كۆشان عەلی زەمانی
ئایا باشترە خۆشبەخت بیت یان ئازاد بیت؟ ئەو پرسیارەیە کە فەیلەسوفی بەڕیتانی ئاڵدەس هەکسلی لە ڕۆمانی (Brave New World)دا دەیخاتەڕوو، لەڕێگەی ڕۆمانەکەیەوە وێنای جیهانێکی نوێ دەکات کە لەڕێگەی خۆشبەختییەوە کۆنترۆڵ دەکرێت.
بەپێی ئەو تێڕوانینەی ڕۆمانەکەی لەسەر بنیاتنراوە چینی حوکمڕان لە ڕۆمانەکە لەوە تێدەگات کە مەرج نییە کۆمەڵگا تەنها لەڕێگەی هێزەوە کۆنترۆڵبکرێت بەڵکو دەکرێت لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی زانیاری زۆرو زەبەندی لاوەکییەوە یان سەرلێتێکدان و دڵخۆشکردنی ساختەوە ئەنجام بدرێت.
لەو ڕۆمانەدا دەرمانێکی زۆر پێشکەوتوو بەناوی (سۆما) ڕۆژانە دەدرێت بە هاووڵاتیان بۆئەوەی هەست بە خۆشحاڵی بکەن. نەک تەنها ئەوە بەڵکو لەڕێگەی هەڵوەشاندنەوەی بازنەی پەیوەندییەکان (خێزان)، ئازادی سێکسی ڕەها دەدرێت بەتەواوی هاووڵاتیان بۆئەوەی بەشێوەیەکی بەردەوام سێکس بکەن، تەنها هاوژین و خۆشەویستێکیان نەبێت بەڵکو لەگەڵ چەندین کەسدا پەیوەندیان هەبێت، تاوەکو هەموو کەسێ دڵخۆش بێت، بیرلە کۆیلایەتییەکەی نەکاتەوە بەڵکو دڵخۆش بێت بەو سیستمەی کە تیایدایەتی.
لەو ڕۆمانەدا کە لەساڵی ١٩٣١ لەلایەن ئەو بیریارە بەڕیتانییەوە نوسراوە: “هەمووتان هی هەمووتانن” ئەو دێڕەیە کە لەتەمەنێکی زۆر زووەوە لەمێشکی هاووڵاتی و گەنجاندا دەچەسپێندرێت، شتێک نامێنێتەوە بەناوی خێزان، باوک و دایک بوونی نابێت، و سێکس لەنێوان هەموو تاکەکانی کۆمەڵگادا بەبێ هیچ سنوورێک ئەنجام دەدرێت، ئەوکاتە هیچ کەسێ بیرلەوە ناکاتەوە کە بارودۆخی چۆنە و چی دەکات.
لەو جیهانە نوێیەدا کە هەکسلی لە ١٩٣١دا وێنەی کێشاوە دەریایەک لە زانیاری ناپێویست و لاوەکی بڵاودەکرێتەوە، ئەوەش وادەکات کەخەڵکی بەردەوام بەشتی لاوەکی و سادەوە سەرقاڵ بن.
ئەم جیهانە نوێیە لەسەر ئەو بنەمایە داڕێژراوە کە کۆمەڵگاکەی بەردەوام خوازیاری شتی نوێیە، چونکە پێیان وایە هەموو نوێیەک خۆشبەختی دەهێنێت. خواستی بەردەوامی کۆمەڵگا بۆ شتە نوێیەکان دواجار لەبەرژەوەندی ئەو سیستمی ئابوورییەیە کە ئەو کۆمەڵگایەی لەسەر دروستبووە، کە دەبێت بەردەوام خواست هەبێت بۆئەوەی ئەو سیستمە بەردەوام بێت.
ئەگەر جۆرج ئۆروێڵ لە ڕۆمانی هەزار و نۆسەد و هەشتاو چواردا ترسی ئەوەی هەبووبێت کە ئەوەی ڕقمان لێیەتی لەناومان دەدات، ئەوا هەکسلی ترسی ئەوەی هەبووە ئەوەی پێمانخۆشە وێرانمان دەکات
بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش هاوشێوەی ئەو بنەمایەی کە ئەو ڕۆمانەی لەسەر بنیاتنراوە، بی ئێف سکینەر، دەروونناس لە هارڤەرد، چەند زنجیرە تاقیکردنەوەیەکی لەسەر چەند مشکێک ئەنجامدا، بۆئەوەی مامەڵەی ئیجابی ئەو مشکانە بەهێز بکات بەمشێوەیە: کاتێک مامەڵەیەکی باشیان دەکرد (بەوشێوەیەی کە ئەو دەرونناسە دەیویست) ئەوا خواردنێکی پێدەبەخشین. بەڵام لەبەرامبەر ئەو شێوازی پاداشتکردنە، شێوازێکی دیکەشی گرتەبەر بۆ سزادانی ئەو مشکانە بۆئەوەی دەستبەرداری هەندێ کردە ببن کە ئەو دەرونناسە نەیدەویست چیتر لەو مشکانەدا هەبێت. لە تاقیکردنەوەکانیدا ئەوەی بۆدەرکەوت، کە ئەوەی مشکەکان لە هاندانی ئیجابی و لە پاداشتکردنەوە فێری دەبن کاریگەرترە، خۆئەگەر لەڕێگەی سزادانەوە مامەڵەی هەندێ لە مشکەکان بگۆڕێت ئەوا هێشتا پێشبینی دەکرێت کە لەداهاتوودا بەشێک لەو ڕەفتارانە ئەنجام بدەنەوە، هەر لەگەڵ نەمانی فشارەکان و مەترسی لەسەریان ئەوا مشکەکان دەگەڕێنەوەسەر هەمان ڕەفتاری خۆیان.
ئەوەی سەرنجڕاکێشە بەلای سکینەرەوە ئەوەیە کە لە گۆڕینی مامەڵەی خەڵک لەڕێگەی ئیجابی و پاداشتکردن و دروستکردنی کەشێکی خۆشبەختی بۆیان ئەوا هەرگیز بیریان بەلای ئازادیدا ناچێت، هیچ پرسیارێک لەبارەی ئازادبوونی خۆیان ناکەن لەو مامەڵانەوە. هەر بەو ڕێگایەی کە سکینەر باسی دەکات دەکرێت لەڕێگەی دروستکردنی کەشێکی خۆشبەختییەوە نەک تەنها مامەڵەی خەڵک، بەڵکو تەنانەت خواست و ئارەزوو و ویستی ئەوان بخرێتەژێر کۆنترۆڵەوە.
دەشێت کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لەئێستادا دوای نزیکەی نەوەد ساڵێک لە ڕۆمانەکەی هەکسلی گەیشتبێتە ئەو قۆناغەی کە باسی کردووە، لەڕێگەی زانیاری زۆرو زەبەند، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئازادی بێسنوور و هەڵوەشانەوەی بەشێک لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە، کۆمەڵگا لەلایەن چینی حوکمڕانەوە کۆنترۆڵ بکرێت. ئیتر چینی حوکمڕان کۆمپانیا زەبەلاحەکان، دەسەڵات و حکومەتەکان، تۆڕی میدیا و پەیوەندییەکان یان هاوشێوەکانیان دەگرێتەوە.
لەم سەردەمەدا کۆمەڵگا لەڕێگەی دروستکردنی بابەتی لاوەکییەوە ئاڕاستە دەکرێت، دڵخۆش دەکرێت، بینەر بەدیار بەرنامەیەکەوە دادەنیشێت و دەگری، پێدەکەنێت و دڵخۆش دەبێت یان تێڕوانینی تەواو دەگۆڕێت، دواجار خۆی بیردەچێتەوە و لەدەرەوەی خۆیەوە ئاڕاستە دەکرێت، ئەو چینە حکومڕانە ئاڕاستەی دەکات کە چۆن بیربکاتەوە، نەک ئەوەی خۆی ئیرادەی بیرکردنەوەی هەبێت.
هەر لەم سەردەمەدا، چەند خولەکێک، یان کاتژمێرێک، یان هەفتەیەک، مانگێک و ساڵێک کەسێک دەکرێت بە ڕەمز، بەڵام لەناکاوێکدا هەمان کەس شەرمەزار دەکرێت. کۆمەڵگا وەکو ئەو دۆمینۆیە وایە کە یەکێکیان دەخرێتە خوارەوەو ئەوانی دیکەش بەدوایدا، ئیتر ئیرادەی تاکەکەس لەم نێوانەدا ون دەبێت.
نامەوێت هێندەی دیکە درێژتر بنووسم تەنها ئەوەندە ماوە بڵێم: دەبێت بزانین خۆشبەختی و ئازادی دوو شتی زۆر جیاوازن، ڕاستە هەندێجار وەکو یەکن، بەڵام مەرج نییە هەموو خۆشبەختییەک ئازادی بێت.
20/5/2019