بەشی دووهەم: دەسکەوت و ئاستەنگی ڤێنێزۆێلا (برووسکە بۆ کوردستان)
هوشیار مەحموودی
لە ساڵی ٢٠١٢ وڵاتی ڤێنێزوێلا چووە ناو "بازاڕی هاوبەشی ئامریکای لاتین" ناسراو بە مێرکۆسوور. "ڤێنێزۆێلا ئەندام بووە لە مێرکۆسوور لە ساڵی ٢٠١٢ەوە کە پێی دەوترێ بازاڕی هاوبەشی وڵاتانی باشوور". ئەلجەزیرە (٢٠١٦). ئەو کاتە هێشتا هۆگۆچاڤێز سەرۆک کۆماری پێشوو زیندوو بوو بەڵام لە ٢٠١٣ کۆچی دوایی کرد و دوای ئەو نیکۆلاس مادۆرۆ هاتە سەر کار بە زۆرینەی دەنگەکان (مەکلێئۆد، ٢٠١٩).
بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی خەڵکی ڤێنێزوێلا باشتر ببوو دوای هاتنە سەرکاری هۆگۆ چاڤێز. "پەرتووکی ستراتیژی وڵات" کە "کۆمۆسیۆنی ئۆرووپا" نووسیویەتی بەمجۆرە وەسفی دەکات. لە ساڵی ٢٠٠٥دا داهاتی نەتەوەیی ئەو وڵاتە ٤% بوو. لە ٢٠٠٤ بۆختەی داهاتی نەتەوەیی بەرزبووەوە بۆ ١٧.٣% کەچی بەڵام لە ٢٠٠٥ تەنیا ٩% بەرز بووەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی باج و بووجە و رکێفکردنی سەرمایە کە خۆی داخوازی ناوخۆیی دەباتە سەر، ئەو بنەمایەی کە یەکجار کەمتر بوو لە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو (پەرتووکی ستراتیژی وڵات، ٢٠٠٧ بۆ ٢٠١٣، لاپەڕەی ١١).
لە رووی سیاسیی و مافی مرۆڤەوە دەڵێ:
دەستوور مافی خزمەتگوزارییە تەندرووستییە گشتییەکانی مسۆگەر دەکا. لە ٢٠٠٢ دا بڕی ٢.٣% پۆختەی داهاتی گشتی سەرفی تەندرووستی دەکرا. بە گوێرەی رێکخراوی تەندرووستی جیهانی، رێژەی دەسڕاگەییشتنی جەماوەر بە خزمەتگوزارییەکانی تەندرووستی بەردەوام بەرز دەبووە؛ لە ٤٥%ی ١٩٨٥ بۆ ٥٨% لە ١٩٩٦ و بۆ ٦٥% لە ساڵی ٢٠٠٢. رێژەی مردنی مناڵی ساوا دابەزی لە ٢٧ کەس لە هەرزار کەسەوە لە ١٩٩٠ بۆ ٢١ کەس لە ساڵی ٢٠٠٢. ئاستی تەمەندرێژی بەرز بووەتەوە بۆ ٧٣ ساڵ. (هەمان سەرچاوە، ل. ١٣).
سەبارەت بە پرسی ژن دەستووری نوێی ڤێنێزوێلا بە روونی دەڵێ ژنان هەموو مافێکی هاووڵاتیبوونیان هەیە و دەس لەسەر هەڵاواردن و ئازاری جنسی و توندوتیژی خێزانی دادەنێ. بەهامانشێوە مافەکانی جنسی و مناڵ وەدنیا هێنانی ژن قبووڵ دەکا وە تاقە وڵاتی ئامریکای لایتینشە کە ماڵدێری کردنی ژن وەک چالاکی بەرهەم هێن لە رووی ئابوورییەوە بە فەرمی دەناسێ. ئەم وڵاتە پەیماننامە نێونەتەوەییەکانی پەیوەست بە هەڵاواردن و توندوتیژی دژی ژنی واژۆ کردووە و پابەندە بە جێبەجێکردنی 'بەرنامەی کردەکی بەیجین'ەوە١. لە ١٩٩٩ دەوڵەت یاسای هەلی یەکسان بۆ ژنانی پەسەند کرد و بەهەمانشێوە بەرنامەی نیشتمانی بۆ رێگری لە توندوتیژی لە دژی ژنان پەسەند کرد لە ساڵەکانی ٢٠٠٤ و ٢٠٠٩دا. (هەمان سەرچاوە، ل.١٥). لە شوێنێکی دیکەشدا دەڵێ: "وەک نەریت میدیاکان بەردەوام ئازاد و قسە لەڕوو و ڕاشکاو بوون (پانتایی میدیاکان زۆر کەرتبوووە)" (هەمان. ل.١٠).
بەڵام وڵاتی ڤێنێزۆێلا وەک هەموو وڵاتێکی دیکەی 'جیهانی باشوور' کە کۆمەڵێ فاکتەری ژێرخانی لاوازی بۆ ماوەتەوە لەگەڵ ئاستەنگ و تەنگ و چەڵەمەی زۆر چنگاوش بووە و ناکرێ بە وڵاتانی 'جیهانی باکوور' ٢ بەراورد بکرێ و ئەوە لەلایەن خۆدی وڵاتانی باکوورەوە دانی پێدا نراوە وەک لەم گوزارشەی خوارەوەدا دەبیندرێ. ئەم کەمووکۆڕییە ژێرخانییە مێژووییانە فاکتەری نوێشی پێ زیاد بووە. "لەوەتەى چاڤێزەوە لە 2013 مردووە، ڤەنزوێلا كەوتووتە نێو قەیرانێكی بەردەوامی ئابوورییەوە كە لەپێكهاتەى خراپ بەڕێوەبردنی حكومەت، گەندەڵیی، وێرانكاریی و كەوتن و دابەزینی خێرای نرخی نەوتەوە سەرچاوەى گرتووە".
سەرباری هەموو ئەو تەنگ و چەڵەمانە [واتە ئاستی بێکاری ١٥% و هێڵی هەژاری ٠.٤٠ بۆ ٠.٥٠ی پلەی جینی٣ کە ئاستی هەژارییەکی بەرز پیشان دەدا و ٢٠٠ هەزار منداڵی کرێکار] بەڵام بارودۆخی گشتی وڵات لە ڕووی گەشەی کۆمەڵایەتییەوە باشترە لە 'وڵاتانی ئاندینی' ٤ دراوسێی بە تایبەت لە رووی خوێندکارانی دەرچوو، مردنی مناڵی ساوا و تەندرووستی و دەستڕاگەییشتن بە ئاوی خواردنەوەوە (پەرتووکی ستراتیژی، ل.١٢). ئەوە هەڵسەنگاندنی ئۆرووپایە کە پێوەندی لەگەڵ ئامریکا پتەوە و تۆکمەیە کە مانای وایە بەراوردێکی بێلایەنانە و هاوکات ئەرێنی کردوە لەو سەردەمانەی کە هۆگۆ چاوز وەک سەرکۆماری ئیشی کردوە.
بەڵام جیا لە راپۆرتەکەی ئۆرووپا، تازەترین راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هەمانشێوە چەندان دەسکەوتی بۆ 'کۆماری بۆلیڤاری ڤێنێزوێلا' تۆمار کردوە. بە گوێرەی ئەو راپۆرتە خشتەی گەشەی مرۆیی (HDI) بریتییە لە ٠.٧٦١ کە ئاماژەیە بۆ 'گەشەی مرۆیی ئاست بەرز'، واتە لە ١٩٨ 'وڵات و نیشتمان'دا ڤێنێزوێلا ٧٨ەمین وڵاتە. لە ١٩٩٠ تا ٢٠١٧ ئاستی تەمەندرێژی لە کاتی لەدایکبوونەوە ٤.٩ واتە نزیکەی ٥ ساڵ بەرز بووەتەوە.خوێندەوای نزیکەی ٦ ساڵ بەرز بووەتەوە و ٣ ساڵی دیکەش چاوەڕوان دەکری بەرز بێتەوە. هەر لەو ماوەدا بە گوێرەی پلەی جینی ٢٨.٨% ئاستی نایەکسانی دابەزیوە بۆ هەر تاکە کەسێ. (HDR، ٢٠١٨، ل.٢). خشتەی گەشەی مرۆیی هەڵبەت تێکەڵەیەکە لەو چەند خاڵەی باسکرا(خوێندن، تەمەندرێژی و مردن) و وێڕای رێژەی نایەکسانی. بۆیە ئەگەر توخمی نایەکسانیش زیاد بکەین بەو چەند خاڵە ئەوا پلەی خشتەی گەشەی مرۆیی بە بڕی ١٦% دادەبەزێ. سەرباری ئەوەی هێشتا بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی خۆی وەک کۆلۆمبیا (٢٣،٦) و پێروو (١٩،٢) هەر بەرزترە (هەمان سەرچاوە، ل.٤).
لە وەها هەلوومەرجێکدایە کە شاڵاوی ئابڵۆقەکان بۆ سەر ڤێنێزوێلا ئاشکرا دەبێ. لەدوای هاتنە سەرکاری مادۆرۆ ڤێنێزوێلا لە ٢٠١٦ لە ئەندامەتی بازاڕی مێرکۆسوور هەلپەسێردرا (ئەلجەزیرە، ٢٠١٦) بە بیانووی رچاونەکردنی بنەماکانی دیمۆکراسی و " وەزیری دەرەوەی ڤێنێزوێلا خانمی دێلسی رۆدریگیوز ئەو هەڵپەساردنەی وەک هەنگاوێک بەرەو کوودەتا ناوبرد. (هەمان سەرچاوە)" چونکوو دەستێوەردان لەو وڵاتەدا لەلایەن ئامریکاوە لە زۆر زووترەوە دەستی پێکردبوو. ئەمەش واتە تاوانەکە پێشێلکردنی دیمۆکراسی نەبووە لەلایەن مادۆرۆە بەڵکوو بەرنامەیەکی درێژخایەن بوو. "حكومەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەر لەو كاتەوەى هۆگۆ چاڤێز لە 1998 هەڵبژێردرا، دژی شۆڕشی سۆسیالیستیی ڤەنزوێلا بووە" (بێنجامین و داڤیێەس، ٦ی فێبریواری ٢٠١٩). بەڵام تاوانەکە چی بووە؟ دەگەڕێینەوە سەری بەڵام با لە پێشدا هەندێ زمانی رۆژنامەکانی باڵی راستی ئامریکا سەبارەت بەو وڵاتە ئاشکرا بکەین و بزانین چەندە لەگەڵ راپۆرتەکەی کۆمیسیۆنی ئۆرووپا جیاوازی هەیە و لە ڕاستی دوورە.
ئالان مەکلۆید (٢٠١٩، ژانیڤاری، ٣١) دەڵێ:
" توێژینەی ٥٠٠ وتار لە ماوەی ١٦ ساڵدا کە ئەم حەم حوتووە لە ماڵپەڕی (رەگەز و چین، ٢٥/١/٢٠١٩) بڵاو بووەوە تێگەییشتم کە چەمکی وەک "خەڵکی ڤێنێزوێلا" یان "کۆمەڵی مەدەنی" بەکار هاتوون بۆ ئاماژە بە نەیارانەی [دەوڵەت] بەکار هاتوون کەوا رێکن لەگەڵ و (لە لایەن) ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە دامەزراون و ئامریکا ویستوویە وەک دیمۆکراتیک ناوزەن کردوون بەبێ گوێدانە سرووشتیان".
پەرتووکی ستراتیژی وڵات دەڵێ: "سەرباری ئامانجی دەوڵەت بۆ پەخشانکردنەوەی دەسەڵات (decentralisation)، دەسەڵاتی دامەزراوەکانی کەرتی گشتی بە خەستی چڕبووەتەوە و پێویستی بە مۆدێرنیزە کردنەوە هەیە" (هەمان سەرچاوە، ل.٦). وەک لەم رستەدا بە شاردراوە دیارە پەخشانکردنەوەی دەسەڵاتی دامەزراوە حکومییەکان و مۆدێرنیزە کردنەوە بە یەک مانا بەکار هاتوون کە تەواو هەڵەیە. دەسەڵات لە وڵاتی چین دا چڕکڕاوەیە بەڵام ئەو وڵاتە یەکێک لە پیشەسازیترین وڵاتانی سەردمە. مێژووی وڵاتانی پیشەسازی خۆرئاواش هەمان وانە پشتڕاست دەکەنەوە.
لە شوێنێکی دیکەدا هەمان کۆمیسیۆن دەڵی:
"ئەم وڵاتە رەفتارێکی سەرسەختانەی هەیە لە ئاست سیاسەتی نێونەتەوەیی و زیاتر جەخت دەکاتەوە لەسەر پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی ئامریکای لاتینی دراوسێی خۆی [!؟!]. بڕوایەکی تۆندی هەیە بە تێکەڵ بوونی وڵاتانی ئامریکای لاتین و بەم دواییانە 'کۆمەڵگەی ئاندین'ی بەجێ هێشتووە و چۆتە بەرەی 'مێرکۆسوور٥'. دژی ئازادی ئازادی بازرگانی هەموو ئامریکایە ناسراو بە (FTAA) و لەگەڵ کووبا 'بەدیلی بۆلیڤاری' بۆ ئامریکای لاتین و وڵاتانی کاراییبی پشکەش کردوە کە ناسراوە بە (ALBA) " (هەمان سەرچاوە، ل.١٠).
ئەم شێوە قسە کردنەی کۆمیسیۆنی ئۆرووپا دەریدەخات کە گرفتی ئەم وڵاتانە چیە لەگەڵ ڤێنێزوێلا؛ ئەو وڵاتانەی کەوا چاوپۆشییان کرد لە تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی بۆ دەیان ساڵ بەڵام ڤێنێزوێلا کە دەستێوەردان و هیچ کردەوەیەکی نایاسایی نێونەتەوەیی نەبووە دەخەنە ژێر گوشار و گەمارۆ.
بەڵام ئەو سیاسەتانەی ڤێنێزۆێلا لە دوو سەدەی پێشوودا لەلایەن خودی وڵاتانی پیشەسازییەوە پێڕەو کراوە. باشە ئامریکا و ئۆرووپا کە شەیدای ئازادین، ئازادی پێوەندیی نێوەنەتەوەیی بە ڕەسمی ناناسن ئەگەر ڤێنێزۆێلا بیهەوێ لەگەڵ وڵاتانی نزیکی خۆی بازرگانی بکات و پارەی هاوردە و هەناردە لەسەر گەشەی ئابووری کەم بکاتەوە؟
ئاخۆ ئەگەر کوردستانی رۆژهەڵات و لە داهاتوودا یان خوای نەخوازە باشووری کوردستان لە ئێستادا بیهەوێ _وەک هەموو وڵاتانی پیشەسازی_ بە گۆمرگ پیشەسازی و کشتوکاڵی ناوخۆی کوردستان بپارێزی بە ئێمەش ناوترێ 'دژی بازرگانی ئازاد'؛ ئایا ئەگەر کوردستانی خۆرهەڵات بیهەوێ لەگەڵ کوردستانی رۆژاوا و باشوور و باکوور 'کۆمەڵگەی بۆلیڤاری کوردستان بۆ پیشەسازی و کشتوکاڵ' دامەزرێنێ ئەوان دەبێ سەرکردەکانی وەک مادۆرۆ بە دیکتاتۆری بناسێنن گەرچی خۆیان لە راپۆرتەکانیاندا _وەک چۆن لەو راپۆرتەی سەرەوەدا_ وتوویانە دیمۆکراتیکترینە؟
بە هۆی وابەستە بوونی ڤێنێزویلا بە داهاتی نەوتەوە (٩٥%) دابەزینی نرخی نەوت لە ٢٠١٤راستەوخۆ دەبێتە هۆی کورتهێنانی بۆجە و ناچار دەبێ بۆ قەرەبووکردنەوە قەرز وەربگرێ لە بازاڕی دارایی و دراوی جیهانی کە ئامریکا دەستی باڵای تێدایە و ئەو باڵادەستییەشی بەکارهێناوە بە مەبەستی ئاراستەگۆڕینی بەرنامەی گەشەی ئابووری ڤێنێزوێلا. وە لە زانستە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان ئەوە هەمان داگیرکاری و کۆڵۆنیالیزمی نوێیە. داگیرکارییە چونکوو سەروەری ئەو وڵاتە پێشێل دەکا و نوێشە چونکوو وەک سەدەکانی پێشوو بە هێزی سەربازی ناکرێ بەڵکوو بە هێزی ئابووری و دارایی دەکرێ. "ئابڵۆقە نوێیەکانی ترامپ کە لە ٢٠١٧ دەستی پێکرد ٦ بیلیۆن دۆلار هەر لە ساڵی یەکەمدا زیانی گەیاند بەو وڵاتە" (بێنجامین و داڤیێەس، ٦ی فێبریواری ٢٠١٩) و ئاشکرایە ئەو ئابڵۆقانە "قەیرانە ئابوورییەکەی زیاتر تاو دەدا" (هەمان سەرچاوە).
پشکنەری راسپاردەی UN زایاس کە سەردانی ڤێنێزوێلای کردوە دەڵێ: "ئابڵۆقە ئابوورییەکانی سەدەی ٢١ هەوڵێکە نەک هەر بۆ وەئەژنۆ هێنانی شارەکان بەڵکوو هەروەها وەئەژنۆ هێنانی سەروەری ئەو وڵاتەش" و لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ رۆژنامەی ئیندێپێندێنت دا وتی ئەو ئابڵۆقە ئابوورییانە هاووڵاتییانی ڤێنێزوێلا دەکوژێ" (سێلبای گرین، ٢٠١٩، ژانیڤاری ٢٦).
وەک لەم وتارەدا دەرکەوت تەنیا تاوانی ڤێنێزوێلا بریتی بوو لە هەڵبژاردنی شێوازێکی گەشەی ئابووری کۆمەڵایەتی کە گونجاوی وڵاتەکەی خۆیانە بۆیە کەوتە بەر شاڵاوی ئابڵۆقەکان و هەربۆیە بێڕەوشتی و پێچەوانەی نەریتی میدیاییە گەر بەراورد بکرێ بە کۆماری ئیسلام.
ئەوە سونەتی پۆپۆلیستەکانە کەوا پێان وایە چینە جیاوازەکانی کوردستان بۆچوون و دنیابینی جیاوازیان نیە و دەکرێ روانگەیان بشێوێنی بۆ ئەوەی نەتوانن جیاکاری بکەن لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ڤێنێزوێلادا نەک بۆ یەکسان بینینی ئەو دوو رژیمە بەڵکوو بۆ یەکسختنی ئاپۆرەکەی خۆیان! ئەوانن کە بە چاوێکی خەواڵووی سیاسییەوە خەونی یەکخستنی خەڵک لە ڕێی وەهماندییانەوە دەبینن. لەڕاستیدا ئەوە وەهمی هەرزەکاری سیاسییەکی چینی مامناوەندی نیوسەدە لەمەوبەری کوردێکە کە درێژ بۆتەوە بۆ هەناوی پێگەییشتووترین میدیای مۆدێرن. بەڵام وەک کەژاوەیەک بەرانبەر بە فڕۆکەیەک بێ هێزە خۆی ناگرێ لە ئاست میدیای پاوانکاردا و بە خێرایی کاڵ دەبێتەوە.
پاشکۆ:
ئەو میدیا و لایەنە کوردییانەی کەوا ئێتیک و ئەخلاقی میدیایی و سیاسی پێشێل دەکەن یان ساویلکەن یان دەیانهەوێ کوردستان بە تاڵان بەرن و هەربۆیە دووڕوویی دەکەن کاتێک باسی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و کرێکارانی کۆڵبەر دەکەن بەڵام وڵاتێکی ژێرخان هەژاری وەک ڤێنێزوێلا وەک دیکتاتۆری ناوزەن دەکەن.
بەرەی دیمۆکراسیخوازی کورد دەبێ:
١- لە پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی خۆیدا بەرەی وڵاتانی روو لە گەشە لە خۆی نەتەرێنێ بۆ راکێشانی جەمسەرێکی گەورەی جیهانی بە دوو هۆکار: ئەلف) جیهانیبوونی ئابووری قورسایی جەمسەرەکان دەگوازێتەوە؛ ب) ئەزموونی وڵاتانی روو لە گەشە زیاتر بە قازانجی جەماوەری هەژاری خەڵکی کوردە نەک زلهێزەکان.
٢- هەرزانفرۆشکردنی وڵات جیایە و دۆستایەتی کردنی ئامریکا و ئۆرووپا جیایە. هاوکات بێگومان دەبێ پێوەندی نێونەتەوەیی لەگەڵ ئامریکا و ئۆروپاش هەبێ وەک چۆن چین و وڵاتانی بەرەی بریکس.
پەڕاوێزەکان:
١- بەرنامەیەکە بۆ بەهێزکردنی ژنان لە ڕێی سڕینەوەی هەرچی لەمپەری کەرتی تایبەت و کەرتی گشتییە لە سەر ڕێگەی گەشەی ژناندا و لە ساڵی ١٩٩٥ لە شاری بەیجینی وڵاتی چین لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کرا.
٢- جیهانی باکوور لە بەرابەری جیهانی باشووردا دێت؛ یەکەمیان واتە وڵاتانی پیشەسازی و دووهەم وڵاتانی گەشە نەکردوو.
٣- جینی ناوی داهێنەر شێوە و هاوکێشەیەکە کە بە گوێرەی ئەوە هێڵی هەژاری دیاری دەکرێ.
٤- وڵاتانی ئەندین یان ئاندین بریتین لەم وڵاتانە: شیلی، پێروو، بۆلیڤیا، ئارژانتین، ڤێنێزوێلا، کۆلۆمبیا و ئیکوادۆر کە لە مێژووی فەرهەنگی هاوبەشیان هەیە.
٥- وڵاتانی مێرکۆسوور بریتین لە بەرەیەکی سیاسی و ئابووری پێکهاتوو لە: برازیل، پاراگۆای، ئارژانتین، ئۆرۆگۆای و ڤێنێزوێلا.
سەرچاوەکان:
ئالان مەکلۆید(٢٠١٩،جانیڤاری، ٣١)، 'مەبەست لە خەڵکی ڤێنێزوێلا ئەوانەن کە هاوبیری دۆناڵد ترامپن'، گلۆبال ریسێرچ، بڕوانە:
https://www.globalresearch.ca/the-venezuelan-people-are-whoever-agrees-with-donald-trump/5667149
ئەلجەزیرە، (٣ی دیسامبر،٢٠١٦)، ئەندامەتی ڤێنێزوێلا لە مێرکۆسوور هەڵپەسێردرا، بڕوانە:
https://www.aljazeera.com/news/2016/12/venezuela-suspended-mercosur-violations-161203035501462.html
بێنجامین م. و داڤیس ن. (٢٠١٩)، ڤێنێزوێلا: ٦٨مین کارەساتی رژیم گۆڕینی ئامریکا؛ بڕوانە:
فاینانشیاڵ تایمز (٢٠١٧، ئۆگۆست، ٥)، ڤێنێزوێلا لە بەرەی بازرگانی ئامریکای لاتین هەڵپەسێردرا، بڕوانە:
https://www.ft.com/content/fe66fcd2-79fe-11e7-9108-edda0bcbc928
کۆمیسیۆنی ئۆرووپا،(٢٠٠٧ بۆ ٢٠١٣)، پەرتووکی ستراتیژی وڵات، بڕوانە:
http://eeas.europa.eu/archives/docs/venezuela/csp/07_13_en.pdf
نەتەوە یەکگرتووەکان (٢٠١٨)، ئامار و هێماکانی گەشەی مرۆیی: نۆژەنکردنەوەی ئامارەکانی ٢٠١٨؛ بڕوانە:
http://hdr.undp.org/sites/all/themes/hdr_theme/country-notes/VEN.pdf
سێلبای گرین، م. (٢٠١٩، جانیڤاری ٢٦)، قەیرانی ڤێنێزوێلا: راپۆرتنووسی پێشووی UN دەڵێ ئابڵۆقەکانی ئامریکا هاووڵاتییانی ڤێنێزوێلا دەکوژی.