عادل قادری
له رووی ماناناسی زاراوه‌وه، تا هه‌نووكه پێناسه‌یه‌كی گشتی و كۆك بۆ مێژوو(History) بوونی نییه، به‌ڵام به‌گشتی مێژوو به زانستێك ده‌زانرێت كه باسی مرۆڤ ده‌كات له‌ناو شوێن-كاتدا. ئه‌م پێناسه‌یه له مێژوو به‌رده‌وام دوو لایه‌نی تێدا ئاماده بووه، یه‌كێك مێژوو وه‌ك رووداوه‌كان و ئه‌ویتر مێژوو وه‌ك گێڕانه‌وه و گوزارشتی رووداوه‌كان. بۆیه وشه‌ی مێژوو هه‌م بۆ زنجیره‌یه‌كی پێكه‌وه گرێدراوی رووداوه‌كان له رابردووه دووره‌كانه‌وه تا ئێسته به‌كار دێت، هه‌م بۆ ئه‌ندێشه و شیكاری و راڤه‌ی ئه‌م مێژوونووسانه‌ی رووداوه‌كانیان بۆ داهاتوو تۆمار كردووه، هه‌ندێك له توێژه‌ران بۆ پێشاندانی ئه‌م دووپاڵی و دوو لایهنییهی واتای مێژوو، له زاراوه‌ی مێژوو 1 و مێژوو 2 كه‌ڵكیان وه‌رگرتووه.1
وا دێته پێشچاو كه مێژوو هاوكات هه‌ڵگری دوو رووبه‌ری بوونناسانه(ontologicall) و مه‌عریفه‌تناسانه(epistemologicall) یه. رووبه‌ری یه‌كه‌م سه‌ربه‌خۆیه له زه‌ینی مرۆڤ و له دنیای واقیعدا روو ده‌دات، ئه‌م رووبه‌ره به مێژوو (history)ناوبرده ده‌كرێت، به‌ڵام رووبه‌ری دووه‌م به زانستی مێژوو (Science of history) ناوبرده كراوه. راستییه‌كه ئه‌وه‌یه كه مێژوونووس ناتوانێ له دۆخی شوێن-كاتی خۆی بڕواته ده‌ره‌وه و له سه‌رووی دنیا و سه‌رده‌مه‌وه چاو ببڕێته ناو چاوی واقیع. واته زیندانیكراو و گه‌مارۆدراو له‌ناو زه‌مان و شوێن و دنیای دهوروپشتیهتی و كاتێك واقیعی مێژوویی دێته ناو زه‌ینه‌وه و له پاڵاوگه و تونێلی تێڕامان و بیركردنه‌وه و مه‌عریفه‌ی ئه‌و تێده‌په‌ڕێت، زانستی مێژوو شكڵ ده‌گرێت.
زانستی مێژوو واقیعی كۆمه‌ڵگه‌یه پاش ئاماده‌یی له زه‌ینی مێژوونووس و هه‌ڵسه‌نگاندن و راڤه و شرۆڤهیهتی.2
فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو(Philosophy of history): تێگه‌یشتنه له علیت (هۆكارێتیی) و دۆزینه‌وه‌ی هۆكار یان بۆكاری رووداوه‌كان و پێناسه‌یانه له به‌ستێنی بیردۆزی و یاسا مێژووییه‌كانی فه‌لسه‌فه، به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌تیتر فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو له خۆگری قووڵبوونه‌وه‌ی فه‌لسه‌فی له‌باره‌ی سه‌ربورده‌ی رووداوه مێژووییه‌كان و چییه‌تی و میتۆده‌كانی راڤه و شرۆڤه و لێكدانهوهیانه.3
مێژوو وێناندن(historiography): مێژوو وێناندن، زیندووكردنه‌وه‌ی رابردوو و وێناندنه‌وه‌ی زمانیی تێگه‌ی دیرۆكییانهی هه‌ر دیرۆكنووسێكه له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه و دنیایه‌ك كه تێیدا ده‌ژی.
به ده‌ربڕینێكی تر، مێژوو وێناندن پرۆسێس و فهراگهردی مامه‌ڵه و ئاڵووێری مێژووه وه‌ك شتێكی سه‌ربه‌خۆ و دهرهزهینی مێژوونووس، له‌گه‌ڵ ئه‌ندێشه و زه‌ین و مه‌عریفه‌ی مێژوویی ئه‌و. واته كاتێك مێژووی رابردوو وه‌ك واقیعێكی سه‌ربه‌خۆ له زه‌ینی مرۆڤ له‌ڕێی مرۆڤگه‌لێك به تێگه‌یشتن و زه‌ینێكی شوێن-كاتی تایبه‌ت نووسراوه و له‌گه‌ڵ مرۆڤی پاش خۆی (داهاتوو) ده‌كه‌وێته قسه و دواندن، ئه‌وه كرده‌ی مێژوو وێناندن هاتووه‌ته ئاراوه.
له مێژوو وێناندن له‌لایه‌ن و ره‌هه‌ندگه‌لی بوونناسانه، مرۆڤناسانه و چییه‌تی (ماهییه‌ت)ی مێژوو له روانگه‌ی مێژوونووسه‌وه قسه ده‌كرێت. راستییه‌كه‌ی مێژوو وێناندن هه‌وڵ و كۆششێكه بۆ فام و تێگه‌یشتن له ئه‌ندێشه مێژووییه‌كانی مێژوونووس كه له نووسراوه مێژووییه‌كانیدا، به شێوازی روون و به‌رهه‌ست یان لێڵ و نابه‌رهه‌ست هاتوون. له لایه‌كی تریشه‌وه مێژوو وێناندن هه‌ڵگری پێوه‌رگه‌لی عه‌قڵانی و پاساوی ئاوه‌زمه‌ندانه‌یه و له سه‌ودای خستنه‌ڕووی شوناس، باوه‌ڕ و كرداره‌كانی گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، رێكخراوه‌كان، نه‌ته‌وه‌كان و چۆنێتی ئاكار و ره‌فتاریان له رابردوو و هه‌روه‌ها ره‌وتی بزووتن و جووڵه یان داڕمان و نوشستی و هه‌ره‌سیان له پرۆسێس و ئامێزی زه‌ماندایه.
به‌شێوه‌ی كورت، مێژوو وێناندن سه‌ره‌ڕای تۆماری رووداوه‌كان، له‌خۆگری شیكردنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندن، كه‌شفی هۆكرد (علت) و گشتاندنی ئه‌نجامه‌كان، به‌راورد و ئانالۆگی دۆخه‌كان و فامی ده‌ور و كرده و پێگه‌ی تاكه‌كان و گرووپه‌كان له پرۆسێسی مادی و غه‌یری مادی مێژوو به پشتئه‌ستووری بیردۆزه باوه‌كانی زانسته مرۆییه‌كان و زانسته سروشتییه‌كان و فه‌لسه‌فه‌یه.
فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو وێناندن به پله‌ی یه‌كه‌م باسكردنی لۆجیكی، عه‌قڵانی و مه‌عریفه‌ناسانه‌ی نووسراوه‌ی مێژوونووسان و كۆششه بۆ كه‌شف و دۆزینه‌وه‌ی مانا و چه‌مك و ره‌وتی گشتی رووداوه‌كان و هه‌روه‌ها ماهیه‌ت و چییه‌تییان. هه‌رچه‌ند مێژوو وێناندن تا ئاستێك هه‌ڵگری توخمگه‌لێك له مێژوو، زانستی مێژوو و فه‌لسه‌فه‌ی مێژووه له چوارچێوه‌یه‌كی ده‌ستنیشانكراوی شوێن-كاتییانهدا، به‌ڵام ده‌بێت بزانین كه مێژوو وێناندنی هه‌ر سه‌رده‌مێك زانستێكی سه‌ربه‌خۆیه و وه‌ك مه‌عریفه‌یه‌كی مێژووییه له چه‌شنی زانسته‌كانی كه‌لام، فه‌لسه‌فه، فیقهی شه‌رع و ئه‌ندێشه‌ی ئاینی سه‌رده‌م.
ئه‌گه‌رچی مێژوو وێناندنی هه‌نووكه له زانكۆكانی ئه‌وروپادا پێگه‌یه‌كی دیار و پێناسه‌كراوی هه‌یه و وه‌ك زانست مێژوویه‌كی دیاری هه‌یه، رووبه‌رێكی پان و به‌رین له چالاكی و كاركردن له هیرۆدۆته‌وه تا رۆژگاری ئێسته و له باڵگهلی زانستی جیاجیا وه‌ك (مێژوو وێنادنی مێژوویی، مێژووی مێژوو وێناندن و...) بۆ خۆی قایله،4. به‌ڵام به‌م حاڵه‌شه‌وه شتێك له رێژهگهرێتی و درزێك له ده‌ست پێڕانهگهیشتوویی به كات و شوێن و تێگه و فامی له شوێن-كات له‌و رووبه‌ره به‌رینه‌یدا هه‌یه كه ئێمه راپێچی تێڕامان و لێك هه‌ڵپێكرانی روانگه‌ی مێژوونووسه نوێكانی ئه‌مه‌ریكا و بیردۆزی پێكهاته‌شكێنی و پاش پێكهاته‌خوازی و باسه‌كانی دۆلۆز و فۆكۆ و بودریار و دنیای ناكۆتایی وێناندن و دالی به‌تاڵ و وێناندنی ئاوێنه‌یی و ناكۆتا و گه‌یشتن به هه‌رێمی ئه‌ده‌ب و گێڕانه‌وه ده‌كات.
پاش پێكهاته‌خوازی و مێژووخوازیی نوێ، به‌ر له‌وه‌ی هه‌ر جۆره هه‌وڵێك بن بۆ تێگه‌یشتن و ده‌عیه‌ی فامكردنی راستی و واقیعی رووداوه‌كان و مێژوو، هه‌وڵێكن بۆ گه‌ڕان و خولانه‌وه و عه‌وداڵبوون له‌ناو پیت و وا نوێنراوهكان و دژبه‌رایه‌تی فه‌لسه‌فی له‌گه‌ڵ تێڕوانینی تێگه‌یشتنی ته‌واو و راسته‌قینه بۆ رووداو و مێژووه، له:
روانینی پاش پێكهاته خوازهكانهوه دوو واتا بۆ وشه‌ی مێژوو هه‌یه ئهلف (رووداوه‌كانی رابردوو) ده‌ربڕین و گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكییانه له‌باره‌ی رووداوه‌كانی رابردوو. پاش پێكهاته‌خوازی ئه‌م خاڵه روون ده‌كاته‌وه كه مێژوو به‌رده‌وام "دێته گێڕانه‌وه" بۆیه مانای یه‌كه‌می مێژوو په‌سه‌ندكراو نییه، رابردوو هیچ كات ناتوانێ به‌شیوه‌ی ته‌واو له به‌رده‌ستی ئێمه‌دا بێت، ئه‌و شته‌ی ده‌یخاته به‌رده‌ستی ئێمه وا نوێنراو و نوێنراوهكانێتی.
له روانینی ئه‌مانه‌وه سه‌رده‌مه مێژووییه‌كان بوونگهلێكی یه‌كانگیر نین. هیچ مێژوویه‌كی تر جگه له مێژووه پچڕا‌و و دژوازه‌كان، بوونی نییه. هیچ گۆشه‌نیگایه‌كی ئیلیزابێتی5 و چوارچێوه‌دار بوونی نه‌بووه، بیرۆكه‌ی هه‌بوونی كولتوورێكی یه‌كانگیر و هاوئاهه‌نگ و هاوته‌ریب، ئه‌فسانه و خورافه‌یه‌كه كه له‌ڕێی چینی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان به سه‌ر مێژوودا سه‌پێنراوه و پڕوپاگه‌نده‌ی بۆ كراوه.
له‌مه به‌دواوه مێژوونووسان ناتوانن ده‌عیه‌ی ئه‌وه‌یان هه‌بێت كه لێكدانه‌وه‌یان له رابردوو به‌شێوه‌یه‌كی بێلایه‌نانه و به‌رهه‌سته، ئێمه ناتوانین به‌سه‌ر دۆخی مێژوویی و هه‌لومه‌رجی شوێن-كاتی خۆماندا باز بده‌ین، رابردوو شتێك نییه وه‌ك ئامرازێكی مادی و به‌رده‌ست و به‌رهه‌ست له به‌رده‌م ئێمه‌دا ئاماده بێت، به‌ڵكو شتێكه له رێی ته‌فسیر و خوێندنه‌وه‌ی چه‌شنه‌كانی ده‌قه نووسراوه‌كانی پێشوو بۆ هاوتهریبكردن له‌گه‌ڵ تێبینی و تێگه مێژووییه تایبه‌ته‌كانی خۆمان، به‌دی دێنین.
پێوه‌ندی ئه‌ده‌ب و مێژوو ده‌شێت بكه‌وێته به‌رده‌م خوێندنه‌وه و پێداچوونه‌وه‌وه. هیچ "مێژوو"یه‌كی جێگیر و نه‌گۆڕ بوونی نییه كه وه‌ك ناوه‌ندێك چاوی لێ بكه‌ین یان وێنای بكه‌ین و ئه‌ده‌ب بكه‌ین به پاشكۆی. چونكه هه‌موو مێژوو خۆی پاشكۆیه. مێژوو به‌رده‌وام گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكییانه له‌باره‌ی رابردوو بووه، ئه‌ویش به كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌و ده‌قانه‌ی له دێڕ به دێڕی گێڕانهوهكاماندا ده‌یهێنین.6
ئه‌گه‌رچی پاش پێكهاته‌خوازه‌كان و مێژووخوازه نوێیه‌كان به‌شێكی زۆر و چه‌قی كاره‌كانیان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و ئیداره و ئه‌رشیڤ7 و رێكخراوه‌كانی بوو، به‌ڵام ره‌هه‌ند و لایه‌نێكی تر له تێگه‌یشتن و فام بۆ مێژوو، له رۆچنه‌ی ئه‌ده‌به‌وه زه‌ق كرده‌وه و ئه‌و سنووره ره‌ق و ته‌قه رواڵه‌تییه زانستییه‌ی له نێوان مێژوو و ئه‌ده‌ب و باقی فۆرم و فیگۆره‌كانی پیتداڕێژی و وته ته‌وه‌ری بوو، رووخاندیان و هاوكێشه‌یه‌كی نوێیان بۆ فامی پێوه‌ندی نێوان ده‌سه‌ڵات و مێژوو و ئه‌ده‌ب و باقی فیگۆر و فۆرمه‌كانی قسه و داڕشتن هێنایه ئاراوه.
1- گۆڤاری زرێبار، ژماره‌ی 81 و 82، "مقدمهی به تاریخ نگاری كوردی" نووسینی د. ئیسماعیل شهمس
2- سه‌رچاوه‌ی پێشوو
3 و 4- هه‌مان سه‌رچاوه وتاری، "مقدمه‌ای به تاریخ نگاری كوردی" نووسینی د. ئیسماعیل شهمس
5- وێنه‌ی ئیلیزابێتی دنیا (The Elizabethan picture) یه‌كه‌مجار له‌لایه‌ن تیلیاردهوه و بۆ گێڕانه‌وه‌یه‌كی مێژوویی تایبه‌ت له كولتووری سه‌رده‌می شكسپیر به‌كار برا، مه‌به‌ست سیسته‌مێك له ته‌كووزی و كۆسمۆس و رێكوپێكی و یه‌كانگیرییه. رامان سلدن، پیت ویدسون، راهنمای نڤریه ادبی معاصر، ترجمه عباس مخبر، نڤریههای پساساختارگرا، تاریخ گرایی جدید.
6- رامان سلدن، پیت ویدسون، راهنمای نڤریه ادبی معاصر، ترجمه عباس مخبر، نڤریههای پساساختارگرا، تاریخ گرایی جدید.ص 206 و 207
7- ئه‌رشیڤ بریتییه له جۆره نه‌زم و یاسا و رێسایه‌ك كه به‌ستێنێكی زه‌مانی درێژ و له رێی میكانیزمه‌كانی كۆمه‌ڵگه و ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر تاكی كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌سه‌پێت و فۆرمی چه‌شنێك له ناهۆشیاریی فێركراو یان ناهۆشیاری وه‌رگیراو وه‌رده‌گرێت، بۆ زانیاری زیاتر چاو له كتێبی سرگشتگی نشانه‌ها، بودریار، لیوتار، دلوز، فوكو و بارت.. نمونههایی از نقد پسامدرن، گزینش و ویرایش مانی حقیقی بكه‌ن.
7/3/2019