فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

هێمن سەیدی

ئه‌و گه‌مارۆیانه‌ی له سه‌رده‌می ئۆبامادا له سه‌ر ئێران هه‌ڵگیرابوو ورده ورده دوباره هاتنه‌وه جێی خۆیان. له شه‌ش مانگ پێشتره‌وه به‌شێک له گه‌مارۆکان به فه‌رمانی ترامپ که‌وتبوونه‌وه قۆناغی جێبه‌جێ کردن و له پێنجی نۆڤێمبه‌ريش را باقی گه‌مارۆکان وێڕای گه‌مارۆی ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌ی پێشتر یارمه‌تی ده‌ورلێدانیان به ئێران دابوو خرانه‌وه سه‌ر ئێران.

هه‌ر به به‌شی یه‌که‌م واته گه‌مارۆکانی شه‌ش مانگی رابردوو به‌شێکی ئابووری ئێران داڕما و ریاڵ گه‌یشته بێ ‌قیمه‌تترین نرخی خۆی. پێشبینی ده‌کرێ داڕمانی ته‌واوی ئابووری ئێران تازه له‌مه‌و لاوه ده‌ست پێ‌ بکا.

ساڵێک پێش ئێستا ئێران بۆخۆی ئه‌و وڵاته‌بوو که هه‌م راسته‌وخۆ گه‌مارۆی کوردستانی دابوو هه‌م فشاری بۆ به‌غدا هێنابوو تاکوو هه‌ر چی ده‌یتوانی به دژی حکومه‌تی هه‌رێم بیکا. ته‌نیا تاوانی کوردستان به‌ڕێوه‌بردنی رێفراندۆمێک له سه‌ر خاکی خۆی بوو که ئێران به دڵی نه‌بوو.

دوای ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی گه‌مارۆکانی تازه‌ی ئه‌مریکا به دژی ئێران هه‌ڵمه‌تێک له لایه‌ن هێندێک له ئێرانیيه‌کانی ناوخۆ و ده‌رە‌وه‌ی وڵات ده‌ستی پێ کردووه، که له روانگه‌یه‌کی ئه‌خلاقی و مافی مرۆڤيه‌‌وه رخنه له‌و گه‌مارۆیانه ده‌گرن. له‌م نوسراوه‌یه‌دا منیش ره‌هه‌نده ئه‌خلاقی و مروڤدۆستانه‌کانی ئه‌م دوو گه‌مارۆیه واته گه‌مارۆی ئێران به دژی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و گه‌مارۆی ئه‌مریکا به دژی ئێران هه‌ڵده‌سه‌نگێنم و ئیدعا ده‌که‌م ئه‌و که‌سانه‌ی ساڵی پار به دژی گه‌مارۆکانی سه‌ر هه‌رێمی کوردستان بێده‌نگ بوون یا ته‌نانه‌‌ت پێی که‌یفخۆش بوون سه‌ڵاحییه‌تی ره‌خنه له گه‌مارۆکانی ئه‌مریکا به دژی ئێرانیان نیه!

ئه‌و هه‌ڵمه‌‌ته‌ی به دژی گه‌مارۆکانی ئێران ده‌ستی پێکردووه و چه‌ند ئه‌کته‌ر و نوسه‌ری ئێرانی پڕوپاگه‌نده‌ی له سه‌ر ده‌که‌ن ئه‌م ته‌وه‌رانه له خۆی ده‌گرێ: یه‌ک، ئه‌مریکا چ مافێکی هه‌یه ده‌ستێوه‌ردان له کاروباری ئێمه‌دا بکا؟ دوو: گه‌مارۆکان خه‌ڵکی بێتاوان نرخه‌که‌ی ده‌ده‌ن. سێ: گه‌مارۆکان به‌شه زۆر پێویستيیه‌کانی ژیان واته خۆراک و ده‌رمان ده‌گرێته‌وه. چوار: گه‌مارۆکان سیستمی فڕۆکه‌وانی ئێران وێران ده‌کات و نه ته‌نیا یه‌ده‌ک و که‌لوپه‌ل ته‌نانه‌ت به‌نزینیش بۆ فڕۆکه ئێرانیيه‌کان دابین ناکرێ. پێنج: گه‌مارۆکان هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئێرانیان کردووه‌ته ئامانج که زۆربه‌ی ئابووری ئێران به‌سراوه‌ته‌وه به هه‌نارده‌ی نه‌وت.

لێره‌دا من مه‌به‌ستم نیه راست و درۆی ئه‌م پڕۆپاگه‌ندانه هه‌ڵبسه‌نگێنم، هه‌روه‌ها نامهه‌وێ بڵێم داخوا ئێران یا ئه‌مریکا کامیان زیاتر تاوانبارن له‌و ئاڵۆزیانه‌ی له نێوانیان درووست بووه و کێشه‌که‌ی گه‌یاندووه‌ته ئاستی ئێستا. ته‌نیا مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ئه‌و پێنج خاڵه‌ی سه‌ره‌وه له مقایسه له‌گه‌ڵ گه‌مارۆکانی پاره‌که‌ی ئێران به دژی کوردستان شی بکه‌مه‌وه.

یه‌ک: ده‌گوترێ ئه‌مریکا چ مافێکی هه‌یه ده‌ست له کاروباری وڵاتی ئێران وه‌ربدا و چوارچێوه‌ی کارو چالاکی بۆ دیاری ده‌کات. راست ده‌که‌ن. به‌ڵام ئه‌م به‌ڕێزانه بۆ ساڵی پار پرسیاریان له کاربه‌ده‌ستانی وڵاتی خۆیان نه‌ده‌کرد، که بۆچی ده‌ستێوه‌ردان ده‌که‌‌‌ن له کاروباری کوردستان و یه‌کڕیزی و ماڵی کوردان لێ تێکده‌ده‌ن و بۆ خیانه‌ت به دژی یه‌کدی هانیان ده‌ده‌ن؟ له هه‌مووی گرنگتر بۆ پرسیاریان نه‌ده‌کرد بۆچی وه‌ڵامی رێفراندۆمێکی دیمۆکراتیک و ئازاد که له ده‌ره‌وه‌ی خاکی ئێمه به‌ڕێوه چووه، له جیاتی پیرۆزبایی و ئاواتی سه‌رکه‌وتن، ده‌بێ گه‌مارۆدان و چاوسورکردنه‌وه و هاندانی باقی وڵاتان به دژی ئه‌وان بێ؟ خۆ کورده‌کان له یه‌مه‌ن و لوبنان و سووریا ده‌ستێوه‌ردانیان نه‌کردبوو و ته‌نیا مه‌به‌ستیان ئه‌وه بوو له سه‌ر خاکی خۆیان به سه‌ربه‌ستی بژین.

دوو: ده‌گوترێ ئه‌وه خه‌ڵکی ئاسایین که نرخی گه‌مارۆکان ده‌ده‌ن. بۆ له کوردستان کاتێک گه‌مارۆی تاران و به‌غدا و ئه‌نکارا ده‌ستی پێکرد، ئه‌وه خه‌ڵکی ئاسایی نه‌بوون، که ژیانیان له مه‌ترسی که‌وت؟ پێویسته وه‌بیر ئه‌ر به‌ڕێزانه بهێنمه‌وه که ئه‌وکات نه ته‌نیا خه‌ڵکی ئاسایی کوردستان که دوو ملیۆن ئاواره‌ی غه‌یره کوردیش له سه‌ر خاکی کوردستان ده‌ژیان، که گه‌مارۆکان راسته‌وخۆ ته‌ئسیری له سه‌ر ژیانی ئه‌وانیش هه‌بوو. واته که‌سانێک که له ترسی داعش رایان کردبوو تووشی جاعش ببوون و ده‌بوو به خاتری رێفراندۆمی کوردستان گه‌مارۆی ئێران و باقی وڵاتانی دراوسێ ته‌حه‌مول بکه‌ن (جاعش داهێنانی ئێرانیيه‌کانی دژبه‌ری کۆماری ئیسلامیيه و له ده‌سته‌واژه‌ی جمهوری اسلامی عموم شیعه‌کان وه‌رگیراوه!).

سێ: ده‌ڵێن گه‌مارۆکان به‌شی خۆراک و ده‌رمانی خه‌ڵکیش ده‌گرێته‌وه. کارم به‌سه‌ر وه‌یدا نیه، که ئه‌مریکا ده‌ڵێ ئه‌و پرۆپاگه‌نده‌یه درۆیه و ئێران له به‌شی خۆراک و ده‌رمان گه‌مارۆ نه‌دراوه، به‌ڵام با وایدابنێین که راست ده‌که‌ن. وڵاتی ئێران له حاڵێکدا گه‌مارۆ دراوه، که سه‌تا نه‌وه‌دی ده‌رمانی پێوستی خه‌ڵک له ناوخۆی ئێران دابین ده‌کرێ، به‌ڵام خه‌ڵکی کوردستان توانای به‌رهه‌مهێنانی هیچ جۆره ده‌رمانێکیان نیه و به‌شێکی به‌رچاوی ده‌رمانی کوردستان له وڵاتانی ئێران و تورکیاوه دێته کوردستان. ئه‌و به‌ڕێزانه، که لافی مرۆڤ‌ دۆستی لێده‌ده‌ن ساڵی پار خه‌می نه‌خۆش و پیر و په‌ککه‌وتوه‌کانی کوردستانیان نه‌بوو؟!

چوار: ده‌گوترێ گه‌مارۆکان سیستمی فڕۆکه‌وانی ئێرانی کردووه‌ته ئامانج و ئیمکانی هاتووچۆی ئاسمانی بۆ وڵاتی ئێران دژوار ده‌کات. ئه‌وه به‌ڕاستیتانه؟ خۆ ئه‌مریکا هێشتا فڕینی فڕۆکه له ئاسمانی ئێرانی قه‌ده‌غه‌ نه‌کردووه. خۆ ئه‌مریکا فڕۆکه‌خانه‌کانی ئێرانی قه‌پات نه‌کردووه. خۆ خه‌ڵکانی ئێران جگه له رێگای ئاسمانه‌وه ده‌توانن له رێگای زه‌وی و ده‌ریاشه‌وه بۆ هه‌ر شوێنێک پێیان خۆشه بچن. ئه‌ی ئه‌و به‌ڕێزانه ساڵی پار بیریان نه‌کردبوويه‌وه، که به داخستنی فڕۆکه‌خانه‌کانی کوردستان و به داخستنی ده‌روازه سنووریيه‌کان خه‌ڵکانێک که ده‌ستیان به ده‌ریاش راناگا، چۆن ده‌توانن هاتوچۆی وڵاتانی دیکه بکه‌ن؟

پێنج: ئه‌و به‌ڕێزانه خه‌می هه‌نارده‌ی نه‌وتی وڵاته‌که‌یان هه‌یه. خۆ ئابووری کوردستان زۆر زیاتر له ئێران به‌سراوه‌ته‌وه به نه‌وت. کاتێک هه‌نارده‌ی نه‌وتی کوردستان دوای گه‌مارۆکانی ئێران به ته‌واوی وه‌ستا که‌س له‌و چالاکانه‌ی مافی مرۆڤی ئێرانی خه‌می ئابووری کوردستانی هه‌بوو؟ بیریان له‌وه ده‌کرده‌وه کاتێک خه‌ڵکی کوردستان ده‌بینن نه‌وتی که‌رکووک وه‌کوو شیره‌ی گیانیان له به‌رچاوی خۆیان له لایه‌ن حکومه‌تی به‌غداوه هه‌نارده‌ی ئێران ده‌کرێ چ هه‌ستێکیان هه‌یه؟

پێویست ناکا ئێستا زه‌حمه‌ت بکێشن و تازه بیر له‌و واقعه تاڵانه بکه‌نه‌وه چۆن گه‌یشتووه‌ته کۆتایی خۆی. نه‌وتی که‌رکووک که ئێران پیلانی درێژخایه‌نی بۆ داڕشتبوو ئێستا بووه‌ته به‌ڵای گیانی! بڕیاره جێی به‌تاڵی نه‌وتی ئێران له بازاری جیهانیدا له رێگای نه‌وتی که‌رکووکه‌وه پڕ بکرێته‌وه، که ئه‌وجار له جیاتی هه‌نارده‌کردنی بۆ ئێران، له رێگای حکومه‌تی کوردستانه‌وه هه‌نارده‌ی بازاره‌کانی نه‌وت ده‌کرێ! قه‌ت ئاهی ساردی زوڵم لێکراوان ئاوا زوو داوێنی سته‌مکارانی نه‌گرتبوو.

*هێمن سەیدی

لەدایکبووی شارى مەهاباده‌ له رۆژهەڵاتی کوردستان. ساڵەکانی 2001 تا 2008 له باشووری کوردستان مامۆستای بیناسازی زانکۆی سەلاحەدین و دواتر سەرۆکی بەشی تەلارسازی زانکۆی کۆیە بوو. هاوکات ئەندامی سەرکردایەتی حدکا و حدک بوو. له به‌ریتانیا له بواری زانستی سیاسیدا دووبارە خوێندنی زانکۆی دەستپێکردەوە. بەکالۆریۆسی له "سیاسەتی جیهانی"دا له زانکۆی لەندەن تەواو کرد و ماستێری له "رۆژهەڵاتی ناوین له سیاسەتی جیهانیدا" هەر لەو زانکۆیە وەرگرت. ئێستاش خەریکی نووسینی نامەی دوکتۆرایه له بواری ئیرانناسی دا له زانکۆی سەنت ئاندروس. وەکو شرۆڤەکار له بی بی سی و ميدیا فارسیيەکان دەردەکەوێ و هاوکاری چەند سەنتەری توێژینەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوین دەکات.

22/11/2018

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان