هوشیار مەحموودی
بەشی یەکەم: بەراوردکردنی ڤێنێزوێلا بە کۆماری ئیسلامی پێشێل کردنی نەریتی میدیایی و ئاکاری سیاسییە
»ههموو ڕۆژێ ئهو خهریكی ئهوه بوو
پهیڤ بگۆڕێ به ههنگاو
ههنگاو بكات به ئهزموونو
ئهزموون بكات بهو پهنجانهی
له نووسیندا ئهبن به چاو
ههموو ڕۆژێ ئهو خهریكی ئهوه بوو
زهنگهكانی جهسته وریابكاتهوه
خۆشهویستی ههموو قهڵهمه پاكهكان بوو
“چونكه درۆكانی نیشان ئهدان”
درۆی منارهكان
درۆی عهمامهكان
درۆی جبهكان [شێڕکۆ بێکەس] «
لەو کاتەوە کەوا ڤێنێزوێلا تووشی قەیرانی سیاسی بووە، راگەیاندنە کوردییەکان و بە تایبەت ئێرانییەکان وەک دیکتاتۆری و دۆستی نزیکی ئێران لەقەڵەمی دەدەن. ئەو جۆرە پڕوپاگاندانە لە سێ هۆکارەوە دێت.
١- پێوەندی ئیران لەگەڵ ڤێنێزوێلا و سەرمایەگوزاریی بەرفراوانی کۆماری ئیسلامی لەو ولاتە وای کردوە کە رەوتێکی رووکەشگەرا (راستگەرا) دژی هەموو شتێکی ئەو وڵاتە بدوێن.
٢- نەفرەت لە رژیمی کۆماری ئیسلامی وای کردوە چاوپۆشی لە راستییەکانی پێوەندییە نێونەتەوەیی و دیپلۆماسییەکان بکرێ و پێوەندی دیپلۆماتیکی وڵاتان پشتگوێ بخرێ.
٣- پێوەندی لەگەڵ ئامریکا و خۆرئاوا وایکردوە کە هەر وڵاتێک ئامریکا دژی بێت راگەیاندنە کوردییەکانیش دژی بدوێن.
ئەم رووکەشگەراییەی راستگەراکان لە چەندین رووەوە هەڵەیە:
پێش هەموو شتێک بەراورد کردنی رژیمی تێرۆریستی ئێران بە ڤێنێزوێلا لەگەڵ نەریتی (ethic) رۆژنامەوانی نایەتەوە. نەک هەڵەوێژی و پێدانی زانیاری سەراوبنە بە خەڵک و بەمجۆرە چاندن و پژاندنی بێ-ئاکارییە (immorality) لەناو بەرەی دیمۆکراسیخوازی کورد بەڵکوو لە هەناوی خۆیشیدا بەرنامەیەکی سیاسی حەشار داوە کە بە زیانی جەماوەری هەژاری کوردستانە. دواتر دێمە سەر ئەم بابەتە.
