فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

زریان رۆژهەڵاتی

هاوكات لەگەڵ زیادبوونی گرژییەكانی بەینی تاران و واشنتن، باسی دیالۆگی ئێران و ئەحزابی كوردی رۆژهەڵات هاتەگۆڕێ و ئەمە هەرایەكی ناوەتەوە. ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەڵێن ئەوەی روویداوە دانوستاندن نەبووە، بەڵام هەندێكیشیان باسی جۆرێك دیالۆگیان لەگەڵ ئێران كردووە. ئێرانیش تا ئێستا بەڕەسمی هیچ شتێكی لەوبارەیەوە رانەگەیاندووە.

بەگشتی، بەستنی كۆنگرەیەك بەناوی "ناودارانی كورد" لە سنە و بڵاوەپێكردنی هەواڵی دیالۆگ لەگەڵ ئەحزابی كوردی، ئەو پرسیارەی وروژاندووە كە ئایا ئێران بە تەمای كرانەوەیەكی كوردییە یان دەیەوێ هەتا تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە دژوارەی لەگەڵ ئەمریكا وهاوپەیمانەكانی، كورد كۆنترۆڵ بكات؟

دیالۆگی ئێران و ئەحزابی كوردی

رێكخراوێك بەناوی نۆریف تەقریبەن ساڵی جارێك سەردانی ئەحزابی كوردی دەكات و هەر ئەمیش وەك بزوێنەری سەرەكی دیالۆگی ئەمجارەی ئێران و ئەحزابی كوردی دەردەكەوێت. هەرچەند لە دەورانی خاتەمیدا چەند جارێك هەوڵی دانوستاندن لەگەڵ ئەحزابی كوردی دراوە، بەڵام ئەمجارەیان بەهۆی گرژییەكانی ئەمریكا و ئێرانەوە باسەكە هەستناكییەكی زیاتری هەیە.

كورد ئەزموونیكی تاڵیان لە دانوستاندن لەگەڵ ئێران هەیە، زۆر لە سەركردەكانیان لەدوای گیران یان لەكاتی دانوستاندندا شەهید كراون. رەنگە كەم دەوڵەتی دنیا مابێت كە لە دانوستاندندا پەنا بۆ تیرۆری بەرامبەرەكەی ببات، ئەمەش ناكۆكییەكی گەورە لە ئیدیعای كولتووری ئێرانی و رەفتاری دەوڵەتەكانیدا دەردەخات. لەوانەیە هەرئەمەش هۆكاریك بووبێت بۆئەوەی كە ئەحزابی كوردیی رۆژهەڵات بەمەرجی ئاگاداربوونی تەرەفی سێیەم (نۆرێف) ئامادەیی ئەو دیالۆگەیان راگەیاندبێت.
خاڵی جێگەی سەرنج لە باسەكانی ئەم" دیالۆگە"دا ئەوەیە كە جاران زیاتر بەرپرسانی ئەمنی و سەربازی جڵەویان بەدەستەوە بووە، بەڵام ئەمجارەیان ناوی كەسانی سیاسیتری ئێران كە زیاتر لە وەزارەتی دەرەوە نزیكن لە پێشە. بەپێی ناوەندی لێكۆڵینەوەی ئیرام، دیپلۆماتێكی پێشووی ئێران بەناوی سەید محەممەد كازمی سەجادپوور سەرۆكایەتی وەفدی ئێرانی كردووە و حیزبەكانی رۆهەڵاتیش لە ئاستی كەسانی پلە دوو و سێی حیزبەكانیاندا بەشدارییان كردووە.

سەجادپوور باڵیۆزی پێشووی ئێران بووە لە نووسینگەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە یەكێتی ئەوروپا و بۆ ماوەیەكیش راوێژكاری وەزیری دەرەوەی ئێران بووە و لەگەڵ كەمال خەرازی و محەممەد جەواد زەریف وەزیرانی دەرەوەی ئێراندا كاری كردووە. نۆریف ساڵی رابردوو سەردانی خەرازیی كردووە لە تاران و دوابەدوای ئەوەش، باسی دیالۆگ هاتووەتە ئاراوە.

خەرازی ئێستا وەزیری دەرەوە نییە، بەڵام تێكەڵاوییەكی بنەماڵەیی فرەلایەنی لەگەڵ بەرپرسانی ئیراندا هەیە و ئەمەش پێگەیەكی سەروو- كوتلەیی پێداوە. برازایەكی خەرازی هاوسەری مەسعوود خامنەیی، كوڕی رابەری ئێرانە. كچی سادق خەرازیی برازایشی، هاوسەری كوڕی محەممەد رەزا خاتەمییە كە دایكی نەوەی روحوڵڵا خومەینی رابەری پێشووی ئێرانە. بەمجۆرە ماڵی خەرازییەكان شوێنی بەیەكگەیشتنی بنەماڵەكانی خامنەیی- خاتەمی و خومەینی بە یەكترین.

رۆیشتنی كەسێكی وەك سەجادپوور كە نزیكی خەرازییەكانە بۆ دیالۆگ لەگەڵ ئەحزابی كوردی، رەنگە ئەو پەیامەی تێدا بێت كە دیالۆگێكی سەرووكوتلەیی لەگەڵ كورد دەكرێت و ئەمەش زیاتر بۆ پێدانی متمانە بە ئەحزابی كوردی بووبێت. هەڵبەت دیوێكی دیكەی مەدالیاكەش ئەوەیە كە لە پێشنەبوونی كەسانی ئەمنی و سوپایی لەم دیالۆگەدا، گومان لەسەر جدییەتی دیالۆگەکە درووست دەكات، چونكە بڕیاربەدەستانی راستەقینەی سیاسەتەكانی ئێران ئەوانن نەك كەسانی وەك سەجادپوور!

ئامانجی دیالۆگ

تەنگەتاوبوونی ئێران بەهۆی گرژییەكانی لەگەڵ ئەمریكا، پێویستیی ئەو دەوڵەتەی بە كورد زیاتر كردووە. وا پێدەچێت نیگەرانیی سەرەكی ئێران ئەوە بێت كە بەهۆی لاوازبوونی سیاسی و ئابوورییەوە و تەنانەت سەربازیشەوە، جارێكی دیكە بزاڤی سیاسی كورد لە رۆژهەڵات خورت بێتەوە و پەتی كۆنترۆڵی لە دەست دەرچێت. ئێران دەیەوێت لەڕێی دیالۆگەوە، بەجۆریك كورد سەرقاڵ بكات تا دژوارییەكانی ئێستای سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی تێپەڕ دەكات. ئەمە تەنیا پەیوەست بە ئەحزابیش نییە. بەشێوەیەكی گشتی تاران دەیەوێت وێنای خۆی لای جەماوەری كوردیش باشتر پیشانبدات كە بەردەوام پوتانسیەلی ناڕەزایی سیاسی تێدا هەیە. بەدەر لەوانەش، بەئەگەری زۆر ئێران دەیەوێ رێ لە هەرجۆرە هاوبەندییەكی ئۆپۆرزیسیۆنی ئیرانیش بگرێت كە كورد دەتوانن بڕبڕەی پشتی بن.

رەنگە لایەنی كوردیش، بیەوێت ئەوە پیشانبدات كە خوازیاری دیالۆگە و ئەو قەناعەتەش لای هەندێكیان هەبێت كە بەهۆی گوشارە دەرەكییەكانەوە، لەوانەیە ئێران هەندێك گۆڕانكاری سەبارەت بە پرسی كورد بكات. پێدەچێت ئەزموونی لایەنە كوردییەكانی رۆژئاواش كە لە سەرەتاكانی قەیرانی سووریا، دانوستاندنیان لەگەڵ بەشار ئەسەد نەكرد و دواتر ئەو بۆشاییە لەلایەن پەکەکەوە پڕكرایەوە، پاڵنەرێكی دیكە بێت بۆ ئەوەی ئەحزابی رۆژهەڵاتی ئامادەی دیالۆگ لەگەڵ ئێران بن. جگە لەوەش، مانەوەیان بە جێگیری لە هەرێمی كوردستان، بە گوشارێكی سیاسی- سەربازی لەسەریان تەرجەمە دەبێتەوە كە ئەمەش وادەكات دیالۆگ رەتنەكەنەوە.

سەرەڕای لێدوانی هەندێك لە بەرپرسانی پێشووی ئێران وەك محەممەد خاتەمی، سەبارەت بەوەی كە پێویستە شێوازی ئیدارەدانی وڵات بگۆڕێت، هێشتا ویستێكی جدیی بۆ گۆڕانكاری لە سیستەمی سیاسی بە گشتی و نزیكبوونی دەوڵەت لە پرسی كورد بەدیناكرێت. ئەوەی ئێستا دەكرێت زیاترهەنگاوێكی تەكتیكییە و ناتوانێت كرانەوەیەكی كوردی بێت. بەڵام لە ناوەڕۆكی خۆیشیدا پێویستیی ئێرانیش بە كورد لەم قۆناغەدا دەردەخات. گوتاری رەسمیی دەوڵەت بوونی كورد لە چوارچێوەیەكی نوقسانی كولتووریدا قبوڵ دەكات، بەڵام تا ئێستا ئامادە نییە ئەمە بۆ ئاستێكی فراوانتر بەرز بكاتەوە. پرسی كورد روویەكی قووڵی سیاسی هەیە و هەتا ئەوكاتەی ئێران ئامادە نەبێت ئەم رەهەندە و رەواییەكەی قبوڵ بكات، زەحمەتە دیالۆگێكی بەرهەمدار بكرێت. زیاتر لە سەد ساڵە چەند دەوڵەتێكی ئەم ناوچەیە ویستوویانە كورد وەك گرووپێكی ئەتنیکیی ناسیاسی بهێڵنەوە، بەڵام نەیانتوانیوە. دۆزینەوەی ناسنامەی سیاسیی كوردی لەم ناوچەیەشدا تەنها پرسی كاتە، ئەگینا كەوتووەتە سەر رێڕەوی خۆی و رێی لێناگیرێت. كام دەوڵەتی ئەم ناوچەیەش خۆی لەگەڵ ناسنامەی كوردیدا بگونجێنێ گەورەتر دەبێت، بە پێچەوانەوە بچووكتر دەبێتەوە.

٣٠/٧/٢٠١٩

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان