فارس نەورۆڵی
ھەمو ڕێباز و ئاینەکان و ئایدۆلۆجیاکان، ھەمو بیرمەندەکان بانگەشە بۆ ئازادی مرۆڤ و ئازادی گەلان دەکەن، ھەمویان بانگەشە دژی چەوسانەوە دەکەن بەڵام کە دێیت و سەیری دوێنێ و ئەمڕۆی کورد دەکەیت ھەمو ئەو ئەو فکر و ڕێبازانە دەکەونە ژێر پرسیارەوە، چون کورد گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە.
بەدرێژایی مێژوو لەژێر ئاگری ئەو ئایدیانەدا سوتێنراوە، لەبەرامبەر ئەو ستەمە ویژدانی و لادانە ئەخلاقییەدا، کورد جەنگی بوونی بردووەتەوە وەک مانەوەی وەک کورد، ئەو جەنگەی کورد لەلایەکەوە بۆ مانەوە بووە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە بۆ ئەوە بووە دەرەوە بمانبینێت، دواتر بمانخوێننەوە، کەچی سودێکی ئەوتۆی نەبووە چونکە جیھان چاوی لەئاست ئێمە دا داخستووە.
سەیرکەن لەسەردەمی دەسەڵاتی کۆمۆنیستی دا، لەسەردەمی خەلافەتی ئیسلام و ئێستای دەوڵەتانی ئیسلامی دا و دواتر لە جیھانبینی دەوڵەتانی سەرمایەداری و لیبراڵ ودیموکراتی دا، کورد وەک مرۆڤ وەک نەتەوە، وەک سیاسەت جێگایەکی لەستراتیجی ئەواندا نییە بەپێچەوانەوە، کورد بۆ ماوەیەکی زۆر لاوانی کردە قوربانی ڕێبازی کۆمۆنیزم بەناوی جیاجیا، لەلایەکی دیکەوە سەراپای مێژووی، ئەدەبی و سیاسی کورد خراوەتە خزمەت ئیسلام و لەوێوە چووەتە خزمەت نەتەوەکانی ناوچەکە کەھەموومان یەک پێناسەی ئاینیمان ھەیە، بەڵام کورد لای ئەوان پێناسەی کوردبوونی نیە لەلایەکی دیکەوە لەشەڕی دەوڵەتی ئیسلامی داعشدا، جیھان بەپارێزەری دیموکراتی جیھانی ناوی دەبردین، بەڵام کە دێتەسەر بوونی کورد وەک دەوڵەت کورد وەک پێناسی سەربەخۆ ھیچ کام لەم قوتابخانانە قبوڵیان نییە.
وەرن سەیری عێراق کەن لەسێ پێکھاتە و دوو پێناسە پێکھاتووە لەلایەک پێناسەی کوردبوون و عەرەببوون، لەلایەکی دیکە پێناسەی شیعەبوون و سوننەبوون، کەچی سەرەڕای جیاوازییەکی قوڵ تا ئاستی کافرکردنی یەک، کەچی شیعە و سوننە لەبەرامبەر کوردبوون پێناسی مەزھەب دەخەنە لاوە و بەرامبەر ھەر مافێکی ئێمە دەوستنەوە ھەر کاتێکیش داوای جیایی بکەین دەڵێن جیھانی ئیسلام بەش دەکەن کاتێ کێشەکەمان دەخەینە ڕاپرسییەوە، جیھان بێڕەحمانە پشتگوێمان دەخات و دەڵێن ئێوە سیستەمی جیھانی دەخەنە مەترسییەوە.
لێرەدا پارادۆکس لەھەڵوێستی جیھاندا دەبینین، ئەمەیە کارەسات بۆ ئێمە کە بەرەو مەرگمان دەبات چۆن تائێستا میتۆدی ئەوروپی و جیھانی پێناسەیەکی بۆکوردبوون نییە کەواتە ئێمە لەدۆخێکدا دەژین لەناو سیستەمێکدا دەژین، دەرک بەشتەکان ناکەین وەک بڵێی جیھان بەڕێگەیەکدا دەڕوات و ئێمە بە ڕێگەیەکی دیکەدا، کەلەناوچەیەکی کوێر دەچێت کەچاوی زانست و سیاسەت و ویژدان نامان بینێت.
لێرەوە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی ئێمە چەندە کێشەکەمان قوربانی بەرژەوەندیییەکانە ھێندەش کێشەیەکی دەرونی بێت لەسەر ئاستی سیاسەت ئەگینا ئەم ھەمو ترسە لەکورد بون بۆچی، جیھانی لیبراڵ کوردبون بەترس دەزانێ ئەمە کێشەکە دەرونی نەبێت چی یە! جیھانی ئیسلام بێبەزەییانە دەمانھاڕێ ھەمو کێشەکەیان دەرونی نیە چییە! بۆیە ئێمە دەبێ ڕێگاکە بگۆڕین بیربکەینەوە بەڕێگایەکی دیکە سیاسەت بکەین، پەیوەندی دروست کەین تێبگەین ئەم ھەمو خەبات وقوربانی و شۆڕشە نەیگەیاندینە جێگای خۆی، کەچی لە تەنیشتماندا چەندین دەوڵەت ھەیە جامێ خوێن و پەرداخێک ئارەقیان نەبەخشیوە کراون بەدەوڵەت.
کەواتە بون وەک دەوڵەت لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دا ئیعتیرافە نەک شتی دیکە، ئەویش لە ڕێگای دەوڵەتە گەورەکان، کە ڕێککەون لەسەر دانپێدانان بەبوونی تۆدا، ئەمەش دەبێ پێداچونەوەیەکی ڕیشەیی وقوڵ بۆخۆمان بکەین یەکەم ھەنگاو ڕوبەڕوی ھەڵەکانی خۆمان ببینەوە دواتر گەڕان بۆ دۆزینەوەی ڕێگای دیکە، ئەمەش بەتێگەشتننی نێوان ڕۆشنبیرە ڕاستەقینەکان و سیاسییە ڕاستەقینەکان.
ئەوانەی بۆ مێژوو سیاسەت دەکەن بۆ دیاریکردنی ئامانجی ھاوبەش، بۆ لێکۆڵینەوە لەم کێشەی کورد بوونە بێ نەفی کردنی یەکتر بۆ دانانی بنەما و ڕێکەوتن لەسەر بابەتێک کە لەسەر ئاستی فیکر بیری لێبکرێتەوەو لەسەر ئاستی میللی کاری بۆ بکرێت بیرکردنەوە لە کورد بونێک بۆ بوەتە ترس بۆ جھان و غەمگینی بۆ خۆمان، بۆ دەرونمان بیمارە بەرامبەر یەکتر، لەکوردبوندا چارەی ئەم کێشەیەش لەدەستی ئەقڵدایە ئەو دەتوانێ ئەم دیواری ترسە بشکێنێت، کەواتە بائەقڵ بخەینە گەڕ.
17/7/2019