ئاسۆ کمال
چینی کرێکار بۆئەوەی لە دەوری خۆی و پێویستییەکانی خەبات بۆ ڕزگاری لە دەست سیستمی سەرمایەداریی تێبگات پێویستی بە ناسینی مێژووی قۆناغەکانی سەرھەڵدان و شکست و سەرکەوتنەکان و یاساکانی گەشەی چینەکان وچینەکەی خۆی ھەیە. ھەرچۆن داروین لە ناسینی ئینساندا پشتی بە مێژوو و یاساکانی گەشەی ھەموو بونەوەراندا بەست تا توانی زانستی پەرەسەندن بچەسپێنێت. لەم لێکۆڵینەوەدا ئێمە بەدوای ئەو ئاڵوگۆڕانەوەیەن کە بەسەر حزبی کرێکاریدا ھاتووە و ھۆکارەکانی ئەم گۆڕانکارییانە باس دەکەین تاکو بتوانین لەم ڕێگەیەوە ئەزمەی ئێستای کۆمۆنیزم و کێشەکانی بەردەم ئێستا و چۆنییەتی زاڵ بوون بەسەریاندا بدۆزینەوە. ئێمە لەبەشەکانی پێشودا باسی "میتۆدی دیالەکتیکی و تێگەیشتنی ماتریالیستی"*١ مان کرد لەم لێکۆڵینەوەیەدا و لەم بەشەدا ئەم میتۆد و تێگەیشتنە بەسەر لێکدانەوەی مێژووی بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا پیادە دەکەین.
لە لێکدانەوە و ناسینی گەشەی حزب لای چینی کرێکاردا پێویستمان بە ناسینی مێژووی ئەنتەرناسیونالی یەکەم و دواتر سۆشیال دیموکراتییە وەک یەکەم ھەنگاوی دروستبوونی حزب لای چینی کرێکار. دواتر باس لەو جیابوونەوە سەرەکییە دەکەین کە لەم ڕەوتە حزبیەی کۆمۆنیزمدا دروست دەبێت و باڵەکانی سۆشیال دیموکراتی و بەلشەفی و کۆمۆنیستی لێک جیادەبنەوە. لێرەشەوە لەسەرچاوەی ھەموو ئەو دابەشبونانە دەگەین کە بەسەر بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا ھاتووە لە دوو سەدەی ڕابردوودا.
کۆمەڵەی ئەنتەرناسیونالی کرێکاران
شۆڕشەکانی دەیەی چوارەمی سەدەی ١٩ لەئەوروپا کرێکاران و کۆمۆنیستەکانی لەو ڕاستیە تێدەگەیاند کە کرێکاران نابێ وەک پاشکۆی شۆڕشگێڕییەتی وردە بورژوازی لەمەیدانی سیاسیدا خەبات بکەن و پێویستیان بەڕیزی سەربەخۆی خۆیانە. ئەم ڕاستییەی مانیفیستی کۆمۆنیست بە شێوەیەکی تیۆری دەریبڕی، لەمەیدانی پراتیکدا چەندین دەستە و گروپی جۆراوجۆری کۆمۆنیستی و ئەنارکیستی و سۆشیالیستی لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی ئەوروپادا لێکەوتەوە. ئینگیلتەرا کە پێشەنگی سەرمایەداریی بوو، جگە لە سۆشیالیستە خەیاڵییە ئۆوینیەکان، بزوتنەوەیەکی ڕیکخراوی چارتیستی کرێکاری ھەبوو کە بێ وێنە بوو لە دنیای ئەو کاتەدا.
ئەنتەرناسیونالی یەکەم وەک یەکەم ڕێکخراوی سیاسی کرێکارانی ئەوروپا لە ئۆکتۆبەری ١٨٦٤دامەزرا. بنەما سەرەکیەکانی ئەم ڕیکخراوە بریتیبوون لە ؛
١.ڕزگاری چینی کرێکار دەبێ بەدەستی چینی کرێکار خۆی بێت.
٢.ئامانجی کرێکاران بەدەستھێنانی ئیمتیازاتی چینایەتی نییە، بەڵکو ھەڵوەشانەوەی کۆمەڵگەی چینایەتیە.
٣. ئامانجی کۆتایی خەباتی سیاسی چینی کرێکار ڕزگاری ئابوری کرێکارانە و ھەموو بزوتنەوەیەکی سیاسی تەنیا دەبێت وەک وەسیلە چاوی لێ بکرێت.
٤.دەبێت ھەڵەکانی دابەشبوونی پێشووی نێو بزوتنەوەی کرێکاری دووبارە نەکرێنەوە و داوای یەکگرتنی خێرای ھەموو بەشە دابڕاوەکانی بزوتنەوەی کرێکاری بکرێت.
٥. ئەنتەرناسیونال ڕێکخراوی ھەموو کرێکارانە بەبێ گوێدانە نەتەوە و ڕەنگی پێست و بیروباوەڕ. *٢
ھەرکەسێک بەرگری لەم بنەمایانە بکات دەتوانێت ببێتە ئەندامی ئەنتەرناسیونالی کرێکاران.
ئەم ڕێکخراوە پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی و سەندیکا کرێکارییەکان و کۆمەڵە ھەرەوەزیەکانی کرێکاران ھەبوو وە کاری لەسەر دەکردن و ھەروەک لە بڕیارنامەکانی ئەنتەرناسیونالدا دەردەکەوێ. *٣
لە دوای شۆڕشی کۆمۆنەی پاریس لە سێپتەمبەری ١٨٧١ مارکس لە ئەنتەرناسیونالدا پێشنیاری بڕیارێک دەکا سەبارەت بە دروستکردنی حزبە سیاسیەکانی چینی کرێکار کە بەزۆرینەی دەنگ و چەند دەنگێکی ناڕازی (٢٩بەرامبەر بە ٥)دەبێتە بڕیار. لەم بڕیارەدا ئەم بنەمایانە تەئکید لیکراوە:
١.لەخەبات دژی دەسەڵاتی ھاوبەشی چینە موڵکدارەکان(سەرمایەداران و خاوەن زەویەکان) کرێکار ناتوانن وەک چینێک چالاکی بنوێنن تا خۆیان وەک حزبێکی جیاواز و دژ بە ھەموو چینە موڵکدارەکان ڕێکنەخەن.
٢.گرنگی ئەم حزبە بۆ زەمانەتکردنی سەرکەوتنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و ئامانجی کۆتاییەتی کە نەھێشتنی چینەکانە.
٣.حزب بۆ یەکگرتووکردنی ئەو خەباتە ئابوریەیە کە کرێکاران خۆیان دەستیان پێکردوە و لەھەمان کاتدا بۆ بەھێزکردنی ئەم خەباتەیە دژی دەسەڵاتی سیاسی سەرمایەداران و خاوەن موڵکەکان.
٤. لەکاتێکدا سەرمایەداران دەسەڵاتی سیاسی بۆ کۆیلەکردنی کرێکاران بەکاردێنن ئەوا دەستبەسەرداگرتنی ئەو دەسەڵاتە سیاسییە دەبێتە ئەرکێکی گرنگی چینی کرێکار.*٤
ئەم ھەنگاوە بۆ دامەزراندنی حزبە سیاسیەکانی چینی کرێکار وەک ئاستێک لە گەشەی سیاسی بزوتنەوەی کرێکاری دێتە ئارا، وەک بەرئەنجامی کاریگەری ئەنتەرناسیونالی یەکەم لەسەر ئەم بزوتنەوەیە نەک تەنیا لە ئەوروپا، بەڵکو لە ڕوسیا و ئەمریکاشدا بنەماکانی حزبی سیاسی کرێکاران ئامادە دەبێت . حزبی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیا کە پێش ئەم بڕیارەی ئەنتەرناسیونالیش لە مەیداندا دەبێت، وەک پێشەنگی حزبە کرێکارییەکان دەوردەگێڕێت و مارکس و ئەنگلس بەردەوام و ڕۆژانە کار لەسەر بەرەوپێشەوەچوونی سیاسی و ڕێکخراوەیی دەکەن.
تێگەیشتن لەم دەورەیە گرنگیەکی زۆری ھەیە بۆ ناسینی ئەو ھەوڵە مێژووییانەی کە بنەماکانی کۆمۆنیزمی نەخشاندووە و کاریگەری بەسەر مێژووی تا ئێستای بزوتنەوەکەوە ھەیە، ھەروەھا بە بەکارھێنانی میتۆدی بەراورد و لێکۆڵینەوە لە گۆڕانکارییە سیاسی و ئابورییەکان دەتوانین جیاوازی و گۆڕانەکان لە دەورەکانی دواتردا بدۆزینەوە.
ئەنتەر ناسیونالیزم و ناسیونالیزم
ئەم دەورەیەی ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە شۆڕشێکی کیشوەری لە ئاستی ئەوروپادا ھاوکات لەچەندین وڵات ڕودەدات ئەمەش دەبێتە مایەی ئەوەی کە خەسڵەتی سەروو میللی و سەروو دەوڵەتی بداتە بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی. ئەنتەرناسیونالی کرێکاران خۆی بەرھەمی ئەم دەورەیە لە خەباتی ئەنتەرناسیونالی کرێکارانە و کۆبونەوەی ئەو ھەموو گروپە جیاوازە فکری و سیاسیە، کۆمۆنیست، بلانکیەکان، ئەنارکیستەکان، پرۆدۆنیستەکان و ھتد..نیشانەی بونی زەمینەی بزوتنەوەیەکی چینایەتی نوێیە کە پێشتر ئەوروپا و جیھان شتی لەم بابەتەی بەخۆیەوە نەبینیوە.
ئەوەی چینە چەوسێنەرەکانی تر لە مێژوودا کردوویانە داگیرکردن و دروستکردنی ئیمپراتۆرییەکان بووە بۆ کۆکردنەوە و تێکەڵاوکردنە میللەت و ناوچە جیاوازەکان لە قاڵبێکی سیاسی و ئابوریدا، بەڵام چینی کرێکار لەسەر زەمینەی خەباتێکی ھاوبەش دژی بورژوازی ئەوروپی وجیھانی جۆرێکی نوێی لە ڕێکخراوبوونی سیاسی ھێنایە ئاراوە کە ھاوپشتی خەباتی کرێکارانی نەتەوە جیاوازەکان بوو لەگەڵ یەکتردا. کرێکارانی ئەڵمانیا لە بەرامبەر ھەڕەشەکانی دەوڵەتی بروسیادا پشتیوانیان لە کرێکاران و خەڵکی فەرەنسا دەکرد دژی دەوڵەتی بیسمارکی بورژوازی و خاوەن موڵکەکانی بروسیا .ئەو بانگەوازەی ئەنتەرناسیونالی کرێکارانی ئەڵمانیا بۆ قبوڵکردنی پێشنیاری کرێکارانی فەرەنسا بۆ ئاشتی لەدژی داخوازی درێژەدانی شەڕ لەلایەن دەوڵەتی بیسمارکی ئەڵمانیەوە، نیشانەی پیشڕەوی حزبی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیا بوو کە دەوری پێشەنگی دەگێڕا لەم ڕۆحییەت و تێگەیشتن و ھەڵوێستە ئەنتەرناسیونالیەدا. "بەناوی ھەموو دیموکراسی ئەڵمانیا و بەتایبەتی بەناوی کرێکارانێک کە سەربە حزبی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیاین ڕایدەگەیەنین کە ئەم شەڕەی ئێستا ھیچ نییە جگە لە شەڕی خانەوادە خاوەن موڵکدارەکان..وە ئێمە بەخۆشحاڵییەوە ئەو دەستە دۆستانەی کرێکارانی فەرەنسا درێژیان کردووە بە گەرمی دەگوشین..وەئێمە، تێدەگەین لە مانای دروشمی کۆمەڵەی ئەنتەرناسیونالی کرێکاران"کرێکارانی جیھان یەکگرن!" وە ھیچ کات ئەوە لەبیرناکەین کە کرێکارانی ھەموو وڵاتەکان ھاوڕێمانن وە ستەمکارانی ھەموو وڵاتەکان دوژمنمانن" . *٥
ئەم ڕاستیە لە سەرکوتی کۆمۆنەی پاریسدا دەرکەوت. "کە سوپای سەرکەوتوو(ئەڵمانیا) و سوپای شکستخواردوو(فەڕەنسا) پێکەوە کۆبوونەوە بۆ تێکشکاندنی خوێناوی پرۆلیتاریا(پاریس)..دەسەڵاتی چینایەتی چیتر ناتوانێ بەرگی نەتەوایەتی بپۆشێت؛حکومەتە ناسیونالیستەکان دژی پرۆلیتاریا یەکدەستن!"*٦
بەڵام ئەنتەرناسیونالیزم بۆ چینی کرێکار تەنیا بانگەوازێک و ھاوپشتی کردن لە مەسەلەیەکی ڕۆژ و تاکتیکێکدا نیە، بەڵکو ئەم بنەمایە پەیوەستە بە مۆدێلەکەوە بۆ کۆمەڵگەی ئایندەی مرۆڤایەتی. کۆمەڵگەیەک کە چیتر ئینسانەکان بەھۆی زمان و ڕەگەز و ناوچەوە دابەش ناکرێن و جیاواز و ھەڵاواردن لەنێوانیاندا پێک نایەت. ھەروەھا ناکرێنە قوربانی کێشەی دەوڵەت و ھێزە بورژوازییەکانی وڵاتانی جۆراوجۆر لە پێناو پاوانکردنی بازاڕو یەکلاکردنەوەی دەسەڵاتدا. ھەرکاتێک کرێکاران بوونە پاشکۆی ئەم پێشبڕکێیەی سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان ئیتر ئەو ھێزە کۆمەڵایەتییە لەدەست دەدەن کە بەھۆی ژمارەی زۆرییانەوە دەتوانن ببنە خاوەنی."تەنیا ھێزێکی کۆمەڵایەتی کرێکار ھەیبێت ژمارەکەیەتی. بەڵام ھێزی ژمارە بەھۆی نایەکگرتووبوونەوە تێکدەشکێت. یەکگرتوونەبوونی کرێکاران بەھۆی پێشبڕکێی ناچاری نێوانیانەوە دروست دەبێت و درێژەی پێدەدرێت."*٧
خەبات و شۆڕشی کرێکاران ئەو وشیارییە دروستدەکات کە ڕێکخراوبوون و سەربەخۆبوون لە بورژوازی دەبێتە ھۆی ڕزگاری چینی کرێکار لەدەست ئەم سیستەمەی سەرمایەداری کە کرێکار نەک ھەر لەمەیدانی کاردا، بەڵکو لە مەیدانی شەڕە نەبڕاوەکانی ئەم خانەوادە دەسەڵاتدارانەدا دەکاتە قوربانی بەردەوام. ئەنتەرناسیونالی یەکەمی کرێکاران لە کاتێکدا بوو کە ھێشتا بورژوازی ولاتانی جۆراوجۆر نەگەیشتبوونە ئەو قۆناغەی کە پێشبڕکێ لە ئاستی جیھانیدا بە شێوەی شەڕی جیھانی ببنەپێشەوە و ھێشتا لەسەرەتای شەڕە ناوچەیی و کیشوەرییەکاندا بوون. بەڵام کاتێک دەوڵەتە بورژوازییە نەتەوەییەکان شکڵ دەگرن یان لە پرۆسەی کامڵبوندان، وەک یەکگرتنی ئەڵمانیا و ئیتالیا، لەم قۆناغەدا ناسیونالیزم دەگاتە قۆناغی پێگەیشتوو و دەوڵەتی نەتەوەیی و بازاڕی نەتەوەیی دەبنە ئایدیۆلۆژیا و قاڵبی سیاسی و ئیداری کۆمەڵگە جیاجیاکان. بەتایبەت لەدوای کۆمۆنەی پاریسەوە بورژوازی جیھانی دژی ئەنتەرناسیونالی کرێکاری دەبێتەوە و وەک دوژمنی ژمارە یەکی خۆی سەیری دەکات. ھەربۆیە ڕەنگدانەوەی ئەم فشارە لەنێو ڕیزەکانی بزوتنەوەی کرێکاری ئەڵمانیادا دەست پێدەکات و ئینگلس لەنامەیەکدا بۆ بیبڵ لە مارسی ١٨٧٥دا سەبارەت بە یەکگرتن لەگەڵ لاسالیەکان دەنوسێت؛" بنەمای ئەنتەرناسیونالی بزوتنەوەی کرێکاری، بە کردەوە ، بنەمایەکی ڕەتکراوەیە لە ئیستادا، بنەمایەک کەسانێک ئینکاری لێدەکەن کە، بەدرێژایی ساڵانێک و لە قورسترین دۆخەکاندا، بە جوانترین شیوە پەیڕەوییان دەکرد. ئەوەی ئێستا کرێکارانی ئەڵمانیا لە پێشەنگی بزوتنەوەی کرێکاری ئەوروپادا وەستاون پشتی بەستوە پێش ھەموو شتێکی تر بە ھەڵوێستی ئەنتەرناسیونالیان لەکاتی شەڕدا.(شەڕی نێوان ئەڵمانیا و فەرەنسا). ئەگەر ئێستا پێویست ناکات بەناوی ئەنتەرناسیونالەوە وەک ڕێکخراوێک قسەبکەین. بەڵام نابێ لانی کەم لەو بەرنامەیە (ئیزیناخ Eisenach ساڵی١٨٦٩) پاشەکشە بکرێت و پێویستە لەم بارەوە شتێکی وا بوترێت؛ سەرەڕای ئەوەی حزبی کرێکارانی ئەڵمانیا پێش ھەرشتێک لە سنوری دەولەتێکدا کاردەکات، لەگەڵ ئەوەشدا دەرکی تەواو بە ھاوپشتی لەگەڵ کرێکارانی ھەموو وڵاتان دەکات و ئامادەیە ئەرکەکانی پەیوەست بەم ھاوپشتییە جێبەجێ بکات، ھەروەک تا ئێستا کردوویەتی.ئەم ئەرکانە ھەیە تەنانەت ئەگەر حزب ڕاشینەگەیەنێت کە ئەندامی ئەنتەرناسیونالێکە یان بڵێت من سەربەو ڕێکخراوەم. ئەم ئەرکانە وەک پێشکەشکردنی پشتیوانی و قەدەغەکردنی تێکشکانی مانگرتنەکان، ڕێکخستنی کاروباری پێویست بۆ ئاگاداربوونی لیژنەکانی حزبی کرێکارانی ئەڵمانیا لە دۆخی بزوتنەوەکە لەدەرەوەی وڵات، وە ھاندان دژی ئەو شەڕانەی کە پاشاکان دەیکەن یان دندەی دەدەن، وە پابەندبون بە ھەمان ھەڵوێستگرتن لەکاتی ئەم شەڕانەدا وەک ھەڵوێستی کرێکارانی ئەڵمان لە ١٨٧٠و ١٨٧١دا، کە نمونەی پێشەنگ بوون،ھتد.."*٨
بێگومان ئەم ئاگادارکردنەوەیەی ئینگلس نەیتوانی بەر بەو ڕەوەندە بگرێ کە نەک تەنیا کاریگەری بەسەر بنەمای ئەنتەرناسیونالی بزوتنەوەی کرێکارییەوە ھەبوو، بەڵکو سەرجەم بنەما و بوارەکانی تری خەباتی گرتەوە و گۆڕانکاری گەورەی بەسەر بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا ھێنا. بورژوازی لەدوای کۆمۆنەی پاریس وانەی لەو شکست و مەترسیە وەرگرت کە شۆڕشی کرێکاری بۆسەر سەرجەم سیستمی سەرمایەداری ھەیە و ھەربۆیە بەگرتنەبەری سیاسەتی لیبراڵی و ھەندێ سازش توانی بزوتنەوەی کرێکاری لەقاڵبی دەزگا فەرمییەکانی بورژوازی وەک پەرلەمان و سیستەمی سیاسی خۆیدا جێگابکاتەوە و ئەمەش لەپاڵ تازەبوونی بزوتنەوە و حزبە سیاسیەکانی کرێکاراندا کاریگەری سلبی خۆی دانا و جێگای بۆ سەرھەڵدان و گەشەی"ئۆپۆرتۆنیزم" و "ریفۆرمیزم" لە بزوتنەوەی کرێکاریدا کردەوە. ئێمە دواتر دەچینە سەر کاریگەری ئەم ڕەوەندانە لەسەر بنەماکانی تری بزوتنەوەی کرێکاری و چۆنییەتی گۆڕانی ئەم بزوتنەوەیە بە شێوەیەکی دیالەکتیکی، واتە لەکاتێکدا کە گەشەی سیاسی و ڕیکخراوەیی کرێکاران زیادی کرد لەھەمان کاتدا ئاسۆی گۆڕانی شۆڕشگێڕانە وڕادیکاڵی سیستمی سەرمایەداری جێگای خۆیدا بە دەستکەوتە کاتی و مانەوە لە بازنەی ریفۆرمدا. ئەم ڕەوەندە ئۆپۆرتۆنیستی و ریفۆرمیستیە لە کاتی توندبوونەوەی پێشبڕکێی جیھانی و ئەزمەی شەڕی جیھانی یەکەمدا بووە مایەی سەرھەڵدانی پاتریۆتیزم و نیشتمانگەرایی لەنێو ڕیزەکانی سۆشیال دیموکراتی جیھانیدا کە ئەوکات لە ئەنتەرناسیونالی سۆشیالیستدا ڕێکخراوبوو.
ھەرچەند پێش دەستپێکردنی شەڕ ئەنتەرناسیونالی دووەم " ئەنتەرناسیونالی سۆشیالیست" بەپێی ھەمان ڕاسپاردەکانی سەرەوەی ئینگلس ھەلوێستی لەسەر شەڕ نیشاندا و لە کۆنگرەی باسل لە ١٩١٢ڕایگەیاند"ھەموو ھەوڵێک دەدا تا بەر بە ھەڵگیرسانی شەڕ بگرێت" و "ئەگەر شەڕ دەستیپێکرد ئەرکییەتی کاربکات بۆ ڕاوەستانی دەستبەجێ و ھەموو تواناکانیان دەخەنەکار کە ئەزمەی سیاسی و ئابوری کە جەنگ دروستیکردووە بەکاربێنن بۆ ھاندانی خەڵک و خێراترکردنی ڕووخانی دەسەڵاتی چینایەتی سەرمایەداران."*٩
بەڵام لە ٣ی ئابی ١٩١٤دا زۆربەی ئەندام پەرلەمانەکانی حزبی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیا (٩٦بەرامبەر بە ١٤) دەنگیان بە پشتیوانی شەڕی جیھانی یەکەم دا. ئەمە لە کاتێکدا کە ئەم حزبە لە پەرلەماندا٣٥% ی کورسییەکانی بەدەستھێنابوو لە ١٩١٢دا. ئەم سیاسەتە وەک ڕۆزا لۆکسبۆرگ دەڵێت"سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانی کردە قەڵغانی پاراستنی ئیمپریالیزم لەم شەڕەدا"*١٠
ئەمە ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەیە کە سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانی لە بنەمای ئەنتەرناسیونالیستی کۆمەڵەی ئەنتەرناسیونالی کرێکاران دا کردی و وەدژ بەو ئاگادارکردنەوەیەی ئەنگلس بوون کە باسی لە پێویستی "پابەندبوونی سۆشیال دیموکراتی دەکرد بە ھەمان ھەڵوێستگرتن لەکاتی ئەم شەڕانەدا وەک ھەڵوێستی کرێکارانی ئەڵمان لە ١٨٧٠و ١٨٧١دا، کە نمونەی پێشەنگ بوون".
دوای ئەوانیش سۆشیال دیموکراتی فەرەنسی و حزبی کرێکارانی بەریتانیا ھەمان ئاوازی ناسیونالیستیان خوێند و کرێکارانیان لە بەرەی شەڕدا دژ بەیەکتر ڕاگرت و بەم شێوەیە بەرھەمی نیوسەدە خەباتی چینایەتی بەلاڕێدا برا و "ئەو ڕاھێنانەی مارکس و ئەنگلس و لاسال و لیکنخت و بێبڵ بە پرۆلیتاریایان کرد تا ژەنراڵەکانی سوپا وەک ھایندینبێرگ پێشڕەویان بکات"*١١. بەم شێوەیە ئەنتەرناسیونالی دووەم ھەرەسی پێ ھێنرا وئەم ڕیزە ئەنتەرناسیونالیستیەی کرێکاران کە نیوسەدە بوو لەگەشەکردندا بوو شەق کرا.
لەبەرامبەر بەم شەپۆلەی ناسیونالیزم لە بزوتنەوەی کرێکاری جیھانی و ئەنتەرناسیونالی دوەمدا، حزبی سۆشیال دیموکراتی ڕوسیە*١٢ و گروپی سپارتاکیستەکانی ئەڵمانیا و چەندین گروپی تری سۆشیال دیموکراتی لە وڵاتە جیاجیاکانەوە درێژەیان دا بەھەمان ھەڵوێستی ئەنتەرناسیونالی و دژ بە شەڕی ئیمپریالیستی وەستان و بانگەوازی کرێکارانیان بۆ شۆڕش و وەرگێڕانی لولەی چەکەکانیان کرد بەرەوڕوی بورژوازی وڵاتی خۆیان. لەدوای شۆڕشەکانی ئۆکتۆبەری ڕوسیا لە ساڵی ١٩١٧ و شۆڕشی ئەڵمانیا لە نۆڤەمبەری ١٩١٨ ئەنترناسیونالی کۆمۆنیستی *١٣لە مارسی ١٩١٩دروستکرا.
ئەم ئەزموونە چیمان فێردەکات؟
ئەم ڕوداوەی شەڕی جیھانی یەکەم لە شکستی کۆمۆنەی پاریس کاریگەری زیاتربووە لەسەر بزوتنەوەی کرێکاری و ئایندەکەی. بۆ لێکدانەوەی ئەم دەورەیە ھەر ئەوەندە بەس نیە کە ئەمە وەک مێژوو و ڕابردوویەک سەیربکەین کە پەیوەندی بەم ڕۆژگارەوە نیە و تەنیا بەوتنەوەی ئەوەی "ڕابەرانی کرێکاری ئەنتەرناسیونالی دووەم خیانەتیان کرد و ھەڵگەڕانەوە لە سۆشیالیزم" ئەمە شتێکمان فێرناکات. ئێمە دەبێت لە کاریگەری ناسیونالیزم لەسەر بزوتنەوەی کرێکاری تێبگەین کە چ فاکتەرێک وایکردووە کە بتوانێت خەباتی نیوسەدەی کرێکاران بەھەدەر بدات و بورژوازی بتوانێت ڕۆحییەت و توانای شۆڕشگێڕانەی کرێکاران تێکبشکێنێت؟
چینی کرێکار لە ئەوروپادا وێڕای گەشەی سیاسی و ڕێکخراوەیی بەرچاوی لەو دەورەیەدا، بەڵام ھێشتا لە ئاستی ئەزموون و توانایی سیاسی و ڕێکخراوەیی بورژوازیدا نەبووە. لیبڕالیزمی بورژوازی توانیویەتی کە کاریگەری خۆی لەسەر ئاستی چاوەڕوانی و بەرنامەی سۆشیال دیموکراتی و بزوتنەوەی کرێکاری دابنێت و لە چوارچێوەی ریفۆرمی سیاسی و ئابوری سەرمایەداریدا قەتیسی بکات و ئەم بزوتنەوەیە بکات بە بەشێک لەو دامودەزگا فەرمییانەی ڕێگاپێدراون. ئەم پرۆسەیە لەگەڵ پرۆسەی مەرکەزی بوونەوەی دەسەڵات و بازاڕی ناوخۆیی و ھاوکات پێشبڕکێی سەرمایەی مۆنۆپۆڵی و ئیمپریالیستی چووەتە پێش و زەمینەی دروستکردنی توێژی" ئەرستۆکراتی" کرێکاری و گۆڕانی فۆرمی کاری سەندیکا کرێکارییەکان بە دەزگایەکی بیرۆکراتی، ئەمانە ھەموویان فاکتەربوون لەوەی ناسیونالیزم بتوانێت بزوتنەوەی کرێکاری کۆمۆنیستی بگۆڕێت بۆ بزوتنەوەیەکی "پارێزگاری لە نیشتمانی باوک" و دروشمی "بەرگری لە نیشتمان" بخاتە جێگای خەباتی چینایەتی دژی بورژوازی. لەم دەورەیەی شەڕدا بزوتنەوەی کرێکاری لەسایەی سۆشیال – ناسیونالیزمیدا مانگرتنەکانی ھەڵپەسارد و بزوتنەوەی ژنانی کرێکاری کردە یارمەتیدەری خێزانی بۆ بەرەکانی جەنگ و بێ دەنگی لە ئاست سانسۆری دەوڵەتی و دیکتاتۆریەتی دەوڵەت و کاری ڕۆژنامەگەریی بووە ھاندان بۆ بەشداری شەڕ و ھتد..بەم شێوەیە بورژوازی لەڕێگەی شەڕەوە توانی بزوتنەوەی کرێکاری و ئەو ڕەوەندە شۆڕشگێڕانەی لە نیوسەدەی پێش شەڕی جیھانی یەکەمدا ترسی بۆ دروستکردبوو پاشەکشە پێ بکا.لەمانەش کاریگەرتر ئەو بنەما ئەنتەرناسیونالیستیەی لە نێوکرێکاراندا ڕیشەی داکوتابوو لە ئەنجامی شۆڕشەکانی سەدەی نۆزدە توانی بگۆڕێت بە ناسیونالیزم و نیشتمان پەرستی و دوبەرەکی نەتەوایەتی. تێکشکانی ئەم بنەما ئەنتەرنسایونالیەی خەباتی چینایەتی و ئایدیای دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی جیھانی و سەروونەتەوەیی کاڵ کردەوە و حزبە کرێکاری و کۆمۆنیستیەکانی کردە حزبی لۆکال و نیشتمانی و بیرۆکراتی. ئەم دابەشکردنەی ھەرەسی ئەنتەرناسیونالی دووەم دروستیکرد بە ئەنتەرناسیونالی سێھەم نەسڕایەوە لەبەرئەوەی ڕەوتی ناسیونالیستی و ڕیفۆرمیستی لە بزوتنەوەی کرێکاری جیھانیدا لەدوای شەڕی یەکەمی جیھانیشدا کاریگەری خۆی ھەبوو و وەشەڕ تەنیا وەک تاکتیکێک و خاڵێکی جیابوونەوە و دووکەرت بوونی ئەنتەرناسیونال بوو نەک ھەموو سیاسەت و خاڵەکانی ناکۆکی نێو بزوتنەوەی کرێکاری. ئەنتەرناسیونالی کۆمۆنیستیش بنەمای دژایەتی ئەم ڕەوتە ریفۆرمیستیەی نێو بزوتنەوەی کرێکاری بووە بەشێک لە ناسنامەکەی و ئەمەش لەسەر ئایندەی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی لە جیھاندا کاریگەری زیانباری دانا لە کاتێکدا کە خودی کۆمێنترن(ئەنتەرناسیونالی سێھەم)یش بووە قوتبێکی تری ناسیونالیستی و ریفۆرمیستی لەسایەی بەرنامە و مۆدیلی سەرمایەداری دەوڵەتیدا.ئایا چ خاڵێکی ھاوبەش لە نێوان ھەردوو مۆدێلەکەدا، سۆشیال دیموکراتی و کۆمۆنیزمی ڕوسی ھەیە؟ ئایا دابەشکردنە جۆراوجۆرەکانی مارکسیزم، لینینزم، ترۆتسکیزم و ھتد.. میراتی چ جۆرێک لە حزب و بزوتنەوەکانە و چ ڕێگرییەکی لەبەردەم بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی جیھانیداھەیە؟ ئایا زەمینەکانی دنیای گلۆباڵی سەرمایەداری ئەمڕۆ چ ئاسۆیەکی لەبەردەم ھاتنەوە مەیدانی ئەنتەرناسیونالی کرێکاریدا ھەیە؟ ئایا زەمینەکانی شۆڕشی جیھانی و شۆڕشی بەردەوام لە دنیای ئەمڕۆدا لە ھەموو کات لەبارتر نیە؟ ئایا بۆسەرکەوتنی شۆڕشی کۆمۆنیستی لەھەر وڵاتێک و بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسانی جیھانی ئەنتەرناسیونالیزم چ جێگا و ڕێگایەکی ھەیە؟ ئەو بۆشاییەی ئەم ئەنتەرناسیونالە کرێکارییە چۆن لە وەڵامدانەوە بە سیستەمی جیھانی و "نەزمی نوێی ئەمریکا" و کێشەکانی یەکێتی ئەوروپا و برێکزت و پێشبڕکێی نێوان ئەمریکا و چین و ڕوسیاوە دەردەکەوێت؟ یاخود زەمینەی ڕادیکاڵ بوونەوە و فراوانبوونی ناڕەزایەتی چینایەتی ئایا جارێکی تر لەژێر سایەی سۆشیال دیموکراتی نوێ لە ئەمریکا و بەریتانیاوە پۆپۆلیزم لە ئیسپانیا و ئیتالیا و یۆناندا یاخود بزوتنەوە خۆبەخۆییەکانی فەرەنسا و تونس و جەزائیر و ئێران ، پێویستیان بە چ ڕیزبەندیەکی ئەنتەرناسیونالی ھەیە؟ چۆن ئەم بنەمایە لە بەرنامە و سیاسەت و ڕیکخستنی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا بەشێکی جیانەکراوەیە لەو ئایدیا و مۆدێلەی دەوڵەتی کرێکاری و شۆڕشی کۆمۆنیستی؟
ھەربۆیە بۆ لێکدانەوەی ئەم ئاڵوگۆڕانەی بەسەر بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا ھات پێویست دەکات بچینە سەر مەیدانەکانی تری حزب ودەوڵەت و کێشەکانی تری خەباتی چینایەتی و بەراوردکاری و لێکۆڵینەوەکانمان لەسەر گۆڕانی بنەماکانی تری ئەنتەرناسیونالی یەکەمی کرێکاران درێژە پێبدەین تا ھەموو چوارچێوەی تابلۆکە ببینین. دواتر دێینەوە سەر ئەوەی بنەمای ئەنتەرناسیونالیزم لەمڕۆدا چ جێگایەکی لە بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستداھەیە؟ لێرەدا بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەگەڕێین کە؛ ئایا سازدانەوەی حزب و دەوڵەت لەسەر بنەماکانی ئەنتەرناسیونالی یەکەم دەتوانێت وەڵامدەرەوەی ئەو کێشانە بێت کە بەھۆی گۆڕانی ئەم بنەمایانەوە ھاتوونەتە ئارا؟
23/3/2019