسەر ئەوەیە کە بە گەلەکۆمێ و هەرەوەزێکی هەمە لایەنە و گشتگیرەوە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە هانای خوشک و برا و هاووڵاتی و هاونەتەوەیەکانمان لەو ناوچانەی کوردستان کە زۆرتر کەوتووتە بە کاریگەری بوومە لەرزە کەوە بچین.
ئاواتەخوازین دواین خەم و ناخۆشیمان بێت و رووحی هەموو گیان بەخت کردووان شاد و جێگایان بەهەشتی بەرین بێت و هیوای ساغ و سەڵامەتی بو بریندارانی ئەو کارەساتە دڵتەزین و ویژدان هەژێنە دەخوازین، ئومێد دەکەین کە تێکڕا بە یەکگرتووی و هاوکاری و هاودڵی و پشتیوانی زیاترەوە دەست بکەین بە نوێژن کردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی شار و گوندەکانی وڵاتەکەمان و سارێژ کردنەوەی زامەکان.
شۆڕای هەماهەنگی بزووتنەوەی کۆماری خوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان
٢٣ی خەزەڵوەری ٢٧١٧ی کوردی
٢٣ی آبان ١٣٩٦ هەتاوی
١٤ی نۆڤەمبەری ٢٠١٧ی زایینی