یەکەم: گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا دژی کۆماری ئیسلامی رەوایە چونکوو دەستی لە سەدان تیرۆر و گێرەشێوێنی لە ناوچەکە و جیهاندا هەیە. ئایا ڤێنێزوێلا هەوڵی کام تیرۆر و پشێوە نانەوەی لە کام وڵاتی جیهاندا داوە؟ گەر وڵامێک نیە بۆ ئەمە کەوابوو تاوانی ئەو وڵاتە چییە بۆ گەمارۆکان؟
دووهەم: نەفرەت لە رژیمی دیکتاتۆری ئێران شتێکە و نەفرەت پژاندن دژی هەر وڵاتێک پێوەندی "دیپلۆماتیک"ی لەگەڵ هەبێ شتێکی دیکە. ئایا دەکرێ پێوەندی کورد و عەرەبستان، چەپەکانی ڤێنێزوێلا بگەیەنێتە ئەو دەرەنجامگیرییە کە کوردیش بۆ هەمان ئەو بەها و سیاسەتانە هەوڵ دەدا کە عەرەبستان، تورکیە و قەتەر و هتد؟ ئایا یەک بەها بۆ هەردووکلا بوونی هەیە؟ ئایا کوردی رۆژهەڵات سیستەمی پاشایەتی دەوێ؟ و هتد. بێگۆمان نا. هەم بزووتنەوەی دیمۆکراسیخوازی کورد و هەم ڤێنێزوێلا بەهای تایبەت بە خۆیان هەیە بەڵام رەنگە هەردووکلا پێوەندی دیپلۆماتیکی چەند لایەنەیان هەبێ. ناکرێ هەر پێوندێیەکی دیپلۆماتیک وەک رەنگۆڕینی ئایدیۆلۆژیک بزانرێ چونکوو گەر وابێ پێوەندیی لەگەڵ هەر وڵاتێک دەبێتە هۆی گۆڕینی بەهاکان!! جیالەوە، ئەگەر ڤێنێزوێلا و کۆمەڵگەی ئابووری مێرکۆسوور و بریکس (کە ئێستاکە و لە دەیەی داهاتووشدا بزوێنەری و ورووژێنەری ئابووری نوشستکردووی جهانی پیشەسازیشە و پێوەندی لەگەڵیان زەرووریی بۆ گەشەی ئابووری وڵاتانی روولەگەشە) کورد بەو شێوە وێنا بکات کە کورد ئەوان وێنا دەکات ئینجا ئەم خراپ تێگەییشتنە دەبێتە رێگر لە پێوەندی دوولایەنە و بەمجۆرە گەشەی کوردستاندا.
سێهەم: پێوەندی دیپلۆماتیکی بەرەی دیمۆکراسیخوازی کوردی رۆژهەڵات لەگەڵ ئامریکا و خۆرئاوا چۆنە؟ ئەم پێوەندییە هاوتەریبییەکی مێژووییە. بەڵام هەرکام بەهای خۆی و مێژووی خۆی و بزووتنەوەی خۆی هەیە و مەیلی ئابووری و کۆمەڵایەتی و دینامیزی جیای هەیە. بەم پێیە ئەو هاوتەریبییە هاوتەریبی دوو رەقیبە. لە چیدا هاوتەریب؟ لەوەدا کە هەردووکلا دەیهەوێ کۆماری ئیسلامی لاواز بکا، ئینجا بیگۆڕێ. لە چیدا رەقیب؟ بەرەی دیمۆکراسیخوازی کورد دەیهەوێ ئەو رژیمە بیڕوخێ بەڵام خۆرئاوا و ئامریکا دەیانهەوێ بیگۆڕن و رکێفی بکەن. رەنگە دواجار حەز بە رووخانیشی بکەن (بەڵام ئەوە پەیوەستە بە کۆمەڵێک فاکتۆری دینامیک و گۆڕاوی دوولایەنەی تاران/واشنگتۆنەوە؛ ئەو فاکتۆرانەی کەوا لە هەناوی نیولیبراڵیزمی جیهانەوە وەک پرەنسیپ دەسەپێن). هەربۆیە سیناریۆی جیاوازیان هەیە بۆ پرۆسەی گۆڕان لە ئێران.
باشترین سیناریۆ بۆ ئامریکا و خۆرئاوا: ١- هێشتنەوەی باڵی سێئۆکراسی تیکنۆکرات (ئیسلامی سیاسی مامناوەند کەوا لە سێ دەیەی پێشوودا بە لێشاو لاوانی خۆیان ناردە هەندەران و زانستەکانی سیاسی/ئابووری/کۆمەڵایەتی/فەرهەنگیی و یاسایی [بۆرژوایییان] لە وڵاتانی خۆرئاوا خوێند بۆ جێبەجێکردنی پلانی وڵاتانی خۆرئاوا باشترین بەدیلن). ئەمە دەتوانێ کۆدەتاچییەکان، شیعە نەتەوەییەکان، ئیسڵاحخوازانی حکوومی، و سوپاش بگرێتەوە. ٢- ئەگەر شەپۆلی ناڕەزایی خەڵک بەم سیناریۆیە رکێف نەکرا ئینجا رێگە بۆ رەوتی رادیکاڵتری مووسەوی/کەڕووبی/بەرەی دیمۆکراسیخواز/ئیسڵاحخوازی ناوخۆ دەکرێتەوە کە هەمان رێگە دەپێون و لەو هێزە ئایینیە تێکنۆکراتە و بەشێک لە شەپۆلی ناڕەزایی نوێ بەرخۆری دەکەن. ٣- بەرەی سەڵتەنەت تەڵەب/مۆجاهیدین و تێکەڵ لەگەڵ بەرەی فرەرەهەندی دیمۆکراسی هەناردەیی وەک فەرەشگەرد و ریستارت وهتد (لیبراڵ دیمۆکراسی کە بە رووخێنەران ناسراون). هیچکام لەمانە بە دڵخوازی بەرەی دیمۆکراسیخوازی کورد نیە بەڵام لەمانەدا هەیە کە لەوانی دیکە خراپتر نیە (لە خراپترینەوە بۆ خراپ). بەڵام بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی خۆرئاوا و ئامریکا بەتایبەت لەگەڵ هەموو ئەم سیناریۆیانە دێتەوە و لە ڕاستیدا توانای مامەڵەیان لەگەڵ هەموو ئەمانەیان هەیە؛ توانای چەماندنەوەی هەرکام لەم پێکهاتانەیان هەیە بۆ لای سێناریۆکانی خۆیان.
جیا لەمانەی باسکرا، جۆرێکیتری لێکترازان لە نێوان بەرژەوەندی بەرەی دیمۆکراسیخوازی کوردی رۆژهەڵات و (کورد بە گشتی) و بەرەی نیۆلیبراڵ وڵاتانی خۆرئاوا هەیە سەبارەت بە سیستمی حکومڕانی و مۆدێلی گەشەی ئابووری دوای رژیمی ئێڕانە. ئەم کەلێنە پێوەرێکی پڕەنسیپاڵە بۆ ئەوان بەشێوەیەکی وا کە لەو روانگەوە پێوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ هەم رژیمی کۆماری ئیسلامی و هەم کورد رێکدەخەن و هەرکام لەم دوولایەنە لەگەڵی بگونجێن بەرەی وڵاتانی خۆرئاوا فەزلی ئەدەن بەسەر ئەویتردا. هەڵبەت ئەمە باسێکی تێروتەسەلە و لێرە و لەم وتارەدا ناگونجێ بەڵام بەرەو پرسیارێکی دیکەمان رادەكێشێ.
پرسیار ئەوەیە ئایا بەرەی دیمۆکراسیخوازی کورد لەگەڵ چ سناریۆیەک زیاتر دەگونجێ؟ لە بەشی دووهەمدا دەگەڕێنەوە سەری بەڵام با سەرەتا سەرنج بدەینە سەردێڕی چەند پۆلیمیک :
١- هەڵەیەکی کوشندەیە بەراوردکردنی ئێران و ڤێنێزۆێلا (هەڵەی ئەخلاقی/ هەڵەی ئێتیک/ هەڵەی فەلسەفی و سیاسیی باس ناکەم). کۆماری ئیسلامی رێک پێچەوانەی ئەوان جووڵاوەتەوە گەرچی ئەحمەدینژاد زۆر دوو ڕوویانە خۆی لە چاڤێز و دواتر مادۆرۆ نزیک کردەوە.
٢- باسی ئەو دەسکەوتانەی کە رەوتی چەپ لەو وڵاتە وەدەستی هێناوە لە دوو ڕووە گرینگە بۆ رەوتی کوردی چەپ؛ سیاسی و ئابووری؛ لە رووی سیاسییەوە ئەوان کراوەترین مۆدێلی حوکمڕانییان بۆنیاد ناوە.
لە رووری ئابوورییەوە سیستەمێکی گەشەیان بونیات نا کە وەک راپۆرتەکانی UN باسی دەکەن دادپەرەوەی کۆمەڵایەتی (لانیکەم تا ٢٠١٣ و ٢٠١٦) پەرە پێدا لە دوایین ئەڵقەی ئەم وتارەدا وردتر باسی دەکەین. بزووتنەوەی دیمۆکراسیخوازی کورد ئەگەر دادپەروەری کۆمەڵایەتی لێ دەر بکەی هیچی نامێنێتەوە جیالەو ئەزموونەی کوردستانی باشوور کە وەها لە گەندەڵیدا چەقیون تازە بۆیان ساغ نابێتەوە.
٣- وڵات نیە لە تیرۆریزم و ئاژاوەگێڕی کۆماری ئیسلامی نەترسێ بەڵام ڤێنێزۆێلا لە هیچ وڵاتێکدا دەستی نەبووە نەک هەر بۆ تیرۆر بەڵکوو بۆ ئاژاوە و پشێوە نانەوە. ئەو وڵاتە زیاتر سەرقاڵی گەشەی خۆی بووە لەڕێی مۆدێلی بۆلیڤاری ئامریکای لاتین و بە هاوکاری یەکتر. راپۆرتەکانی UN بە ئاشکرا دەڵێن دەستی دەرەکی لە قەتیس کردنی رەوتی گەشەی ڤێنێزۆێلادا کاریگەری سەرەکییان بووە.
٤- ئەگەر وڵاتانی خۆرئاوا دژی تیرۆریزمی ئێران ئابڵۆقەیان بەکار هێناوە(دەستیان خۆش بێ) ئیخلاقەن دەبێ بپرسین ئەی بۆچی ئابڵۆقەیان خستۆتە سەر ڤێنێزۆێلا؟ وڵامەکەی لە وتاری دووهەمدا هاتووە.
٥- ئەو جۆرە پێشێل کردنی ئەخلاقی سیاسی و نەریتی میدیایی (کە میدیا کوردییەکان دەیکەن) سیگناڵە و برووسکەیە بۆ مۆدێلێکی گەشەی ئابووری (Economic Development) بۆ کوردستانی رۆژهەڵات کە زیاتر پێی دەوترێ خنکانی گەشەی ئابووری کەوا رەگی لە ئابووریی سیاسی گەشەنەکردووییدایە (Political Economy of Underdevelopment) و ئاوارەیی و کۆچ و مالوێرانی و داماڵینی خاوەندارێتی لە سەدان هەزار کرێکار و جووتیار و وەرزێری لەگەڵ دەبێ و هەزاران هەزاریتر بە ریزی کرێکارانی کۆڵبەر زیاد دەکا.
٦- هەر لێرەوە ئاشکرا دەبێ کە یەکێ لە پێودانگ و پێوەرەکان بۆ هەڵسەنگاندنی حیزب و لایەن و میدیاکانی کورد، مۆدێلی گەشەی ئابوورییانە کە رادەست نەکراوە بەڵام لە هەڵوێستیان لەسەر مۆدێلەکانیترەوە بۆمان ئاشکرا دەبێ. ئەگەر لێرەوە دژی پلانی وڵاتێکی وەک ڤێنێزوێلا قسە دەکەن ئیتر دیارە چ پلانێکیان لەسەردایە بۆ کوردستانی خۆرهەڵات. لەمڕووەوە دەبێ ئەو مەیلە نەگریسە ریسوا بکرێ و لەقاو بدرێ؛ رەخنەیەک پشت بە داتا ببەستێ کە بەشی دووهەمی ئەم وتارە پەرژاوەتە سەری.
١٤/٣/٢٠١٩