شۆڕش خدر
چەمكی دەسەڵات یەكێكە لە بابەتە هەرە سەرەكیەكانی ناو هزری سیاسی،بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی دەسەڵات لەگەڵ ئەو ژینگەیەی تێیدا ژیاوە خۆی گونجاندووە فۆرمی جیاوازی وەرگرتووە.هەر لە سەردەمی یۆنانی كۆنەوە بۆ سەدەی ناوەڕاست تاكو ئەم ئێستایەی تێیدا دەژین پێیدەوترێت دونیای مۆدێرن،دەسەڵات بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی خۆی لە هەر قۆناغێك و سەردەمێك تەكنیك و میكانیزمی جیاوازی بەكارهێناوە،بە شێوەیەك كە بتوانێت هەیمەنەی هەبێت كاریگەری لەسەر سایكۆلۆژیای كۆمەڵگا دابنێت كۆنتڕۆڵیان بكات.
لە قۆناغی كۆمەڵگای تەقلیدیدا هێزی دەسەڵات لەدەست سەرۆك خێڵ و پادشا و پیاوانی ئاینیدا بەرجەستە دەبوو ،بەشێوەیەك لە ڕێگای نۆرم و بەها ئەخلاقی و كەلتوریەكاندا هەوڵی ڕێكخستن و ئیدارەدانی چالاكییە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی دەدا.بەڵام لە دونیای مۆدێرنەدا ئەم مۆدێلە لە دەسەڵات گۆڕنكاری گەورە بە خۆوە دەبینێت،بە تایبەتی دوای سەرهەڵدانی دەوڵەت نەتەوە وەك بونەوەرێكی زیندوو لە دایك دەبێت ،هەر لەو سەردەمەوە ئەركی دەسەڵاتیش لە ڕیگای دەزگا یاسایی و شەرعیەكانەوە بە سیستەم دەكرێت گۆڕانی بەسەردادێت،هەر ئەم دەزگایانە بۆ خۆشیان دەبن بە بەشێك لەمیكانیزمەكانی كۆنتڕۆڵكردن و چاودێریكردنی ڕەفتار و هەڵسوكەتەكانی ناوكۆمەڵگا.
دەتوانم بڵێم ئەمانە هەموو هۆكارگەلێكبوون وادەكەن چەمكی دەسەڵات وەك بابەتێكی فكری و فرە ڕەهەند چەندین میتۆد و تێزی جیاوازی دژ بەیەك لەخۆبگرێت، قۆناغ لەدوای قۆناغ لەناو گروپ و كۆمەڵگا جیاوازەكاندا لە كایە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتییەكاندا چەندین خوێندنەوە و شیكاری جیاوازی بۆ بكرێت.
ئەوەی من مەبەستمە زیاتر قسەی لەسەر بكەم تێگەیشتنی چەمكی دەسەڵاتی مۆدێرنەیە لە دیدی(میشێل فۆكۆ)وە.هەروەها پیادەكرنی شێوازەكانی دەسەڵاتی دسیپلینكەرە لەم سەردەمەی كە تێیدا دەژین.فۆكۆ ئاگادارمان دەكات لەوەی چۆن دەسەڵات لەسەردەمی مۆدێرنەدا دەست و پەنجەیتێكەڵ بە كایە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵاییەكان دەكات؟چۆن لە ڕێگەی دەزگا و ئۆرگانە جیاوازەكانی دەوڵەتەوە پەیوەندی دروست دەكات بێ ئاگایانە لەناو هەموو كۆر ِو كۆبوونەوەكاندا ئامادەگی دەبێت گوێمان لێدەگرێت؟فۆكۆ پێماندەڵێت چۆن دەسەڵاتی دیسپلینكەر كار لەسەر بەرهەمهێنانی كۆمەڵگایەكی كۆنتڕۆڵكراو مرۆڤێكی دەستەمۆ دەكات؟فۆكۆ پێماندەڵێت چۆن دەسەڵات لەم سەردەمەدا دەیەوێت بە شێوازێكی سیستماتیك(خود)ێكی ئازاد بگۆڕێت بە (خود)ێكی بێ بەرگری و گوێڕایەڵ؟چۆن دەسەڵات لە دونیای مۆدێرنەدا شێواز و تەكنیكی كۆنتڕڵكردن بەرهەمدێنێت؟ چۆن بە شێواز و كەرەستەی جیاواز تەحەدای چینەكانی ناو كۆمەڵگا و هێزەكانی دەروەی خۆی دەكات؟
فۆكۆ پێیوایە لە دونیای مۆدێرنەدا مرۆڤەكان بەهۆی دەسەڵاتی دیسپلینەوە خەسڵەتی سروشتی خۆیان لەدەست دەدەن ناتوانن وەك بونەوەرێكی گەردوونی و خاوەن عەقڵ و ماف هەڵسوكەوت بكەن،مرۆڤەكان لەم زەمەنەدا گۆڕانكاری بەسەر سروشتیان دادێت، لە بونەوەرێكی ئازاد و ئەكتیڤ دەبن بە مرۆڤێكی دەستبەسەر و پاسیڤ !لە كەسێكی خاوەن مەعریفە و ئومێدبەخش دەبن بە كەسێكی بێ مەعریفە و بێ ئومێد!لەم سەردەمەدا فۆكۆ ئینسانەكان وادەبینێت،بەهۆی سەرقاڵیان بە چاودێریكردنی دەوروبەریان ئەركە ئەخلاقیەكانیان بیردەچێتەوە ناتوانن بەرگری لە مافەكانیان بكەن ژیانیان بگۆڕن.
پێموایە ئەو ئێستایەی كۆمەڵگای ئێمەی تێدا دەژی دروست ئەو سەردەمەیە كە دەسەڵاتی دسیپلین خەونی پێوەدەبینێت،لە ئێستادا دەسەڵات وەكو تۆڕێكی ئاڵۆز و گشتگیر هەموو ڕووبەرەكانی ژیانی ئێمەی داگیركردوە، لە هەموو كات و شوێنێكدا ئامادەگی هەیە.لەم سەردەمەدا كاری هەرە سەرەكی دەسەڵات بەرهەمهێنانی مرۆڤێكی جۆشكراوە بە مەعریفەی دونیای مۆدێرن،لە هەوڵی بەرهەمهێنانی ئینسانێكە جیاواز لە سەردەمەكانی پێش خۆی،دەسەڵات لە ئێستادا سەرقاڵی خستنەبازاڕی جەستەی ڕۆبۆتێكی ڕوحلەبەرە،خەریكی كۆپیكردنی مرۆڤێكی پڕۆگرامكراوە بە میكانیزمەكانی كۆنتڕۆڵ وچاودێریكردن،لە ئێستادا كاری دەسەڵات دروستكردنی لەشكرێكە لە میدیای حزبی و ڕِۆشنبیری ئاڕاستەكراو بۆ نەهێشتن و پچوكردنەوەی ئەو پانتاییە گشتییەی كەوا هێزەكانی فشار و كۆمەڵگای مەدەنی دەیانەوێت گەمەی سیاسی تێدا ئەنجام بدەن.
لە كۆتاییدا فۆكۆ ئاگادارمان دەكات لەوەی ستراتیژ و تەكنیكەكانی دەسەڵات لە دونیای مۆدێرنەدا زیاد لە دەموچاوێكیان هەیە پێماندەڵێت دەسەڵاتی مۆدێرن فرە شێوە و فرە ئەركن،لە هەر شوێنێك مەبەستیانبێت سروشتی خۆیان دەگونجێنن.بۆیە فۆكۆ پێیوایە بۆ بەرگریكردن و بەگژداچوونەوەی ئەم دۆخە مەترسیدارە،دەبێت كۆمەڵگاش شێوازەكانی خەباتكردنی فرە شێوە و فرە شوێن بێت،ئەوەش لە ڕێگای بڕوا بەخۆبوون و بە بنیاتنانی (خود)ێكی ئازاد و خاوەن مەعریفە ئەنجام دەدرێت.
٢٠/٥/٢٠١٩