بورهان شێخ رەئووف
جەبەل تاریق ناوێکی نامۆ نیە بۆ زۆربەمان بە تایبەتی بۆ جیھانی ئیسلامیش بە گشتی ئەم ناوە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی فتوحاتی ئیسلامی لە ئەندەلس و سەرکردەی ئەو شاڵاوە ش ( تاریقی کوڕی زیاد ) لە ساڵی ٧١١ زاینی , تەنگەی جەبەل تاریق ئەو شوێنەیە کە ئۆقیانووسی ئەتڵەسی بە دەریای سپی ناوەڕاستەوە دەبەستێتەوە کە ناوە عەرەبیە کۆنەکەی دەریای ( زقاق) بوو ھەرچەندە ئنگلیزو ئیسپانیەکانیش ناوی تایبەت بەخۆیان ھەیە بۆی , کە قووڵترین شوێنی ئاوەکەی ٣٠٠ مەترەو تەسکترین شوێنی پانتاییەکەی ١٤ کیلۆمەترە .
تەنگەی جەبەل تاریق یەکێک لە ھەستیارترین ڕێڕەو وپێگە دەریاییە گرنگەکانی جیھان کە کەشتیگەلی بارھەڵگر ھاتوچۆی بەردەوامی تێدا دەکەن لە نێوان ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا داو ناوچەیەکی جێناکۆکە لە نێوان ھەردوو وڵاتی بەریتانیا و ئیسپانیادا , لە ئێستا بووەتە گۆڕپانی ململانێکانی ئێران و ئەمریکا لە لایەکی ترەوە ئەمە ئەو ڕاستیە سامناکەمان دێنێتە پێش چاو کە ئەگەر ململانێ و ناکۆکییەکان ئەگەر زوو چارەسەر نەکرێت بە لۆجیک و ژیری ئەوە بۆی ھەیە پەل بھاوێ بۆ زۆر پنت و جوگرافیای دوورتر کە دواتر کۆنترۆڵکردنی لەوەیە ئاسان نەبێت لایەنی تریش ڕاکێشێتە ناو ھاوکێشەکەوە .
سەرھەڵدانی کێشەکە
کاتێک ئەم کێشە تازەیە سەری ھەڵدا کە دەستەڵاتدارانی تەنگەی جەبەل تاریق کەشتیەکی نەوت ھەڵگری ئێرانیان ڕاگرت کە گوایە نەوتی ئێران دەگوازێتەوە بۆ ڕژێمی بەشار ئەسەد ی سوریا کە ئەمەش پێچەوانەی ڕێنماییەکانی یەکێتی ئەوروپایە کە سزای ڕژێمی ئەسەد دەدات و ڕێگری لەوەدەکات کە ھیچ کاڵاو کۆمەکیەکی بۆ بڕوات , پێدەچێت ئەمەش شێوازێکی دی ھاوپەیمانەکانی واشنتۆن بێت بۆ فشار خستنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران .
گواستنەوەی قەیران لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ڕۆژئاوای ناوەڕاست
لە تەنگەی جەبەل تاریق و لە خواری خوارەوەی ئیسپانیا کەشتی بارھەڵگری (گریس ١) کە ئاڵای پەنەمای ھەڵکردبوو و نەوتی ئێرانیشی بارکردبوو کەبە نیازبوو بڕواتە دەریای سپی ناوەڕاستەوە و لەوێشەوە بۆ بەندەرەکانی سوریا بەڵام لە دووری چوارکیلۆمەتر پێش ئەوەی بگاتە گەرووی جەبەل تاریق لەبەرەبەیانییەکی زووی ڕۆژی ٤ تەمووزی ٢٠١٩ ھێزە کانی ئاسایشی گەرووەکە کە پێکھاتببوون لە (٣٠) کەس و سەربە تاجی بەریتانیای مەزنن و ناوچەیەکی جێناکۆکە لە نێوان بەۆیتانیاو ئیسپانیادا لە نێو ئاوە ئیقلیمیەکانی گەرووی ناوبراودا فڕۆکەیەکی سەربازی جۆری کۆبتەربەسەر کەشتیەکەدا سووڕایەوەو سەربازە بەریتانیەکان خۆیان ھەڵدایە سەری و تاقمی کەشتیەکەیان دەست بەسەر کرد لە سەر فەرمان و داخوازی دەستەڵاتدارانی ناوخۆیی گەرووی جەبەل تاریق .
بەگوێرەی ھەواڵی ئاژانسەکان و تەنانەت سەرچاوە ھەواڵگرییە ئاگادارەکانی دۆخی ئێران و ناوچەکە پێدەچێت ئەمە یەکەم ھەوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران بێت بۆ ئەوەی باز بەسەر سزاو ئابڵووقەکە سەپاوەکانی سەری بدات و خۆڵ بکاتە چاوی ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانییەوە .
ھەر ئەو سەرچاوانە باس لەوە دەکەن کە ئەو کەشتییە بارھەڵگرە بە دۆکۆمینت لە بەندەری بەسرەی عێراقی بارکراوە لە نەوت لە مانگی کانونی یەکەمی ڕابردوو ھەرچەندە کاربەدەستانی بەندەری ناوبراو نکووڵی لەوەدەکەنو دەڵێن لای ئێمە تۆمار نەکراوە و لەلایەکی ترەوە سەرچاوەی تر باس لەوەدەکەن کەلە کەنارەکانی خودی ئێران بارکراوە .
لەلایەکی ترەوە لێرەدا پرسیارێک خۆی قووت دەکاتەوەبۆ ئەم کەشتیە ئەگەر کێشەیەکی نیە بۆ عەرەب واتەنی ( ئەم حەولە ئەلعالەمە ) دەکات و لە کەناڵی سویسەوە نزیکترین ڕێگەیە ناپەڕێتەوە, ئەوەی گومانەکە زیاد دەکات ئەوەیە بڕینی ڕێگای کۆن و دوور ی ھاتوچۆی جارانی پێش ھەڵکەندنی کەناڵی سوەیس ڕەئس ڕجائئلساڵح لە باشووری کیشوەری ئەفریقیاوە بگرێت بۆ ئەوەی خۆی لە سزاو گەمارۆکانی ئەمریکا بشارێتەوەو دەربازبێت ھەرچەندە ناکۆکییەکانی نێوان ئیسپانیا و بەریتانیا تا ئێستا زۆر توندو ئاڵۆزنەبووە لەبەرئەوەی لێکۆڵینەوەکان تا ئێستا بەردەوامن و لەوەیە ماوەیەکی درێژیش بخایەنێت لە بەرئەوەی لایەنی سێەمیش بەشدار دەبێت لە لێکۆڵینەوەکان و تەنانەت کۆمپانیای خاوەن کەشتییەکە کە واباس دەکرێت ڕوسی بێت و لە دوبەی تۆمار کرابێت .
دەرھاویشتەکانی ئەم قەیرانە
لەلایەکی ترەوە دەست بەسەرداگرتنی ئەم کەشتیە بارھەڵگرە نەوتییەی ئێران لە لایەن دەستەڵاتدارانی جەبەل تاریقەوە کە سەر بە تاجی بەریتانیان نیگەرانی و تووڕەیی حکومەتی ئیسپانیای لێکەوتووەتەوە , وەزیری دەرەوەی ئیسپانیاش ڕایگەیاندووە کە نامەی نیگەرانی و ناڕەزایی وڵاتەکەی دەداتە حکومەتی بەریتانیا دەرھەق بەو پێشێلکارییەی سەروەری وڵاتەکەی و زیاتریش وتی ئەمە لەسەر داخوازی ئەمریکییەکان بووە لە بەریتانیا .
لە بەرامبەردا بەریتانیەکانیش ڕایەکی جیاوازییان ھەیە دەڵێن ئەمە پاساو ھۆکاری یاسایی تەواومان لە بەردەستە کە بارھەڵگرەکە سزاو گەمارۆکانی سەر ڕژێمی ئەسەدی شکاندووەو ھیچ ھۆکارێکی سیاسی تری لە پشتەوە نیە.
لەلایەکی ترەوە ئێرانیەکانیش دەبێژن و سوورن لە سەر ئەوەی کە کەشتییەکان لە ئاوە نێو دەوڵەتییەکاندا بووەو ئەم ھەنگاوەی حکومەتی بەریتانیا بە ڕووخێنەرو و نامۆ و نا یاسایی ناودەبەن وحکومەتی بەریتانیا بەوە تاوانبار دەکەن کە چووەتە ژێرباری داخوازی و فەرمانەکانی ئەمریکا و وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات کە ھەموو ھەوڵ و تەقەلا سیاسی و یاساییەکانی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی کەشتییەکەو تاقمەکی ئازاد بکات وھۆشداری لەوش دەدات کە ئەم ھەنگاوە گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە زیاد دەکات .
بەریتانیەکانیش ڕوونتر قسەدەکەن ئێستاو دەڵێن ئەمە جێبەدێ کردنی یاساکانی یەکێتی ئەوروپایەو کە سزای ڕژێمی ئەسەد دەدات کە لە دوای شۆڕشی گەلانی سوریاوە لە ساڵی ٢٠١١ تا ئێستا ئەو ڕژێمە خەڵکی سڤیل بە بێ تاوان دەکوژێت و دەبێژن ئەو کەشتییە بارەکەی بۆ پاڵاوگەی بانیاسی سوریایە کە سەربە کۆمپانیای نەوتی حکومەتی ئەسەدەو ئەمەش پێچەوانەی ڕێنماییەکانی یەکێتی ئەوروپایە.
کاردانەوەکانی ئێران
ھەروەکو ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردۆتەوە کەشتی ( گریس ) یەکێکە لەو چوار کەشتییەکە کەنەوتی ئێران بە قاچاغ دەگوێزێتەوە بۆ سنگافورەو چین بە پێچەوانەی سزاکانی ئەمریکا لە سەر ئێران بەڵام لێرە لە جەبەل تاریق پاساوەکە جیاییە ئەویش سەرپێچی سزاکانی یەکێتی ئەوروپایە بۆ سەر ڕژێمی ئەسەد لێرەدا دەکرێت بپرسین ئەمریکا ڕۆڵی ھەیە لەم کردەوەدا یان نا ؟
بە ھەرحاڵ ئێران بەتوندی ئیدانەو سەرکۆنەی ئەم ھەنگاوەی بەریتانیای کردوو ھەڕەشەی ئەوەی کرد لە سەر زاری ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ( موحسین ڕەزایی )کە ھەنگاوی وەکو ئەوان دەنێن و کەشتییەکی بەریتانی دەستبەسەرا دەگرن و جێبەجێشیان کرد لە ڕۆژانی ڕابردوو لە تەنگەی ھورمز .
بەریتانیا و چۆنیەتی ھەڵسووکەوت لە گەڵ ئەم قەیرانەدا دەکات؟
ھەرچەندە بەریتانیا یەکێکە لە دۆستە نزیکەکانی ئەمریکا و لە ھەموو وڵاتانی تر و ھاوپەیمانەکانی تری لێکنزیکن و بەڵگەش زۆرە لە ڕابردوودا لە زۆر پرسی گرنکدا بەریتانیا پشتیوانی ھەڵوێستەکانی ئەمریکا بووە بێ پێچ و پەنا لە کۆڕو کۆمەڵە نێو دەوڵەتیەکانیشدا , بەڵام لە پرسی کشانەوەی ئەمریکا لە سەروەختی سەرۆک ترەمپ لە ڕێککەوتننامەی (٥+١ ) لە گەڵ ئێراندا بەریتانیا نەکشایەوەو پابەند بوونی خۆی بە ڕێککەوتننامەکەوە ڕاگەیاند .
بەڵام دوای ئەوەی دوو کەشتی نەوت ھەڵگر لە گەرووی ھورمز پەلامار دران لە مانگە حوزەیرانی ڕابردوو ئەمساڵ ٢٠١٩ بەریتانیەکان ئێران بە ئەنجامدەری ھێرشەکە دەزانن ھەرچەندە ئێران نکووڵی لێدەکات بۆیە جۆرێک لە گرژی و ئاڵۆزی کەوتە پەیوەندییەکانیانەوە , لە ھەمان کاتیشدا کێشەیەکی تریش ھەیە لە نێوان ئەودوو وڵاەتەدا ئەویش ئەوەیە کە ھاوڵاتییەکی بەریتانی بە بنەچە ئێرانی ( نازەنین زاغاری رادکلیف ) لە ساڵی ٢٠١٦ ەوە لە ئێران لە زینداندایە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ماوەی پێنج ساڵ حوکمدراوە ئەوانیش ڕەتی دەکەنەوە کەوەھا بێت بۆیە فشار دەکەن تاوەکو ئازاد بکرێت .
ھاوکات لە گەڵ فشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بۆ ئەوەی ئێران ناچار بکات بۆ ھەموارکردنەوەی یان ڕێککەوتنێکی نوێ , ئەمە کاردانەوەی لە سەر پەیوەندییەکانی ئێران و وڵاتە ئەوروپیەکانیش کردوو ە بە تایبەتی دوای ٨ ی حوزەیرانی ڕابردووی ئەمساڵ ٢٠١٩ کە ئێران ھەڕەشەی ئەوەی کرد کە دەست بە پیتاندنەوەی یۆرانیۆم دەکاتەوە بۆ سەرووی ٣.٦٧ % ئەگەر ئەوروپیەکان پابەند نەبن بە ڕێککەوتننامەکەوە بۆیە زمانی قسەکردنیان گۆڕانکاری بە سەردا ھاتووە بەرامبەر بە ئەوروپیەکانیش .
بۆیە ئەم ھەنگاوەی ئێران ھەرچەندە خۆی دەبێژێت ھۆشداری دانە تاوەکو ھەڕەشە بەڵام ئەوروپیەکانی نیگەران کردووە.
ھەر تایبەت بە پەیوەندییەکانی بەریتانیاو ئێران بەو پێ یەی کە تا ئێستا بەریتانیا پابەندە بەڕێککەوتنی (٥+١) بۆ یە دەبێت ئازادی دەریاوانی بۆ کەشتیەکانی ئێران فەراھەم بکات کە نەوتی ئێران دەگوێزنەوە واتا بەریتانیا ناچێتە ژێرباری سزاکانی ئەمریکا ھەرچەندە پاساوی بەریتانیا بۆ دەستبەسرگرتنی کەشتیەکە لە جەبەل تاریق ئەوەیە سزاکانی سەر ڕژێمی ئەسەدی سوریای بەزاندووە.
لە کۆتاییدا:
١- ئەگەر بەریتانیاو ئێران دوو کەشتیەکەیان یەک بە یەک ئازاد نەکەن واتە دیل بە دیل ئاڵوگۆڕییان پێ نەکەن ھەرچەندە ھەریەکەیان پاساوی جیای ھەیە بۆ دەست بەسەردا گرتنەکە , ئێرانیەکان دەبێژن کەشتیە بەریتانیەکە ڕێساکانی ھاتووچۆی دەریاوانی پێشێل کردووە بۆیە گرتوومانە پاساوەکانی بەریتانیاشمان بۆ گرتنی کەشتیە ئێرانییەکە پێشتر باسکرد ئەوا دەبێت حکومەتی بەریتانیا زیاتر دەست وەربداتە کاروباری ناوچەی کەنداوو یان ڕاستەوخۆ ھێزی سەربازی بنێرێتە ناوچەکە بۆ ئەوەی ھاوڕێیەتی کەشتییە بار ھەڵگرەکان بکەن کەئەوەش تێچوویەکی زۆری دەوێت جگە لە ترس وئەگەری ھەڵگیرسانی شەڕو بەریەککەوتن لە گەڵ ئێراندا و نازانرێت تا کەی درێژە دەکێشێت.
٢- ئاسانترین چارەسەر ئەوەیە کە بەریتانیا کەشتیە ئێرانیەکە ئازاد بکات و ئێرانیش کەشتیە بەریتانیەکە ئازادبکات ئەمە لە بەرژەوەندی باڵای ھەردوو وڵاتەکەیە , بە پێچەوانەی ئەمەو بەرەو ڕووبەڕوو بوونەوەو قەیرانیکی گشتگیرە کە ئاکامی زۆر خراپی بە دوادا دێت نەک لە ئاستی ناوچەکە بگرە جیھانیش .
٣- ئێران دەوڵەتێکی میحوەری گرنگە لە ناوچەکەدا و ناکرێت پشتگوێ بخرێت و لە پەروێزدا بێت توانا ڕۆکێتی زۆری ھەیە و پێگەو بنکەو دۆستی زۆری لە ناوچەکەدا ھەیە.
٤- ئەگەر شەڕوو پێکادان لە نێوان ئێران وبەریتانیادا ڕووبدات ئایا ئەمە شکست و نەنگی نییە بۆ گەورەیی و خۆبەزل زانینی بەریتانیا لە مێژوودا کە ھەمیشە خۆی بە بەرز وزەبەلاح و لە بن نەھاتوو زانیووە.
4/8/2019