فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

هوشیار مەحموودی

چەند ساڵ لەوە پێش لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا کە لەسەر پرسی ئایین بوو باسم لەوە کرد کە دەبێ ئایین وەک دیاردەیەکی مادی مێژوویی چاوی لێ بکرێ چونکوو لەم روانگەوە تێدەگەین کە چلۆن بەشێک لە روحانییە شیعەکان دژی سیستی دەسەڵاتی شیعە دەوەستنەوە.

هەر لەوێدا ئاماژەم کرد بە ئایەتۆڵلا برووجردی کە خۆی شیعەیە لە گرتووخانەیە لە بەر هەڵوێستی بەرانبەر باڵێکی دیکەی شیعە.ناوبراو ئێستاش لە بەندیخانەیە.

پشتئەستوور بەو میتۆدۆلۆژییە لە دوو روانگەوە دەبێ ئایین ببیندرێ: ئایینی حکوومەتی و حکوومەتی ئایینی. لەلایەکەوە ئایینی حکوومەتی هێشتا پشتئەستوور بە هەموو ئامڕازە ماددییەکانی خۆی پارە و پلە و ئیمتیازی سیستماتیک دەخاتە خزمەتی ئایینی حکومەتییەوە بۆ رێکخستنی (حکومی یان مەدەنی) رایەڵەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی/فەرهەنگی، سیاسی/دیپلۆماتیک. لەلایەکیتریشەوە حکوومەتی ئایینی پشتئەستوور بە زەبروزەنگ ئایینی ناحکوومی کە مەیلی سێکۆلاریزمی هەیە، پەڕاوێز دەخات و سەرکوتی دەکات.

ئاکامی ئەم ململانێیە ئەوەیە کە لەلایەکەوە ئایینی حکوومەتی و حکوومەتی ئایینی لەڕووی ئایینییەوە توانای تێرکردنی سکۆلاریزم و ئایینی مەدەنی نیە و پەرە بە نادادپەرەوەری دەدات و لەلایەکیتریشەوە ئەو ملهۆڕییە سیاسی و نادادپەروەرییە دەبێتە پێناسەی ئایینی حکوومەتی کە ئایینی مەدەنی لێ دەپرینگێتەوە و کەلێنی تێدا دروست دەکات و لە ئاکامدا حکومەتی ئایینی وەک سیستەمی کەمینە وێنا دەکرێت. ئەو دوو رەوتە دواجار نەک هەر کەلێنی ئایینی مەدەنی و ئایینی حکوومی زیاتر و زیاتر دەکات بەڵکوو هەڵوەرین لەناو خودی حکوومەتی ئایینیشدا زیاد دەکات و بەرەوە ئایینی ناحکوومی پاڵی تێوە دەنێ و بەمجۆرە بەرەی شۆڕش بەهێز دەبێ.

جێی ئاماژەیە کە سەرنج بدرێ بەو راستییە کە ئایینی حکوومەتی گەرچی توێژی ئیسلامی-شیعە تێیدا باڵادەستە بەڵام قەتیس نامێنێتەوە بەو توێژە؛ واتە ئەو توێژە بەگوێرەی هەلومەرجی مێژوویی بەردەوام هەوڵی گونجاندنی تاقمی ئایینی جۆراوجۆری ئیسلامی شیعە و ناشیعەش ئەدا ئەویش لەڕێی دوو هۆکارەوە: ماددی و ئایدیۆلۆژیک. واتە، لەلایەکەوە ئایینەکانی دیکە کە ملکەچی سیستمی "حکوومەتی ئایینی بە باڵادەستی شیعە" دەبن هاوبەش دەکات لە ئیمتیازاتێکی ماددی و رۆحی. لەلایەکیتریشەوە، پشتئەستوور بە ئایدیۆلۆژی هاوژینی بۆ ئەو هاوبەشییە مادی و سیاسییەی 'ئایینەجۆراجۆرەکان' بانگەشە دەکات و بەمجۆرە بازنەی حکوومەتی ئایینی لە سنووری شیعە واوەتر دەچێت و هاوهەڵوێستی تاقمێکی ئایینەکانیتر بۆلای خۆی رادەکێشێ. ئەمەش واتە حکوومەتی ئایینی، جۆرێک ئایینی حکوومەتی ئایینی دروست کرد کە لە ئایینی رووت "subjective" دەترازێ کە خۆی لەخۆیدا هۆکارە بۆ ریفۆرمی ئایینی شیعە هەم لەناو حکوومەتەوە و هەم لەناو ئایینی ناحکوومییەوە.

چینی روحانییەکانی (ئیسلامی و نائیسلامی) بێگومان دابەش دەبن بەسەر سێ توێژی جیاوازدا. ئەوانەی کە رێی رژیمەوە بوونەتە سەرمایەدار. ئەوانەی کە لەناو 'سیستمی تاقمی «caste»ی' رژیمدان و تانوپۆی ماددی ئەو چینەن؛واتە ئیمتیازاتی ماددیان بۆ بڕاوەتەوە. و دوایین تاقم ئەوانەن کەوا لە بێبەهرەن کە ئیمتیازاتی بەرچاو. ئەو توێژەی کەوا سەرمایەدارن گوتاری ئایینی (نەریت و رێوڕەسمی ئایینی) وەک ئامڕازێک بۆ گەوجاندن بەکار دێنن. ئەو توێژەی کەوا ئیمتیازاتێکیان هەیە پاڵ بە ئیسڵاخوازانەوە دەدەن و هاوکات ناوەناوە قسە لە مافی خەڵکیش دەکەن. ئاشکرایە پێگەی کۆمەڵایەتی ئەو تاقمانەی روحانیەکان کەوا بژێوییان نزیکە لە ژیانی زۆرینەی خەڵک پاڵ بە جەماوەری خەڵکەوە دەدەن و دەبنە زمانحاڵی وان و بەگوێرەی پەرەسەندنی بەرەی شۆڕش ئەوانیش واز لە زمانی ئایینی و گوتاری ئایینی دەهێنن. هەربۆیە گوتاری بەرەی دیمۆکراسیخوازی دەتوانێ کەڵک لەم توێژە وەرگرێ هم وەک هێزی ناوسیستمی و جەماوەری.

چەپیش دەبێ دینامیزمی جووڵەی ئەو توێژە بناسێ و بیخاتە خزمەتی شۆڕشەوە لەجیاتی ئەوەی بە سیاسەتی 'شەلم کوێرم ناپارێزم' هەموویان بخاتە یەک تای تەرازوو. ئەو تێڕوانینە نەک ماتریالیستی نیە بەڵكوو دیالکتیکیش نیە. ماتریالیستی نیە چونکوو ئایین ئیدەئالیزە دەکاتەوە ئەویش لە کاتێکدا کە خودی ئایین ماتریالیزە بۆتەوە و زیاتریش دەبێت. دیالەکتیکی نیە بەڵكوو رووکەشییە چونکوو ناوەرۆکی دینامیک و زیندووی ئەو دیاردە نابینێ و ئایین و ئاییندار لێک جیاناکاتەوە (٢)و (٣) و (٤). ئەوەش خەسار دەگەیەنێ بە بەرەی شۆڕش لە دوو رووەوە: یەکەم، روحانیەکان لە شۆڕش دەتۆقێنێ و رێگر دەبێ لە پاڵدانەوەیان بە خەڵک و بگرە نزیکیان دەکاتەوە لە بەرەی دژەشۆڕش. دووهەم، بەرەی شۆڕش دابەش دەکات و ناکۆکی دەنێتەوە.

لە درێژەی ئەم چەند خاڵەدا ئەو گوڵبژێرەی خوارەوە لە کتێبی "شەڕی جووتیاری لە ئاڵمان"ی فرێدریک ئینگڵسم وەرگێڕاوە بۆ رۆشنایی خستنەسەر هەڵسوێستی مارکس و ئینگڵس سەبارەت بە ئایین. جێی خۆیەتی ئاماژە بەوەش بەوە بکەین کە ئەوان بەگوێرەی قۆناغە مێژووییە جیاوەزییەکان بەرخوردی جیاوازیان کردوە بە ئایین، واتە ئەوان خۆیان بواردوە لە گشتاندنی هەڵوێستەکانیان بۆ هەموو قۆناغێکی مێژوویی و بەرخۆردی کۆنکرێتیان کردوە بە پرسی ئایین.

« روحانییەکان وەک نوێنەری دەرەبەگایەتی سەدەکانی ناوەڕاست روحانیون، وریاتر [لە چینی سوارچاکان] کاریگەری ئەم ئاڵوگۆڕە مێژووییەیان هەست پێ نەکردبوو(١). داهێنانی هۆنەری چاپ و پێداویستییەکانی بازرگانی بەربڵاو نەک هەر هەیمەنەی ئەوانی بەسەر خوندن و نووسیندا بەڵکوو هەروەها بەسەر خوێندنی باڵاشدا سڕییەوە. کاردابەشبوون تەشەنەی کردە بواری خوێندنیش. روحانییەکان وردە وردە بەرەوە ئەوە دەچوون کە ببنە چینێکی ناپێویست و ئەم راستییە بە تەمەڵی وتەوەزەلی زیاتر سەلمێنرا. تا زیاتر ناپێویست دەبوون، بە ژمارە زیادیان دەکرد ئەویش لەسایەی دەوڵەمەندێکی زۆرەوە کە بەردەوام لەڕێی ئاسایی یان چەپەڵەوە زیادیان دەکرد.

روحانییەکان دابەش دەبوون بەسەر دوو توێژی جیاوازدا: بەگزادە پلەبەرزەکانیان تاقمی ئەریستۆکراتی روحانییەکانیان پێکدێنا –قەشە و جێگرقەشە؛ رەبەن و قەشەسالار. ئەم پایەبەرزانەی کڵێسەی باڵا یان بۆ خۆیان میرزادەی پاشا بوون یان حکومڕانیان دەکرد بەسەر مڵکی بەرفراوانی میرزادەکان بە رەعیەت و گۆخڵی فراوانەوە. ئەوان نەک ژێردەستەکانی خۆیان دڵڕەقانەتر لە میرزادە و سوارچاکەکان دەچەوساندەوە بەڵکوو ئەم کارەیان بە بێشەرمانەترین شێوە جێبەجێ دەکرد. ئەوان نەک زەبروزەنگی دڕندانەیان بەکاردێنا بەڵكوو فرتوفێڵی ئایینیشیان بەکار دێنا؛ نەک هەر تروس و تۆقین بە قامچی بەڵکوو تروس و تۆقینی دوورخستنەوە و گوناەنەبەخشین (بە نزا)شیان بەکار دێنا؛ هەموو جۆرە فێڵێکی دانپێدانان-بەگوناه (گوناەبەخشین)یان بەکاردێنا تاکوو دوایین دەرهەم و دروی لە چەوساوەکان بکێشەوە یان بۆ ئەوە داراییەکانی کڵێسە زیاترو زیاتر بکەن. ساختەکردنی بەڵگە یەکێک بوو لەو ئامڕازە دڵڕفێن و بەرفراوانانەی لێکێشانەوەی باج لە پیاوە داراکان کەوا [بۆخۆیشیان] وەک مڵکانە و باج و سەرفیترەی بەگزادەگان پێیان دەگەیشت و سەرباری ئەوەش پێویستیان بە پارەش هەبوو. کارگەی ساختەکردنی بەرهەمی-مۆعجیزەی پیرۆزییەکان و پاشماوەکانی سەییدە[شێخ]کان،و دامەزراوەی تەکیەکان کە دەسەڵاتی گوناەسڕینەوەیان پێبەخشرابوو، مەڵبەندەکانی کەفارەدان هاتووچۆیان بۆ دەکرا بۆ ئەوەی پارەی زیاتر لە خەڵک بکێشنەوە. هەموو ئەمانە جێبەجێ دەکرا بۆ ماوەیەکی زۆر و دەسکەوتی کەمیشیان نەبوو.

قەشەسالار و دەروێشە بێشۆمارە رەبەنەکانیان کە بێوچان و شانبەشانی پەرەسەندنی ئایینی و سیاسی تەشەنەیان دەسەند مایەی نەفرەتی نەک هەر خەڵک بەڵکوو میرومیرزادەکانیش بوون. چونکوو راستەخۆ ژێرسایەی پاشادا بوون، قەشەسالارەکان لەسەڕێی میرومیرزادەکاندا بوون. ژیانەوەی خێرای قەشەسالار و رەبەنەکان وێڕای سوپای دەروێشەکانی بوونە مایەی ئیرەیی-بردنی نەجیبزادەکان و تووڕەیی خەڵک کە بارگرانی ئەوانیان لەسەر شان بوو. نەفرەت بەوە زیادی کرد کەوا هەڵسووکەوتی روحانییەکان شەقێکی بوو لە روومەتی خوتبەدانەکانیان.

توێژی رەشایی (عەوام)ی روحانیەکان پێکهاتبوو لە بانگەوازکارانی شار و دێ. ئەم بانگەوازکارانە لە دەرەوەی خانخانی کڵێسەوە بوون و بەشداری هیچ سامانێکی نەبوون. چالاکییەکانیان کەمتر رکێفکراو بوو و بەو رادەیەی گرینگ بوون بۆ کڵێسە، زۆر کەمتر [گرینگیش] بوون بۆ ئەو چرکەساتانەی کە پۆلیس لە خزمەتی شوورەی دەروێشاندا بوو. هەربۆیەش زۆر کەمتر لە دەروێشەکانی [قەشەسالار] مووچەیان دەگرت و ئەوقافەکانیان رازاوە و بریقەدار نەبوو. چونکوو لە چینی مامناوەند یان رەشایی بوون زیاتر لە ژیانی جەماوەر نزیک بوون و بەمجۆرە توانیان سۆزی چینی مامناوەند و رەشایی بۆلای خۆی راکێشن سەرباری ئەوەی کە روحانیش بوون. لە کاتێکدا بەشداری دەروێشی قەشەکان لە بزووتنەوەکانی سەردەمی خۆیاندا تاک و تەرا بوو، بەشداری روحانییەکانی سەربەچینی رەشایی [وەک] یاسا [هەمشەیی] بوو. ئەم توێژە بیرۆکە و تیۆری دەبەخشی بە بزووتنەوەکە و زۆریان، کە نوێنەری چنی رەشایی و جووتیاران بوون، لە سەر سەکۆی سێدارەکاندا گیانیان بەخت کرد. نەفرەتی جەماوەر دژی روحانیەکان بە دەگمەن بەر ئەم توێژە کەوت.

پاشان چلۆن بوو بۆ میرەکان و نەجیبزادەکان، 'پۆپ'یش وا بوو بۆ پلەی سەرەوە و خوارەوەی روحانیەکان. وەک چۆن پاشا "دراوی گشتی" [واتە] باجی پاشای دەگەییشتێ پۆپیش باجی گشتی کڵێسەی دەگەییشتێ و هەر لەوەش تێچووی رازاندنەوەکانی کڵێسەی ڕۆمای دەدا. لە هیچ وڵاتێک باجەکان وەک ئاڵمان بە هێزی ویژدان و بێ ئەملاوئەولا کۆ نەدەکرانەوە ئەویش بەهۆی دەسەڵات و ژمارەی روحانییەکانەوە. سەرفیترەکان بە زەبروزەنگێکی تایبەتەوە کۆدەکرانەوە کاتێک تەختی قەشەسالارێک بەتاڵ دەمایەوە. لەگەڵ زیادبوونی داوکارییەکانی دادگا، ئامڕازی نوێ بۆ زیادکردنی داهاتەکان ئەدۆزرایەوە، وەکوو دانوستانی پاشماوەکان و ئیمتیازەکان، کۆکراوەکانی جێژنەکان، و هتد. بەمشێوە بڕێکی زبەلاحی پارە بەشێوەی ساڵانە لە ئاڵمانەوە بۆ رۆما دەگوازرایەوە و گوشارێکی زۆر باوەشێنی رق و نەفرەتی دەکرد نەک هەر بۆ روحانیەکان بەڵکوو هەروەها هەستی نەتەوایەتی زیادکرد بەتایبە لەنێوان نەجیبزادەکاندا، کە چینی زۆرینەی نەتەوەکەیان پێکدێنا. »

]گه‌شتێكی‌ چه‌ند ناوه‌خت بوو

كاتێك هاتیت به‌سه‌ر تێنوێتیدا كه‌وتیت. به‌سه‌ر ولاتێكدا كه‌وتیت

كه‌ به‌ زه‌بری‌ نزا ‌و سته‌م‌ و ده‌روێشی‌ راگیرابوو.

وڵاتێك له‌ سێبه‌ری‌ مناره‌دا سه‌ر بڕابوو.

رۆژه‌كانت چاوه‌ڕوانی ‌‌و رێكه‌وت زه‌وتیان ده‌كرد،

شه‌وه‌كانیشت ترس ‌و بێداری‌.

كاتێك هاتیت: تینووێتی‌ وه‌رزی‌ پێنجه‌م بوو،

تینووێتی‌ فه‌زای‌ سه‌رده‌م بوو.

تۆ له‌ شه‌وی‌ زوقماویدا به‌ گوناه خۆت گه‌رم ده‌كرده‌وه‌.

له‌ خۆڵباراندا به‌ ئه‌ڤین تینووێتیی‌ خۆت ده‌شكاند،

وڵاتیش به‌ خوێن ‌و ئه‌فیونی‌ ئایین ‌و ئایدۆلۆجیا.

گه‌شتێكی‌ چه‌ند خورافی‌ بوو

تینووێتی‌ نسێی‌ ته‌مه‌ن بوو

تینووێتی‌ سیمای‌ زه‌مه‌ن بوو. «رەفیق سابیر»[

(١) چینی سوارچاکان کەوا پارێزگاری و خزمەتی دەرەبەگایەتییان دەکرد و دابەش دەبوون بەسەر دوو توێژدا، بە زیرەکییەوە هەستیان کردبوو بە ئاڵوگۆڕی مێژووی کۆمەڵگای دەرەبەگایەتی ئەویش لەڕێی تێگەییشن لە رۆڵ و تەشەنەسەندنی پارەی نەخت.

(٢) بڕوانە مارکس، ئایدۆلۆژی ئاڵمانی، (١٨٤٥، ٢٠٠٠) ل ٥.

(٣) سەبارەت بە پرسی یەهوود، (١٨٤٤، ٢٠١٠)، ل ١٨ و ١٩ و هەموو کتێبەکە باسی ئایین دەکات. لە لاپەڕەی ١٨ دەڵێ: لە جیهانی ئەمڕۆدا پارە خودایە. لە لاپەڕەی ١٩دا دەڵێ: پارە پلەی خوای هەموو ئایینەکانی بێ نرخ کردوە.

(٤) مارکس، ئینگڵس، (١٨٤٥ و ١٩٥٦) ل. ١٤٦، ١٤٨، ١٨٨، چاپی زانکۆی کالیفۆرنیا؛ لۆس ئانجێلێس.

(٥) ئینگڵس،شەڕی جووتیاری لە ئاڵماندا، (١٨٥٠، ٢٠١٦)، لاپەڕەکانی. ٢٠-٢١.

28/11/2018

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان