هێمن عه‌بدوڵڵا
كاتێك گۆشه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌م ده‌نووسی، سه‌رۆكی ئه‌مریكا قسه‌ی بۆ میدیای وڵاته‌كه‌ی ده‌كرد و به روون و ئاشكرایی ده‌یگوت نه‌ك رووخاندن، به‌ڵكو به‌ته‌مای لێدانی سه‌ربازییش نییه له كۆماری ئیسلامیی ئێران. ئه‌وه‌ش به‌دڵی زۆر كه‌س نییه و زۆری سه‌یری پێكه‌وه كۆكردوونه‌ته‌وه، له‌وانه‌ش به‌شی زۆری كوردی ده‌سته‌بژێری له‌سێبه‌ردا رۆنیشتووی هیچنه‌كردووی رۆژهه‌ڵات؛ هه‌روه‌ها تووندئاژۆكانی تاران و هی واشنتنیش.
خه‌ڵكی هه‌ولێر كه كه‌یفیان به یه‌كێك بێت، پێیده‌ڵێن خاره فڵان. دوای ده‌رچوونیشی، تره‌مپ به‌و قسانه‌ی ده‌یكات و ده‌یكردن وایكردبوو كورد كه‌یفیان پێبێت و هه‌ندێك كه‌س دووكانه‌كانیشیان به‌ناوی ئه‌وه‌وه ناوبنێن، به‌ڵام له‌وه‌ته‌ی بووه‌ته سه‌رۆك، خاره تره‌مپ سه‌ری له هه‌مووان (به كوردیشه‌وه) شێواندووه و قسه‌ی ئه‌مڕۆی له‌گه‌ڵ هی سبه‌ی یه‌ك نییه.
ئه‌و كه‌متر له دوو ساڵی ماوه بۆ هه‌ڵبژاردن و به‌ته‌مای سه‌رله‌نوێ خۆكاندیدكردنه‌وه‌یه. به‌ڵێنی سه‌ره‌كیی جاری رابردووی هه‌ڵبژاردنی ئه‌وه‌بوو كه چیدیكه ئه‌مریكا پۆلیسی دنیا نا‌بێ و هێزه ئه‌مریكییه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه وڵاته‌كه‌یان و ئه‌و بودجه‌یه‌ی له‌وه‌دا خه‌رج ده‌كرێت، له گه‌وره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌مریكا خه‌رج بكرێت. كه‌چی له‌و دوو ساڵ و نیوه‌دا كه سه‌رۆكه، تیمه‌كه‌ی خۆی له ستافێكی لاشه‌ڕی پراگماتیسته‌وه گۆڕیوه بۆ تیمێكی تێكه‌ڵ له شه‌ڕانی و لاشه‌ڕ. ئه‌و خۆی بازرگانه و سیاسه‌ت و دیپلۆماسیش به چاویلكه بازرگانییه‌كه‌ی ته‌ماشا ده‌كات و لێی تێده‌گات. زاواكه‌ی، كه كه‌سی ده‌سته‌ڕاستیه‌تی و وه‌ك خۆی دیدگای بازرگانیی هه‌یه بۆ هه‌موو شتێك، لاشه‌ڕه و له‌گه‌ڵ كرده‌وه‌ی سه‌ربازیدا نییه و هه‌وڵده‌دات هه‌رچییه‌ك ئه‌مریكا له دنیادا و به‌تایبه‌تیش له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست ده‌یكات بۆ گوشار خستنه سه‌ر دوژمنه‌كانی، له‌ڕێگه‌ی ئابوورییه‌وه بیكات. نموونه‌ش شه‌ڕی دژی هواوی (چین) و قورستركردنی سزا ئابوورییه‌كانی سه‌ر ئێرانن. تره‌مپ هه‌میشه به تاران ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ته‌سلیم نه‌بن، به چه‌ك نا به‌ڵكو به ئابووری به‌چۆكتاندا ده‌هێنم.
ئه‌مه هیچ به‌دڵی جۆن بۆڵتنی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی تره‌مپ نییه. بۆیه تره‌مپ ئێستا به‌ئاشكرا له تویته‌كانی و هه‌ڤپه‌یڤینه‌كانیدا باسی بۆڵتن ده‌كات و ده‌یدركێنێ كه ئه‌و به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ لێدان و شه‌ڕدایه. به‌ڕاستیش ئه‌وه‌ی بۆڵتن له‌دژی ڤه‌نزوێللا و ئێران ده‌یكات، مۆبیلیزه‌كردنی سه‌رۆكه‌كه‌ی و شه‌قامی ئه‌مریكا و دۆسته‌كانیانه له جیهاندا بۆ ته‌ده‌خولی سه‌ربازی. پۆمپێیۆی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكاش ده‌كرێ وه‌ك ماسته‌رمایندی تیمی شه‌ڕانیی تره‌مپ بناسێنرێ و وه‌ك نیویۆرك تایمز نووسیبووی، ئێستا وه‌ك دیپلۆماتێك ته‌نانه‌ت زمانی قسه‌كردنیشی گۆڕاوه و زۆرتر ئه‌و ده‌سته‌واژانه به‌كارده‌هێنێت كه ژه‌نه‌ڕاڵ و كه‌سانی سه‌ربازی به‌كاریده‌هێنن. ئه‌مانه له رۆژانی رابردوودا تره‌مپیان هێنایه ئاستێك كه رازی بێت بەوەی گورزی سه‌ربازی له ئێران بدرێت، به‌ڵام دیاربوو زاوا زێڕینه زوو فریاكه‌وت و بیریهێنایه‌وه كه له‌م به‌ره‌به‌ری هه‌ڵبژاردنه‌دا چه‌ند هه‌ڵه‌یه تره‌مپ بچێته شه‌ڕه‌وه له‌گه‌ڵ ئێران.
راستییه‌كه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی دژی ئه‌مریكان و ئه‌وانه‌ش كه دۆستی ئه‌مریكان، به‌ڵام دژی تره‌مپن، حه‌زده‌كه‌ن شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئێران ببێت. به‌رپرسانی تارانیش هه‌روا و پێیانخۆشه تره‌مپی به‌ر له هه‌ڵبژاردن شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ بكات نه‌ك تره‌مپی پاش هه‌ڵبژاردنه‌وه. چونكه ده‌زانن ئه‌وكات، وه‌ك تره‌مپ خۆیشی گوتی، شه‌ڕه‌كه ده‌بێ و گاڵته‌ش نابێت. بۆیه راستییه‌كه‌ی هه‌رچه‌نده تره‌مپ ئێستا خۆی نایه‌وێت شه‌ڕ ببێ و شه‌ڕیش بۆ ئه‌و باش نییه، به‌ڵام دیار نییه ئه‌و ئیستیفزازانه‌ی ئێران ده‌یكات و ئه‌و دنه‌دانه‌ی تیمه‌كه‌ی و لۆبیی دۆستان و پاڵنه‌ره‌كانی دیكه ده‌یكه‌ن، خاره تره‌مپ ناچارده‌كه‌ن ئیمزای شه‌ڕه‌كه بكات؟ جا بێگومان ئه‌مه‌ش هیچ له حاڵی كوردی رۆژهه‌ڵات ناگۆڕێ و بۆ هیچ شتێك ئاماده نین. به‌پێچه‌وانه‌وه، وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی رۆژهه‌ڵات ده‌یگوت، رژێمی ئه‌مجاره‌ش لاواز بێت یان بڕووخێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی شا هه‌ر به‌سه‌ر كوردی نائاماده‌دا ده‌ڕووخێت.
28/6/2019